کورد و دیپلۆماتی ئێران
Monday, 04/11/2013, 12:00
1660 بینراوە
بێشک حکومەتی هەرێم مافی خۆیەتیی کە چۆن پێی خۆش بێت پێوەندی لە گەڵ دەراوسێکانی دامەرزێنێ، ئێمەش وەک کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان پێشوازی لە پێوەندی دۆستانەی هەرێم و دەروسێکانی دەکەین و ئەو ڕەوشەتە وەک باشترین ڕێگا بۆ تێگەیاندنی نەیارانی کورد و چارەسەری کێشەکەمان پێشنیار دەکەین. بەڵام ئەگەر چاو لە مێژوویی ئەو گەڵانە کەین کە سەر دەمێک ژێردەستە و بێ دەوڵەت بوون هێندێک پرینسیپ و ڕێباز هەن کە کورد و حکومەتی کوردی هەر دوولا دەبێت ڕەچاوی کەن بۆ ئەوەی بتوانن بەلانسێک لە نێوان سووتان و سازاندا کە دەبێتە هۆکارێک تا کێشی نەتەوەیی تێکنەچێت و بۆشایی لە نێوان گەل و دەسەڵاتدا دروست نەبێت.
مارشاڵ ب- روزنبرگ لە پەرتوکی باشتر کردنی پێوەندی مرۆڤەکان لە کار و کۆمەڵ دا دەڵێت "پێوەندی دوور لە دەمارگرژی بۆ ئەوە نییە کە ئاڵوگۆڕ لە رەفتاری خەڵکدا پێکبێنین تا هەرچییەکمان ویست بەدەستیی بێنین، پێوەندی دوور لە کێشە تەنها ڕەوشتێکە بۆ پێکهێنانی پێوەندی لە سەر ئاستی رووڕاستیی و یەک دڵی کە دەبێتە هۆکارێک بۆ دەستەبەربوون و وەڵام دانەوە بە پێویستییەکانی هەمووان (هەموو لایەنە)"
بەڵام داخۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو بناغەیە قەبووڵە و بە گوێرەی بەرژەوەندی هەمووان پێوەندییەکانی لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان داڕشتەوە یان دەیهەوێت بەشێوەیەکی پێچیدە ئەوە پیشاندات کە دەسەڵاتی هەیە و بەگوێرەی دەسەڵات و بە پێی پێ خۆشبوونی خۆی هەنگاو هەلدەگرێت یان پرۆژەیی پێوەندییەکەی وا داڕشتەوە تا قۆناغ بە قۆناغ لە سەر سایکۆلۆژیایی دەسەڵاتی کوردی کارتێکردنی نەرێنی هەبێت و هەستیی لاوازی و خۆ بەکەم زانی لە ئەواندا دەستەبەرکات.
دیسان مارشاڵ لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێت" سرنجدان بە کرداری ئازمودە و ئەوەی کە بتوانین جیاوازی نێوان بەڵگە و شیکردنەوە ببینینەوە، یان توانی ئەوەمان هەبێت کە بەڕاشکاوی باس لە خواست و ئارەزوەکانی خۆمان کەین زۆرگرینگە" من ناتووانم حکومەتی هەرێم سەرکۆنەکەم بەڵام چوونکە بۆخۆم کوردم و لەو ڕووانگەوە کە دەسەڵاتدارانی ئەو حکومەتە باس لە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دەکەن ئەو مافە بەخۆم دەدەم کە لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی و بەگوێرەیی تێگەیشتنی خۆم رەخنەو پێشنیارم هەبێت بۆ چاکسازی لە بەرژەوەندی گشتیی دا و بڵێم ناردنی تێرۆریستێک وەک نوێنەر
یان سەرپەرشتێاری تاقمێک بۆ کوردستان شێوە گاڵتەیەکی سیاسی یە.
ئێمە کوردین و دوکتور قاسملووش کوردێکی تێکۆشەر و زانا بوو، هەروەک هەمووان باش دەزانن هۆی تێرۆر کردنی د-قاسملوو لە پێناو چارەسەری ئاشتیانەیی کێشە کورد دا بووە و لە لایەن کەسێک بەناوی سەحرا رودی تێرۆر کراوە. د- قاسملوو وێرای ئەوەی کە کوردێکی شێلگر و کەسێک بوو کە خۆشی و حەوانەوەی خۆی فیدای ئازادی نەتەوەکەیی کرد مرۆڤێک بوو کە لە باری زانستییەوە بۆ کۆمەڵگایی جیهانی بەکەڵک بوو. لە ڕووانگەی منەوە کورد بە تایبەت و کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی بەگشتیی مێشکێکیان لە دەست داوە و هۆکاری ئەو لە دەستدانە کۆماری ئیسلامی ئێران و بە دەستیی تیرۆریستێک بە ناوی سەحرا رودی بووە، سەحرا رودی کەسێکە کە لە باری فیکریەوە ئەوندە دواکەوتەوە کە ئامادەیە تا هەموو جیهان لە پێناو دەستوری مەڵایەکدا لە نێو بەرێت و خۆی بە ئامێری پاراستنی بەرژەوەندی ئیمام دەزانێت و فیکری لە حزمەت تاکە بۆچوونێک دا زەنجیر کردەوە و مرۆڤایەتیی و پێشکەوتن بۆ ئەو حەرامە، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵ دەدات تا ئەو تێرۆریستە وەک نوێنەر و دیپلۆمات لە مێشکی کورد دا جێگا بکاتەوە.
مارشاڵ دەڵێت " حەوجەیەک (پێداویستییەک) لە پشت هەر کردار و رەفتارێکی ئێمەی مرۆڤدایە، هەر هەنگاوێک کە مرۆڤ هەڵی دەگرێت لە پێناو بەرژەوەندییەکی تایبەت دایە" ئەمە واقعیەتێکە کە ناتوانین حاشایی لێکەین و دەبێت قەبووڵ کەن کە رەفتار و کرداری ئێمەی مرۆڤ لە پێناو بەرژەوەندەی دایە و کۆماری ئیسلامی ئێران یان تورکییە لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا لە گەڵ کورد پێوەندیان هەیە بەڵام لێردا ئەو پرسیارە دێتەگۆڕێ داخوا تا چ ڕادەیەک بیر لە بەرژەوەندی کورد دەکەنەوە و چۆن شێەوە و باری پێوەندییەکانیان گڵاڵە دەکەن و حکومەتی هەرێم وەک بڕیاردەر چۆن هەڵسەندگاندنی لە سەر پرۆژەیی بەرژەوەندی دەبێت و تا چ ڕادەیەک قازانجی نەتەوەیی و ناوچەیی خۆی لا گرینگە.
من پێموایە هاتنی سەحرا رودی وەک نوێنەری ئێران هیچ بەرژەوەندی درێژخایەنی حکومەتی هەرێمی تێدا نەبوو و هۆکارێکە بۆ بیرکردنەوەی تاکەکانی کورد و دروستکردنی ناتەبایی نەتەوەیی بەڵام لە ئاستێکی سیاسیی دا. وا باشتر بوو کە حکومەتی هەرێم بە گوێرەی مەنتیق و لۆژیک هاتنی ئەو تێرۆریستەیی ڕەدکردبایەتەوە.
ئیمکانی ئەوە هەیە کە حکومەتی هەرێم لە پێوەندی لە گەڵ هاتنی ئەو نوێنەرە تێرۆریستە لە گەڵ حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مەشوەرەتی کردبێت یان هێندێک تێرامان و بیرکردنەوەی حیزبە کوردیەکانی رۆژهەڵات کە من نامەوێت لێردا باسیانکەم بەشێک لەو هۆکارانە بن بۆ بەلارێدا بردنی هەڵوێستی بڕیار دەرانی دەسەڵاتی کوردی.
روبین شارما لە کتێبی بەدەستهێنانی زانیاریی ژیان دا باس سێ پرسیاری سواڵکەرێک (گەدا) دێنێتە گۆڕێ و دەنووسێت" پێاوێکی عاقڵ رۆژێک لە شەقامێکدا بە سواڵکەرێک دەگات بەڵام کابرای سواڵکەر بێ ئەوەی بزانێت لە گەڵ کێ دەدووێت سڵاو دەکات و ڕاوەستێت تا جوابی سڵاوەکەی وەرگرێتەوە سێ پرسیار لە کاربرای زانا دەکات و دەڵێت" بۆچی تۆ لێرەیت؟ بۆ کاملا دەچێت؟ لە ڕاستیدا تۆ بۆ دەڕۆیت بۆ ئەوێ؟
کابرا زانا چاو لە سواڵکەرەکە دەکات و دەپرسێت لە رۆژدا چەندە پێدا دەکەیت، کابرا سواڵکەر زۆر ڕاستگۆیانە دەڵێت ئەوندە، کابرای عاقڵ دەڵێت وەرە کار بۆ من بکە لە رۆژدا دە (١٠) ئەوندە پارە پێدەدەم بەشەرتێک هەر رۆژ بەیانی پێش لەوەی کە دەست بە ڕازونیازکردنی ڕامانیی بەکەم ئەم سێ پرسیارم لێ بەکەیت.
دەسەڵاتدارانی باشوور دەبا لە ئەزموونی دەورانی پەنابەری خۆیان و قەیران و گێژاوەیی ڕامیاریی ئەو سەردەمەیی خۆیان بۆ هەڵسەنگاندان و پێداچوونەوە لە سەر خاڵە ڕامیارییە هاوبەشەکان کەڵکیان وەرگرتباو ئەوەیان لە بیر نەکردبا کە دەردی ئۆردوگای نشینی و بی دەسەڵاتیی زۆر کاریگەری و کارتیکردنی لە سەر تاکەکان و بیرەکان هەیە. بەکورتی من وەک تاکێکی بێ دەسەاتی کورد لە ئاست هاتنی قاتڵی د-قاسملوو وەک نوێنەر بۆ کوردستانی هیوا و هومێدم خۆم بە سەرشۆڕ دەزانم و ئەو بڕیارە بە هەڵوێستێک پێناسەدەکەم دوور لە بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد. سەرکەوێت گەڵی کورد