کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


"خۆی كردووه‌ به‌ته‌ره‌ف"فایه‌ق گوڵپی: فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری ده‌وری داواكاری گشتی توركیا ده‌بینێت

Tuesday, 09/06/2009, 12:00


شۆڕش خالید
پارتی چاره‌سه‌ر، ره‌خنه‌ له‌سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌گرێت، به‌وه‌ی‌ نه‌یتوانیوه‌ "بێلایه‌نی خۆی" بپارێزێت و وتی‌"ئه‌گه‌ر قبوڵنه‌كردنی لیسته‌كه‌مان به‌هۆی داوای توركیاوه‌بێت، ئه‌وا فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری ده‌وری داواكاری گشتی توركیا ده‌بینێت".

دكتۆر فایه‌ق گوڵپی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی چاره‌سه‌ری دیموكراتی كوردستان، له‌لێدوانێكیدا بۆ سایتی‌ هاوڵاتی وتی‌"ئێمه‌ هه‌وڵی زۆرمانداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كۆمیسیۆن ئه‌و بڕیاره‌ ره‌تبكاته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌قبوڵنه‌كردنی لیستی هیوا بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌وانه‌ له‌دادگای ته‌میز له‌هه‌ولێر شكاتمان كردووه‌‌و بڕیاره‌ له‌یه‌ك دوو رۆژی داهاتوودا وه‌ڵام بدرێینه‌وه‌، هه‌روه‌ها دوێنێ چووینه‌ به‌رده‌م كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌سته‌ی‌ هه‌رێمی كوردستان‌و یاداشتێكمان خوێنده‌وه‌‌و دواتر له‌گه‌ڵ فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری كۆبووینه‌وه‌‌و یاداشته‌كه‌مان پێدان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ پێشئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ كۆببێته‌وه‌، لێدوانی بۆ رادیۆی نه‌وا دابوو، به‌وه‌ی‌ لیستی هیوا سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌یه‌".

هه‌روه‌ها وتی‌"ئه‌و كێشه‌یه‌ی‌ ئێستا رووبه‌ڕوومان بووه‌ته‌وه‌ له‌ساڵی 2005یش به‌هه‌مان شێوه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نه‌وه‌ هاته‌ رێمان، به‌ڵام سه‌رۆكی ئه‌وكاتی كۆمیسیۆن بێلایه‌نانه‌ بڕیاریداو گوێ به‌قسه‌ی‌ ئه‌وان نه‌دا، به‌ڵام ئێستا فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری بێلایه‌نی خۆی له‌ده‌ستداوه‌‌و بووه‌ به‌ته‌ره‌ف، چونكه‌ به‌قسه‌ی‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌كات".

گوڵپی زیاتر قسه‌ی‌ كردو وتی‌"ئه‌گه‌ر قبوڵنه‌كردنی لیستی هیوا له‌ژێر فشار‌و قسه‌ی‌ توركیادابێت، ئه‌وه‌ فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری بووه‌ به‌داواكاری گشتی توركیا، ئه‌وه‌ش ناكرێت چونكه‌ كۆمیسیۆن ده‌بێت سه‌ربه‌خۆبێت‌و به‌سه‌ربه‌خۆیی بمێنێته‌وه‌".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە