کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەسەڵاتی سیاسی (میتۆدەكانی گەیشتن بەدەسەلات، لەدەست نەدان وشەرعیەتدان بەدەسەلات)

Friday, 28/01/2011, 12:00


دەسەلات لەقۆناغەكانی مێژودا
هەر قۆناغێكی مێژویی شێوەیەكی دیاری هەبوە لەدەسەلات ومرۆڤایەتیش بەچەندین قۆناغی مێژویی جۆراوجۆردا گوزەری كردوە. گرنگیی دەسەلاتیش لەشارستانیەتەكانی مرۆڤایەتیدا بەدەردەكەوێت. دەسەلات فەرمانرەوایی كۆمەل دەكات ئیتر باش یان خراپ، بەلام قۆناغ و رەوتی مێژویی وكۆمەلایەتی و ئابوری جۆراوجۆر شێوازی دەسەلات دیاری دەكات. دەسەلات لەقۆناغەكانی مێژوودا لە شێوازێكی سادەوە گەشەی كردوە بۆ شێوازێكی دامودەزگایی.

دەسەلات فەرمانرەواییە
فریدریك نیتچە دەنوسێت: "لەهەر جێگایەك زیندەگیم بەرچاو كەوتبێ خواستم بۆ دەسەلات تێدا بینیوە". دەسەلات بریتیە لەپیادەكردنی هێز لەفۆرمێكی شەرعیدا، بەلام زۆربەی جار ئەو گرفتانەی ڕوبەڕوی فەرمانڕەوایان و دەسەلاتداران دەبنەوە بریتیە لەچۆنیەتی هەڵگێڕانەوەی هێز بۆ دەسەلات. ئەو دەسەلاتانەی لەبواری پراكتیكدا پیادەكردنی هێز لەشەرعیەتەوە وەرناگرن ڕوبەڕوی گرفت و پشێوی سیاسی جۆراوجۆر دەبنەوە. دەسەلات فەرمانرەوایی كۆمەل دەكات. دەسەلات هەمیشە زەمینە بۆ دەسەلاتدار دروست دەكات بۆ گوێرایەل كردنی بەرامبەرەكەی وسەپاندنی فەرمان و ویستی خۆی بەسەریدا دژ بەهەولی راپەرینیشی. هەروەها دەسەلات ئەو ئیمكانیەتە دروست دەكات كە دژەكان ناچاری هەنگاوی گونجاو بكات، بەلام گونجاو لەبەرژەوەندی وخواستی (دەسەلات- داردا). روو ئەدات بە زەبروزەنگ ناچاری بكات، ئیتر شێوازی ئەو زەبروزەنگە چیەو چۆنە ئەوە سروشت و پێكهاتەی دەسەلاتە سیاسیەكە دیاری دەكات. ئیتر تاك بێت، یان گروپ، یان دەزگا بێت خاوەن دەسەلات دەتوانێت رەفتار بەسەریدا بسەپێنێت. هەرچەندە مەرج نیە دەسەلات هەمیشە بەند بێت بەزەبروزەنگەوە، بەلام دەسەلات سەلامەتترو گەورەترە كەبەندبێت بەرەزامەندیەوەو كەمتر بەرێگای ناچاركردنەوە. ئەگەر دەسەلاتدار نەیەوێ دەسەلاتەكەی بكەوێتە ژێر مەترسیەوەو بیەوێ لەدەستی نەدات ئەوا دەبێت رەچاوی بەرژەوەندی حوكمكراوەكانیش (دەسەلات بەسەرەكانیشدا) بكات. ئەو كەسەی سیاسەت پیادە دەكات هەول بۆ دەسەلات ئەدات. دەسەلات وەك ئامراز لەپێناوی ئامانجی تردا، یان لەپێناوی ئیرادەی كەس بۆ خۆشی وەرگرتن لەو دەسەلاتە. دەسەلات هەمیشە پێویستی بە یاسا هەبوەو هەیە بۆ مەبەستی رێكخستنی كۆمەل و دەستنیشان كردنی ئەرك و مافی تاكەكانی كۆمەل.

كەس لەسەرو یاساوە نیە
كەس لەسەرو یاساوە نیەو هەموو تاكێكیش دەبێت دەستی بگات بەیاساو بەدەسەلات. دەسەلاتدارانی حكومەت بەیاسا سزا ئەدرێن وحكومەت خۆیشی دەبێت بكەوێتە ژێر دەسەلاتی یاساوەو دەسەلاتەكان بەپێی یاساو دەستور سنوردار دەكرێن. هەربۆیە یاساو پرۆسەكانی دارشتنی یاسا دەبێت روون بن. گەل سەرچاوەی رەوایەتی سیاسیە. گەل خزمەتی حكومەت ناكات، بەلكو حكومەت خزمەتی گەل دەكات. حكومەت تەنها ئەو دەسەلاتەی هەیە كە گەل پێی بەخشیوە.

میتۆدەكانی گەیشتن بەدەسەلات و راگرتن و لەدەست نەدانی دەسەلات
مێژووی مرۆڤایەتی بەگشتی بریتی بوە لەمێژووی هەولدان لەپێناوی دەسەلات و ئابوریی دا. لەم پێناوەشدا مرۆڤایەتی هەموو رێگاو ئامرازێكی جۆراوجۆری گرتۆتە بەر. ئەم رێگایانەش بەپێی قۆناغەكانی مێژوو وەك یەك نەبوون. بۆ نمونە لەسەردەمی مێژووی رۆمیەكاندا، یان مەغۆلەكاندا ئازایەتی شەری بەدەنی و شمشێر وەشاندن و پێشرەوی كردنی سوپا بۆ گۆرەپانی جەنگ و ئازایەتی نواندن تێیدا چەقی دەركەوتن بوەو هەیبەتی داوەتە مرۆڤەكەو گەیاندویەتی بە پایەو پلەو دەسەلات. خۆ ئەگەر ئەم كەسە سەر بە بنەمالەیەكی ناسراو بوبێت ئەوا ناوبانگی بنەمالەكەیشی رۆلی گرنگ و تایبەتی خۆی بینیوە. ئەم فاكتەرە شانبەشانی دەولەمەندی و خاوەن دارایی وای كردوە كە كەسەكە زووترو بگات بە دەسەلات. ناسراوی بنەمالەو خەلافە فاكتەرێكە كە هەتا رۆژی ئەمرۆش بەتایبەت لە ولاتە دوا، یان نیمچە دواكەوتوەكان رۆلی گرنگی خۆی دەبینێ و ئەم بریارەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی چونكە شێوەی پەیوەندیە كۆمەلایەتیەكان و جۆری بیركردنەوەكان هەر هێشتا بەم شێوەیە دەژی. دەسەلات و شێوەكانی دەسەلات و سیستەمی سیاسی بەپێی رەوتی میژوو، و بەپێی پێكهاتەی كۆمەلایەتی و ئابوری وەك یەك نەبوون بەلام لەناوەرۆكدا بۆ دوو مەبەستە سەرەكیەكە بوە كە بریتی بوە لەدەسەلات و ئابوری، بەلام پرسیارەكە هەمیشە ئەوەیە دەسەلات وئابوری لەدەستی كێداو بۆ كام مەبەست؟ دەسەلاتداران بۆ گەیشتن، یان بۆ پارێزگاری كردن و بەردەوامیدان بەدەسەلاتەكەیان رەچاوی شوێن، پێكهاتەی كۆمەلایەتی، باری ئابوری، هوشیاری كۆمەل، لایەنی رۆشنبیری و باری سیاسی ئەو كۆمەل و ولاتە دەبێت بكەن. ئەوەی هیتلەر لەسەردەمی خۆیدا بەكاری هێناوە دەسەلاتدارانی ئەمرۆ لەئەلمانیا ناتوانن هەمان سیستەمی سیاسی بەو شێوە ئایدیۆلۆژیایەوە لەبەر چەندین فاكتەر پیادە بكات. لەقۆناغێكی مێژویدا وابوە كە هیتلەر فەرمانرەوایی كردوەو میللەتیش قبولی بوە. كەواتە بوونی ئەو رژێم وكەسانە بەرهەمی واقعی ئەو كۆمەلگایە خۆی دەبەخشن و ئەوەندەش ئەو واقیعە بەهەمان بارودۆخ بمێنێتەوە ئەوا دەسەلات و سیستەمە سیاسیەكەش ماوەیەكی درێژ لەسەر تەمەن دەمێنێتەوە. سەدام حسێنیش هیچی تر نەبوو لە بەرهەمی واقعی كۆمەلگای عیراقی خۆی نەبێت هەربۆیە دیكتاتۆرتر بوو لە دیكتاتۆرەكانی تر. دەسەلاتی دیكتاتۆری لەرێگای كودەتای سەربازی و زەبروزەنگەوە دێتە كایەوە، بەلام هەندێ جار دیكتاتۆر دەكرێ بەشێوەیەكی ئاسایی و دیموكراسی دەسەلات بگرێتە دەست و پاشان دیكتاتۆریەتی خۆی بسەپێنێ و دیموكراسی لە وولاتدا لەنێوببات. هەروەك هیتلەر لە سالی 1933 لەكەشوهەوای دیموكراسی كۆماری ڤایمار بەهەلبژاردن گەیشتە دەسەلات و پاشان هەموو دامودەزگا دەستوریەكانی تێكداو ئازادیەكانی خنكاندو بە ئاگروئاسن فەرمانرەوایی ئەلمانیای كردو ئەم دەولەتەو بەشێكی جیهانی روبەرووی جەنگێكی دژوار كردو زیانێكی زۆری گیانی و ماددی بەئەلمانیا وجیهان گەیاند.
دین: یەكێكە لەو فاكتەرانەی كەبۆ مەبەستی گەیشتن بەدەسەلات بەپێی بارودۆخی كۆمەل و رەوتی مێژویی كۆمەل لەلایەن سیستەمە جۆراوجۆرەكانەوە بایەخی پێدراوەو كراوەتە ئامرازێك بۆ گەیشتن ومانەوە لەسەر دەسەلات، بۆ نمونە لە ئێران و تالیبان لە ئەفغانستان.
ئابوری: فاكتەری ئابوریش جێگای تایبەتی خۆی هەبوە بۆ ئەم مەبەستە. باشكردنی باری ئابوری و كەمكردنەوەی بێكاری فاكتەریكی تری گرنگە بۆ راكێشان و نزیك كردنەوەی كۆمەل لەدەسەلاتدار، یان بۆ بەهێزكردنی دەسەلات.
دۆزینەوەی وێنای دوژمن: یەكێكی تر لە فاكتەرەكان بۆ گەیشتن و مانەوە لەسەر دەسەلات بریتی بوە لەدۆزینەوەی وێنای دوژمن و بەم هۆیەوە ئاماژەكردن بە پێویستی بوونی ململانێی توندوتیژ. نازیەكان یەهودیەكانیان كردبوە وێنای دوژمن وحكومەتی توركیاش كورد، تەنیا دوو نمونە لەسەدانی تر.
جەنگ: ئەم فاكتەرەش وەك ئامرازی سیاسەت لەخزمەتی دەسەلاتدا. هێزی سەربازیی ئامرازو هۆكارێكە بۆ گەیشتن بەدەسەلات و هەروەها سەرقالكردنی جەماوەر بەشوێنی ترەوە. بەلام ئەم رێگایەش بۆ گەیشتن بەدەسەلات لەسەردەمی ئەمرۆدا لەهەر شوێنێك روو بدات بەپاشفەرۆی و گەرانەوە بەرەو پاشەوە لەقەلەم ئەدرێ. جەنگ هەمیشە بریتی بووە لەسیاسەت و درێژكراوەی سیاسەت بووە بەشێوەی خوێن رشتن، هەروەك ئاشتیش سیاسەتە بەرێگای ئاشتیانە.
ئایدیۆلۆژیا: فاكتەری ئایدیۆلۆژیا یەكێكی ترە لە فاكتەرەكان بۆ ئامانجی گەیشتن بە دەسەلات. بۆ نمونە پرۆپاگاندەی دەمارگیری نەتەوەیی (ناسیۆنالیزم) كەیەكێكە لەفاكتەرە ئایدیۆلۆژیەكان هەمیشە كاری پێكراوە بۆ ئەم ئامانجە. بۆ نمونە حیزبی بەعس و نازیەكانی ئەلمان ناسیۆنالیزم و سیاسەتی راسیزم بۆ كارتێكردنە سەر گەلەكانیان وەك ئامرازیك بۆ گەیشتن بەدەسەلات بەكارهێناوە. نازیەت بەرگریی لە دەسەلاتەكەی بەوە دەكرد كە رەگەزی ئاری ئەلمانی بەرزەو رەگەزێكی تایبەتەو لەسەرو هەموانەوەیە. ئەگەر هات ومیللەت ئەم دواكاری و فكرەیەی بە شەرعی بینی بۆ ئەو رژێمەو بەرەزامەندی خۆی دوای كەوت، ئەوكاتە دەسەلاتەكە دەكرێتە دەسەلاتێكی شەرعی بەلام مەرج نیە دەسەلاتێكی دیموكراسی بێت. بەعس فكری ناسیۆنالیزمی (القومیە العربیە)ی كردبوە ئایدیۆلۆژیاو وەك ئامرازی سیاسی بەكار دەهێنرا، لەئێران ئیسلامیزم... تاد. ئەو جۆرە سیستەمە سیاسیانە بۆ ئەم مەبەستە هەول ئەدەن بە رێگاو یارمەتی ئایدیۆلۆژیایەك وا تەئسیر لە ژێردەستەكانیان و لەجەماوەر بكەن كە یەكبگرنەوە لەگەل ئایدیۆلۆژیای ئەو حیزب و لایەنە دەسەلاتدارەو بەم جۆرە بتوانن شەرعیەت بدەن بە فەرمانرەوایەتیەكەیان. بەواتا ئایدیۆلۆژیاش یەكێكە لەو ئامرازانەی كە دەسەلاتدار بۆ مەبەستە سیاسی و ئابوریەكانی خۆی بەكاری دەهێنێت ولێرەدا حیزب ودەزگاكانی باشترین رێگایە بۆ شۆربونەوەی بیروفكری دەسەلاتدار بەناو شادەمارەكانی گەلدا. ئیتر دروشمی ناسیۆنالیزم بێت، سەربەخۆیی، یان دۆزینەوەی وێنای دوژمنی دەرەكی وناوەكی بێت...تاد. بۆ ئەوەی بەم رێگایانەوە حیزب و جەماوەر لەدەوری سەرۆك كۆبكاتەوەو خەلكی رووی تێبكەن و شەرعیەت بۆ دەسەلاتەكەی پەیدا بكرێت و درێژە بەژیانی سیاسی و ئابوری و دەسەلاتی خۆی بدات. بەواتا سیستەمەكە هەرچیەك بێت بۆ بەشەرعیەت كردنی پێوانەیەك لەرەزامەندی گەل هەمیشەو بەردەوام پێویستە. بەعس سیستەمی تۆتالیتاری وەك میتۆدێكی تری دیكتاتۆرانە بۆ مانەوەی لەسەر دەسەلات وپاراستنی دەسەلات بەكار دەهێنا. هەموو سیستەمێكی لەم جۆرە چەندین ئامرازی جۆراوجۆر بەكار دەهێنن بۆ مانەوەیان لەسەر دەسەلات. فاكتەری جەنگ و زەبروزەنگ وەك ئامرازێك بۆ مەبەستی راگرتنی دەسەلاتی حیزبی بەعس شوێنەواری تایبەتی خۆی لێرەدا وەردەگرێت. سمیر الخلیل لەو باوەرەدایە، كە: "راگرتنی سەقامگیری سیاسی رژێمی بەعس پێش هەر شتیكی تر دەگەرێتەوە بۆ ئەنجامی گۆرینی دەولەت وكۆمەل بەرێگای ئیرهابی بەردەوام. زەبروزەنگ وئیرهاب تەنانەت لەدوای راگرتنی تەوازونی دەسەلاتیشەوە بۆ كۆنترۆل كردنی كۆمەل كراوەتە دەزگا بەشێوەیەك كە كۆمەل بەدەگمەن ئیمكانیەتی كاردانەوەی بۆ دەمێنێتەوە".
تیۆری تۆتالیتاریزم وەك هەولێكی تر بۆ راگرتنی تەوازونی سیستەمی سیاسی، بەلام سیستەمە تۆتالیتارەكانیش نەگۆر نەبوون. تێكچونی سیستەمی سیاسی ژێر دەسەلاتی سەدام حسین نمونەیەكی زیندوە كەبەروونی نیشانیدا كە گۆرانكاریە كۆمەلایەتی وئابوری و سیاسیەكانی ئەو 35 سالەی عێراقی بەعس بێئەنجام و بێكاریگەری نەبوو بۆ سەر رژێمی بەعس. هەربۆیە دەسەلاتی بەعسیش دیاردەیەكی نەگۆر نەبوو. لەبەر رۆشنایی ئەم راستیانە ئەو پرسیارە دێتە پێش كە سەرەرای هەموو ئەو گۆرانكاریانە چۆن حیزبی بەعس توانی كۆمەل ودەولەت بۆ مەودایەكی ئەوەندە دوور كۆنترۆل بكات ومانەوەی فەرمانرەوایی رژێمە سیاسیەكەش بتوانێ بپارێزێت. مێژووی سیاسی سەرچاوەیەكی گرنگ و بەسوودە مرۆڤەكان وسیستەمە سیاسیەكان لێوەی فێربن.
فاكتەرێكی تر كەسیستەمە دەسەلاتدارەكانی بۆ نمونە لە (كوێت، عێراق یان لە دەولەتانێكی تری ناوچەكە بێت) راگرتوە بریتیە لەهێشتنەوەی ئەو سیستەمی دەولەتانەی كە لەدوای جەنگی یەكەمی جیهانی دروست كران. هەموو گۆرانێك بەسەر پێكهاتەی ئەم دەولەتە دەستكردانەدا دەكرێ ئەنجامی پێشبین نەكراو لەگەل خۆێدا بهێنێت. هەر دوو زلهێزی رۆژهەلات و رۆژئاوا تەبا بوون لەسەر هێشتنەوەی ئەم سنورە جوگرافیە دەستكردانەی دەولەتانی ناوچەكەو بۆ ئەم مەبەستە پشتگیریان لەعێراقیش كردو رژێمی بەعسیش سوودی زۆری لێوەرگرت بۆ مانەوەی دەولەت و دەسەلات و راگرتنی سیاسی رژێمەكەی.
لەبەر ئەوەی كەدەسەلاتی ئەقلانی و پێشكەوتو وەك ئەوەی رۆژئاوا درەنگ هاتۆتە كایەوە بۆیە زۆربەی دەسەلاتەكان لەو ناوچانەی كەپێشتر ئاماژەم پێدان هەر هێشتا دەسەلاتی تەقلیدیە لە پراكتیك كردنی شێوە نائەقلانی و كلاسیكیەكەی دەسەلات، هەربۆیە قۆناغی گواستنەوە بۆ دیموكراسیەت و دەسەلاتی دیموكراسی و مۆدێرنیزم پرۆسەیەكی هەروا ئاسان نابێت كەهەرێمی كوردستانیش بەدەرنیە لەم ریالیزمە.

بەشەرعی كردنی دەسەلات
دەسەلات كە لەگەل یاساو نەریتەكاندا یەكبگرێتەوە پێی دەوترێ دەسەلاتی شەرعی. لێرەدا مەرج نیە دەسەلاتەكە دیموكرات بێت بەلام شەرعیەتی دراوەتێ ئیتر بەهەر شێوەیەك لەشێوەكان لایەنی دەسەلاتدار بەدەستی هێنابێت. ئەگەر خواستی دەسەلاتدار لەگەل بۆچونەكانی كۆمەل دا سەبارەت بە شەرعیەت یەكنەگرێتەوە ئەوا ململانێ دروست دەبێت. لەهەندی لەولاتانی رۆژئاوا لەسەدەكانی 18 و 19 دانیشتوان بۆچونیان وابوو كەدەسەلات تەنیا لەلایەن گەلەوە دەتوانرێ بدرێت، جیهانبینیەك كەململانێ و شۆرشی بەرپا كرد بەرامبەر بە پاشاو مەلیكەكان، چونكە ئەمەی دوایی وای بۆ دەچوو كەدەسەلاتیان لەلایەن خوداوە پێدراوەو شەرعیەتی دەسەلاتەكەیان لەم لایەنەوە بۆ دروست بوەو دەستكاری ناكرێ. دەسەلات بۆ نمونە لەسەر ئاستی پەیوەندی شەخسی بەسەرۆكەوە، بەیاساوە، یان بە تیرۆرەوە بەند بێت، هەمیشە پێوانەیەك لە رەزامەندی گشتی بەهەر شێوەیەك لەشێوەكان بێت پێویستە ئەگەر دەسەلات بیەوێ بەخۆراگیراوی بمێنێتەوە. بەلام دەسەلات دەكرێ لەلایەن دەسەلاتی دژ، نارەزایی، یان بەهۆی نەریتە كۆمەلایەتیەكان، ئاین، داوای ماف و راپەرینی كۆمەل بكەوێتە ژێر كاریگەریەوە.

كێشەی بروا نەبوون بە دەسەلات و بەسیاسەت
لەزۆرێك لە ولاتاندا ئەگەر دەسەلات لە لایەنێكەوە، یان دوابەدوای یەكدا خراپ بەكار هێنرا خەلكی وای دەبینێ كە دەسەلات شتێكی خراپەو بێبەختەو خەلكانی تریش بێبەخت دەكات. ئەم بیرورایە ئەوەندە كاریگەر بوە كە كۆمەلانی خەلكی ئەو ولاتە لە مەسەلەی دەسەلاتدا ئیتر سیاسەتیش لەگەلیدا بە شتێكی خراپیان بینیوە.
پەیرەوكردنی دەسەلات لەدەولەتدا هەتاسەر بەزۆر ناسەپێندرێ
پەیرەوكردنی هەر شێوەیەك لەسیستەمی دەسەلات لەدەولەتدا شتێك نیە بەزۆر بسەپێندرێ، یان هەتا سەر بربكات ونەگۆڕ نەبێت، بەلكو دەبێت سیستەمی پەیرەوكراو لەولاتدا زۆر نزیك بێت لە داب و نەریت وكەلتورو رادەی هوشیاری خەلكی ئەو ولات ودەولەتەو رەچاوی دادپەروەری وگۆرانكاریە سیاسی و ئابوری وفكری وتەكنەلۆژیاو باری كۆمەلایەتی وهوشیاری كۆمەل ونەوە نوێكە بكات و رەچاوی گۆرانكاری وگەشەكردنەكان بكات. بەلام ئەگەر سیستەمە سیاسیە پەیرەوكراوەكە لەگەل باری سایكۆلۆجی وفكری وكۆمەلایەتی خەلكی ولاتدا گونجاو نەبوو ئەوا ئەو سیستەمە ئەگەر بۆ ماوەیەكی زەمەنییش پەیرەو بكرێت بەلام وەكو دەرئەنجام هەر هەرەس دێنێت وئامانجی رێكخستنی دەولەت ناپێكێ كە لەراستیدا پێویستە بۆ خۆش گوزەرانی و سەقامگیركردنی رەوشی سیاسی وكۆمەلایەتی وئابوری هاتبێتە كایەوە.

خەسلەتی كۆمەلگای تەقلیدی لەسەر بنەمای ئەقل ومەنتق دانەمەزراوە
نزیكەی هیچ كام لەسیستەمە سیاسیەكانی "جیهانی سێ" نەیتوانیوە دەسەلاتی سیاسی بكاتە دەسەلاتیكی موئەسەساتی، لەپیشكەوتوترینی دەولەتە عەرەبیەكانیش هەمان شتە، و بەدیل بۆ دەسەلات وفەرمانرەوایی تاك و كەس وەك پێویست نەبووە. ئەم كۆمەلگاو سیستەمانە پێكهاتەیەكی تەقلیدی هەیە وخەسلەتی كۆمەلگای تەقلیدی بریتیە لەكردەوە تەقلیدیە كۆمەلایەتیەكان، واتا ئەو كردەوانەی كەلەسەر بنەمای ئەقل ومەنتق دانەمەزراوە، بەلكو لەسەر بنەمای ئەو كردەوانەی كەسەردەمانێك كاری پێكراوەو جێگیربوەو بەمیرات ماوەتەوە وەك شتێكی تەقلیدی. كۆمەلگای تەقلیدیش سەركردەی تەقلیدی بەرهەم دەهێنێت. یەكێك لەخەسلەتەكانی كۆمەلگای تەقلیدی بریتیە لەپێكهاتەیەكی داخراوی كۆمەلایەتی كەبەزەحمەت خۆی دەداتە دەست گۆرانكاری بەتایبەت بەمۆدێرن كردنی هەرەمی سەرەوەی. جگە لەمانە زۆربەی ئەندامانی ئەم كۆمەلگایە سەربەخۆییان نیەو بەستراونەتەوە بەنەریتی گشتی كۆمەلگاكە. لێرەدا هوشیاری ئاینی زالە بەسەر تەواوی بوارەكانی ژیانی كۆمەلگاكە. دەسەلاتی سیاسیش خەسلەتێكی حوكمی فەردیە تێیدا. زیاتر لەشوێنی خۆی دەچەقێ وگۆرانیشی كاتێكی دورودرێژی دەوێ كەئەمیش بەندە بەكۆمەلێك فاكتەرەوە. لەم دەسەلات وسیستەمە تەقلیدیەدا ئابوری خزمایەتی وبارودۆخی پابەندبوون وپەیوەندی شەخسی دروست دەبێت و رۆل دەبینێت. بەم شێوەیە گەشەكردنی ئابوری گێڕ دەبێت ودەسەلاتەكە دەسەلاتێكی كلاسیكیەو هوشیاری كۆمەل لەئارادا نیەو دەسەلاتداری تەقلیدی وكلاسیك سوود لەم دیاردەیە وەردەگرێ و دەشیەوێ ئەتمۆسفێرە (كەش و هەوا) كۆمەلایەتیە دواكەوتوەكە هەر بەم شێوە كۆنە بمێنێتەوە لەشێوەی داب ونەریتە تەقلیدیەكان. هەموو پێشكەوتن وهوشیاریەكی كۆمەلایەتی دەبێتە لاوازكردن وگۆرینی ئەو نەریتە تەقلیدیەی كەدواتر دەبێتە رێگر لەبەردەم سیستەم ودەسەلاتی دەسەلاتدارە تەقلیدیەكەدا. هەربۆیە بەگشت شێوەیەك ئەم لایەنە هەولی لەناوچونی پێشكەوتن ئەدات ودەیەوێ كۆمەلگا كۆنەكە كۆمەلگایەكی داخراو بێت وبەهۆی ناهوشیاری كۆمەلەوە بۆی بچێتە سەرو دەسەلاتدار جێگای یاساش بگرێتەوەو دەیەوێ لەم زیاتر كۆمەل هیچی ترنەبینێت وبەم شێوەیە كۆمەل بێبەش دەكات لەمێژوش. لەو كۆمەلگایانەی كەهوشیاری سیاسی و رەوشی ئابوری وكۆمەلایەتی لەلای هاولاتیان كزو لاوازە، ئەوا سیستەمی سیاسی پەیرەوكراو لەدەولەتدا سیستەمێك دەبێت كەلەسەر زەبروزەنگ و ترس وخۆسەپاندن بنیاد دەنرێت، لێرەدا پێشێلكردنی مافی تاكەكانی كۆمەل وسەربەستیەكانیان وبوارنەدان بەگروپی سیاسی جۆراوجۆر لەدەولەتدا شتێكی ئاسایی دەبێت، واتا سیستەمی دیكتاتۆری لەدەولەتدا پەیرەو دەكرێت، ئیتر ئایا ئەو سیستەمە دیكتاتۆریە سیستەمی دیكتاتۆری تاكە كەسی بێت، یان سیستەمی دیكتاتۆری گروپ و بنەمالە بێت.

د. سالار باسیرە / پسپۆر لەبواری زانستە سیاسیەكان
[email protected]

سەرچاوەكان بەكوردی و بەئەلمانی:
لەپال لێكۆلینەوەو بۆچونەكانی نوسەر خۆی سودیشی لەم سەرچاوانەی خوارەوە وەرگرتوە:
تیۆری دەولەت وسیستەمە رامیاریەكان، بەهادین ئەحمەد محەمەد، سلێمانی،2002.

- Reinhard Kuhn, Totalitre Herrschaft, in: Welt der Politik, Frankfurt, 1971.
- Unsere Zeit, Berlin, 26.10.1990, S. 3.
Faschismus; Ursachen und Politik des deutschen Faschismus, Hamburg, 1979.- Fadil Rasoul, Irak-Iran, Wien 1987.
- Hans Ritscher (Hg.), Welt der Politik, Frankfurt, 1971.
- Bassam Tibi, Vom Gottesreich zum Nationalstaat. Islam und panarabischer Nationalismus,
Frankfurt/M, 1987.
- Samir al Khalil, Republic of Fear, Los Angeles, 1989.
- P. Pawelka, Herrschaft und Entwicklung, im Nahen Osten: gypten, Heidelberg,1985.
- Wolfgang Laskowski, Macht und Herrschaft, Seminararbeit, WS 2001/02, Manuskrip.
- Max Weber, Wirtschaft und Gesellschaft, Tbingen, 1980.
- Faschismus; Ursachen und Politik des deutschen Faschismus, Hamburg, 1979.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە