كەناڵى (نالیا) بەرپرسە لە دەرون و ئایندەى منداڵەكانمان...
Thursday, 12/04/2012, 12:00
پارێزەر:بێستون مەحەمەدساڵح مستەفا
شەوى ڕابورد لە دیدارێكدا سەرلەنوێ زامێك لە دەرونى منداڵەكانمان سەرى هەڵدایەوە...
كەناڵى نالیا بێ گوێدانە هیچ داب و نەریتێك و ئادابى گشتى و سیستمى گشتى، بەرنامەیەكى پەخشكرد.
ئیدى... لەچركە ساتێكدا دەیان مۆبایل لەنێوان خوێندكارەكاندا یەكتریان ئاگاداردەكردەوە ، سەیركەن بزانن (نالیا) چیمان پێ دەڵێت؟!...
ئیدى... ئەو شەوە تا بەرەبەیان هەریەك لە ئێمە وەك پاسەوان ڕۆژمان كردەوە، بەجۆرێك هەستى ئەم منداڵانە شكستى خوارد، گەر جارێك بە خودى كارەساتەكە ، ئەوا ئەمجارەیان(نالیا) هەموانى هەراسان كرد.
بەندە باس لە ڕووە یاساییەكەى ئەو دۆسێیە ناكەم، چونكە بە پلەى یەك بەدواداچونم نیە، كارەكە لە نێو دادگا لێكۆڵینەوەو بەڵگەكان بەردەوام كارى بۆ دەكرێت.
برایانى ڕاگەیاندنكارى كەناڵى نالیا... كارى ڕاگەیاندن پەیامێكى پیرۆزە، شمشێرێكە دەرهێنانى لەكەلاندا مامۆستایى و شارەزارى و لێزانینى گەرەكە. ئاخر بە چ ویژدانێك ڕەوایە ، خوێندكاران و مامۆستایان و ئیدارەى ئەم خوێندنگەیە، بكرێتە ئامانجێك ، كە پشت پەردەى زێدەترە وەك لەوەى كەهەیە؟!...
بوارى پەروەردە هەر ئەوە نیە خوێندنگەیەك ئامادەبكەیت و سیستمێكى بۆ دەست نیشان بكەیت.
ئەگەر نالیا بێ ئاگایە لەوەى كە ئاخۆ ئێمەى دایكان و باوكانى خوێندكارەكانى ئەم خوێندنگە نمونەییە كە:
ئاخۆ ئێمە بێ ئاگایین لە پەروەردەى منداڵەكانمان؟!..
ئایا ئێمە بەدواداچونمان نیە بۆ مناڵەكانمان؟!...
ئایا دیدارو بەسەركردنەوەو دیالۆگ لەنێوان ئێمەو ئەواندا هەیە؟!...
ئایا قسەو باسمان بەهەند وەرگیراوە؟!...
ئایا ئەم شوێنە نمونەییە ، بۆ تەبشیرو بانگەوازى ئایینزایەكى دیاریكراوە؟!... ئایا ئێوە دەزانن ساڵانە ئێمە زیاتر لە چوار كۆبونەوەى ڕەسمى و ناوەناوە خۆشمان دەگەیەنینە لاى ئیدارەو پرس و ڕاو هەڵوێست و بەدوادا چونمان بۆ منداڵەكانمان هەیە یان نا؟!...
براینە... تفەنگ نان بەتاریكیەوە ، كارى نەشیاوە... ئێوە بەم بەرنامەیەتان، نەك تەنها منداڵەكانمان ، بگرە ئێمەتان لە پێش ئەوانەوە لەكەدار كرد!!...
بۆ ئێوە و بۆ هەموو ئەوانەى وەك ئێوە بیردەكەنەوە... ئەوەندەى پەیوەندى بە خودى خۆم و جگەرگۆشەكەم هەبێ، دیارە بەندە بەرگرى بە مافێكى ڕەوادەزانم ، لەو پێوەدانگ و پێوەرەوە...
نەئێوە و نەكەناڵەكەتان... لە خۆم بەكوردتر دائەنێم...
نەئێوەو نەكەناڵەكەتان... لەخۆم بەنەتەوەیى تر دائەنێم...
نەئێوەو نەكەناڵەكەتان... لەخۆم زیاترو پەرۆشتر بۆ خۆشەویستى ئایینى پیرۆزى ئیسلام دەزانم...
نەئێوەو نەكەناڵەكەتان... لەخۆم بە ئینتماى بۆ كوردستان و نیشتمانى گەورەى كوردان بەدڵسۆزتر دەزانم...
بۆیە... ئەوەى ئێوە دەرهەق بە دایك وباوكانى ئەم خوێندكارانە كردوتانە، دووجار تاوانە...
جارێكیان تاوان و ناوزڕاندنى ئێمە بۆ ئینتیماو خۆشەویستیمان بۆ خاكى پیرۆزى كوردستان و بەهاو بڵندى ئایینى پیرۆزى ئیسلام و پەیامبەرەكەى، خستە بەر گومان و شلۆقبونى پەروەردى خێزان و جگەرگۆشەكانمان!!!...
جارێكى تر... تاوانى شێواندنى بارى دەرونى منداڵەكانمان و ساڵێكى خوێندنیان و ئایندەیان كەوتۆتە بەر شاڵاوێك ، ئۆباڵەكەى لە ئەستۆى ئێوەى بەڕێزدایە...
داواكارم...لە ئیدارەى كەناڵى نالیا داواى لێبوردن لەسەرجەم و گشت خوێندكارو دایكان باوكان بكات...
بەپێچەوانەوە... یەكەم كەس دەبم كە ڕوو لە دادگاو داواكارى گشتى دەكەم، سكاڵاتان لەسەر تۆمار دەكەم....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست