کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەڵەبجە و چەكی كیمیایی لەكاردانەوە نێۆ دەولەتیەكاندا

Friday, 01/04/2011, 12:00


پێشەكی
من لە ماوەی چەند سالی دوای روداوی تراژیدیاكەی هەلەبجە چەند دۆسیەیەكم لە بەشەكانی میدیا و ئەرشیڤی ئەلمانی و نیودەولەتی سەبارەت بەم بابەتە كۆكردۆتەوە كە گرنگیەكی تایبەتی خۆی هەیە بۆ لیكۆلینەوە. ئەم كارەساتە میژوییە بە تەنیا یاد كردنەوەی بەس نیە، بەلكو كرداریشی دەویت و پرۆسەكە هەر هیشتا دورودریژە. پیویستە لەسەر ئاستی ناوخۆو نیودەولەتی لیكۆلینەوەی تایبەتی خۆی بۆ بكریت و ئەم ئەركەش بە پلەی یەكەم كەوتۆتە سەر شانی ئیمەی كورد خۆمان. پیویستە لە كوردستان ئینستیتوی لیكۆلینەوە سەبارەت بە جینۆساید لەسەر ئاستی حكومی بۆ دابمەزریت، كە ئەنفالیش دەگریتە خۆی. هەلەبجە و ئەنفال دۆسیەیەكی گرنگ و گەورەیە بە دەست كوردەوە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی. لەم نوسینەدا ئاماژەم بەو ململانی و كیشانە داوە كە لەنیوان ئەمریكاو ئەلمانیا سەبارەت بە چەكی كیمیاوی عیراق خولقابوو، هەروەها لیرەدا تیشكم خستۆتە سەر سیاسەتی نیودەولەتی و رۆلی ریكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكانیش. قۆناغی بوونی هەردوو بلۆكی رۆژهەلات و رۆژئاوا و شیوازی سیاسەتیان لە رۆژهەلاتی ناوەراستیشدا بەبەرژەوەندی رژیمی بەعس گەرابۆوە. هەر لەم نوسینەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە پارەو كەلەكە كردنی سەرمایە و چاوچنۆكی مرۆڤ و گەلان ناناسیت بەلكو تەینا پارە دەناسێت.


(ململانێی نێوان حكومەتی ئەمریكی و ئەلمانیا سەبارەت بە چەكی كیمیاوی عێراقی)
حكومەتی ئەلمانیا بە لایەنی كەمەوە لە سالی 1983 وە زانیاری لە لایەن حكومەتی ئەمریكیەوە هەبوە كە حكومەتی عیراق بە یارمەتی كارگەكانی ئەلمانیای رۆژئاوا گازی ژەهراوی (چەكی كیمیاوی ژەهری تابون) دروست دەكات. سی ئای ئەی (CIA) كاتی خۆی وەزیری ئابوری ئەو سەردەمەی ئەلمانیا لە ئەمریكا (Bengeman) لەم مەسەلەیە ئاگادار كردبۆوە كە هەوالەكە بگەیەنیت بە حكومەتەكەی خۆی. دوای ئەوەی كە حكومەتی ئەلمانیا هەلویستی نیشان نەدا، دواتر موخابەراتی ئەمریكی ئەم زانیاریانەی گەیاندە دامودەزگاكانی راگەیاندن. لە بەهاری سالی 1984 رۆژنامەی (نیۆرك تایمز) ئەم هەوالەی بلاو كردەوە كە بە تایبەت دوو كارگەی ئەلمانی (كارل كۆلب/پیلۆت پلانت) لە ناوچەی درای ئایش لە هەریمی (هیسن) لە نزیك شاری فرانكفورتی رۆژئاوای ئەلمانیا بە چاوداخستنی حكومەتی ئەلمانی لیی، لەماوەیەكی دوو سالیدا دامودەزگای موختەبەر و زانیاری و كەرەسەی پیویستیان بە حكومەتی عیراقی فرۆشتوە و بۆیان گواستۆتەوە بۆ عیراق و لەوی بۆیان دامەزراندون، گوایە بۆ دروست كردنی مەوادی لەناو بردنی حەشەراتی دژ بە كشتوكال. بۆ ئەم مەبەستەش كۆمەلیك لە شارەزایانی ئەلمانی لە عیراق كاریان كردوە، بەم هۆیەوە حكومەتی عیراقی توانیویەتی چەند گازیكی ژەهراوی دروست بكات و بیكاتە چەكیكی كوشندەی بە كۆمەل كوژی نیودەولەتیی قەدەغە كراو. لەناو ئەم گازانەدا (تابون) كە ئەلمانەكان خۆیان لە سالی 1936 دۆزیانەوەو دروستیان كردو لە جەنگی یەكەمی جیهانی دا بەكاریان هینا كە ئەنجامی كوشندەی بەكۆمەلی بەدوای خۆیدا هینا. رۆژنامەی نیۆرك تایمز لە 30+31/3/1984 دوبارە دەربارەی مەسەلەكە كۆلیەوە. سەرچاوەی زانیاریەكانی نیۆرك تایمز دەگەریتەوە بۆ وەزارەتی بەرگری ئەمریكی، وەزارەتی دەرەوە و دەزگای موخابەراتی ئەمریكی.


(كۆمەلێك سەربازیكی بەریتانی لە كاتی جەنگی یەكەمی جیهانیدا بە چەكی كیمیاوی
ئەلمانی زامدار بوون)

لە رۆژی دوایدا هەوالی درستكردنی ئەم چەكە مەترسیدارە لە رۆژنامەی (فرانكفورتەر ئەلگەماینە)ی ئەلمانی بلاو كرایەوە، تییدا باس لەوە كراوە كە لایەنی ئەمریكی پیشتر چەند جاریك بە گرنگیەوە بە ریگای سلكی دبلۆماسی ئەم زانیاریانەیان گەیاندوە بە حكومەتی ئەلمانیای فیدرالی، بەلام جدیەتی مەسەلەكە لەم لایەنەوە پشت گوی خراوە. رۆژنامەی ناسراوی ئەلمانی (تاتس، TAZ) كە لە بەرلینی پایتەخت دەردەچیت لە هەمان رۆژدا باسەكەی بەم شیوەیە دریژە پیدابوو: "پەیوەندی دەزگای موخابەراتی ئەمریكی بە ئەلمانیاوە سەبارەت بەم كیشەیە دیارە پەیوەندی بەوەوە هەیە كە بە پیی راپۆرتیكی رۆژنامەی (لۆس ئەنجلس تایمس) حكومەتی ئەمریكی بیەوی فرۆشتن و ناردنی كەرەسەی كیمیاوی بۆ عیراق و ئیران قەدەغە بكات كە بۆ دروست كردنی گازی (زێنف) و چەكی تری كیمیاوی دەتوانری بەكار بهینری. ئەو كارگانە بۆ ئەو مەوادە كیمیاویانەی كە بە بی كیشە و گیروگرفت دەتوانن بنیردرینە دەرەوە پیویستە بۆ ئەم جۆرانە داوای مۆلەت بكری و ریگا بە ناردنە دەرەوەیان نەدرێ. بەلام ناوی جۆری مەوادەكان نەهینرابوون. بە پیی شارەزایان پینج، یان شەش مادەن كە ئاسایی مەترسیدار نین، بەلام لە پەیوەندی و تیكەلاو كردنیان و لە هاوكیشەی كۆتایدا دەبیتە چەكێكی مەترسیداری كیمیاوی كوژەر".

گۆڤاری شپیگلی ئەلمانی (SPIEGEL) لە 6/8/1984 دەنوسێت: "یەكەم جار موخابەراتی ئەمریكی ئەم زانیاریانەی لە مانگی سێ گەیاندە رای گشتی. ئیتر لەم كاتەوە ئەمریكیەكان و ئیسرائیلیەكان پالەپەستۆی خۆیان لەسەر حكومەتی ئەلمانی قورستر كرد كە ریگا بە فرۆشتن و ناردنی ئەو مەواد و دەزگایانە نەدات بۆ عیراق كە بەرەسمی گوایە بۆ دروستكردنی مەوادی پاریزگاری كردن لە روەك دروست دەكری. موخابەراتی ئیسرائیلی (موساد) بە پالپشتی وینەی سەتەلایت و هەروەها زانیاریەكانی حكومەتی ئیسرائیل خۆی بە تەواوی تەئكیدیان لەسەر ئەوە كرد كە عیراق بە یارمەتی ئەم مەوادانە چەكی كیمیاوی دروست دەكات. لە مانگی 5/84 تەنانەت موخابەراتی (CIA) هاتنە وەزارەتی ئابوری ئەلمانیا لە شاری (بۆن- دویسدۆرف) بۆ ئەوەی گومانەكەیان لەسەر رۆشنایی عەرزیی (وینە و دەنگ) بە پراكتیك بخەنە بەردەم. ئەمریكیەكان ئەو زانیاریەیان خستە روو كە كارگەی گازی ژەهراوی لە سامرا / عیراق شەش قات بۆ ژیر زەوی قولە كەچی ئەم بەلگەو زانیاریانەش لە زۆر خالدا بۆ ئەلمانەكان بە هەند وەرنەگیراو ئەم گوناهبار كردنانەیان رەت كردەوە. دوای هەول و رونكردنەوەیەكی تری زۆری زانستانە وەزیری ئابوری ئەلمانیا سكرتیریكی دەولەتی راسپارد كە ئاگاداری ئەو كارگانە بكات بەلكو بە ئارەزومەندانەی خۆیان دەست لەم فرۆشتن و ناردنی بازرگانیە هەلبگرن بۆ عیراق بەلام سەركەوتو نەبوون لە داواكاریەكەیاندا".

وەزارتی بەرگری و وەزارەتی دەرەوە و هەروەها موخابەراتی ئەمریكی لەم بەروارەدا قەناعەتیان وابوو كە عیراق لە چەند هەفتەیەكدا دەچیتە بارودۆخیكی ئاوها كە بتوانێت بە گازی ژەهراوی (چەكی كیمیاوی)، یان باشتر بلێین بە چەكی كیمیاوی هیرش بكاتە سەر سوپای ئیرانی. ئیرانیەكان لەو دواییەدا قیناعی دژ بە هەلمژینی گازی ژەهراویان لە شەرەكەدا بەكار دەهینا، بەلام هیزی پیشمەرگەی كوردستان و خەلكی مەدەنی كورد بە هۆی بێتوانایی و بێدەرامەتی و بی كیانیی خۆی تەسلیم بە واقعی كوشتن و خنكاندن ببۆوە بەرامبەر بە ژەهرو چەكی كیمیاوی حكومەتی عیراق. لە 1984 1986 حكومەتی عیراقی 133 جار چەكی كیمیاوی دژ بە ئیرانیەكان بەكار هینا كە بوە هۆی بەلایەنی كەمەوە كوشتنی (50) هەزار سەرباز. لە سالی 1981/82 بە پیی زانیاری موخابەراتی ئەمریكی، عیراق (10ملیۆن) ماركی ئەلمانی لە كارگەو دامودەزگادا خەرج كردوە گوایە بۆ مەبەستی لەناو بردنی میش و مەگەز لە كاتی بەرگرتن و بەرهەمی خورما. بالیۆزی ئەو كاتەی عیراق عبدالرزاق الهاشمی لە ئەلمانیا هەمان قسەی دوبارە دەكردەوە. بروانەبون بە قسەكانی حكومەتی عیراق لەوەشدا بوو كە هەر حكومەتەكە خۆی بەپەرۆش نەبوە بۆ مەسەلەی كشتوكال و دوارۆژی جوتیاری عیراقی، كە خۆی بەهۆی شەری ئیران و ئۆپۆزیسیۆنی شیعە بە سەدان هەزار دارخورمای لە خواروی عیراق برییەوە، هەروەها بە نەخشە هۆرەكانی وشك كرد و ئابوری كوردستانی هەلتەكاند و بە هەزاران گوند و ژینگەی كوردستان ویران كراو زەهر دەكرانە ناو كانیاوەكانەوەو سەریان بە چیمەنتۆ دادەپۆشران و دارو درەختی ولاتەكە دەبردرایەوەو مەوادی كیمیاویان پیدا دەكرا.

هەلوێستی كاربەدەستانی ئەلمانیا
دوای هینان و بردنیكی زۆر مەسەلەكە لە 12/4/1984 خرایە بەردەم پەرلەمانی ئەلمانیا (بوندس تاگـ). ئەندامی پەرلەمانی سەر بە پارتی سۆشیال دیموكرات (گێنسل) كە ئەو كاتە لەئۆپۆزیسیۆندا بوون كە خۆی شارەزا و لیپرسراوی ئەم بوارەیە، سەبارەت بە كیشەكە كۆمەلە پرسیاریكی ئاراستەی (د. میرتس) وەزیری دەولەتیی پارتی دەسەلاتداری ئەو كاتە كرد (پارتی یەكیتی مەسیحیە دیموكراتەكان) كە بە ناوی حكومەتەكەیەوە هەلویستی دەربری. لەبەر دورودریژیی وتوویژەكە تەنیا سەرنجیكی كورتیم تیدا هەلبژاردوە كە دەلیت:
پرسیاری (گێنسل بۆ د. میرتس): "ئایا بە كاردانەوەیەكی گونجاوی نازانیت لەبەر بەرژەوەندی و ئابرۆی ئەلمانیا لەبەردەم رای گشتیدا، هەروەها لە پیناوی قەدەغە كردنی بەكارهینانی چەكی كیمیاوی، كە لیرەدا حكومەتی ئەلمانی مۆلەتی مانەوە لە كارگە بیانیەكانی دروستكەرانی فرۆكەی سەربازیی بۆ عیراق لە ئەلمانیا و فرۆكەچیە عیراقیەكان كە ماوەیەكە بۆ فیربوونی پیشەكەیان لە كارگەیەكی گەورەی ئەلمانیان بسەنیتەوە هەتا كاتی دلنیا بوون لەوەی كە عیراق دوبارە پەنا نەباتە بەر بەكارهینانی چەكی كیمیاوی نیودەولەتی قەدەغە كراو"؟
وەلامی د. مێرتس:"بەریز گێنسل ئەمەی تۆ دەیلییت بە واتا سزادان دەبەخشیت. من ئەم شتە بە باش و گونجاو نازانم".بە پیی قسەی وەزیری دەولەت ئەم كارگانە لە ناوەراستی هەفتاكانەوە لەم جۆرە كەرەسە و مەوادانە بە عیراق دەفرۆشن. كیشەكە دیارە دەبیت بەم جۆرە بوبیت: دوای ئەوەی كە حكومەتی ئەمریكی بە ریگای دبلۆماسی هیچیان چنگ نەكەوت بەرامبەر بە ئەلمانیا، و كارگە كیمیاویەكانی عیراقیان ئەوەندە بە مەترسیدار لە قەلەمدا كە دواتر پەیوەندیان بە هاوپەیمانەكانیانەوە كرد بۆ تەئسیر دروست كردن بەهەمان ئاراستەی ئەمریكیدا. ئەلمانیا كوتوپر كەوتە كردار نیشاندان هەرچەندە هەمیشە و دوبارە دەیوت ئەو ماددانەی كە ئەم كارگانە دەینیرن (كارل كۆلب/پیلۆت پلانت) هیچی بۆ دروست كردنی چەكی كیمیاوی ناگونجین و بۆ مەبەستی شتی روەكن. كەچی لە 15/5/1984 لە یاساكانی دەرەوەی ئابوری ئەلمانیا لەبواری عیراقدا ناردنی پینج مەوادی كیمیاوی لەم جۆرانەی قەدەغە كرد كە بۆ دروست كردنی چەكی كیمیاوی بەكاردێن. هۆلەندەو ئەمریكا فرۆشتن و ناردنی 8-11 مەوادی لەم جۆرەیان بۆ عیراق قەدەغە كرد. دواتر لە 6/8/1984 حكومەتی ئەلمانی مۆلەتی ناردنە دەرەوەی چەند دەزگایەكی كیمیاوی تری قەدەغە كرد. بەلام لە دوایدا دەركەوت كە كارگەكان ئەم جۆرە كەرەسەو مەوادانەیان بە ریگای ناردنی بۆ دەولەتیكی ترو بە ناوی فرۆشتنی بە شوینی تر لەویوە نیردراون بۆ عیراق هەروەك ئەوەی كە بۆ لیبیایان ناردبوو كە ئەمەش بوە كیشەیەكی گەورەی نیوان ئەلمانیا و ئەمریكا. بووە هۆی ئەوەی حكومەتی ئەمریكی هیرشی ئاسمانیی ئەو شوینانەی كرد لە لیبیا كە ئەم دەزگا نهینیانەی تیدا دروست دەكران لە ناوچەی ربگە. بە ریگای چاودێری كرددنی سەتەلایت حكومەتی ئەمریكی نهینیەكانی لیبیاو عیراقیشی بەباشی دەزانی و لە نزیكەوە بەدوای مەسەلەكەوە بوو. دواتر ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی دوینی لە حیزب و لە بەشەكانی راگەیاندنی ئەلمانیا، سەر، یان نزیك بە خۆیان كە بە توندی و رەخنەگرانەوە كە تەنیا وەك راگەیاندن باسیان لیوە دەكرد دواتر كە دەسەلاتیان گرتە دەست هەتا ئەمرۆ بە هیچ شیوەیەك باس لەم مەسەلەیە ناكەن و دۆسیەكەیان داخستوە، هەروەك ئەوەی كە هەتا لە ئۆپۆزیسیۆندا بوون پیویستیان بەو سیاسەتە هەبوبیت بۆ بەرژەوەندیەكی تایبەتی سیاسی و حیزبی و مەبەستی هەلبژاردن. دەسەلاتی كوردیش هەتا ئەمرۆكە هیچ هەنگاویكی بۆ ئەم مەبەستە نەناوەو لیكۆلینەوەی بۆ ئەم شیوازی سیاسەتانە، لە دەسەلات و ئۆپۆزیسیۆن و سیاسەتی نیودەولەتی ئەنجام نەداوە بۆ تیگەیشتن و سوود وەرگرتن لیی بۆ بواری دبلۆماسی و سیاسەتی دەرەوەمان. من لیرەدا دەپرسم بۆچی؟؟ دەسەلاتیك لە نێو خودی ولاتەكەی خۆی هیچی بۆ ئەنجام نەدابیت ئیتر چۆن لە سەر ئاستی نیودەولەتی ئەو هەنگاوانەی تر دەنێت.

دادگا نەكردنی كارگە لێپرسراوەكان
هەتا رۆژی ئەمرۆ ئەو كارگە ئەلمانیانە بە شیوەیەكی جدی نەدران بە دادگاو بەر سزای توندی یاسا نەكەوتن. تەنیا دوو كارگەیان لەبەر رای گشتی و فشاری ئەمریكا خستە بەردەم لیپرسینەوەی هەرزان، كە بە دەگمەن پرۆسەكانیان دەبیستران. ئەمەش ئەوەندە هینران و بران هەتا لە بیرچونەوە. یان دوای ماوەیەكی درەنگ نوسینگەو سەنتەرەكانیان دەپشكینران كە هەتا ئەو كاتە هیچ دۆسیەیەكی تێدا نەماون و دور خراونەتەوە.

ئەلمانیا و ئاوشڤیتس
یەكیك لەو شیوەی بە كۆمەل كوژیەی كە رژیمی هیتلەر بەرامبەر بە یەهودیەكان رەفتاری پیوە دەكرد بریتی بوو لە كوشتنیان بە گازی ژەهراوی (چەكی كیمیاوی). یەكیك لەو شوینانەی ئەم قركردنەی تیدا كرا بریتی بوو لە (ئاوشڤیتس). ئاوشڤیتس ئەو ناوچەیە بوو كە نازیەكانی ئەلمانیا بە سەدان هەزار هاولاتی یەهودییان بە گازی ژەهراوی تیدا خنكاند بی گویدانە ژن و پیاو و مندال و پیرو پەككەوتە، تەنیا لەبەر ئەوەی یەهودی بوون. قوربانیەكان دەبوایە پیشتر جل و بەرگەكانیان دابكەنن و پییان دەوتن كە بۆ حەمام كردنیان دەبەن. لەكونیكی سەربانەكە گازە ژەهراویەكەیان بۆ دەرژاندنە خوارەوە بۆ ناو هۆلی حەمامەكە. یەكیك لە بیركردنەوەی نازیەكان بۆ ئەم شیوە كوشتنە ئەوە بوو كە بتوانن بە نرخیكی زۆر هەرزان زۆرترین ژمارەیان لێ بكوژن. ئاخۆ هۆی ئەوە لە چیدا بیت كە مرۆڤ بتوانیت ئەوەندە درندە بیت؟

40 سال دوای ئاوشڤیتس كارگەكانی ئەلمانیا بە زانین و چاوداخستنی حكومەتی ئەلمانیا ئەوەی بۆ حكومەتی عیراق دروست كرد كە ئەنجامەكەیمان نەك هەر لە جەنگی یەكەم و دوەمی جیهانیدا بینی بەلكو لە هەلەبجە و ناوچەكانی تری كوردستان و لە شەری عیراق/ ئیران یشدا. هەرچەندە بە تەنیا ئەلمانیا نەبوە كە كەرەسەی پیویستی بە حكومەتی عیراقی فرۆشتبیت بۆ ئەم مەبەستە، بەلام ئەلمانیا رۆلی سەرەكی و گرنگی بینیوە تییدا. لەبەر ئەوەی كە ئەم ولاتە روبەروی لیپرسینەوەیەكی گەورەی ئەخلاقی و میژوی بووە دەبوایە بە هیچ شیوەیەك بیری لەوە نەكردایەتەوە ریگا بدات بە فرۆشتنی ئەم جۆرە چەكە كوشندەیە. ئایا بۆچی و لە پیناوی چیدا كرا؟ هەربۆیە لپیرسینەوەیەكی گەورە هاتۆتە ئەستۆیان بەرامبەر بە نەتەوەی كورد سەبارەت بەو چەند هەزار مرۆڤەی كە بە گازی ژەهراوی ئەلمانی خنكیندراون. ئەلمانیا چیتر ناتوانیت كوژراوەكانمان زیندو بكاتەوە بەلام بە لایەنی كەمەوە دەكری:
1) قەرەبوو كردنەوەی كەس و كاری كوژراوەكان و بریندارەكان بە چەكی كیمیایی كە توشی زیانی گیانی و مادی و رۆحی بوون، هەروەها بەشداربن لە ئاوەدان كردنەوەی شارو ناوچەكانیان و پاككردنەوەی ژینگەی ناوچەكە لە شوینەواری چەكی كیمیاوی.
2) جاریكی تر ئەم جۆرە چەكانە بە هیچ دەولەتیكی تر نەفرۆشن و یاسای دەولەتەكەیان توند بكەن كە ریگربن لە دوبارە بونەوەی ئەم تراژیدیایانە و مرۆڤ دەبیت لە سەرمایەو پارە بەنرختر بیت. ئایا ئەگەر ولاتیكی تر ئەوەی بەرامبەر بە ئەلمان خۆیان بكردایە هەلویستیان چی دەبوو؟
3) كارگە لیپرسراوەكان بدرینە دادگا ، بەوەی كە دەلین دادوەری لە ئەلمانیا دەزگایەكی سەربەخۆیە. هەروەها هەموو ئەو سیاسەتمەدار و دەسەلاتدارە حیزبی و حكومیانە لەیاد نەكرێن كە لەسەرەتاوە ئاگادری مەسەلەكە بوون و لەبەر بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی و دەولەتیی چاویان لە فرۆشتن و ناردن و دروست كردنی ئەم دەزگا و چەكە بۆ عیراق داخست كە جیهان بە چاوەكانی خۆی ئەنجامەكەی بە روونی بینی.

بەكار هینانی چەكی كیمیاوی و بایۆلۆجی كیشەیەكی نیودەولەتیە، نەك نیوخۆی كورد. بەلی چەكی بایۆلۆجیش خۆی بۆ خۆی باسیكی تری تایبەتە كە بەلگە هەیە بۆ بەكارهینانی لە كوردستان لە لایەن حكومەتی عیراقەوە لەناو كوردە راگویزراوەكانی ناو (مجمعات)ەكان كە تەجروبە كردنی ئەم چەكە بەسەر مرۆڤدا یەكیك بوە لە ئامانجەكانی حكومەتی بەغدا.

ئەلمانیا و ئیسرائیل
ئەلمانەكان لەبەردەم حكومەتی ئیسرائیلدا خۆیان زۆر بە شەرمەزار و قەرزبار نیشان ئەدەن كە هەر دەشبیت وابیت بەوەی كە بەرامبەر یەهود ئەنجام دراوە. فرۆشتنی چەكی كیمیاوی لە لایەن ئەلمانیاوە بە عیراق كە پیش داگیركردنەكەی كویت سەدام حسین هەرەشەی لە ئیسرائیل پیدەكرد كە نیوەی ولاتەكەی بە چەكی كیمیاوی دەسوتینی شوینەواری خۆی لە سیاسەت و لە میژودا بۆ زۆر لایەن بەرامبەر بە ئەلمان جیدیلیت. هۆكەیشی ئەوەیە چونكە ئیسرائیل حكومەتە، خاوەن كیان و قەوارە و دەسەلات و هاورییە. خاوەن جالیەو لۆبیە لە دنیادا، لە ئەوروپاو لە ئەمریكادا، لە دەزگا ئابوری و سیاسی و حیزبیەكاندا و هەروەها لەسەر ئاستی دبلۆماسیدا. لەبەر ئەوەی كورد خاوەن ئەم دەسەلات و دەزگایە نیە و بی كیان و بی دەولەت و بی پاریزەرە هەتا ئەمرۆكە نەك هەر تەنانەت داوای لیبوردن لە گەلی كورد و لە قوربانیانی چەكی كیمیاوی نەكراوە، بەلكو قەرەبووش نەكراونەتەوە. ئیسرائیل لە قەرەبووی بە گاز كوژراوەكانیان بە كوشتنی بە كۆمەلی یەهودیەكان بە ملیارد ماركیان داوا كردوەو سەندوە.هەر ئەوەندە دەبینیت كاربەدەستانی حكومی و حیزبی گەورەی ئەلمانیا دەچنە ئیسرائیل و لەوی كلاوە بچوكە یەهودیەكەیان دەكەنە سەر و بەرەو شوینی یاد كردنەوەكانیان دەبەن و لەبەر دەمیاندا دەیانچەمێننەوە.

هەلوێستی ئەلمانیای رۆژهەلات و حكومەتی مۆسكۆ
سەبارەت بە هەلویستی ئەلمانیای رۆژهەلاتی ئەو سەردەمەی سەر بە (معسكر الاشتراكی)، لە رۆژنامەی (NEUES DEUTSCHLAND) بە واتا ئەلمانیای نوی كە رۆژنامەی رەسمی بوو لەبەرواری 18/3/1988 بابەتیكی نوسیبو لەژیر ناونیشانی:" سیاسەتمەدار د.منچر ابراهیم الشاوی لە كۆماری عیراقەوە لە ئەنجومەنی وەزیرانی كۆماری ئەلمانیای دیموكراتی لەلایەن ڤیلی شتۆفس پیشوازی لیكرا". لە یەكیك لە ئەستونەكانیدا رۆژنامەكە دەنوسیت: "هەردوو لایەن جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە هیشتنەوەو پاریزگاری كردنی ئاشتی جیهانی، و هەولی هەموو هیمەتیك بۆ كەمكردنەوەو نەهیشتنی پێشبركێی چەك لەسەر رووی زەوی واتایەكی گرنگی ژیانیی هەیە بۆ دوارۆژی سەرجەم مرۆڤایەتی...". دوبارە دەمەوی ئاماژە بۆ بەرواری پیشوازیەكەی سیاسەتمەداری عیراقی بكەم لەلایەن كاربەدەستانی ئەلمانیای رۆژهەلات كە دەگەریتەوە بۆ دوو رۆژ دوای تراژیدیاكەی هەلەبجە كە نەك هەر بە یەك وشە باسی لیوە نەكراوە، بەلكو لەو بەروارە ئەو پیشوازیەشیان لیكردوە. هەر لە نزیكەی هەمان بەرواریش كۆمەلیك لە كوردەكانی باشوری كوردستان لە گۆرەپانی سوری مۆسكۆ نارەزاییەكی ئاشتیخوازانەیان دژ بە بەكارهینانی چەكی كیمیاوی لە هەلەبجە ئەنجام دابوو. حكومەتی مۆسكۆ بەشیكی ئەم كوردانەی لە یەكیەتی سۆڤیەت دەركردو بەشیكی كەشیانی لە مۆسكۆ دورخستەوە. سەرجەم دەولەتەكانی بلۆكی رۆژهەلاتی سەر بە یەكیەتی سۆڤیەت هەمان سیاسەتیان پیادە دەكرد. ئەمەش نەك هەر ئەو جیهانەیە كە كوردی بەدبەختی تیدا دەژی بەلكو بێئەخلاقی سیاسەتی نیودەولەتیش لیرەدا بەروونی دەخاتە بەرچاو .

بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی لەجەنگی ڤێتنام
"حكومەتی ئەمریكی لە شەری ڤیتنام و كەمبۆدیا چەند جۆرە مەوادیكی گوایە دژ بە حەشەراتی روەك وەك ئەوەی عیراقی بەكارهینا. ئەنجامەكانی بۆ ئەم دوو ولاتە لە راپۆرتیكی (ئەكادیمی زانستی ئەمریكی) لە سالی 1974 خرایە بەردەم و لە راپۆرتەكەدا هاتوە: بۆ دەیان و بگرە بۆسەدان سال دەخایەنیت هەتا شوینەوارو ئەنجامی خراپی ئەم مەوادە كیمیاویانە نامینن. ئەنجامی خراپی ئەم مەوادانە بۆ سەر مرۆڤ و لەدایك بوونی مندالی سەقەت نەك هەر بە تەنیا لە ڤیتنام بەلكو لە ئەمریكاش لە مندالانی سەربازیكی زۆر دەركەوتن كە لە بەكارهینانی ئەم مەوادە كیمیاویانە لەو ولاتانە وەك ڤیتنام (ئیحتكاكیان) هەبوە. لە دوای ماوەیەكی دریژ، چەندین مانگ، یان سال ئەنجامەكەی بەهۆی چەند (ئەعرازیكەوە) چاوەروان نەكراو دەردەكەوی. شەری ڤیتنام دورودریژترین و گرانترین شەر بوو لە میژوی یەكیتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا. بۆ یەكەم جار لە میژوی جەنگدا بە هۆی ئەمریكاوە ریژەیەكی زۆر لە مادەی (هیربیتسید) چەكیكی كیمیاوی دژ بە روەك بەكار هینرا. ئەنجامەكانی بریتین لە ویرانكردنیكی مەدای دوور لە زەوی كشتوكالی و ناوچەی سەوزایی و گولوگولزار. لە 90% ی بەرنامەی ویرانكردنەكە بە ئامانجی وشك كردن و ویرانكردنی دارستانەكانی ڤیتنام بوو. ئامانجەكەی تری بۆ ویرانكردنی بەروبومە كشتوكالیەكانیان بوو. كۆچی دانیشتوان لە ناوچە كشتوكالیەكانەوە بۆ شارەكانی ژیر كۆنترۆل كراوی ئەمریكیەكان دەگەریتەوە بۆ ئەنجامی هیرشی مادەی (هیربیتسیت)، و ئەمریكیەكان ئەم دیاردەیەیان مەبەست بوە. شتیكی نهینی نیە كە حكومەتی عیراقیش لە كوردستان هەمان ستراتیجیەتی پەیرەو دەكرد، بەلام بەهۆی سەرقالی رژیم خۆی بە كیشەكانیەوە، و بە هۆی راپەرینی كوردو هاتنە پیشی بارودۆخیكی نوی حكومەتی عیراقی چیتر نەیتوانی دریژە بەو ستراتیجەی بدات لە كوردستاندا.
لە نیوان 1961 1971 یەكیتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە تایبەت لە خواروی ڤیتنام ،(91) تەن هیربیتسیتی بەكارهیناوە كە بریتین لە چەند مەوادیكی كیمیاوی جۆراوجۆر. هەندیكیان وەك (ARGNTE ORANGE) كە زەهری (SEVESO DIOXIN-TCDD)ە، تەنیا روەك ویران ناكات بەلكو مرۆڤ و ئاژەلیش. لە دارستانەكانەوە ئەم (دیۆكسین)ە چۆتە ناو چەم و روبارە نزیكەكانەوە كە كاری لە پیكهاتەی كیمیاوی ماسی و چەند حەیوانیكی تری ئاوی كردوە كە دیارە لە خواردنیاندا دەتوانیت ئەنجام و شوینەواری خراپی خۆی لە مرۆڤدا بە مەودای دوور جیبهیلیت. شوینەواری ئەم هیرشی چەكی كیمیاویە هەتا ئەمرۆكە دیارە. هەتا گەرانەوەی بۆ بارودۆخە ئاساییەكەی خۆی ئەو ناوچانەی لە 1 3 جار ئەم مەوادانەی پیدا كراوە بە مەزەنە 80 100 سالی دەویت. لەو دارستانانەی ڤیتنام كە ئەم چەكە كیمیاویانەی تیدا بەكار نەهینراوە 145 170 جۆر لە مەلی تیدا دەژین. بەلام لە ناوچە ویران و بەر ژەهر كەوتوەكان تەنیا 24 جۆر مەلی تیدا دەژیان. جگە لەمە مندالی لە دایك بووی سەقەت، جۆری گەشەكردنی نائاسایی مندال لە سكی دایكیداو نەخۆشی شێرپەنجە لە مرۆڤدا ئەنجامی بەكارهینانی ئەم چەك و مەوادانە بوە لە ڤیتنام. ڤیتنامیەكان بۆ ئەم مەبەستە ئینستیتوی تایبەتیان بۆ دروستكردوە كە ئەم دیاردانە هەموی دەبینرین و لە رووی زانستی و پزیشكیەوە بەردەوام لیی دەكۆلریتەوە. هەتا ئەمرۆكەش هۆی لەبارچونی مندال دەگەریتەوە بۆ ئەنجامی ئەم ماددە و چەكە مەترسیدارە چونكە كاریگەریی لەسەر جیناتی مرۆڤ هەیە" . هەندی لەم مندالانەیان لەناو شوشەی تایبەت داناوە لە ئینستوتە پزیشكی و مۆزەخانە تایبەتەكان بۆ بەدۆكیومینت كردنی و بینینی لەلایەن رای گشتیەوە.

كۆنگرەكەی پاریس
لە 7-11/1/89 دوای كارەساتەكەی هەلەبجە بە ماوەیەك كۆنفرانسیك سەبارەت بە چەكی كیمیاوی لە پاریس ئەنجامدرا كە چەند بریاریكیشی دەركرد، بەلام نەك هەر كوردیكی عیراق ریگا نەدرا وەك چاودیریش بەشداری تیدا بكات بەلكو هەر بە یەك ووشە باس لە عیراق نەكرا. ریكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان كاتی خۆی حكومەتی عیراقی تەنانەت مەحكوم نەكرد بەرامبەر بە بەكار هینانی چەكی كیمیاوی نیودەولەتی قەدەغەكراو لە هەلەبجە. لیرەدا دەكرێ لەم روانگەیەشەوە، لە روانگەی ئەم لیكۆلینەوەیە سیاسەتی نێو دەولەتی و باری مافی مرۆڤ و ریكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان ببینریت. هەربۆیە دەكری بلیم ریكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان بەم پیكهاتەیەی ئیستەی ناتوانیت ببیتە دایك و باوكی گەلان.


د. سالار باسیرە
پسپۆر لە بواری زانستە سیاسیەكاندا

*******************
1) لە كتێبی (نەهێشتنی چەكی ژەهراوی)،زانا سروشتی و شارەزا گزیشكیەكان ئیشارەی جدی ئەدەن بۆ مەترسی چەكی كیمیاوی و بایۆلۆجی.لە لایەن هەردوو گىۆفیسۆر (WERNER DOSCH + PETER HERRLICH)ئامادە كراوە و لە چاگخانەی (FISCHER)لە فرانكفۆرت/ئەلمانیا لە چاگ دراوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە