قەناس بەدەستەكانى داعش و شەقازللەكەى كۆسڕەت ڕەسوڵ لە سەڵاح دیلمانى
Wednesday, 30/07/2014, 12:00
1645 بینراوە
وەڵامێك بۆ حوسێن مەنسوڕ و سەڵاح دیلمانى.
دەڵێن دوو هاورێ ناكۆكى دەكەوێتە نێوانیان و دەبێت بەشەڕیان هەردوولا ڕوو لەدادگا دەكەن دادوەر ڕوو لەیەكێكیان دەكات دەڵێ چیە كێشەت لەگەڵ ئەم هاوڕێیە ؟ لەوەڵامدا دەڵێ قوربان ئەوە نزیكى منەو دەمێكە دەیناسم قوڵبڕو ساختەچى و درۆزنى وەك خۆى نیە دزى لێ كردووم! دادوەر ڕوو لەئەویتر دەكات دەڵێ قسەى تۆ ؟ ئەمیش بەهەمان شێوە دەڵێ قوربان ئەوە هاوڕێیى منە دەمێكە بەیەكەوەین چاك شارەزاى بووم بەخوا فێڵبازو دزى وەك خۆى نیە ؟ جەنابى دادوەر دەڵێ پۆلیس وەرە بیانبە بۆ ژوورى زیندان ئەمانە هەردوولایان ڕاست دەكەن.
ڕۆژى پێنج شەمە بەروارى 24 / 7 / 2014 هەواڵى شكستى هێرشێكى هێزى پێشمەرگە بۆ سەر چەكدارانى داعش لەجەلەولا بڵاوبوویەوە كەبەهۆیەوە حەوت فەرماندەى پێشمەرگە كەپلەى سەربازى جیاجیان هەبوو شەهید بوون و ژمارەیەكیش برینداربوون ، دوایى ئەم شكستە دوو بەرپرسى باڵاى پێشمەرگەى یەكێتى بەپلەى لیوا بەناوەكانى لیوا حوسێن مەنسوور لەبەژداریكردنى لەبەرنامەى دیوى دووەمى هەواڵ لەكەناڵى ئێن ئاڕتى و لیوا سڵاح دیلمانى بەڕوونكردنەوەیەك لەسایتەكان یەكتریان بەڕاكردن لەهێرشەكان تۆمەتباركردو چەندین زانیارى و نهێنیان لەسەر یەكتر ئاشكرا كردو ڕووى ڕاستەقینەى خۆیان و یەكێتى و مەحمود سەنگاوى و بێ پیلانى هێزەكانیان و خراپى چەك و پێداویستیەكانیان بۆ هەموو لایەك ئاشكرا كرد، دەركەوت ئەم فەرماندانە تەنها بۆ عەرزى عەزەڵات و تاڵانى و دەسكەوت و بڵاوكردنەوەى وێنەكانیان لەفەیسبووك لەوێن، قەناس بەدەستەكانى داعیشیش بەپیلانى تۆكمەو باوەڕى تەواویان بۆ كوشتنى كوردو پێشمەرگە لەوێن، ئەوەى سەیربوو ڕونكردنەوەى فەرماندەى لیواى 118 ى باڵەك لیوا سەڵاح دیلمانى بوو كەهێندە ڕووقایمانە دەدوێ وەك ئەوەى لەسەر دەستى جەنابیان ماددەى 140 و دەوڵەتى كوردى نزیك بووبێتەوە ، بیرى چوو لە 31 ى ئاب لەسەر ڕاكردن كۆسرەت ڕەسوڵ بەشەقا زللەیەك و جەلال تاڵەبانى بەدوو گۆچان لەناوشانى داركاری و زیندانیان كرد، بیرى چوو لەشەڕى پەكەكە لەساڵى 2000 ڕایكردو سەدهەزار فیشەكى بەنوێژى نیوەڕۆ حەپەلووش كردو كۆمەڵێك پێشمەرگەى قارەمانیشى كردە قوربانى. لەهەمووشى سەیرتر جەنابیان دەڵێ ڕوولەدادگا دەكەم داواى یاسایى لەسەر لیوا مەنسوڕ تۆمار دەكەم ، دەپرسم لەجەنابیان ئەى كەسوكارى شەهیدان و قوربانیانى شەڕى ناوخۆى یەكێتى لەگەڵ بزوتنەوەى ئیسلامى و پارتى و پەكەكە داوا لەسەر كێ تۆمار بكەن و ڕوو لەكام دادگا بكەن؟
لەسنورى پشدەرو بیتوێن فەرماندەى لیواكانى یەكێتی لەنمونەى سەڵاح دیلمانى و زیادخۆرانى و عەوڵابۆر بوونەتە ناوى قێزەون و ناشیرین دڵنیام لەسنورەكانى تریش بەهەمان شێوەیە كاریان تەنها وەرگرتنى پارەو سەیارەو كڕینى ئەرزو خانوو باڵەخانەیە تەنها لەوەدا ئازان پێشمەرگەى دڵسۆزو بێ دەسەڵات بەناوى ئۆپۆزسیۆن بوون نەقڵ و نان بڕاو سسزا بدەن فێرنەبوون شەڕى قەناس بەدەستەكانى داعش بكەن ، ئێستا ئەم لیوا هەڵاتووە ترسنۆكانە بوون بەخاوەنى سەروەت و سامانى خەیاڵى هۆشیان تەنها لاى كۆشك و باغ و ڤێلاكانیانە ئامادە نین شەڕ بكەن و خۆیان بكەنە قوربانى ، بەردەوام لەهەلێك دەگەڕێن بۆ هەڵاتن لەشەڕ بۆیە دەبینین فەرماندەیەكى زل و زەبەلاحى لیوایەك بەبیانووى هێنانەوەى بریندارێك لەجەلەولا تا ڕانیە ناوەستێت و ڕادەكات ، لەولاشەوە ڕوونكردنەوەو لێدوانى جیاواز بڵاودەكاتەوە ڕاى گشتى و بنەماڵەى شەهیدو بریندارەكان فریودەدات و ڕاكردنەكەى دەشارێتەوە ، جەنابى شایەنى ئەوەیە لەگەڵ حوسێن مەنسورو فەرماندە كەمتەرخەمەكانى تر ببرێنە بەردەم دادگاى سەربازى و بخرێنە كونجى زیندان .
لێرەوە لەم سەكۆ ئازادو پیرۆزەى كوردستانپۆستەوە كەناوم ناوە پەرلەمانى ڕاستەقینەى میللەت داوادەكەم لەوجەنابى لیوا تۆزوبا نەخوێندەورانە ڕوونكردنەوە بدەن لەسەر كۆشك و ڕەتڵى سەیارەو خانوو باغ و ڤێلاكانیان ، ڕوونكردنەوە بدەن 31ى ئاب خاوەنى چى بوون و ئێستا چى؟ ژیانى شاهانەى خۆیانمان بۆبەروارد بكەن بەژیانى كولەمەرگى پێشمەرگە گیرفان بەتاڵەكانى فەوج و لیواكانیان ، باژمارەى بندیوارو نەسریەو موچەو وەرگرتنى بەخشیشە خەیاڵیەكانیان و دەرزەن دەمانچەو سەیارەكانیان لەكاتى هەڵمەتەكانى هەڵبژاردن بخەنە ڕوو بەرواردى بكەن بەژیانى پێشمەرگەو پاسەوانەكانى خۆیان، باجەنابى ئەوەمان بۆ بخاتەڕوو لەڕۆژى دەنگدانى تایبەتى هەڵبژاردنى 21 / 9 / 2013 پەرلەمانى كوردستان چۆن كەوتە گیانى كامێرەمان و پەیامنێرى كەناڵەكانى ئۆپۆزسیۆن لەقەڵادزێ ئەى لەجەلەولا چۆن كەوتۆتە گیانى داعش ؟ هەر خوا دەزانێت لەچەند شەڕو داستانى تر ئاوا دەیان پێشمەرگەى دڵسۆزو فەرماندەو قارەمانى تریان كردۆتە قوربانى بۆ مانەوەى پۆست و سەروەت و سامانى خۆیان .
بەلێدوانەكانیان لەدژى یەكتر سەلماندیان فەرماندەى هێزى نیزامى و یاسایى نین فەرماندەى هێزى میلیشایى شەخسى مەحمود سەنگاوى و حزبن ، ئێستا دەركەوتووە دەڵێن بەشێكى ناكۆكى نێوان ئەم لیوایانە پەیوەندى بەتەكەتولاتەكانى ناو یەكێتیەوە هەیە ، ئەگەر یاسا سەروەر بووایە ئەگەر خاوەنى پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆنێكى بەهێزى هاوشێوەى وەك كوردستانپۆست بووینایە دەبوو هەر لەوێ لەشوێنى ئەو حەوت فەرماندە شەهیدە ئەمانە دادگایى بكرانایەو لەسێدارە بدرانایە ، وەك چیڕۆكەكەى سەرەوە دەڵێم لێدوان و ڕوونكردنەوەى هەردوولاتان ڕاستە بەحەق شایەنى دوورخستنەوەو كونجى زیندانن .
_ بۆ مێژوو .. بۆ زانیارى خوێنەرانى ئەم نووسینە ..
* دوایى خیانەتى 31 / ئاب كە یەكێتى ڕایكرد بۆ سەر سنوور هێزێك بەفەرماندەى سڵاح دیلمانى لەبەرامبەر گوندى سونێ بەلاى سەرخان و ئالیەڕەش جێگیركرا ، تۆفیق كانى وەتمانى و بەشێك لەهێزەكەى كۆسرەت ڕەسوڵیش لەسونێ بوون دوایى ئەوەى چەك و نان و عیتاد بۆ هێزەكەى دیلمانى ڕاوانەكرا دوایى چەند سەعاتێك ڕایانكردو پارتى بەرقەڵشیوى گرت كەدەى ڕوانى بەسەر ئالیەڕەش هەواڵ درا بەكۆسرەت ڕەسوڵ كەلەگوندى شێنێ بوو گووتیان سڵاح دیلمانى ڕایكردووە پارتى لەپێشڕەویدایە بۆ سونێ ؟ كۆسرەت بەپەلە هاتە سونێ و گووتى بانگى بكەن ؟ سڵاح دیلمانى هاتوو كۆسرەت بەتوڕەیی پێیی گووت ئەوە بۆ شوێنى خۆت چۆڵكردووە هەى ..... ؟ گووتى ئەى جەنابت بۆ هەولێرت چۆڵكرد ؟ كۆسرەتیش یەك زللەى لێداو خستى بەئەرزا پاسەوانەكانیشى كەوتنە گیانى و بردیان بۆ زەڵێ لەوێش تاڵەبانى دوو گۆچانى كێشا بەپشتى و گووتى لەگەڵ پارتیەكان زیندانى بكەن ئەوكات زیندانى یەكێتى لەزەڵێ بوو هەموو ئەو پێشمەرگانەى پارتى كەبەدیل گیرابوون لەوێ بوون .
* لەشەڕى پەكەكەو یەكێتى لەساڵى 2000 دیسانەوە بەهەمان شێوە سەڵاح دیلمانى لێپسراوى میحوەرى ڕەزگەو مارەدوو بوو سەنگەرەكانى چۆڵكردو هەڵات بۆ سێوەیس دوایى چەند شەوێك لەوێش ڕایكرد بۆ سەنگەسەرو چەند پێشمەرگەیەك بوونە قوربانى لەناویاندا كوڕێكى سوورە هەبوو بەناوى ڕزگار كەخەڵكى قەڵادزێ بوو تەنها (6 دینار و نامەى كچێكى لەگیرفاندا بوو) بەشاهێدى هەموو ئەو پێشمەرگەو فەرماندانەى ئەوسا لەوێ بوون و دیمەنى تراژیدى ڕزگار تاساندنى هەر ئەوكات (ڕ . ئ) فەرماندەى سەربازى باڵاى یەكێتى لەناو كۆمیتەى سەنگەسەر گووتى ئێستا جەبار فەرمان بەقسەم بكات دەڵێم لەتۆڵەى ئەم شەهیدە سەڵاح ڕێوى ئیعدام بكە .
* خۆشبەختانە هەموو ئەوانەى ئاگادارى چیڕۆكى ڕاكردنەكانى ئەم پیاوەن ئێستا لەژیاندا ماون لەوانەیە زۆربەیان كاك مستەفا حەسەن گەورەش بیان ناسێت كەبۆ ڕاستى و دروستى دەتوانێ پرسیاریان لێ بكات .
* بۆ ئەوەى خوێنەرانى ئەم نووسینە بەهەڵە حاڵى نەبن ..
مەبەستم لەو ڕاكردنانەى سەڵاح دیلمانى لەشەڕى پارتى و شەڕى پەكەكە ئەوە نیە بڵێم كارى خراپى كردووە شەڕى كورد كوژى نەكردووە ، مەبەستم لەترسنۆكى ئەو پیاوەیە كەبۆتە هۆكارى بەكوشتدانى پێشمەرگەى فەقیرو كوڕى خەڵك ئەو دەكرا هەر نەچێت بڵێ ببورن من شەڕى ناوخۆ ناكەم ئەوكات سەرەوەرى مێژوویى گەورەى بۆ خۆى تۆمار دەكرد بەڵام سنگ دەرپەڕێنى و بەشانازیەوە بچیت دوایى لەولاوە بەنهێنى ڕابكەى و خەڵكى هەژارو داماویش بكەیتە قوربانى ئەمە چەندین جار ناپاكى و خیانەتە .
* لەم لینكەوە گوێ بگرن لە لیوا حوسێن مەنسور بزانن چى دەڵێ و كورد چ هێزێكى بەپیلان و تۆكمەى هەیە ؟ ئینجا گوێ لە جەنەراڵ ئارى هەرسین سەرۆكى لیژنەى پێشمەرگە لەپەرلەمان بگرن ، بۆت دەردەكەوێت بەقەولى پارتیەكان (سەرۆك بارزانى بۆ هێندە بەپەلەیە دەوڵەتى كوردى ڕابگەیەنێت) قارەمانەكانى وەك ئەو لیوا فەلانەو جەنەڕاڵەكانى وەك ئارى هەرسینى هەیە بۆیە هێندە بێ منەتە !
http://nrttv.com/barnamakan-details.aspx?jimare=3355