کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


به‌چه‌پاندنی ئۆپۆزیسێۆن

Wednesday, 11/08/2010, 12:00


گه‌ر سیستمی ده‌سه‌ڵات دیموکراتی بێ، ئه‌وا ئۆپۆزیسێۆن پێوستی به‌هێزی سه‌ربازی و میلیشیا نابێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ململانێدا به‌رده‌وام بێ و بتوانێ گۆڕانکاری به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێ، بۆ نمونه‌ له‌ئه‌وروپاو ئه‌مریکاو چه‌ندین شوێنی تر، ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وا په‌نا نابات بۆ فاکته‌ری هێزو چه‌کدار، له‌هه‌مان کاتیشیدا ئۆپۆزیسێۆنه‌کانیش به‌هه‌مان پێوه‌ر، ڕێگای دانوستان و شارستانیانه‌ ئه‌گرنه‌ به‌ر هه‌روه‌ك خۆپیشاندان و خروشاندنی شه‌قامه‌کان و ململانێی نێو هۆڵی په‌رله‌مان ، بۆ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یران و کێشه‌کان.

به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌هه‌ندێ شوێنی تر، وه‌ك ووڵاتانی عه‌ره‌بی و ئێران و چه‌ند شوێنی دیکه‌ به‌گشتی و کوردستانی باشوور به‌تایبه‌تی . له‌کاتی هه‌ڵایسانی کێشه‌کاندا و به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی قه‌یرانه‌کان، ئه‌وا هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وایه‌ په‌نا ئه‌به‌نه‌ به‌ر هێرشی نێو میدیاو به‌کارهێنانی شێوازی چاوسورکردنه‌وه‌و په‌نجه‌ ڕه‌وه‌شان و له‌زۆرکاتدا ده‌رکردنی بڕیاری پڕ مه‌ترسی وه‌ك ئه‌وه‌ی که‌بینمیان له‌نانبڕاوکردن و ده‌رکردن له‌ئیش کارو دوورخستنه‌وه‌و ، له‌هه‌ندێ کاتی تردا هه‌وڵدان بۆ په‌رته‌وازه‌کردن و ده‌رکردنی ئه‌و که‌س و گروپه‌ له‌کوردستان هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی مه‌سعود بانگه‌شه‌ی بۆ کرد دژی په‌رله‌مانتار عه‌دنان عوسمان که‌گوایه‌ پێشمه‌رگه‌ی به‌ میلیشیا ناوبردوه‌. له‌ته‌ك ئه‌م شێوازانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا په‌نا بردن بۆ تیرۆرکردنی ئۆپۆزیسێۆن و فگه‌ره‌کانی هه‌ڵبژارده‌یه‌کی ئاماده‌یه‌و ده‌سه‌ڵات په‌نای بۆ ئه‌با، هه‌روه‌ك چۆن جه‌لالیه‌کان دژ به‌گۆڕانخوازان پار ساڵ کردیان و چه‌ندین که‌سیان خه‌ڵتانی خۆێن کرد وه‌ك شه‌هید ڕه‌وف زه‌ڕه‌یانی. خۆ گرتن و سوتاندنی باره‌گاو نوسینه‌گه‌کان ئه‌وا شتێکی گه‌لێ ئاساییه‌ هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ساڵی 2005 تاقمه‌که‌ی مه‌سعودی چه‌ته‌ کردیانه‌ سه‌ر ئیسلامیه‌کان له‌بادینان .

له‌سه‌ر ئاستی جیهان گه‌ر به‌راوردێك بکه‌ین له‌نێوان ئه‌مریکا که‌خۆی به‌خاوه‌نی شه‌ڕی تیرۆر دائه‌نێ و به‌هێزی سه‌ربازی ڕووبه‌ڕوی کێشه‌کانی بۆته‌وه‌، ئه‌وا له‌به‌رانبه‌ردا ئه‌لقاعده‌ ، ئه‌گه‌ر چی هێزی نابه‌رانبه‌ره‌، که‌چی ئه‌میش وه‌ك نه‌یارێك به‌چه‌ك و هێزی سه‌ربازی دژی ئه‌مریکا ئه‌جه‌نگێ، له‌سۆماڵ و سودان و کۆڵۆمبیاش ئه‌م دیارده‌یه‌ گه‌یشتۆته‌ ئاستی شه‌ڕو پێکدادانی سه‌ربازی. هه‌روه‌ها له‌ڕووسیاش تا ئێستا شیشانیه‌کان له‌خه‌باتی چه‌کداریان ، له‌کوردوستانی باکووریش گه‌ریلاکانی په‌که‌که‌ به‌ناچاری وه‌ك نه‌یارو ئۆپۆزیسێۆنێکی ڕه‌وای گه‌لی کورد له‌جه‌نگێکی درێژ خایه‌نن دژ به‌ تورکیای فاشست و ڕه‌گه‌زپه‌رست. خۆ گه‌ر ئاورێکی خێرا له‌م ووڵاته‌ی به‌ناو عێراق بده‌ینه‌وه‌ که‌ تاڵه‌بانی شه‌ڕو مان ونه‌مان بۆ ئه‌و کورسیه‌ بێ ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌کا، ئه‌وا حکومه‌تی عێراقی وه‌ك ده‌سه‌ڵات به‌په‌نا بردن بۆ هێزی سه‌ربازی ڕووبه‌ڕوی ئۆپۆزیسێۆنی چه‌کداری بۆته‌وه‌.

کورته‌ی ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ ، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رئه‌خا گه‌ر ده‌سه‌ڵات په‌نای بۆ چه‌ك برد بۆ یه‌کلایکردنه‌وه‌ی کێشه‌کان، ئه‌وا پێوسته‌ ئۆپۆزیسێۆنیش خۆی چه‌کدار بکات. به‌مانایه‌کی تر، گه‌ر ده‌سه‌ڵات زمانی هه‌ڕه‌شه‌و نانبڕین و تیرۆرو شه‌ڕ به‌تاکه‌ هه‌ل بزانێ دژی نه‌یارو هێزی گه‌ل، ئه‌وا پێوسته‌ هێزی گه‌ل و ئه‌و ئوپوزیسێۆنه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌کا، به‌هه‌مان شێواز خۆی سازبداو هێزی چه‌کداری به‌خۆی ڕه‌وا بێنێ. ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا ئه‌و ئۆپۆزیسێۆنه‌ ئه‌بێته‌ پاشکۆی هه‌مان ڕژێمی ده‌سه‌ڵات و وه‌یان دواتر پاشکۆی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو.

کاتێك ئه‌مریکا هێرش ئه‌کاته‌ سه‌ر ئه‌لقاعده‌، بن لادن و زه‌واهیری به‌خۆپیشاندان دژی ئه‌و هێرشانه‌ی ئه‌مریکا نابنه‌وه‌، کاتێ عه‌ره‌به‌ چه‌کداره‌کانی سه‌رۆکی سودان(عومه‌ر به‌شیر) خه‌ڵکی (دارڤۆر) ئه‌کوژن، ئه‌وان به‌بۆڵه‌ بۆڵ و خیشکردن وه‌ڵامی ئه‌و ده‌ست درێژکردنه‌ ناده‌نه‌وه‌، کاتێ مۆریتانیا مافی گه‌لانی بیابانی ڕۆژئاوای له‌ژێر سێبه‌ری شمشێردا زه‌وتکردوه‌، بیابانیه‌کان خه‌ریکی کۆبونه‌وه‌و خه‌باتی شارستانی نین دژ به‌و به‌ربه‌ریانه‌.

ئه‌ی که‌واته‌ له‌ئاست کوشتن و تیرۆرکردنی هه‌ریه‌ك له‌ شێخ ستارو سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌و سه‌رده‌شت عوسمان که‌ نه‌له‌ڕابردوو وه‌نه‌ له‌ئێستا و نه‌له‌داهاتوشدا پارتی ئاماده‌ نیه‌ ‌ بکوژانی ئاشکرابکا. وه‌یان هه‌ریه‌ك له‌و دوو مافیایه‌ هه‌رچی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م گه‌له‌ هه‌ژاره‌یه‌ بۆ خۆیان ئه‌به‌ن و میله‌تیش بێبه‌ریه‌ لێی و له‌به‌رچاوی ڕۆژانه‌ ئه‌م هه‌موو نه‌وته‌ ڕه‌وانه‌ی ئێران و تورکیا ئه‌کرێ و داهاته‌که‌شی جگه‌ له‌مه‌سعود وجه‌لال که‌سی تر نازانێ چه‌نده‌و چی لێ ئه‌کرێ، ده‌ی که‌وا بوو سیستمێ که‌ گوێ به‌ کوشتنی ڕۆڵه‌کانی نه‌داو سامانی بۆ خۆی بدزێ و له‌کاتی ناخۆشیشدا په‌نا بباته‌ به‌ر چه‌ك و هێزی میلیشیاکانی و له‌زۆر کاتدا په‌نابردن بۆ هێزی ده‌ره‌کی، که‌واته‌ ئۆپۆزیسێۆن چی پێئه‌کرێ؟ چی پێ ئه‌گۆڕدرێ؟ چی ئه‌گۆڕێ؟چی ئه‌کا بۆ وه‌ستاندی تیرۆکردنی ده‌نگی ئازاد؟ ئه‌توانێ چی بکا بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌وه‌ی چی تر نه‌وت و سامانی گه‌ل له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ نه‌دزرێ؟ بێ گومان ته‌نها فشاری نێو په‌رله‌مان و بۆڵه‌و پرته‌ی ئێره‌و نه‌وێ و خۆ گیڤکردنه‌وه‌ی ژێر سێبه‌ر به‌ته‌نها کارێکی بێ ماناو به‌روبۆمێکی زڕ نه‌بێ چی تر سه‌وز ناکا.

ڕه‌نگه‌ هه‌ندێ له‌جاشقه‌ڵه‌مه‌کانی سه‌ربه‌ده‌سه‌ڵات بڵێن ئه‌م جۆره‌ هه‌وڵانه‌ کار له‌سه‌ر ئه‌زمونه‌که‌مان ئه‌کاو به‌ره‌و هه‌ڵدێری ئه‌با، وه‌یان باشتره‌ کاتی زیاتر بده‌ینه‌ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسێۆن تا هه‌ریه‌که‌یان بکه‌وێته‌ سه‌ر سکه‌ی خۆی. ئه‌وسا شته‌کان له‌خۆوه‌ چاك ئه‌بن و ئه‌وسا گورك و مه‌ڕ پێکه‌وه‌ له‌سه‌ر کانی ئاهه‌نگ ئه‌گێڕن. خۆ ڕه‌نگه‌ بڵێن ئه‌وه‌ نیه‌ له‌ ئۆکرانیا شۆڕشی پرته‌قاڵی توانی به‌بێ هێزی سه‌ربازی ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست. دیاره‌ بۆ ئه‌م نمونه‌یه‌ هه‌روه‌ك چۆن ئه‌وترێ بۆ هه‌موو بنچینه‌و یاساو ڕێسایه‌ك ، جگه‌یه‌ك (شه‌واز)هه‌یه، به‌ڵام بۆ ئه‌مه‌ش په‌نا بردرایه‌ به‌ر به‌به‌کارهێنانی ژهر دژی سه‌رۆکی ئه‌و شۆڕشه‌و خه‌ریك بوو بکوژرێ. ‌

دیاره‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و دوو مافیایه‌ هه‌ریه‌کی سه‌رو یه‌ك تۆپه‌ڵ له‌ شاعیرو چیروك نووس و ڕۆمانوسی له‌خۆیه‌وه‌ ئاڵاندوه‌ و له‌کاتی پێوستدا وه‌ك ڕۆبۆت به‌کاریان دێنێ، گه‌ر پێوستی کرد ئه‌وا دوگمه‌ی پرته‌و بۆڵه‌یان به‌کاردێنن و گه‌ر نا ئه‌وا دوگمه‌ی ده‌سه‌ڵات ئه‌خه‌نه‌ کار. ئه‌گینا هه‌ریه‌ك له‌ حه‌مه‌ سه‌عید حه‌سه‌ن و مهاباد قه‌راخی و ئازا حه‌سیب و فه‌رهاد پیرباڵ و شێرکۆ بێکه‌س و به‌ختیار عه‌لی و ئاراس فه‌تاح و ڕێبین هه‌ردی وه‌ك که‌ری جۆگه‌ ئه‌م دیو ئه‌ودیویانه‌و هه‌ریه‌که‌یان چه‌ندین ڕۆڵ ئه‌بینن که‌له‌ڕاستیدا جگه‌ له‌(کۆڕاڵ)ێکی به‌د و کاسه‌لێسانی به‌ر هه‌یوانی دیوه‌خان نه‌بن، چیتر نین.

ئۆپۆزیسێۆن پێ خۆش بێ وه‌یان نا، ئه‌وا ئه‌بێ خۆی چه‌کدار بکا، چونکه‌ ناتوانێ ده‌سته‌وه‌ستان بێ له‌کوشتنی هه‌وادارنی و ئه‌و چین و توێژه‌ی ده‌نگی پێداون ومتمانه‌ی خۆیانی پێ سپێراون. ئه‌م ئۆپۆزیسێۆنه‌ ناتوانێ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی پارتی و مه‌سعود قبوڵ بکاو پێ قوتنادرێ له‌شارێکی وه‌ك سلێمانی ڕۆژنامه‌نووسان نه‌توانن کاری خۆیان به‌سه‌ربه‌ستی بکه‌ن، ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی ناتوانی چی تر بێده‌نگ بن له‌ئاست ئه‌و فه‌رهودی وتاڵانیه‌ی نه‌وتی کوردوستان .ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای ئه‌و (وێسته‌گه‌)نوێیه‌یه‌ که‌ ئۆپزیسێۆن ڕوبه‌ڕوی بۆته‌وه‌ و سه‌رکه‌وتنی ته‌نها به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌و هێزه‌وه‌ که‌ پێوسته‌ له‌سیستمێکی پڕ ملیشیاوی وه‌ك ئه‌وه‌ی پارتی پاراستنی هه‌یه‌و یه‌کێتی دژ تیررۆری هه‌یه‌ بکرێ. ڕه‌نگه‌ ده‌سه‌ڵات نه‌توانێ کاك نه‌وشیروان تیرۆر بکا، لێ هه‌ر که‌سێ له‌ کوردوستان له‌سه‌ر ئازادی تیرۆر بکرێ، ئه‌وا تیرۆرکردنی خودی که‌سایه‌تی کاك نه‌وشیروانه‌‌.

ده‌سه‌ڵاتێك که‌ ناوزه‌ندی گه‌له‌که‌ی به‌ تێکده‌رو ئاژه‌وچێتی و ناوچه‌گه‌رێتی و تابووری پێنج بشوبهێنێ، ده‌سه‌ڵاتێک وه‌ك کاکه‌ سه‌رده‌شت ئه‌ڵێ(باکی به‌مردنی ڕۆڵه‌کانی نه‌بێ)، ده‌سه‌ڵاتێك ئابووری ووڵات بۆ خۆی ونه‌وه‌کانی بدزێ و نه‌وته‌که‌ی هه‌رزانفرۆش بکاو بیدا به‌ دوژمنی سه‌رسه‌ختی گه‌له‌که‌ی ، ده‌سه‌ڵاتێك به‌زمانی گوله‌ به‌ره‌و ڕووی ڕۆژنامه‌ نوسان و ده‌نگی ئازاد ببێته‌وه‌و هیچ شه‌رمێ نه‌کا، ئه‌ی دی بۆچی ئۆپۆزیسێۆن و جه‌ماوه‌ر شه‌رم بکه‌ن و نه‌توانن به‌هه‌مان شێواز ڕوبه‌رڕویان ببنه‌وه‌!!

ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆی باشوور خۆی باوه‌ڕی به‌خه‌باتی چه‌کدارانه‌ هه‌بوو دژی سیستمی به‌عسی دیکتاتۆری، که‌چی دژ به‌خۆی به‌ڕه‌وا نابینێ، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا ئه‌م سیستمه‌ی ئێستای جه‌لال و مه‌سعود گه‌ر خراپتر نه‌بن له‌وه‌ی سه‌دام ، ئه‌وا وه‌ك ئه‌و وان. له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ماندا زیاترین ته‌عریب له‌ئارادایه‌، که‌رکوك و ناوچه‌ داگیرکراوه‌کانی تر ئه‌مڕۆ نا سبه‌ینێ له‌ده‌ستمان ئه‌چن. مافی گه‌نج و ژنان ئه‌وه‌ له‌وپه‌ڕی ئاست نزمیدایه‌. ناسنامه‌ی به‌هاوڵاتی بوونی کورد له‌و په‌ڕی مه‌ترسیدایه‌، ته‌فگه‌ره‌ کوردیه‌ ئازادیخوازه‌کان کراون به‌دوژمن و دوژمنانی گه‌ل کراون به‌ئاشتیخوازو به‌روبومی خۆێنی شه‌هیدان ئه‌چنننه‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە