ئەوانەى پێشوو وایان تێكداوە ، بە دە دكتۆرزریان یش چاك نابێت .
Sunday, 16/08/2009, 12:00
بەڕێزێك نووسینێكى نووسیوە لەسەر دكتۆرزریان ، منیش حەزمكرد هەندێك تێبینى بۆ جەنابى و خوێنەرانى ئەم سایتە بخەمەڕوو و بیخەمە سەر نووسینەكەى ...
سەرەتا ئەڵێم ئەوەى پۆست وەرئەگرێت بەهیچ شێوەیەك ناكرێت منەت بەسەر خەڵكەوە بكات ، بەڵام بەداخەوە ئەو بەرپرسانەى ئێمە وامنەتمان بەسەردائەكەن وەك ئەوەى لە بوجەى باوكیان پڕۆژەى خزمەتگوزاریان بۆ ئەم میللەتە كردبێت ، بۆ نمونە وەزیرى پێشووى تەندروستى ئیدارەى سلێمانى ئاوا لەڕێگەى یەك دوو كەسى بەكرێ گیراوى خۆیەوە كەبەردەوام بەشان و باڵى و دەسەڵاتە گەندەڵەكەیدا هەڵیان ئەدا و ئەیان ووت ، خۆشناو ئەوەندە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستیەیى كردوە ؟ ئێ باشە كردویەتى ئیشێكى باشى كردوە ، خۆ كەس نەى وتووە خراپى كردوە ؟ ئەى بەپارەى ئەم میللەتە نەكراوە ؟ بەخوێن و بوجەى ئەم میللەتە نەكراوە ؟ بەگیرفانى خۆى كردویەتى یان هى تاڵەبانى و بارزانى ؟ منەتى چى بەسەر ئەو میللەتەدا ئەكەن ؟ وەرە بۆمان ڕوون بكەنەوە بزانن چۆن كراوە ؟ بڕوابكەن هەمووى لەڕێگەى كۆمپانیا وەهمیەكانى خۆیان و براكەى و شەریك بوونى بەرپرسەكان لەگەڵیان زۆر بەسەقەتى و بەبوجەیەكى خەیاڵى كراون ؟ بۆیە ئەڵێم هەتا كەى منەتمان بەسەردائەكەن ؟؟
باش بوو ئەمەیان لە ئینگلیزستان هێنایەوە ئەى ئەگەر ئەو گەندەڵەیان دانابایەوە ،؟ ئەو خۆشناوە ، هەر هیچ نەبێت ئەمە كاریگەرى بیئەى ئەوروپاى لەسەرە تۆ بڵێى ئەوروپا یەك دوو شتى باشى فێرنەكردبێت ؟ لەوانەیە ئەو بیئەى ئەوروپا كاریگەرى باشى هەبێت لەسەرى و لێرە ڕەنگدانەوى هەبووبێت لەسەرڕەوشى تەندروستى كوردستان و هەر هیچ نەبێت بیر لەخیانەت و دزى و گەندەڵى نەكاتەوە ؟ كاكە ئەوانەى پێش ئەو شەو ڕۆژ خەریكى ڕاپرسى بوون خەریكى هاندانى خەڵك و ئیمزا كۆكردنەوە بوون بەس بیكەنەوە بەوەزیرى تەندروستى ، ئەوەندەى دزى و گەندەڵى و بەڕەڵایى لەسەر ئاشكرابوو تادواجار یەكێتى ئەو دكتۆرزریانەى هێنایەوە !!
سەبارەت بەمەسەلەى دەرمانى ئێكسپایەر بڕوابكەن ئى ئێستا نیە ، كارەساتى دەرمانى ئێكسپایەر لێرە بوو لەسنورى ئێمە ، ئەو خۆشناوە هەر خۆى لەڕێگەى كۆمپانیاكانى خۆیان دەرمانەكەیان ئەكڕى ، لەوانەیە ئەوى ئێستا موبەریرێكى هەبێت كەدەرمانیان لەبەغداوە بۆدێت ، بەس ئەوەى ئێرە هى ئیدارەى سلێمانى هەر خۆیان دەرمانى ئێكسپایەر نزیكیان لەبازاڕ لە كۆمپانیایى تایبەتى دەست نیشانكراوى خۆیان بەهەرزان ئەكڕى و بەپارەى خەیاڵیش لەسەر حكومەتیان ئەنووسى و ئەكردەماڵ و بۆ یەك ساڵیش دابەشیان ئەكرد و دوایى چەند مانگێك هەمووى ئێكسپایەر ئەبوو و دووبارە ئەو دەرمانە ئێكسپایەرەیان ئەگەڕاندەوە بۆ كۆگاكانى دەرمانى وەزارەتى تەندروستى ، هەموو بەڵگە و لیستەكان هەن ، بزانە كۆتایى ساڵى 2005 چ دەرمانێكى ئێكسپایەر نزیك لەسنورى ئیدارەى سلێمانى بۆ ماوەى ساڵێك دابەشكراوە و چەند مانگێك ئێكسپایەریان مابووە ئەوان بۆ یەك ساڵ دابەشیان كردوە ؟؟
بەدەیان لۆرى دەرمانى سەردەمى ئەم خۆشناوە گەڕێنرایەوە كۆگاكانى دەرمان ..
بۆیە من هاتوومە ئەو بڕوایەیى كەوا پێم وانیە بەو وەزیرە و بەوەزیرەكانى دواى ئەمیش دێت كەرتى تەندروستى لەكوردستان بەتەواوى ڕێكبخرێتەوە و بكرێت بەسیستەمێكى تەندروستى تەندروست ، چونكەى ئەوانەى پێش ئەمە ، وایان تێك نەداوەكەس بزانێت ، ئەوانەى پێش ئەمە هەر خەریكى بردنى بوجەى وەزارەت و تەندەرى وەزارەت و موەلیدەى وەزارەت و دانى پڕۆژە بەكۆمپانیاكانى خۆیان و ئەمانە بوون !!
دواتر نەئەبوایە بۆ ئەم قۆناغە هەستیارە ئەم دكتۆر زریانە دابنرێت بەوەزیرى تەندروستى ، چونكە ئەمە كتوپڕ بەسەر دوو وەزارەتى تەندروستى دا كەوت ، تۆ وەرە دوو وەزارەتى تەندروستى دوو سیستەمى جیا هى دوو ئیدارەى گەندەڵ بكە بەیەك هەر ئەمە خۆى لە خۆیدا كارێكى قورسە ، لاى ئێمە لەسلێمانى سیستەمێك بوو ئەوەى هەولێریش سیستەمێكى تر ، كە ئەوەى هەولێریش لە هى ئێمە باشترنەبوو ، بۆیە ئەم وەزیرە هەر فریایى تێكەڵ كردنەوەكە كەوت .. وە گۆڕینى سیستەمى تەندروستى بەڕاى من كاتى ئەوێت و ئەبێ بە قۆناغ كارى لەسەر بكرێت تا ئەم سیستەمە گەندەڵ و بۆگەنەى پێشتر هەبووە و بەگەندەڵى بنیات نراوە تەندروست بكرێتەوە ...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست