یەکیتی کار بۆ دوورخستنەوە و لەناوبردنی مەحمود سەنگاوی دەکات
Monday, 23/12/2013, 12:00
1975 بینراوە
راپۆرتە هەواڵ:
تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی لەلایەن ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، شکستییەکی گەورەی ئەو حیزبەیە پاش دوورکەوتنەوە و تالەبانی لە گۆڕەپانی سیاسیی یەکێتیی، کە بەم تیرۆرکردنە، مێژووی ئەو حیزبەی خستیە سەر خەرمانەی شکستییەکانی تری، هەرچەندە دەبوو پاش نەمان و دوورکەوتنەوەی جەلال تالەبانیی سەرکردایەتی ئەو حیزبە وشیارانە مامەلەیان لەگەڵ رووداوەکان و هەڵسوکەوتی خۆیاندا بکردایە، بیانزانیایە دەستبردن بۆ کەسە پاک و جوانەکانی ئەو میللەتە زۆرتر لەسەریان دەکەوێت وەک لە هەڵەیەکی ستراتیژی سیاسیی، کە رۆژانە دەیکەن. حیزبێک دوژمنە رکابەرەکانی بەرەو رووی دەبنەوە، هێندە کاریگەریی نییە وەک لەوەی گەلەکەی خۆی پشتی تێبکات، تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی پشتی یەکێتیی شکاند، رەنگە ئەمەش لە دەبەنگی سەرکردەکانێوە بێت، کە هێشتا لە ئەلف بای سیاسەت نازانن، هەست بەو تێکشکاندنە نەکەن، هەڵبەتە هۆکاری دیکە زۆرە کە لە رابردووشدا هەمان تاوانیان ئەنجام داوە، جەماوەر و خەڵکی کوردستانیان لە دەست خۆیان داوە. یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، کە وا چاوەڕوان دەکرێت، ئیتر ببێتە بچوکترین حیزب، ئەویش ئەگەر بمێنێ، لێ ئەو کاریگەرییەی نامێنێت، کە لە رابردوودا هەیبووە، جگە لە هۆکاری دیکە، کە هەموو سەرانی ئەو حیزبە بوونەتە مافیایەکی بازرگان و وازیان لە سیاسەت و بەڕێوەبردن هێناوە، هەر کەسە خەریکی بەڕیوەبردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیەتیی، ئەمەش وای کردووە، تەکەتول و گروپ لەناویاندا دروست ببێت و لە ئیستاوە چارەنووسی خۆیان بە دەستی خۆیان نووسیوەتەوە ، کە بەرەوە نەمان و فەوتاندن دەچێت. لەگەڵ ئەمانەیشدا بنەماڵەی برایم ئەحمەد و تالەبانی دەیانەوێت رەوتی چارەنووسی حیزبەکەیان لە تێداچوون رزگار بکەن، ئەویش بە هێنانەوەی قوبادی کوڕی جەلال تالەبانی، بۆ ئەمەش گومان زۆرە لەسەرکەوتنی ئەم کارەیان، چونکە قوباد تالەبانی، کەسێکی نامۆیە بە کۆمەڵگای کوردیی و لە کوردبوونی خۆیەوە دوورە، ئەوەی هەیە کوڕی تاڵەبانییە، توانای سیاسەتکردن و بەڕیوەبردنی نییە. لە تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانییدا قوباد تالەبانی ویستی لەم رێگایەوە خۆی بناسێنێت و بڵێت منیش هەم و یەکێتی وەجاخی کوێر نییە، باوکم کە نەماوە وا من جێگای دەگرمەوە، بۆ خۆدەرخستن لە کارەکتەرە سیاسییەکاندا توانای خۆی وا دەرخست، کە هێندە دەستڕۆیشتووە دەتوانیت لە سەرو یاساسەوە کار بکات، وتی قۆڵی ئەوە دەبڕمەوە کە تاوانەکەی کردووە، ئەم هەڕەسەیە لەسەرو یاساوە کردی و خۆی لەسەرو یاساوە بینییەوە،هەروەها چەند قسەیەکی فڕێدا، هەڵبەت بۆ لەمەودواش قوباد تالەبانی هەر هەمان رۆڵ دەبینێتەوە.
ئەمانەی سەرەوە کە باسمان کرد هەموو دەچنە نێو کەیس و فایلی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانییەوە، کە تا ئیستا نەیانتوانیوە چارەسەرێک بۆ ئەو رووداوە بدۆزنەوە، تەنها بەوە نەبێت، کە دەزگای دژە تیرۆر و دەزگای زانیاریی، بیر لەوە دەکەنەوە، لە بری چارەسەری یاسایی و سیاسیی بۆ رزگاربوونی یەکێتی لەو قەیرانە، ئەوان دەیانەوێت کۆتایی بە داخستنی ئەو کەیسە بهێنن.
تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی نارەزایی و توورەبوونی زۆری لێکەوتۆتەوە، یەکێتییەکان نازانن چی بکەن، لە رابردوودا یەکێتیی وەرەقەی لاوازی پارتییان لەسەر کەیسی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان و سۆران مامە حەمە لەبەر دەستدا بوو، ئەمڕۆ خۆشیان کەسێکی وایان تیرۆرکردەوە، کە چیدی ناتوانن بەرەو رووی پارتیی ببنەوە ئەوە بدەنەوە بە چاوی پارتیی و بنەماڵەی بارزانییدا، ئەمەی کاوە زۆر لەوەی سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە گەورەتر و سەختترە، چونکە کاوە گەرمیانی و خیزانەکەی لە نەوەی خیزانێکی ئەنفالن، هەژار، بێدەرامەت و لەناو قوڕگی کۆمەڵێک چەتەی نگەرمیاندا بە تەنها شەڕی کردووە و بەرەنگار بۆتەو، وەک سەردەشت عوسمان لەسەر چەند نووسینێک تیرۆر نەکراوە، تیرۆرکردنەکەی زۆر تراژیدیانە بووە، بینینی شێوازی کوشتن و ژیانی تایبەتیی ئەو شەهیدە هێندەی تر کەیسەکەی گەورەتر کردووە، خۆشەویستیی و هەست و خۆسەویستی بەرامبەر بەو بنەماڵەیە دروست کردووە، لە بەرامبەرەوە هێندەش رقی خەڵکی دژ بە بکوژەکانی زیاد کردووە. کوردستانپۆست بە بەڵگەوە توانی دەست بۆ تاوانبار و بکوژەکان دریژ بکات، بۆیە ئەوەی کوردستانپۆست دەستی بۆ برد، ئاشکراکردنی ناوی بکوژەکان بوو، ئەمرۆ هەموو راگەیاندنەکان بە ئاشکرا دەست بۆ مەحمود سەنگاوی رادەکێشن کە ئەو لە پشت ئەم کارەوە بووە. دادگای کەلار فەرمانی گرتن بۆ سەنگاوی دەردەکات، ئەو تا ئیستا خۆی بەدەستەوە نەداوە، وەک هەموو دەسەلاتدارێک خۆی لە سەرو یاساوە دەبینێتەوە، فەرمانی دادگا دەخاتە بن پێلاوەکانی، لەبەر ئەوەی دەسەڵات و پیاوی هەیە و لە دەوری گرد بوونەتەوە پۆلیسیش ناتوانیت فەرمانی دادگا جێبەجێ بکات، بە واتایەکی تر ئەمە بۆتە ئەرکی حیزبەکەی کە تا چەند دەتوانیت مەحمود سەنگاوی بە دەستەوە بدات، یەکێتیی ئەمڕۆ ئەوەی بە دەستێوەیەتی دەزگای دژە تیرۆر، زانیاریی، ئاسایشە، تەنها ئەوان دەتوانن بەم کارە هەڵسن، ئەمەش کۆمەڵیک کێشە بۆ یەکێتیەکان دروست دەکات، چونکە فایلی تاوان و پیاوکوشتنی هەر یەکە لە بەرپرسەکان لەوەی مەحمود سەنگاوی ئەگەر زیاتر نەبێت کەمتر نییە، هەموو لەوە دەترسن بەدوای گرتنی مەحمود سەنگاوی، تۆڵەیان لێبکرێتەوە و خۆشیان گڵۆلەیان بکەوێتە لێژیی و نهێنییەکانی خۆشیان ئاشکرا بکرێت، بە واتایەکی تر هەموو تاوانبارن، چارەنووسیان بە یەکترەوە بەستراوە، گرتنی هەر یەکە وەک هەڵوەشاندنەوەی دەنکە تەسبیحە.
تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی هەڵەیەکی گەورە بوو، کە مەحمود سەنگاوی وای دەزانی وەکو کوشتن و تاوانەکانی دیکە کە لە گەرمیان کردوویەتی ئاوا بە هاسانی بۆی دەچێتە سەر، لەمەیاندا تێکەوت، پیسیش تێکەوت.
سەرچاوەیەک لە نیو دەزگای زانیاریی بە کوردستانپۆستی راگەیاند، کە ئیستا لە ناو ئەو دەزگایەدا مشتومڕی ئەوە هەیە بە شیوەیەک رێگاچارەیەک بدۆزنەوە بۆ لەناوبردنی مەحمود سەنگاوی، ئەم پلانە زۆر شاراوەیە، هەموو دەزگاکە لێی ئاگادار نیین، گروپێکی بچووک لێی ئاگادارکراوەتەوە، چونکە ترسی ئەوە هەیە کەسێک لە ناویاندا ئەو نهێنییە و کاتی جێبەجێکردنەکە بباتە دەرێ، وەک سەرچاوەکە دەڵێت رەنگە دەزگای دژە تیرۆر (x) ئەم ئەرکەی بە دەزگای زانیاریی سپاردبێت، خۆی لەوە بەدوور خستۆتەوە; ، چونکە ئەمانیش هەندێک لە پیاوکوژەکانیان جێگای گومانن و متمانەیان پێیان نییە، لە رابردوودا پیاوی مەحمود سەنگاویی بوون، سەرچاوەکە وتی: حاڵی یەکێتی زۆر خراپە تەنها رێگایەک بۆ رزگاربوون لەو قەیرانە دوورخستنەوە و لەناوبردنی مەحمود سەنگاوییە، ئەگەر ئەمە سەر نەگرێت بەڵام هەر دەبێت نەیهێڵن، بەتایبەتی مەحمود سەنگاوی لە باڵی د. بەرهەم ساڵحیشە، ئەمە هۆکارێکی دیکەشە بۆ دوورخستەوەی ئەو کەسە، ئیستا ئەو کارە سپێردراوە بە چەند کەسێکی ناو دەزگای زانیاریی تا لە کاتژمیری سفردا جێبەجێی بکەن.
سەرچاوەکە وتی مەحمود سەنگاوی رابردوویەکی پیس و خراپی لە ناو یەکیتیدا هەیە، لە ساڵی ٢٠٠٤دا دەستدرێژی کردە سەر چەند کچێکی ١٥ ساڵە لە قوتابخانەی شەهید جەمال تاهیر، لە رۆژنامەی هەواڵدا مانگی سێی ساڵی ٢٠٠٤ وەک هەواڵێک بلاوکرایەوە، کاتێک هەوالەکە بە جەلال تالەبانی گەیەندرا، زۆر تووڕە بوو وتی ئەگەر خولە ئەم کارەی کردبێت بە شەرەفم سمێلی دەتاشم، کاتێک مەحمود سەنگاوی وەڵامی دایەوە وتی خۆ بە خۆرایی لەگەڵیاندا ئەمەم نەکردووە پارەم پێداون، کەچی جەلال تالەبانی فەرمانەکەی بەجێ نەهینا و سمێڵی نەتاشی، ئەگەر ئەوەی بکردایە ئەوا کاکە مەحمود وەک ئەم وێنەیەی خوارەوەی لێدەردەچوو.