کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


نابێ ڕێگا بدرێ ئیسلامیەکان قوتابخانەکان بکەن بە مەیدانى ترس و تۆقاندن !!

Saturday, 22/12/2012, 12:00




لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا لە هەندێ لە قوتابخانەکانى شارى سلێمانى لەلایەن گروپێکی سەربە ئیسلامیە سەلەفیەکان دەستیانکردووە بە بڵاوکردنەوەى نامیلکەى توندوتیژى دژى مێینە کە باس لە حەرامکردنى پەیوەندى نێوان کوڕان و کچان دەکات وە هانى خوێندکاران دەدات کە بە هەمووشێوەیەک دژى هەرجۆرە خۆشەویستیەکى نێوان کوڕان و کچان ببنەوە، لەو نامیلکەیەدا چەندین ناونیشانى سایتى بەهەشتى تێدایە کەلەلایەن گروپە سەلەفیەکانەوە پشتگیرى دەکرێت و بڵاودەکرێتەوە یەکێک لەو بڵاوکراوانە کە ناونیشانى (10) کۆمەڵ لەئافرەتان کە نەفرەتیان لێکراوە تێدا (لەعنەت)لەچەندین کارى ئافرەت کراوە بە(زۆرترین خەڵکى ناو دۆزەخ) ناوى بردوون هەروەها (دەنگى مۆسیقاو دەنگى بەرزى ئافرەت (لەعنەت) لێ کراوە .

ئەمانە هەمووى وەک خەسڵەتێکى هەمیشەیى ئیسلامیەکانە کە لەسەربنەماى ترس و تۆقاندن دروستبوون. توندوتیژى بەشێکى دانەبڕاوى ئیسلامى سیاسیە، واتە ناکرێت باس لە ئیسلامى سیاسى بکەیت و توندوتیژى تێدا نەبیت و بەدرێژاى مێژوو ئەم ڕاستیە سەلمێنراوە، هەتا ئەو جێگایەى کەئیسلامیەکان لە دەسەڵاتدا نەبن بەو شێوەیەى کە بۆیان بکرێت توندوتیژى بڵاودەکەنەوە لە ڕێگەى نووسراو نامیلکەو سى دى و وتارى جۆراوجۆرەوە ، بە پارەو پوولى دەوڵەتانى دراوسێ، هەرکاتێکیش دەسەڵاتیان هەبوو نموونەى وەک ئێران و ئەفغانستان وسعودیە بەرجەستە دەکەن کە ڕۆژانە خەڵک لە سێدارە دەدرێت و فەلاقەکارى دەکرێت و دەستى دەبڕدێت یاساى شەریعەتى ئیسلام جێ بەجێ دەکرێت. لەکوردستاندا لە بیست ساڵى راِبردوودا هەمیشە ئەحزابى ئیسلامى یەکێک لە کارە سەرەکیەکانى ئەوەبووە کە کار لەسەرمناڵان بکات و بە ناوى هەتیوانەو کارى بەناو خێرخوازى ...هەتادواى مناڵان بە ئیسلامى بکات و بۆئەمەش قوتابخانەکان، مزگەوتەکان ، تەنانەت ماڵەکانى خۆشیان بەکارهێناوە بۆ ئیستغلال کردنى مناڵان و دژى هەر پَشکەوتنێک وەستاون کە لە کۆمەڵگا ڕوودەدات. ئەم کارەی کە لە قوتابخانەکاندا کردوویانە دژی ماف و ئەندێشەی مناڵانە و نابێ ڕێگایان پێ بدرێ. هیچ گروپ و لایەنێکی ئیسلامی و هیچ ئایدۆلۆژیایەک بۆی نییە مێشکی مناڵان بشواتەوە و بە زۆر بیروڕای خۆیان بکەن بە مێشکی مناڵاندا. مناڵان ئەبێ لە دنیای خۆیاندا فێری یاری و هونەر و تێکەڵ بوون لەگەڵ یەکتر بکرێن نەک بە ترس و تۆقاندن ڕاپێچ و ناچار بە قبوڵکردنی بیروڕایەک بکرێن. ئەم کارە ڕاستەوخۆ ئەچێتە خانەی دژایەتی کردنی مناڵان و مافەکانیانەوە، هەر بۆیە ئەرکی کۆمەڵگایە کە بۆ بەرگری لە مناڵان بەرامبەر ئەو گروپانە بوەستێتەوە.

ئێمە لە سەنتەری مناڵان وێڕای ئەوەی کە ئەو کارەی ئەو گروپانە ڕەت دەکەینەوە و بە پێچەوانەوە لەگەڵ دنیای مناڵان دەیبینینەوە، بە ئەرکی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی دەزانین کە پێش لەوجۆرە کارە مەترسیدارە بگرن و ڕێوشوێنی یاسایی توند لەبەرامبەریدا بگرن. سزای هەر کەس و گروپێک بدەن کە بەمجۆرە بیروڕای خورافی و دواکەوتوانە لە ناو مناڵاندا بڵاو دەکەنەوە. لای خۆشمانەوە ئامادەی هەموو هاوکاریەکی پەروەردە و خوێندنگاکان و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانین بۆ پێشگرتن بە کاری ئەم گروپانە.

پێویستە ئەم کارە هەروا ئاسان تێنەپەڕێ و لیژنەی تایبەتی پێک بهێنرێ بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی کاری ئەو گروپانە و بە سزانی یاسایی توند بگەیەنرێن.





سەنتەرى بەرگرى لە مافەکانى مناڵانى کوردستان

21/12/2012






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە