کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


زەكەریا... سەركردەى شۆڕشى نوێى ئاواز و گۆرانى كوردى

Wednesday, 14/04/2010, 12:00


بەدەر لە هەڵچوون و خەمخواردن لەوەى كە دەبینم كەسێك گەورە دەبێت و دەبێتە خاوەن پلەو پایەكى بەرز لەنێو گەلەكەى خۆیدا , بەدەر لەوەى كە ئەو بۆى دەكرێت و من بۆم ناكرێت , لەوەیش كە ئەو هەنگاوى گەورە دەهاوێژى و من ناتوانم تاتى بكەم , دەبێ ئەگەر لەگەڵ خەڵكیشدا ڕاستگۆ نەبم , بەڵام لەگەڵ ناخى خۆمدا ڕاستگۆ بم , لەوەى دان بە هەقیقەتدا بنێم , بەسەكەوتنى ئەوو شكستى خۆم , چونكە ئەگەر سەركەوتنەكانى ئەو بە شكست بزانم , بە ماناى من لە ناخى خۆمدا شكست خواردووم , ئەو كەسەى قەڵەمێكیش دەگرێتە دەست , دەبێ ئەوەندە ڕاستگۆ بێت , جورئەتى ئەوەى هەبێت بەو قەڵەمە مێژووى مەرگى خۆى بنووسێتەوە , بەڵام زۆرێك لە ئێمە هێندە لەگەڵ ناخى خۆمان درۆزنیین , خۆمان قێز لە خۆمان دەكەینەوە بەر لەوەى خەڵكى دیكە قێزمان لێ بكاتەوە.
نامەوێ لەو نووسینە كورتە باس لە زەكەریا و هونەرەكەى بكەم و ستایشى بكەم ,
چونكە بە تەنها ئەوەندە بەسە كەسێكى وەك هونەرمەندى گەورە مەزهەرى خالقى ڕێز لە زەكەریا و هونەرەكەى بگرێت , ئەگەر پێمان وابێ ئەویش هەڵە بووە لەو بیركردنەوەیەى , ئەوە دەبێ ئێمە ئاوو بێنێن و دەست لە گۆرانى و هونەرى كوردى بشۆیین.
زەكەریا لە سەردەمێك هونەرەكەى شۆڕشێكى دروستكرد , كە پێویستمان پێى هەبوو , خەریك بوو هونەرى گۆرانى میوزیكى كوردى لەگۆڕنێین , ئەوەى پێشى وایە زەكەریا بە هونەرى خەڵكى دیكەوە دروستبووە و گەیشتۆتە لوتكە , دەبێ بیر لەوە بكاتەوە , ئەى ئەو هونەرمەندە بۆ نەیتوانى بەر لە زەكەریا كارێك بكات خزمەتێك بە هونەرى گەلەكەى بكات , بۆ چەند ساڵ بوو دەستەو ئەژنۆ سەیرى مەرگى هونەرى گۆرانى و میوزیكى كوردى دەكرد.
بەڵام كە زەكەریا شۆڕشەكەى دەستپێكرد , هەندێكمان كەوتنە پەلەقاژێ وەك وەك ئەوەى مەرگ گەیشتبێتە قوڕگمان , چونكە هەستمان بە شەرمەزارى دەكرد لە ئاست ئەو تەرخەمیەى كە نواندمان بەرامبەر مێژووى هونەرى گەلەكەمان, چەند لە دڵمان گران بوو , چەند دڵتەنگ دەبووین , كە ساڵ لە دواى ساڵ دەمانبینى هونەرى ئەو گەنجە بە توانایە بەرز ترو بەهێزتر دەبوو , خەریك بوو هەموو ئەو كوچەو كۆڵان و دوكانانە بسووتێنین كە دەنگى گۆرانیەكانى زەكەریاى لێوە دەهات , زمانى ئەو منداڵانە ببڕین كە لەهەر كوچەو كۆڵانێك ڕەت دەبووین , گۆرانى زەكەریایان دەگووتەوە , لەهەر پاس و تەكسیەك سوار دەبووین , هەر دەنگى زەكەریا , تا واى لێهات لە خۆشەویستى هونەرەكەى , زۆرێك لە جل و بەرگ كە لە هى ئەو دەچوون , لەبازاڕەكان هێندە دەفرۆشران , كە زۆرێك لە گەنجان یەك شێوە جلیان پۆشیبێ , دڵگران بووین زۆر كە نەمانتوانى ئەو گەنجە بشكێنین , شتێك بكەین لە هونەرەكەى ئەو گەورەتر , بۆیاغمان كرد بە وێنەكانى , ویستمان ناوى بزڕێنین و لەكەدارى بكەین , كەچى ئەو ڕۆژ لەدواى ڕۆژ گەورەتر دەبوو بە هونەرەكەى , ئەو ڕۆژ لەدواى ڕۆژ خۆشەویستى گەلەكەى بۆخۆى كێشكرد , تا واى لێكردین , هەست بە شەرمەزارى بكەین لەئاستى ئەخلاقى بەرزى بێ دەنگى ئەو بەرامبەر ئەو هەموو شتە ناشرین و نا بەجێیەى ئێمە بەرامبەرى كردمان , ئەو هیچ وەڵامێكى بۆ ئێمە نەبوو تەنها هونەرە گەورەكەى نەبێت , دەبا وازى لێبێنێن , خۆ ئەو تازە لاپەڕەیەكى سپى لە ژیانى خۆى هەڵدەداتەوە , كارەساتە , یانى ئێمە هێشتا هیچیمان نەبینیووە , دەبێ لەمەو دوا چى دیكە پێشكەش بكات و جەرگى ئێمەى پێ لەت لەت بكات .
(ئێمە = ئەوانەى چاویان بە هونەرى زەكەریا هەڵنایەت)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە