یەکێتی براوەی یەکەمە
Friday, 02/04/2010, 12:00
زانایانی تۆپی پێیان وایە کە : هەزار نواندنی جوان لە یارییەکدا ، گۆڵێک ناکات کە جۆری بردنەوەکە دەگۆڕێت . سەدان دبلۆم و دەیان زمانزانی دەست بەتاڵ بۆ کایەی هەڵبژاردن ، تەنها کورسییەک ناکات ، کە کەسایەتییەکی بێ دبلۆم بۆ حیزبەکەی بەدەست دەهێنێت .لە 25 . 7 . 2009 دا بزاڤی گۆڕان هێزێکی نوێی خۆکێش بو بۆ پانتایی خەڵک و خاک . لەبەرامبەردا یەکێتی جەستەیەکی ڕزیوی ڕووەو تواندنەوە . بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی 7 . 3 . 2010 دا ڕیژەکان گۆڕان ، بزوتنەوەی گۆڕان وەک گۆمێکی مەنگی لێهات . یەکێتی لەسەر تاتەتۆشی مەرگ زیندو بووەوە و هەستایەوە . پارتی ڕێژەیەکی خۆرسکی نییە ، بەڵکو هی فێڵ و هەلی نێو هەراکەی نێوان یەکێتی و گۆڕانە .
کاندیدەکانی بزاڤی گۆڕانسەردەمانێک لەخەباتی شاخدا ، کە یەکێک دەستنیشان دەکرا کە بکرێتە لێپرسراوی دەستەیەک بەرەو ژور تر ، ئەگەر لە خۆی ڕانەبینایە ، پەسندنی نەدەکر .
هەڵبژاردنی 7 . 3 جودا بو لە هەڵبژاردنەکانی تر ، دەکرێت بکرێتە دەستپێکی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی حیزب بەکۆیلەکردنی کۆمەڵگا.
ئەم جارەیان جگە لە کۆمەڵێک هەوڵدان بۆ بەلاڕێ بردنی پرۆسەکە ، تاسنورێک تاک بەشداربون لە دەستنیشان کردنی نوێنەرەکانی . کاندیدەکان لە ململانیەی خۆڕاگەیاندندا ، جۆرێک لە ئاڵۆزی پێوە دیار بو ، جگە لەوەی شێوەیەک لە باوی هێنایە ئاراوە . لەم ئاڵۆزی و باوەدا، بەداخەوە بزاڤی گۆڕان تێگلا . (دیبلۆم ) یان باکالۆریۆس ، یان زانینی زمانی زیاتر ، مەرجی یەکەمی پێناسەی کاندیدەکان بو . مەرجی کاندید چییە ؟ .
یەکەم / کارەکتەرێکی ناسراوی نێو خەڵک .
دووەم/ وتارخوێنێکی سەرکەوتو (خەتیب) .
سێهەم / وەڵام دەرەوەو زمان گونجاو (دیبلۆماس) .
چوارەم / خاوەن دیبلۆم یان خاوەن ڕاوێژکارێک یان ئامۆژگارێکی خاوەن بەدیبلۆم بێت .
زانایانی تۆپی پێیان وایە کە : هەزار نواندنی جوان لە یارییەکەدا ، گۆڵێک ناکات کە جۆری بردنەوەکە دەگۆڕێت . منیش دەڵێم : سەدان دبلۆم و دەیان زمانزانی دەست بەتاڵ بۆ کایەی هەڵبژاردندا ، تەنها کورسییەک ناکات ، کە کەسایەتییەکی بێ دبلۆم ، بۆ حیزبەکەی بەدەست دەهێنێت .
(مینستەر فیشەر) وەزیری دەرەوەی ئەڵمان ، یەکێک بو لەسەرکەوتوترین دبلۆماس و وەزیری دەرەوەی ئەڵمان ، کارەکتەرێکی خۆشەویست ، خاوەن هیچ دەبلۆمێکی بەرز نەبو ، بەڵکو شۆفێری تەکسی بو ..
(برونو) لەهەمو ڕەکلەمەکانی خۆی و پارتەکەی شانازی بە جوتیارییەکەیەوە دەکات و هەمیشە لە سەر تراکتۆرەکەی ڕەکلەم بۆ خۆی و حیزبەکەی دەکات ، ئێستا سکرتێری گەورەترین پارتی سویسرایەو یەکێکە لەزۆرترین دەنگ پیدراوەکانی پارتەکەی . ئەمانە لەسەر بنەمای ئەو ڕەکلەمە کاریان نەکرد کە کاندیدەکانی کورد ، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەمجارە ، بۆخۆیان و دەستەو پارتەکانیان کاریان لەسەر کرد .
دەکرا بزاڤی گۆڕان پرۆژەیەکی گرنگی دەسەڵاتکورژی پێ بوایە ، لەهەوڵی ئەوەدا بوایە کە بۆ هەر ناوچەو شارو شارۆچکەیەک جۆرە چەکێکی بەکار بهێنایە ، لەناوچەی هۆزو خێڵەکاندا کاندیدەکانی لە کەسوکاری سەرۆک هۆزو خێڵەکان دەست نیشان بکردایە . لەشوێنێکی تردا گۆرانبێژێک یان هونەرمەندێک یان کەسایەتییەکی ناسراوی ناوچەکە ، بەهۆی خۆشەویستی و ڕێزگرتنەکەیەوەو بەپێی میتالییەتی ناوچەکە ، دەست نیشانی بکردایە . لەشاری سلێمانی حاکم شێخ لەتیفەکان ، گونجاوە . بۆ هەولێری قەڵاو منارە ، عەبدوڵا پەشێو و شێرزاد حەسەنەکان پێداویستن. ئاڵوواڵا لە دەست نیشانکردنی کاندید بۆ نوێنەرایەتیکردنی خەڵک ، هونەری هەڵبژاردنە . ئەوەی لە کەرکوکدا خالید شوانی و ئەوەی دادوەر شێخ لەتیف لەسلێمانی و ئەوەی سامی شۆڕش لە هەولێر ، وانەیەکە بۆ داهاتو کەچۆن کار بکەین و وەلەکوێدا جۆری کاندیدەکان پێویستن . بۆ هەڵبژاردنێکی نیمچە کراوەو کراوە .
یەکێتی براوەی یەکەمەلە هەڵبژاردنی ٢٥ / ٧ / ٢٠٠٩ دا یەکێتی جەستەیەکی هەڵوەشاوەو ڕوەو کۆتایی بون ملی دەنا . لەهەڵبژاردنی ئەمجارەدا واتە ٧ / ٣ / ٢٠١٠ دا هەستایەوەو وەک هێزێک کەوتەوە نێو پرۆسەی سیاسی کوردستان و عێراق . زۆربەی بۆچونەکان لەدوای هەڵبژاردنەکانی پار ، ئاماژەیان بەوەدەدا کەیەکێتی ڕووەو پچوک بونەوە و پوکانەوە دەچێت و سەرئەنجام وەک هێزێکی پچوک لەناو پارتیدا خۆی دەتوێنێتەوە . بەڵام سەرئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە پێچەوانەی بۆچونەکان بو . یەکێتی هەستانەوەکەی سەرسوڕهێنەر بو ، دەنگۆی ئەوە زۆرە کە یەکێتی فرتوفێڵێکی زۆری لە هەڵبژاردنەکاندا کردبێت ، ئەگەر بەوردی هەڵی بسەنگێنین ، پارتی وەک شەڵتە لەم هەڵبژاردنەدا یەکێتی هەڵتەکاند و نیوهێندەی دەنگەکانی ئەمڕۆی کە بەدەستی هێناوەو فێڵی لێ کرد . لە دهۆک و نەینەواو هەولێر ، یەکێتی بەهۆی سیاسەتی پارتییەوە گوشرا، تەنها فێڵکردنی یەکێتی لەکەرکوک و سلیمانی بووە ، لەگەڵ ئەوەشدا هەمو دەنگەکان هی فێڵ نییە و پارتیش لەودوو پارێزگایەدا توانیویەتی گۆڵی خۆی بکات لەیەکێتی. لەنێو هەرەسی ٢٥ / ٧ / ٢٠٠٩ داو لەنێو فێڵ و گۆڵکردنی بەناو هاوپەیمانیدا ، یەکێتی هەستایەوەو خۆی لە سڕینەوەو نەمان ڕزگار کرد .
بزاڤی گۆڕان لەم هەڵبژاردنەدابزاڤی گۆڕان لە کۆمپانیایەکی میدیاوە هەنگاوێکی میژویی نا بەرەو بزوتنەویەکی جەماوەری ڕوەو ئەرکێکی نیشتمانی زیاتر و بەسەردەم کردنی ماڵی کورد . هاتنە مەیدانی ئەم هێزە هۆکاری کەفوکڵ نەبو ، بڵکو ژێرخانێکی پان و پۆڕی ناڕازیبوی و بەهەست بو . ئەوە کەموکوڕی ئەدای کارکردن و بێ یاسایی وڵات و ناڕێکی فەزای سیاسی و دیموکراسی ئەمڕۆی کوردستانە ، وای کرد کە نەتوانێ وەک پێویست هەنگاو بنێت و جیاوازییەکی بەرچاوی دەنگ ، لەچاو جارەکەی تردا بەدەست بهێنێت .
دەکرێت دەستپێکی هەنگاوەکان لە خۆوە دەست پێبکرێت . کەموکوڕیەکان و هۆکاری نەگەیەشتن بە دەروازەی نیشان . پاشان بەدوای وردەکاریی و داڕشتنی پیلان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرەییە بنەڕەتییەکان بۆ نەیارە بەرامبەریەکان .
زۆر لە کاندیدەکان کەسایەتییەکی ناسراوی ناو جەماوەر نەبون ، وەک کەسێکی ئاکتیڤ و ناسراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی مینوس بون . هەڵوێستی ئەمانە ، وون و نادیار بو ، ئاشنایەتی ئەمانە لەلای جەماوەر زۆرینەیان لەسەروەختی بانگەشەی هەڵبژاردندا بو . بزاڤی گۆڕان و کاندیدەکانی کەمتەرخەم بون کەلەماوەی هەشت مانگی ڕابردودا ، نەیان توانی لەڕێی کەناڵ و سەرچاوەی میدیاکان ، خۆیان بە شەقامی کوردی و تاکی کورد بناسێنن و نێوەندێک لە خواست و تێکەڵی دروست بکەن . هەروەها بزاڤی گۆڕان لەجۆری دەست نیشانکردنی کاندیدەکان پێکزان نەبو . مرۆڤێکی خاوەن دیبلۆم بۆ هەمو ناوچەکان ناگونجێت ، دەکرێت شێخێک یان هونەرمەندێک یان کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی بۆ زۆر شوێن گونجاو تر بێت لەخاوەن دبلۆمێکی باڵا ، دەنگی زیاترو نێوبەندییەکی زیاتر لەنێوان خەڵک و لیستەکەدا دروست بکات . دەکرێت بۆ پرکردنەوەی تواناکانی ئەمانە پەنای بۆ سەنتەرێک زانست و یاسا ببردایە ، خاوەن دبلۆمەکانی بکردایە بە کەشکۆڵی ئامۆژگاری و ڕاوێژیان. نەک مەرجی یەکەم دبلۆم و توانای زۆر .
هۆکاری تر ، کە بزاڤی گۆڕان لە ڕوانگەیدا لەسەر عێراق و کوردستان ، لەسەر جیاوازی بەرەی بەناو کوردستانی و خۆی کاری نەکرد . مادەی ١٤٠ وەک ئەوان و لەسەر سیستەمی دەسەڵاتی عێراقی وەک ئەوان و لەسەر کاری دیبلۆماسی ناوچەیی و چیهان وەک ئەوان بەبێ جیاوازیی . ئەمە وا دەکات بەشێک لەجەستەی لەگەڵ ئەداو ئیدییەی ئەواندا یەک بگرێتەوەو دەنگدەر جیاوازی لەنێوان هاوپەیمان و گۆڕاندا نەکات .
گۆڕان پەیام و ململانییەکانی زیاتر لەگەڵ یەکێتیدا بو نەک لەگەڵ پارتی . بەخواستی یەکێتی گۆڕان بەرەو ململانێی دولایەنە برا ، لەکاتێکدا گۆڕان دەبوایە بە یەک چاو و بەیەک دەنگ ئاراستەی ڕەخنەو گازندەی هەردولای بکردایەو ناڕازی بونەکانی لەسەر حسابی یەکێتی ساخ نەکردایەتەوە .
کونجـــــــــــــــــــرینی
1 . ئاپریل . 2010
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست