کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خوانه‌كه‌ی بارزانی و ناشیرینكردنی ئۆپۆزسیۆن

Sunday, 14/08/2011, 12:00







له‌ دوای ڕوداوه‌كانی 17ی شوبات و پشێوی باری ئه‌منی كوردستان و كۆبوونه‌وه‌ی پێنج قۆڵی و هه‌ڵپه‌ساردنی كۆبوونه‌وه‌كان له‌لایه‌ن به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌، له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوبۆته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ نیازه‌ له‌دوای 15ی مانگی ڕه‌مه‌زانه‌وه‌ ئێواره‌خوانێك (ئیفتار) بۆ سه‌ركرده‌كانی ئۆپۆزسیۆن (كاك نه‌وشیروان، م. ێلاحه‌دین، م. علی باپیر) سازبكات، ئه‌م ئێواره‌خوانه‌ به‌ حساب سه‌ره‌تایه‌ك ده‌بێت بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ و زه‌مینه‌سازی كۆبوونه‌وه‌ی پێنج قۆڵییه‌ و ڕه‌واندنه‌وه‌ی گرژی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه‌.
پێموانییه‌ كه‌س ڕه‌خنه‌ له‌و كه‌سانه‌ بگرێت كه‌ ده‌ست درێژ ده‌كه‌ن بۆ ئاشتی و هه‌نگاوه‌كانی دروستبوونی ئاشتی و ته‌بایی ده‌گرنه‌ به‌ر، به‌ڵام ئایا به‌ ده‌عوه‌ت و ده‌عوه‌تكاری كێشه‌كانی كوردستان و داواكارییه‌كانی شه‌قام و خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێده‌كه‌ن؟ ئه‌م شێوازه‌ خێڵه‌كی و عه‌شایه‌رییه‌ چ مه‌به‌ستێكی له‌پشته‌وه‌یه‌، بۆ هه‌ر ده‌بێت سه‌ركرده‌كانی ئۆپۆزسیۆن بچن بۆلای سه‌رۆك؟ ئه‌مه‌ خوان و ئیفتار و ده‌عوه‌تكاری پێناڵێن، ئه‌مه‌ ئه‌و ئامانجه‌ گه‌وره‌یه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ ده‌بێت ئۆپۆزسیۆن ته‌نها به‌ ڕازاندنه‌وه‌ی سفره‌یه‌ك بچنه‌ به‌رده‌م سه‌رۆك و ده‌ستبكه‌نه‌ ملی، ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین ئامانجی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و دوو پارته‌ی پێ دێته‌دی كه‌ ئه‌ویش خۆی له‌ ناشیرینكردنی هه‌ر سێ لایه‌نی ئۆپۆزسیۆنی ده‌بینێته‌وه‌، ناشیرینكردنی سه‌ركرده‌كانی ئۆپۆزسیۆن لای لایه‌نگران و جه‌ماوه‌ر و ته‌نانه‌ت ئه‌ندامه‌ حیزبییه‌كانی ئه‌و پارتانه‌، چونكه‌ ده‌سه‌ڵات باش ده‌زانێت كه‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی پارته‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌ ده‌سه‌ڵات بێزارن، به‌ڵام ئه‌م دێت ته‌نها به‌ ڕازاندنه‌وه‌ی یه‌ك سفره‌ ڕق و قینه‌ی لایه‌نگرانی ئه‌و پارتانه‌ ئه‌ستورتر ده‌كات و لێیان به‌دوور ده‌خاته‌وه‌.
به‌ڵێ له‌ نه‌ریتی ڕه‌سه‌نی كورده‌واریدا هه‌ركه‌سێك بانگهێشتی كردیت پێویسته‌ بچین به‌ده‌م ئه‌و بانگهێشته‌وه‌، به‌ڵام بۆ ده‌بێت له‌سه‌ر حسابی داواكارییه‌كانی شه‌قام و خۆپیشانده‌ران سه‌ركرده‌كانی ئۆپۆزسیۆن بانگهێشت بكرێن؟ ئایا هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار به‌ نیازه‌ كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و ناعه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌نده‌ڵی و پیاوكوژه‌كان و بیكه‌یسی به‌ده‌سته‌كان و مه‌سئوله‌ نابه‌رپرسه‌كان و چاكسازی له‌حكومه‌ت و باری تێكدراوی كوردستان و نه‌وت خۆره‌كان و چه‌ندین كێشه‌ی تر به‌ خوان و ڕازاندنه‌وه‌ی سفره‌ چاره‌سه‌ر بكات؟
باشه‌ كاتێك سه‌ركرده‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆده‌بنه‌وه‌ و خه‌ریكی نان خواردنن و له‌ میدیاكانه‌وه‌ په‌خش ده‌كرێت و له‌و كاته‌دا چی ده‌ڵێن به‌ كه‌س و كار و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی 17ی شوبات و خۆپیشاندانه‌كانی كوردستان؟ ده‌بێت جه‌ماوه‌ری توڕه‌ی كوردستان چی بڵێن !! ده‌م چه‌وركردن یان ... ؟ به‌دڵنیاییه‌وه‌ چۆن لایه‌نگران و خه‌ڵكی كوردستان قسه‌ و ڕه‌خنه‌ی زۆریان ئاراسته‌ی سه‌ركرده‌كانی ئۆپۆزسیۆنیان كرد له‌كاتی چوون و به‌شداری كردن له‌ پرسه‌ی (حه‌مایل خانی) دایكی مسعود بارزانیدا، له‌وه‌ زیاتر و باشتر ئاراسته‌ی ئۆپۆزسیۆن ده‌كرێت گه‌ر بێت و له‌سه‌ر سفره‌كه‌ی بارزانی كۆببنه‌وه‌ یان ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كان له‌ سفره‌كه‌وه‌ بێت، ڕوون و ئاشكرایه‌ كه‌ زۆر گران له‌سه‌ر به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن ده‌كه‌وێت، خۆئه‌گه‌ر بچن و دڵی سه‌رۆك ڕازی بكه‌ن ئه‌وا زۆر به‌دڵنیاییه‌وه‌ متمانه‌یان لای جه‌ماوه‌ر و خۆپیشانده‌رانی كوردستان كه‌متر ده‌بێته‌وه‌ و له‌پاڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا خه‌ونی ده‌سه‌ڵات به‌دی دێت.
خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵات مه‌به‌ستیان له‌ چاكسازییه‌كان بێت و له‌خه‌می چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كوردستان بن ئه‌وا له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات ویستی چاكسازییه‌، چ پێویست به‌ خوان و ئیفتار ده‌كات، با سه‌رۆكی هه‌رێم خۆی ده‌ستپێشخه‌ری بكات و خودی خۆی سه‌ردانی هه‌ریه‌كه‌ له‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ گرده‌كه‌ و م. ێلاحه‌دین و م. علی باپیر له‌ باره‌گاكانی مه‌كته‌بی سیاسی بكات و باشتر و جوانتر و گه‌وره‌ییه‌ بۆ سه‌رۆك ئه‌گه‌ر كاری وا بكات.
له‌كۆتایدا من زۆرم پێباشه‌ كه‌ سه‌ركرده‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌ ئێستاوه‌ بڕیاری به‌شداری نه‌كردن له‌ خوانه‌كه‌ی بارزانیدا بكه‌ن و ڕێز و قورسایی خۆیان بپارێزن و دڵی لایه‌نگران و ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌ری كوردستان و خۆپیشانده‌ران و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی 17ی شوبات و شه‌هیدانی خۆپیشاندانه‌كانی كوردستان له‌خۆیان زویر نه‌كه‌ن و ڕق و قینه‌یان ئه‌ستور تر نه‌كه‌ن.
ئالان سدیق
* به‌ڕێوه‌به‌ری نوسین له‌ پێگه‌ی ستانده‌ر
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە