باشە پەكەكە چی بۆكورد..........كردووە؟؟
Wednesday, 19/06/2013, 12:00
لە سەردەمی عەوداڵبوونی بەرپرسان بۆ ژیانێكی بزنس مانی و حەزی بەرزكردنەوەی باڵەخانەكان و بەدەستهێنانی بڕوانامەی فەخریدا و ژێرخستنی بەرزترین مۆدیلی ئوتۆمبیل و شەڕ لەسەرمانەوە لە پۆستەكاندا و دانەبڕان لە شاشەی تیڤیەكان و پشتی مایكەكان و بەسەربردنی پشووی هاوینە لە خۆشترین شوێنە گەشتیاریەكانی جیهان پەكەكە خەریكی چی بوو!؟
لێرەوە دەبێت هەموو تاكێكی كورد لەهەرچواربەشی كوردستان بەكار و هەنگاوەكانی پەكەكە ئاشنا بكرێن لە پێناو ڕەواندنەوەی هەندێك گومان و تاوانی ئایدیۆلۆژی كە دەرهەق بە پارتی كرێكاران كراوە، گوایە ئەمانە دژی ئاین كار دەكەن و ستراتیژیان دژایەتی كردنی پیرۆزیەكانی گەلە!.
لیرەوە پرسیار دەكەین كە ئەوانەی خەویان لە چاوەكانی خۆیان تۆراند و دەستەویەخە لە گەڵ سروشتی سەختی قەندیلی سەربەرزدا ئاشنابوون و زبری ژیانیان هەڵبژارد جێی خۆیەتی سڵاو و ڕێزی هەموو كوردانیان پێ بگەێنین و بڵێین سڵاوی ئازادی و دیموكراسیتان لێبێت ئەی ئەوانەی لە فەرهەنگی كوردیدا بە(گەریلا)ناسراون.
ئەم دەرفەتی ئاشتیە كاتێكی لەبارە بۆ سەركردایەتی پەكەكە بۆ زیاتر تێكەڵبوون و ئاوێزانبوون بەخەڵكی شارنشین و كردنەوەی سیمینار و كۆڕ بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا.
ئەو لایەنەی كە ڕۆحی كردەوە بەبەرجەستەی هەستی نەتەوەیدا لە كاتێدا تا هەنوكەش هەستی حزبایەتی زاڵە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا تەنها پەكەكە بوو، ڕێبوارانی نەناسراوی ئەم كاروانە بەڵێنی (یان كوردستان یان كوردستان)یان بەنەتەوەكەیان داوە، چونكە تاكە شتێك كە پیرۆز بێت لای ئەوان نیشتمانە نەك كەسەكان.
كاتێك ڕێبەرەكەیان پێش پانزە ساڵ ڕفێنرا و دواتر زیندانی كرا بەسزای هەتاهەتایی چاودێرانی سیاسی تەمەنی مانەوەی پارتی كرێكارانیان بەشەش مانگ خەمڵاند كە گوایە دوای ئەو ماوەیە ڕێكخراوێك نامێنێت بەناوی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە، بێ ئاگا لەوەی كە هەرلەناوی پارتەكەوە دیارە كە كوردستانیە نەك توركی بۆیە ئەو خەمڵاندنە ڕاست دەرنەچوو. لێرەوە زلهێزان بەحساباتی خۆیاندا چونەوە، چونكە شۆڕشەكانی پێشوو بە لە سێدارەدانی سەركردەكانیان توانەوە و نەمان، بەڵام پارتی كرێكاران چەندین ئوج ئالانی فەراهەم هێنابوو لەسەر دەستی خودی ئوج ئالان بۆیە مانەوەی مسۆگەر بوو بە جۆرێك ئێستا كەسایەتی ئوج ئالان بەیەكێك لە كاریگەرترین سەد كەسایەتی دێت لە جیهاندا.
چەمكی نەتەوە ئەو چەمكەیە كە پارتی كرێكاران بەبەرخودانی بەردەوامی توانی بەدەوڵەتی توركی بسەلمێنێت كە كورد نەتەوەیە نەك كەمینە لە كاتێكدا هەڵگرتنی چەمكی نەتەوە ئەوەندە ئاسان نییە بەرزكردنەوەی و هەروەك دەركردنی ئەو چەمكە لە دروشمەوە بۆ هەنگاوی كرداری شەونخونی و سازش نەكردنی دەویست!!.
دەموچاوی سادەی گەریلا و ڕەش هەڵگەڕاوی نیشانەی قورسی چەمكی نەتەوەییە كە مانەوە لە گەڵ سەختی سروشتدا خۆڕاگری دەوێت بەجۆرێك كچە گەریلاكان خۆیان لە كۆتوبەندی میكیاژ ڕزگاركردبوو، بۆیە توانیان هاوشانی پیاوان بەرخودان بكەن. من خۆڕزاندنەوەی ئەوانم بەشێوەیەكی جیاواز بینی ئەویش خۆڕازاندنەوەیان بوو بۆ دایكە نیشتمان بەڕنگی ئاڵی خوێنیان كە لەسەر تاشەبەردەكانی چیاكانی كوردستان دەیاننەخشاند كە ژنان دەبێت هاوسەنگەر و هاوخەباتی پیاوان بن.
ئەو سەردەمەی باشور گیرۆدەی شەڕێكی نەگریس بوو بەناوی شەڕی براكوژیەوە لە قەندیل سەربەرزانە بەرامبەر بە جبەخانەی دەوڵەتی تورك لە ڕووبەڕوبونەوەدا كێ بوون؟!.
هەروەك لە شاخ سەرقاڵی بەرەنگاربوونەوەی دوژمن بوون لە شار و دێهاتەكانیش خەریكی ڕێكخستنی خەڵكی بوون بەگۆشكردنی ڕۆڵەكانی كورد بەهەستی نەتەوەیی نەك حزبی بۆیە ئەوەی ئێستا لە باكور بەدی دەكرێت هەستی نەتەوەیی باڵانسێكی بەرزی هەیە بە بەراورد بە بەشەكانی تری كوردستان ئەمەش خۆی لە خۆیدا نیشانەی دڵسۆزی و سەلیقەی پارتی كرێكاران پیشان دەدات لە (سەرمەشقی) كردنی بیری نەتەوەیدا.
ئێستاش خۆشبەختانە لە باشوری ئازیزدا هەستی نەتەوەیی چرۆی كردووە و بەشانازیەوە باسدەكرێِت لە نێو كۆڕ و كۆمەڵدا بەجۆرێك نەتەوە خەریكە لای نوخبەی میللەت لە سەروی هەموو دەستەواژەكانی ترەوەیە بۆیە ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەربازە ونەكانی هەڵگری بیری نەتەوەیی.
پارتی كرێكاران هەموو ئەندامێكی پەروەردە كردووە لەسەرخۆبەخشین بەخاك و نیشتمان بۆیە هەموو ئەندامێكی سیاسییانە بیردەكاتەوە واتە سیاسەت قەدەخە نەكراوە لە كەس و هەنگاوەكان بەرەو كۆمەڵگەی دیموكراتیك زۆر بەباشی بەرەوپێش دەچێت. لە باكور و ڕۆژئاوا ئەمەش ئەو ڕاستیەمان پێدەڵێت كە هێڵی سور و شاراوە نییە لە نێوان سەركردیەتی و ئۆرگانەكانی خوارەوە بۆیە ئاستی ڕۆشنبیری بەرزترە لە نێوان ئەندامەكانی كۆمەڵگەی دیموكرتدا كە پارتی كرێكاران پێشەنگی دەكات.
بەو بازنە تەسكە جوگرافیەی كە پارتی كرێكاران تیایدا بزاوتی دەكرد، بەڵام ئێمەی ئاشنا كرد بە فەرهەنگی كۆمەڵگەی مەدەنی بە جۆرێك كە یەكتر خوێندنەوە و یەكترقبوڵكردن فێربین واتە وەلانانی لۆژیكی هێز و چەك بۆ خۆسەپاندن لە كاتێكدا كە ئەو خاوەنی هەردوو چەمكەكە بوو بۆیە لە پاڵ چەكدا ڕۆشنبیركراین بە فەرهەنگی جوانی یەك نەتەوەیی. خۆداڕنین لە كەلتوری توندڕەوی، هەروەك سادەیی و خاكی بوونی سەركردەكانی پەكەكە جارێكی تر خۆشەویستی گەڕاندەوە بۆ نێوان گەل و بەرپرس؛ چونكە جیاوازی ئاستی ژیان و دروستكردنی چینایەتی وای كردووە كە بەرپرسان لە جیهانێكی تەواو جیاواز لە هاوڵاتیان ژیان بگوزەرێنن، بەجۆرێك كێشەی هاوڵاتی تەنها لەسەر ڕووپەڕی لاپەڕەیەكی ئەیفۆڕ بەرچاوی بەرپرس دەكەوێت ئیتر سەردانی مەیدانی بۆ كێشەكان بوونی نییە، نمونەش سەرەی بەنزین كە هاوشێوەی شورای وڵاتی چین هاوڵاتیان ڕۆڵی تیادەبینن لە هەرێمدا...
با بەیەكەوە جیاوازیەك بكەین لە نێوان دوو شێواز لەیەك سەردەمدا. لە باشوری كوردستان هەموو ئامرازێكی بەمەدەنیكردنی كۆمەڵگامان لەبەردەستدابوو، بەڵام مەخابن بەهەڵە بەكارمان هێنا و سودمەند نەبووین لێی بەجۆرێك ئێستاشی لە گەڵ بێت بۆ تعبیركردن لە خۆشی بۆنەیەك یاخود هەواڵێك چەك و تەقەمەنی بەكار دێنین بۆ دەربڕینی خۆشیەكانمان، بەڵام لە باكور لە كۆبونەوەیەكی چەند میلیۆنیدا هەست بەدیاردەیەكی نامۆ ناكرێت ئەمەش ئەوە دەگەێنێت كە كار لەسەر بە مەدەنیكردنی كۆمەڵگە كراوە.
ئێستا هەلێكی زێڕین لە بەردەم كورددایە بۆ ئاشتی، بۆیە پێویستە سەركردایەتی كورد هاوكار بێت بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە، ئەم جارەش كەمپینی كۆكردنەوەی واژۆ بۆ ئازادی ئوج ئالان و زیندایانی باكور هەنگاوی یەكەمی دوای كشانەوەی گەریلایە لە بواری كۆمەڵگەی مەدەنی و دیموكراتیدا، بۆیە بەواژۆكردنت ئەفسانەی جیاوازی سنورە دەستكردەكان كوردستان هەرەس پێدێنیت و بە ئومێدی ئازادی بۆ ئوج ئالان و شادبوونی كوردانی چوارپارچە لە ئامەدی قەڵای كوردان بە جەژنی ئازادی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست