سەرنجێك لەسەر هەڵبژاردنەكانى كوردستان و بەزمى حیزبەكان
Sunday, 27/04/2014, 12:00
1407 بینراوە
نیگار حمد على
ئەگەر سەرنجێكى هەڵبژاردنەكانى كوردستان بدەین سەیرى بانگەشەى لایەنەكان بكەین، چیمان بۆ دەردەكەوێت؟ ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت، كە هەڵبژاردن بۆ حیزبەكان كارێكى گران و پڕ زەحمەتە، نەك هەر ئەوەندە بەڵكو عەیبدارى و شەرمەزاری بەدواوەیە! بەنمونەى واقعى هەردوو حزبە خەباتگێڕ و قوربانیدەر و خاوەن مێژووى سەروەرى:-
یەكەم :- پارتى دیموكراتى كوردستان.
سەرۆكەكەى سەرۆكى هەرێمە و كەسى دووەمى سەرۆكى حكومەت و دیبلۆماتى
ناسراوى ناوچەكەو خاوەن بازرگانى گەورەى نێو دەوڵەتى.
لە ڕووى ئابوورى و داهاتەوە سەرۆكەكەى یەكێكە لە كەسایەتیە دەوڵەمەندەكان لەسەر ئاستى جیهان و حزبەكەیشى بە یەكێك لە دەوڵەمەنترین حزب ئەژماردەكرێت لە ئاست جیهاندا .
دەكرێت پیا هەڵدان و پێناسەى زۆرتر و زیاتر ئەم حزبەش بكەین ، بەڵام خوێنەرى ئازیزى كوردستان شارەزان و زیاتر و زۆرتر لەسەر ئەم حزبە دەزانن.
بەڵام بزانین حاڵى چۆنە لە بانگەشەى هەڵبژاردنەكاندا و چۆن بێ منەتانە و پشت ئەستور بە تەزویر و فێڵ و ساختەی دەنگدان هەمیشە نیوەى زیاترى هەموو دەنگەكانى كوردستان بۆ خۆى مسۆگەر دەكات!
لەوانە :-
1. لەو جێگەیەى دەسەڵاتى نەبێت لە ئاستى دواوەیە و جگە لە موچە خۆرەكانى كەس پشتیوانى ناكات، بەڵكو گرفتەكە ئەوەیە ئەوانیش هەمووى دەنگى پێنادەن.
2. لەو جێگەیەى دەسەڵاتى هەیە ، بەهۆی ترساندن و تۆقاندنەوە كەس تواناى نییە دەنگى بۆ نەدات ، ئەگینا بەدواداچوونى بۆ دەكەن و خەڵكى ئەو سنورە تووشى فشارى ئەمنى وبڕینى خزمەتگوزارى و تەنانەت سزادانیش دەبنەوە. بەهەى دامەزراندن و موچە بۆ بڕینەوەو بازاڕ و كۆمپانیا بۆ كردنەوەو گەرمكردنیان پشتوانى لێ دەكەن !!.
هەروەها بەهۆی بەكارهێنانى فەرمانگە و دام و دەزگا حكومیەكانەوە فشار دەخەنە سەر خەڵكەكەو ناچار بەدەنگدانیان دەكەن .
3. دەچنەلاى پیاوى بەتەمەن و ئافرەتى بەساڵا چوو خەڵكانى بێ كار و لێقەوماو، وەرە با خانەنشینت بكەین و بتكەین بە خانەنشینى ئەیلول و پێشمەرگە و .... هتد.. دواتر بۆ دەنگدانەكان بانگى دەكەن و دەڵێن پێویستە شوێنى دەنگدانت بگوازیەوە بۆ فلان بنكە- بەبێ هۆ، تەنها وەك بێگار - دەبێ إستنساخى فۆڕمى خۆراك و كارتى (الكترۆنى) و (پێناسى شارستانى) بهێنێ بۆ ڕێكخراو یاخود ناوچە و لق . لە ڕۆژى دەنگدان چەند جار ئاگادارى دەكەنەوە كە هەڤاڵ دەنگت لە فلان بنكە و وێستگەیە بڕۆ دەنگت بدە بەفلان كاندید.
دواى تەواوبوونى دەنگدان ئەمجار لێپرسینەوەى موچەبڕین دێتە پێش، خوا رەحم بكات لەوێستگەیەك دەنگەكانیان كەمتربێت لە موچەخۆرەكانیان، ئەوا دەكەونە محاسبەى ئەوانەى لەو وێستگەیە- بەڵێ هەمان وێستگەى دەنگدان- دەنگیان داوە، كە تۆ دەنگت بە پارتى نەداوە تاكو دەیدۆزنەوە كێ دەنگى پێ نەداون.
4. پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش بێگار پێكراو كە لە ناچارى و بێ دەرامەتى بووە بەچەكدار- ئەوە وەك كۆیلە مامەڵە یان لەگەڵدا دەكەن و دەیانچەوسێنەوە، كە دەبێ- بەدڵنیاییەوە- بە مۆبایل وێنەیان بۆ بگرن كە دەنگیان بەوان داوە، یاخود كەسێكیان لەگەڵ دەنێرنە ژوورەوە تاكو وەك نەخوێندەوار دەنگیان بۆ بدەن .
ئەمە و چەندین شێوازى تر كە بەكارى دەهێنن بۆ پەیداكردنى دەنگ، هەر لە تەزویرى ناو و فۆڕم و نوسینى كوردانى ڕۆژهەڵات و باكور، تەنانەت ئاوارەكانى ڕۆژئاواو.. هتد ، هەروەها بەكارهێنانى بەرپرسانى كۆمسیۆن و دەركردنى یاساكانى كۆمسیۆن لە خزمەتى خۆیاندا ... ئەمە نمونەیەكى بچكۆلەى حاڵى ئەم پارتەیە .. پارتى دیموكراتى كوردستان.
دووەم: یەكێتى نیشتمانى كوردستان
دەستەخوشكى پارتى كە زۆرن سەوز بەڕێوە دەبەن و لە ئێستادا وەک لە زمانی خۆیانەوە سەرۆكەكەى لە مەنفا لە ژێر چاودێرى ورد دایە و چاوەڕێى هەڵهێنانى تەنها چاوێكن بۆ ئەنجامدانى تەقەى خۆشى و هەراسان كردنى خەڵكى ناوچەكە و بریندار كردن و تەنانەت بەقوربانى كردنیشیان.
حاڵى یەکێتییش وەک پارتیی بەدڵنیاییەوە خراپترە و باشتر نییە ...
بەڕێزان و خۆشەویستان و هاونشتیمانیان ، خەڵكى دڵسۆز و خەمخۆر و ڕۆشنبیرو خوێندەوارى كوردستان .
ئەم حاڵە حاڵى شەرمەزارانەیە، حاڵى خەجاڵەتى و شورەیی و نەنگىیە ، حزبێك- بەو شێوە كورتەى باسمان كرد- بەنایاسایی و دوور لە هەموو پێوەرە ئەخلاقى و عورف و عادەتە باوەكان و بەو حاڵە دەنگ پەیدا بكات و ئەمجار (38%) یاخود (18%) ى كوردستان بێنێت دەبوو ئەم حزبانە سەرى خۆیان هەڵگرن و ئەم وڵاتە جێ بهێڵن ، دەبوو شەرم بكەن باسى خەباتى خۆیان بكەن، دەبوایە دان بنێن بە فەشەل و دۆرانیان دان بنێن بە خەجاڵەتى و شورەیی و عەیبداریان.
من دڵنیام و ئێوەش دڵنیابن زۆرى پێ ناچێت ئەو جۆرە لە دەنگ پەیداكردنە شەرمەزار دەكرێت و كۆتایی پێدێت.
لە كاتێكدا دەسەڵات و سامانى هەرێم هى خەڵكى كوردستانە نەك هى ئەوان .
نیگار حمد على
سەرنجی کوردستانپۆست: بەشێک لەم نووسینەمان سانسۆرکرد، کە لەگەڵ پرەنسیپ و بیروباوەڕی کوردستانپۆستدا نەدەهاتەوە، داوای لێبوردن لە نووسەرەکەی دەکەین، کە بۆ خۆی یەکێکە لەو کاندیدانە و خۆی هەڵبژاردووە.