نههێشتنی متمانەی پیشەی تەندروستی
Sunday, 14/04/2013, 12:00
بێ یاسایی و بەڕەللایی چ دەردێکی کوشندەی متمانە کوژە.
ئێمە وەک خێزانێک لە ڕەوەندی کوردی نزیکەی بیست سالە لە ئاوارەیی و دوور لە خاک و نیشتیمان و خزم و ئاشنایانمان لە باری دەرونیەوە ژیانێکی دژوار لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بەسەر دەبەین، هەموومان ئەوەندە بیری خاک و خەلکی خۆمان دەکەین، ناتوانین بە چرکە لەبیر خۆمانیان بەرینەوە، وە دووری و دابڕانمان چەندە کارێکی ناهەموارە، بێ یاسایی و نادادی و پێشێلکاری و خۆپەرستی بنەمالەکان و بەربەریەتی حیزبەکان و تالان و بازرگانی کردن بەخووێنی هەژارانی هەرێمی کوردستان لە لایەن گروپە مافیاکانی ناوخۆو مەسئولە نامەسئول و بێویژدانەکان زیاترو زیاتر دەردی ئاوارەیی و دەرونیمان کاریگەرتر دەکات و بەرهەمی بیست و دو سالەی حکومەتی دەرەبەگایەتی هەرێم بێ ئومێدمان دەکات لە ئاسۆی ژیانێکی ئاسودەی و یەکسانی و ماف پارێز بۆ خەلکی خێر لەخۆ نەدیوی ئەو هەرێمە.
ڕۆژانە ناخمان دەسوتێ و دەهەژێ بە بیستنی هەوالی دلتەزێنی، وەک مردنی هاولاتیان بە دەرزی هەلە، کووێر بونی ٣٠ هاولاتی بە دەرزی کێمیایی بەناوی ئاڤاستن، هێنانی دەرماناتی ماوە بەسەرچوو لە سەرۆکی تەزویر تەزویرترو ڕێگا پێدراو لەلایەن وەزارەتی مافیاگەرایی بەناوی وەزارەتی تەندروستی و هتد.
لێرەدا ڕوو دەکەینە ئەو چینەی دکتۆرو برین پێچ و دەرمان سازو دەرزی وەشێنن و پێیان دەلێین مافی ئێوەی پیشەی چارەسەری تەندروستیتان بەدەستە، وا پێشێل دەکرێ و زەربەی کوشندە و کاریگەر لە بەرژەوەندی و پێشەکەتان دەدرێ و سوکایەتی و ناو زڕاندنتان پێ دەکرێ لەلایەن بازرگانە مافیاکانی هەرێمەکەتان و بە پالپشتی حیزبە خۆسەپێنەرەکانی ئەو دەڤەرەوە بۆ هێنانی داوو دەرمانی بەسەرچوو قەلپ و خەتەرناک، خەریکە بەو هۆیەوە زۆرینەی خەلکی هەرێم چارەسەریتان بە مەترسی لەسەر ژیان ئەژمار دەکات و متمانە بە هیچ دکتۆرێک نەکات و وەک عیزڕائیلی گیان کێشان لەو کەسە بڕوانن کە دەرزی بۆ نەخۆشەکان بەکار دەهێنن.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئەندامێکی خێزانمان خۆی ئامادە دەکرد بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە، ئامۆژگاری هەمومان بۆی، ئەوە بوو کە خۆی بپارێزی و سەردانی هیچ دکتۆرێکی هەرێم نەکات و هیچ دەرمانی ئەو هەرێمە بەکار نەهێنیت، ئەویش گۆتی حەز دەکەم سەردانی دکتۆرێکی ددان بکەم و ددانێکم دەربهێنم و بیچینمەوە، چونکی لە ئەمەریکا ددان دەرهینان و چاندنەوە یەکجار گرانبەهایە و هەموو کەسێک پێی ناکرێ چارەسەری ددانەکانی بکات.
بەلام بەهۆی مەترسی و بێبڕوایی بە دکتۆر و داوو دەرمانی هەرێم، پێمان گۆت، بەهیچ شێوە خۆت نەخەیتە بەر دەستی دکتۆرەکانی هرێمی کوردستان و ژیانی خۆت نەخەیتە مەترسی، بۆیە ئەو باسەم نوسی هەتا ئێوەی دکتۆرو دەرمان ساز باش بزانن کە ئەوەی بەو بازرگانیە خەتەرناکە هەلدەستێ، دژی ئێوەو دژی پیشەو کاری ئێوەو دژی بوژانەوەی ئابوری ئێوەیە ئینجا دژی تەندروستی گشتی خەلکی سڤیل و بێچارەی ئەو هەرێمەی کوردستانەیە.
بۆیە مافی خۆمانە بلێین، زۆر پێویستە بیر لە حال و ژیان و سومعەو مرۆڤ بونی خۆتان بکەنەوە و بەرامبەر ئەو تاوانە گەورەیە بێدەنگ نەبن و هەموتان دەست بە پڕۆتێستۆ بکەن و هەرچی عەیادە و خەستەخانە و دەرمانخانە هەیە لە هەرێمی کوردستان، دەرگایان لەسەر داخەن و مان بگرن و چارەسەری هیچ نەخۆشێک نەکەن هەتا ئەو دەستە بازرگانە ژیان کوژانە بەچۆک دادەهێنن و بۆخۆتان وەزارەتێکی بڕوا پێکراوو مەدەنی و دوور لە دەست تێوەردانی حیزبەکان و قاچاخچی و مافیاو بازرگان و چاوپۆشیکەران دادەمەزرێنن و سەرپەرشتی گشت کەل و بەلی تەندروستی بخەنەوە ژێر کۆنتڕۆلی خۆتان و لەژێر چاودێریێکی زۆر بتەوو متمانە پێکراو بەڕێوەی بەرن، بۆ ئەوەی بتوانن هەم متمانە و بڕوای لەدەست چوویتان بگێڕنەوە و هەم خزمەتێکی دروست پێشکەش بکەن و هەمیش تاوانی تاوانبارانی بازرگان بە مل ئێوەدا نەهێت و ناختان ئاسودە بێت.
ئەگەر ئەو کارە نەگەن و بێدەنگی و بێهەلوێستیتان بەردەوام بێت، ئەوا دلنیا بن نەدەتوانن بەر بەو ڕوداوە نەخوازراوانە بگرن، وە نەدەتوانن پارێزگاری لە سومعەو کەڕامەتی خۆتان و پیشەکەتان بکەن...
ئەگەر ئێوەی خاوەن دکتۆراو خاوەن بڕوانامە و خوێندەوار ئەوەندە ئیهمال و ترسنۆک و بێبڕوا بن و لە مافە پێشێل کراوەکانتان نەبنە خاوەن و بەرهەلستی پێشێلکاران نەکەن، چینی هەژارو نەدارو نیوە مردوی کورد چۆن دەتوانن داوای مافە زەوت کراوەکانیان بکەن؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست