گەر دەسەڵاتێکی دەستوری هەبووایە تەرکی سەرۆک تەنها چاودێریکردنی یاساکان دەبوو نەک پێشێلکردنی
Sunday, 21/04/2013, 12:00
پارتی و هەموو پارت و ڕێکخراوەکان ئازادن کێ دەکەن بە سەرۆکیان و کاندیدی دەکەن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم....!؟
بەڵام ئازاد نین کە سەرۆکەکانی خۆیان لە خەڵکی کوردستان بکەن بە تاکە سەرۆک وفریادڕەس و بێ ڕکەبەر، هەروەها لە سەر و خەڵک و یاسا و دەستوورەوە دایان بنێن...!!
لە هەمان کاتدا لێکدانەوە بۆ یاساکان بەو شێوازە بکەن کە لە قازانجی سەرۆکەکانیاندایە...!؟
ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت بە ناوی هەرێمەوە وەک دەزانین لە ڕاستیدا خۆڵکردنە چاوی خەڵکە، لەبەر ئەوەی تا ئێستا ئەوبەشەی کوردستان نەکراوەتە هەرێمێک کە کاار بە یاسا و دەستورێکی شارستانی و مۆدێرن بکات دوور لە دەستتێوەردانی پارتەکان..!!
یەکێتی و پارتی ئەو هەرێمەیان کردووە بە دووپارچەوە و لە هەر پارچەیەکدا بە پێی میزاجی پارت و بنەماڵەی دەسەڵاتدار دەبریت بەڕێوە، نەک بە پێی ئەو یاسا و دەستوورە پڕ کەموکوڕیانەی کە خۆشیان دایان ناوە بۆ قازانجی خۆیان و کەمترین قازانجی گشتی و ستراتیجی خەڵکی کوردستان لە بەرچاوگیراوە...!!؟؟
ئەم سیاسەتی بە بنەماڵەییکردن و بە حیزبیکردنە دەمێکە بۆتە گرێکوێرەیەک لەبەردەم بە هەرێمبوون وبە شارستانیبوونی دەسەلاتەکەی...!!؟
وازهێنان یان دۆڕاندنی بارزانی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێمدا، بۆ ئەوان مانای سەرەتای لە دەستدانی دەسەڵاتی بنەماڵەییانە لە کوردستاندا ، بۆیە هەروا بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو پۆستە نابن، کە بۆتە تاکە زامنی مانەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەییان...!!
ڕێکەوتنی بەناو ستراتیجی نێوان بارزانی و تاڵەبانی لە پێناو مانەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەییاندا ئەنجامدرا. ماڵئاوایی تاڵەبانی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بارزانی و پارتی تووشی شۆکی سیاسی کردووە....! بۆ دەربازبوون لەم قۆناغە بێ ئەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەییان لەدەست بدەن پێویستی بە فێڵێکی سیاسی و یاسایی هەیە...!
هەربۆیە لە ملا و ئەولا لێپرساراوانی پارتی لێدوانی جۆربەجۆر دەدەن و لێکدانەوەی جیاواز بۆ یاسای هەڵبژارنی سەرۆکی هەرێم دەکەن....!؟
نەوشیروان مستەفا لە بەرزالبوونی بنەماڵەی تاڵەبانی لە یەکێتی جیابوویەوە و لیستی گۆڕانی دروستکرد. پاشان توانی خەڵکێکی زۆرلەدەوری بزووتنەوەکەی کۆبکاتەوە لەبەرئەوەی ناڕازییەکانی خەڵک لە دەسەڵاتی بنەماڵەیی و نەبوونی ئازادی و یەکسانی کۆمەڵایەتی گەیشتبووە ئاستی تەقینەوە و ڕاپەڕینی جەماوەری بە ڕووی دەسەڵاتی بنەماڵەییدا..!!؟؟
لیستی گۆڕان توانی ئەو ناڕەزایەتیانە بە قازانجی خۆیی و بزووتنەوەکەی ئاڕاستە بکات و بەکاریبهێنێت، بۆیە لە هەڵبژاردنە پڕلە ساختەکارییەکاندا توانی دەنگێکی زۆربەدەستبهێنێت .!؟
گەر هەمووان ڕاست دەکەین و خوازیاری نەمانی گەندەڵی و گۆڕینی دەسەڵاتی بنەماڵەیین با واز لە پەرستنی کەسایەتیەکان بهێنین و هەوڵ و تواناکانمان لە پێناو دروستکردنی سیستمێکی شارستانی و مۆدێرندا بخەینە گەڕ کە تیایدا هەموومان ئەرک و مافەکانمان لە دەستوری هەمیشەییدا دیاریکرابیت و کەس لە سەر و یاساوە نەبێت بە سەرۆکەکانیشەوە...!؟
ئەوکاتە هەرکەس دەخوازێت ببێتە سەرۆک با بێتە مەیدان و ئەسپی خۆی لەو مەیدانەدا تاوبدات بەڵام لە چوارچێوەی یاسا و دەستوردا، نەک بە میزاجی خۆیی و یاسای بنەماڵەیی...!؟
مەسعود بارزانی نزیکی ٨ ساڵ شانسێکی گەورەی لە کیس خۆیدا و ئێستاش خوازیاری ئەوەیە کە خولێکی تر لەسەر هەمان سیاسەت و گەندەڵی بەردەوام بێت...!؟
ئەو نەک هەوڵینەدا بۆ دروستکردنی سیستمێکی شارستانی و مۆدێرن و دیموکراتی، بەڵکو لە ژێر سایەی سەرۆکایەتی ئەودا ئازادیەکان بەرتەسک کرانەوە و خۆپێشاندان و خۆپیشاندەران بە خوێناویترین شێواز سەرکوت کران....! وەک لە ١٧ی شوبات و ڕۆژانی دواتردا بینیمان چۆن منداڵان و گەنجانیان تیرۆرکرد. بەڵام تاوانبارانیان داڵدەدا و خۆشیان نەکردە لێپرسراو بەرامبەر بەو بارودۆخەی کە خۆیان بوونە هۆکاری ئەنجامدانی ئەو تاوانانە، لەبەرئەوەی هەرچ بڕیارێک دەربچێت لە سەرۆکەکانیانەوە دەردەچێت نەک لە لێپرسراوی لق و مەڵبەندەکانیانەوە....!!؟؟
هەتا ئێستاش چەندەها ڕۆژنامەنووس و کەسانی ئازادیخوازی وەک کارزان کەریم لە سەر دەربڕینی بیروڕاکانیان و ئاشکراکردنی گەندەڵیەکانی ئەوان لە زیندانیشدا ژیانیان لە مەترسیدایە..!!؟؟
سەرانی یەکێتی بۆ دەرچوون لە قەیرانی ماڵئاوایی تاڵەبانیدا، بارزانی وەک فریاد رەسێک دەبینن، بەڵام ئەم هەنگاوەیان سەرەتای کۆتایی یەکێتی دەبێت وەک پارتێکی سەربەخۆ...!؟
هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی کە خۆیان ناوناوە ئۆپۆزسیۆن دەەتوانن بە فشاری شەقام و یاسایی گۆڕڕانکاری بکەن لە سیستمی نەخۆش و گەندڵی ئەوبەشەی کوردستان کە ناویان ناوە هەرێم، بەڵام هیج سیفاتێکی هەرێمیان تیا نەهێشتۆتەوە یەکێتی و پارتی، لەبەرئەوەی ئەوبەشەی کوردستانیان دابەش کردووە بە سەر خۆیاندا...!!؟؟
تەنها لە چوارچێوەی سیستمێکی شارستانی و مۆدێرندا، دەتوانرێت هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێ ساختەکاری ئەنجام بدرێت و پاشان دەسەڵاتێکی هەڵبژێردراو لە لایەن خەڵكەوە بێتە ئاراوە و هەوڵی دروستکردنی هەرێمێک بەکردار بدات لەو بەشەی کوردستاندا...! ئەو ئامانجەش کاتێک دێتە دی کە هەموو لایەنەکان بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندی خۆیان...!؟
بەرگریکردن لە ئازادی و یەکسانی مرۆڤی کورد ئەرکی سەرەکی ئەو هێزانەیە کە خۆیان ناوناوە ئۆپۆزسیۆن و خوازیاری دروستکردنی دەسەڵاتێکی شارستانی و مۆدێرن لە هەرێمدا..!؟
کردارەکانیان مەرجی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن بوونە نەک درۆشمەکانیان، لەبەرئەوەی گەر بە دروشم بێت هیچ لایەکیان بە ئەندازەی پارتی و یەکێتی دروشم و قسەی زلیان نەکردووە و نایکەن..!!؟؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست