کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی تورکیا له‌ هه‌رێم!

Wednesday, 15/10/2014, 12:00


دوای روخانی سه‌دام، نیگه‌رانی تورکیا زیادی کرد به‌رامبه‌ر بونی ئه‌و هه‌یکه‌له کوردیه‌ی هه‌رێمی کوردستان، بۆیه‌ش گه‌لێجار دژایه‌تی ئه‌و هه‌یکه‌له‌ی کردوه ‌و هه‌ڵوێستی سلبی وه‌رگرتوه به‌رامبه‌ر داخوازه‌یه‌ سیاسیه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد له ‌به‌غدا، به‌تایبه‌تی هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر ماده‌ی ١٤٠.
سیاسه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌و بوه، هه‌موکاتێ خه‌ونیان به‌وه دیوه که بتوانن جێی ره‌زامه‌ندی تورکیا بن. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌میشه ده‌رگایان کراوه‌بوه‌ بۆ هه‌مو هاریکاریه‌ک و نزیکبونه‌وه‌یه‌ک له‌و وڵاته، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش فرسه‌تی ئابوری و سیاسی سه‌ربازی زۆر باشیان بۆ هه‌ڵخستوه بۆ راکێشانی سۆزیان به‌لای خۆیان و به‌ستنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵیان.
تورکیا ته‌نیا نیگه‌رانی له‌ هه‌یکه‌لی سیاسی هه‌رێم نیه‌، به‌ڵکو نیگه‌رانیه‌که‌ی له ‌هه‌یکه‌له ئابوریه‌که‌شی هه‌یه‌، بۆیه پته‌وبونی بناغه‌ی ئابوری هه‌رێم و له‌سه‌رپێ وه‌ستانی و گه‌شه‌کردنی چینی سه‌رمایه‌داری کوردی په‌یدا کردنی هێز و توانای ئابوری بۆ چونه‌ناو ململانێی ئابوری له ‌ناوچه‌که‌ و بیناکردنی ئابوری نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ی کوردی دژ به به‌رژه‌وه‌ندیه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یه‌کانی تورک داده‌نێ.
سامانه سروشتیه‌کانی کوردستان به‌تایبه‌تی نه‌وت به‌درێژایی مێژو جێگه‌ی ته‌ماحی تورکیا بوه‌بۆیه‌ش سه‌ره‌ڕای نیگه‌رانی و ناڕه‌حه‌تی تورکیا له‌بونی ئه‌و هه‌یکه‌له کوردیه، توانی ئه‌و هه‌له بقۆزێته‌وه و هه‌مو وزه‌و توانای خۆی بخاته‌گه‌ڕ، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ گه‌وره‌ترین ده‌ستکه‌وت به‌ده‌ست بهێنێ له‌بواری ئابوری و سیاسی و سه‌ربازی.
تورکیا بۆ ئه‌وه‌ی سودمه‌ند بێت له ‌په‌یوه‌ندی ئابوری له‌گه‌ڵ هه‌رێم، هه‌وڵیدا و کارئاسانی کرد بۆ سه‌رمایه‌داره‌کانی تورک بۆئه‌وه‌ی رو له هه‌رێم بکه‌ن، بۆ به‌کارخستنی سه‌رمایه‌کانیان دۆزینه‌وه‌ی کار بۆ خه‌ڵکی تورکیا، بۆ ئه‌وه‌ی ببێ به‌هۆی که‌مکردنه‌وه‌ی قه‌یرانی بێکاری له ‌تورکیا و زیادکردنی سه‌رمایه‌ی چینی بۆرجوازی تورکی و گه‌شه‌پێدانی ئابوری نه‌ته‌وه‌ی تورک.
که‌رتی تایبه‌تی کوردی لاوزه چ له‌روی پشتیوانی و هه‌ڵنه‌خستنی بواری پێویست له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێم بۆیان، چ له‌ڕوی که‌م ئه‌زمونی له‌بواری ئابوری، ئه‌مه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گه‌لێ هۆی سیاسی و ئابوری. هه‌ر بۆیه‌ش ناتوانن بکه‌ونه هاڤركێ له‌گه‌ڵ که‌رتی تایبه‌تی و سه‌رمایه‌داری تورکی که‌پشتیوانی و کارئاسانی بۆ ده‌کرێ له‌لایه‌ن هه‌ردو حکومه‌تی هه‌رێم و تورکیا هه‌روها به‌سه‌دان ساڵه‌ وه‌کو چینێکی پێگه‌یشتوی خاوه‌ن ئه‌زمون و ئامانجی ئابوری رۆڵی خۆی دیوه له‌بیناکردنی ئابوری تورکیا.
له‌ئه‌نجامدا کۆمپانیا تورکیه‌کان سه‌یته‌ره‌یان کردوه و هه‌مو کاره‌گه‌وره‌کان که‌وتۆته ‌ده‌ست ئه‌وان، به‌تایبه‌تی ئه‌و کۆمپانیانه‌ی که تایبه‌تن به گه‌شه‌پێدانی بینا و خانوبه‌ره‌ دروستکردن.
ئه‌و سه‌رمایه‌داره‌ تورکانه هه‌ر به‌وه‌نه‌وه‌ستاون ته‌نیا کاره‌کان بگرن، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ خۆیاندا که‌ره‌سته‌ی خاوی تورکی ده‌هێنن و له‌هه‌رێم ساغی ده‌که‌نه‌وه‌، له‌هه‌مان کاتدا کرێکاری تورکی ده‌هێێنن، ئه‌مه له کاتێکدایه که میلله‌تی هه‌رێم خۆیان ده‌ناڵێنن به‌ده‌ست قه‌یرانی بێکاریه‌وه‌.
جگه له دروستکردنی قه‌یرانی بێكاری، سه‌رمایه‌داره تورکه‌کان ئه‌و پاره‌یه‌ی کوردستان ده‌به‌نه ده‌ره‌وه، ئه‌و پاره‌یه له ‌بازاڕی کوردستان ئاڵوگۆڕی پێناکرێ که‌ئه‌ویش خۆی له‌خۆیدا لێدانێکه‌و لاوازکردنی دراوی هه‌رێمه. هه‌روه‌ها میله‌تی کورد له‌هه‌رێم له‌باری ئابوری فرسه‌تی خۆپێگه‌یاندنی نابێ و ناتوانێ که‌وادیری خۆی پێشبخات و پسپۆڕی و زانیاری و به‌هره‌ی هونه‌ری په‌یدا بکا له‌هه‌مو بواره‌کانی کار، هه‌روه‌ها له‌دواڕۆژدا تاکی کوردی ناتوانێ پشت به‌خۆی ببه‌ستێ و بکه‌وێته هاڤرکێ له‌بواری ئابوری و کارکردن چ له‌ناو کوردستان چ له‌ده‌ره‌وه‌ی کوردستان.
به‌م جۆره سه‌رمایه‌داری کورد ناتوانێ به‌ره‌و گه‌شه‌کردن بچێ، وه‌کو چێنێک پێبگا و له‌سه‌ر پێی خۆی راوه‌ستێ و پێگه‌یه‌کی پته‌وی هه‌بێ و بتوانێ ئامانجی ئابوری هه‌بێت و گه‌شه‌ به ‌ئابوری نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی بدا.
له‌به‌ر لاوازی پلانی ئابوری هه‌رێم و گرنگی نه‌دانی لێپرسراوانی هه‌رێم به‌بواری ئابوری به‌شێوه‌یه‌کی زانستی و دروست، کۆمه‌ڵگای کوردی له‌جیاتی ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌رهه‌مهێنه‌ر بێت کۆمه‌ڵگایه‌کی موسته‌هلیکه، ئه‌مه له‌کاتێکدایه که هه‌رێم به‌قۆناغی گه‌شه‌کردنی ئابوری ره‌ت ده‌بێ که‌ده‌بوایه به‌پێچه‌وانه بێت.
بۆیه‌ش میله‌تی هه‌رێم بۆ بچوکترین پێویستیه‌کانی ژیان پشتیان به‌ستوه‌به کاڵا و به‌روبوم و به‌رهه‌می وڵاتانی دراوسێ. بازاڕی کوردستان به‌تایبه‌تی پایه‌ته‌ختی هه‌رێم (هه‌ولێر) ئه‌و شارانه‌ی که‌ سنوریان به تورکیاوه به‌ستراوه، بون به‌نرخترین بازاڕ بۆ ساغکردنه‌وه‌ی چاک و خراپی هه‌مو جۆره‌ که‌لوپه‌ل و کاڵایه‌کی تورکی.
گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی خاو به‌ته‌نکه‌ر بۆ تورکیا به‌نیازی فرۆشتن و پاڵاوتنی و هێنانه‌وه‌ی بۆ کوردستان له‌م جۆره په‌یوه‌ندی و ئاڵوگۆڕه‌تورکیا بێ گومان سودمه‌ندتره له‌هه‌رێم، چونکه ئه‌بێ به‌هۆی زیادبونی کار بۆ کرێکار و ئه‌ندازیار و پسپۆڕه‌ تورکه‌کان و گه‌شه‌پێدانی شه‌ریکاتی نه‌وتپاڵاوتن له‌و وڵاته و زیادبونی سه‌رمایه.
ساڵانه به‌سه‌دان خه‌ڵکی هه‌رێم بۆ گه‌شتوگوزار و چاره‌ی نه‌خۆشی رو له‌تورکیا ده‌که‌ن، دراوێکی زۆری کوردستان له‌و وڵاته‌دا سه‌رف ده‌که‌ن. جگه له‌وه‌ش به‌هه‌زاران کوردی تاراوگه به‌تایبه‌تی کوردانی ئه‌وروپا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ نیشتمان به‌تورکیادا ره‌ت ده‌بن.
ئه‌و هه‌له زێڕینه‌ی که ‌حکومه‌تی هه‌رێم هه‌ڵیخستوه بۆ تورکیا وای کردوه‌هه‌ر به‌وه نه‌وه‌ستێ که ته‌نیا سودمه‌ندبێ له‌بواری ئابوری کوردستان، به‌ڵکو هه‌وڵی دا هه‌نگاو هه‌ڵهێنێ بۆ پلانه ستراتیژیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، به‌و جۆره‌به نه‌خشه و پلانێکی داڕێژراو و بۆ به‌رزنرخاندنی زمانی تورکی و ته‌تریک کردنی کوردانی هه‌رێم به‌ده‌یان قوتابخانه و دایه‌نگای به‌زمانی تورکی دامه‌زراند به‌تایبه‌تی له‌شاری هه‌ولێر، ورده‌ورده وای لێکرد خه‌ڵک ساڵانه ‌پاره‌بده‌ن! به‌و قوتابخانانه ئینجاش منداڵه‌کانیان فێره‌زمانی تورکی بکه‌ن! تا بتوانن جێگه په‌نجه‌ی مۆر له‌سه‌ر نه‌وه‌ی داهاتوش جێبهێڵن!
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش تورکیا نیگه‌رانی خۆی له‌و هه‌یکه‌له کوردیه نه‌شاردۆته‌وه، بۆیه ده‌ستی کرد به دامه‌زراندنی ده‌یان ده‌زگای هه‌واڵگری و دروستکردنی گه‌لێ له ‌پارتی سیاسی تورکی به‌تایبه‌تی له‌ هه‌ولێر و که‌رکوک، پشتیوانی کردنیان به‌مادی و مه‌عنه‌وی و هه‌وڵدان بۆ به‌هێزبونیان و گه‌شه‌کردنیان و په‌لوپۆ هاویشتنیان بۆ ناو کۆمه‌ڵگای کوردی و به‌کارهێنانیان له‌کاتی پێویست.
له‌ڕوی سه‌ربازیشه‌وه هه‌رکاتێ ویستبێتی سنوری به‌زاندوه و ده‌ستدرێژی کردۆته‌سه‌ر که‌رامه‌تی نیشتمانی نه‌ته‌وه‌یی میلله‌تی کورد و مه‌رامه سه‌ربازیه‌کانی خۆیشی پێکاوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵوێسته بوبێته به‌رگری و شڵه‌قاندنی مه‌رامه نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی و ئابوریه‌کانی له‌ هه‌رێم.
به‌رژه‌وه‌ندیه ئابوریه‌کانی تورکیا له‌هه‌رێم گه‌یشتۆته ‌ئاستی سه‌رسوڕمان و سه‌ره‌نج. کۆمپانیا تورکیه‌کان هه‌لێکی زێڕینیان بۆ ره‌خساوه بۆ گه‌شه‌پێدانی سه‌رمایه‌ی خۆیان سودوه‌رگرتن له‌و قۆناغه ژیانه‌وه ‌ئابوریه‌ی که‌ ئێستا هه‌رێمی پیایدا تێپه‌ڕ ده‌بێ.

تێبینی : ئەو نووسینەم لە بەرواری ١٤/٩/٢٠١١ لە سایتی سبەی بڵاوم کردەوە، پێم باش بوو بۆ دووبارە لە کوردستان پۆست بڵاوی بکەمەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە