عێراقى عەرەبى لە ئێمەوە ئەزموونى وەرگرت بۆ ئەوەى ئەزموونى ئێمە دووبارە نەكاتەوە
Sunday, 12/04/2009, 12:00
بەداخەوە دەبێت بەدوور لە هەموو عاتیفەیەكى كوێرانەى نەتەوەى و نیشتمانى دان بەوەدا بنێین هەتا ئەم ساتەوەختەى ئێمەى تێدا دەژین ئێمەى كورد وەك نەتەوەیەكى سەر ڕووى زەوى شتێكى ئەو تۆمان نەبووە كە پێشكەشى مرۆڤایەتى بكەین ,بەش بەحاڵى خۆم گوومانم هەیە لەو مێژووەش كە مێژووناووسانى كورد بەهەزاران لاپەڕەوە خستوویانەتە بەر چاوى ئێمەىنەوەى نوێ, زۆرم پێخۆش بوو كە ئەگەر ئێمەى نەتەوەى كورد وەك هەر نەتەوەیەكیترى سەر زەوى دەستمان لە جواتر كردن و ئاوەدانكردنەوەى سەرزەوەیدا هەبووایە,زۆرم پێخۆش بوو فەیلەسوفێكمان هەبوایە و نێوى لە گەڵ سارتەر و دیكارت و ڕۆسۆ ....هتد ببرابە,زۆرم پێخۆش بوو داهێنانێكى نەتەوەكەم بدیبا و بەدەستمەوەبوایەوە بەرپەرچى هەموو دوژمنانى كوردم بدایەوە و بمگووتا ئەوە بەرهەمى ئێمەیە ئەوە جێگە دەستى ئێمەیە لە ئاوەدانكردنە و جوانتركردنى دونیا,نەبوونى هەموو ئەوانەى كە زۆرێك لە میللەتانى دوونیا هەیانە و ئێمە نیمانە,تا ئێستا بە بەهانەى خۆمانى لێقوتار ئەكەین ,ئەوەى زیاتر بووتە بەهانە بەدەستمانەوە یان ڕاستر بڵێم ئەوەى تا ئێستا خۆمانمان پێ هەخەڵەتاندوو ئەوەبووە كە ئێمە تائێستا خاوەنى حكومەت و دەستەڵاتێكى خۆبەخۆى كوردە نەبووین و هەمیشە لە ژێر دەستى داگیركەراندا بووین بۆیە ئەو دەرفەتەمان بۆ نەڕەخساوە و نەمانتوانیووە هێزو وزەى خۆمان بخەینە كارو شتێك پێشكەشى مرۆڤایەتى بكەین و جێگە دەستى خۆمان دیارى بكەین و بیسەلمێنین ئێمەى نەتەوەى كورد ئەگەر دەرفەتمان پێبدرێت ئەتوانین و لە تواناماندا هەیە كە لە بەرەوپێشبردنى جیهاندا دەورمان هەبێت.
پاش ڕاپەرینى خەڵكى كوردستان و دامەزراندنى حكومەتى هەرێم و ئیدارەكردنى خۆبەخۆى كورد ئیتر لەو ساتەوە ئەو بیانووەشمان نەماو چیتر ناتوانین بڵێن ئێمە خاوەنى ئیدارە و حكومەت نیین بۆیە ناتوانین هیچ پێشكەش بكەین و تواناو هێزى تاكى كوردى و بەرپرسەكانى و سەرۆكەكانى بۆ دونیاو مرۆڤایەتى بسەلمێین.
ئەوەى لەماوەى حەڤدە ساڵ دەستەڵات و حكومەتى خۆبەخۆى كوردیدا دیمان لە كۆتایەكانى سەدەى بیست و سەرەتاكانى سەدەى بیست ویەك ئەگەر خۆمان لە گێلى نەدەین ئەو ڕاستیەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە كە كورد نەیتوانیوە سود لەو دەرفەتە وەربگرێت و خۆى و ئەوەى لەهگبەكەیدا و چەند ساڵە ئیدیعاى بۆ دەكات بۆ دۆست و دوژمنى بسەلمێنێت چونكە بەرپرسانى كورد وایان دەزانى تەنها دەرفەت كافیە بۆ تاودانى ئەسپى خۆت لە مەیدانەكەدا لە كاتێكدا نەیان دەزانى دەرفەت ڕەخسان بۆ ئیدارەكردن و بەڕێوەبردن بە بێ بوونى عەقڵیەتێكى ئیدارى و سیستمێكى تەندروست مەحاڵە بتوانرێت هیچ دەستكەوتێكى لێبەرهەم بهێنرێت كە شایەنى ئەوە بێت كە پێشكەش بكرێت و جێگەى دڵخوازى نەك دووژمن بەڵكو دۆستە هەرە نزیكەكانیشت بێت.
ئەزموونى چەند ساڵەى دەستەڵاتى كوردى لەگەڵ ئەو هەموو دەرفەت و ئیمكانیات و پشگیریەدا لەسەدەى بیست و یەكدا نەیتوانیبێت ببیتە خاوەنى ئەزمونیێكى حكومڕانى باش كە هاووڵاتیانى خۆى لێیڕازیبن,ئەبێت لە چەندین سەدە لەمەوبەر چۆن توانیبێتمان ئەزموون و نموونەیەكى باش و جوان لە حوكمڕانى پێشكەش بكەین؟ لە كاتێكدا لەم دوونیاى ئەمڕۆ ئەتوانى ئەوەى مۆدێل و ئەزموونى ووڵاتانى جیهان هەیە هەموو ببینیت و چاوى لێبكەیت!
سەرەتاى ڕووخانى دەستەڵاتى بەعس قسەى باوى سەر زمانى بەرپرسانى حیزب بریتى بوو لە ئەوەى با ئەزموونى هەرێمى كوردستان بگوێزینەوە بۆ ناوەڕاست و باشورى عێراق,ئیتر ئەوەى پێنج ساڵە خومان بەم قسەیەوە گرتووە و بەڕۆژ ئەیڵینە و بەشەویش وڕێنەمان پێوە دەكرد و خۆمانمان پێهەڵئەنا تا ئەو ڕادەیە زۆر بەرچاو قایمانە بە ناوەڕاست و باشورى عێراق بڵێین وەرن چاو لە ئەزموونەكەى ئێمە بكەن.
تاكى كوردى نەك ناتوانێت لە دەورووبەى خۆى بكات بەڵكو ناشیەوێت لە خۆى تێبگات,تاكى كوردى دوژمنى ئاوێنەیەكە كە خودى خۆى پیشانبدات وەك ئەوەى كە هەیە,ئێمە ئاوێنەیەكمان ئەوێت كە ئەوەى حەز بە بینى دەكەین ئەوەمان پیشان بداتەوە,هەر ئەمەشە هەتا ئێستا نەمانتاونیوە واقیعى ژیانى كۆمەڵایەتى و سیاسى و ئیدارى خۆمان ببینین وەك ئەوەى كە هەیە,تاكى كوردى هەمیشە گیرۆدەى دەستى حەزەكانیەتى و دووژمنى عەقڵ و بیركردنەوەیە,ئەگەر ئێمە بۆ مێژووى بەغدادى پێش بەعس بگەڕێینەوە هەرگیز نەدەكەوتینە ئەو هەڵەوە كە عەرەب بەجاهیل و نەزان و بزانین و خۆشمان بە زاناو لێزان لە دونیاى حكومەت و بەڕیوەبردن.......
دەتوانین بڵێین سیاسى و بەرپرس و سەكردە و تەواوى عێراقى عەرەبى زۆر بەووردى هەڵسەنگاندنى بۆ ئەزموونی كوردستان ئەكرد,هەموو چركە ساتێكى ئەزموونى هەرێمى كوردستان لەسەرەتاوە هەتا ئەمڕۆ لەلایان تۆمارە و دەرەنجامەكایشى دەبینن ,بۆیە ئەوان چاویان لەسەر ئەزموونەكەى ئێمە بوو بۆ ئەوەنا كە ئەوان شوێن پێكانى ئێمە هەڵگرن لە حكومەتدارى و بەڕێوبردندا بەڵكو لە ئێمەوە ئەزموونیان وەرگرت لەوەى كە ئەوەى ئێمە ئەزموونمانكردووە ئەوان دووبارەى نەكەنەوە.هەر ئەمەش واى كردووە كە ئەمجارەیان نەك بەقسەو باسى ناو ڕاگەیاندنەكان بەڵكو بە واقیعى داواى ئەوە دەكرێت كە خەبات بكرێت بۆ گواستنەوەى ئەزموونى حكومدارى و بەڕێوەبردنى ووڵات لە عێراقى عەرەبیەوە بۆ هەرێمى كوردستان,
ئەزموونى چەند جارەى هەڵبژاردنەكان و دەستاو دەستكردنى پۆستەكان و چالاكى پەرلەمانى عێراق و بوونى دەستە نەزاهە و هەڵبژاردنێكى تاڕادەیەكى زۆر پاك و پوختى پارێزگاكان,كێبڕكێكى توندى مەدەنیانەى نێوان لیستەكان و دادگایكردنى بەرپرسان و دەیان و سەدان كارو كردەوە و چالاكى مەدەنیانە و دیموكراسیانەى تر لە باروو دۆخێكى پڕ لە ترس و تۆقاندن و تیرۆرو شەڕدا لەبەرامبەردا لە كوردستانێكى ئارام و پڕ لە ئاسایش و یەك زمان و یەك نەتەوە و یەك چارەنووسسازیدا حەڤدەساڵ دوو هەڵبژاردنى پڕلە تەزویرات و پڕ لە توندوتیژى و كوشتن و سوتاندنى بارەگاى حیزبى,نەبوونى دەستەى نەزاهەت و نەبوونى كۆمیسیۆنێكى سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنەكان و دادگاینەكردنى بەرپرسێك و دابەش كردنى پۆستەكان لەدەرەوەى ئیرادەى دەنگەكانى هەڵبژاردن و دەیان سەدان دزێو ناشیرینیتر لە لەماوەى حەڤدەساڵ دەستەڵاتى كوردى هۆكارى سەرەكین لاتان سەیر نەبێت ئێستا بەشى هەرەزۆرى خەڵك و نووسەران و نوخبەى ڕۆشنبیرى ووڵاتى ئێمە تێكڕا هاودەنگن لەوەى كە با ئەزموونى ناوەڕاست و باشوورى عێراق لە كوردستانیش پیادەبكرێت .
-هەڵەبجەى شەهید
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست