کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەڕلەمانی کوردستان هۆڵێك بۆ نمایشکردنی عەرزی عەزەڵاتی یەکێتی و پارتی

Monday, 19/10/2009, 12:00


ئاشکرایە لە وڵاتانی پێشکەوتو بە تایبەتی ئەو ‌ڵاتانەی لە بواری مافی مرۆڤ و سەرجەم بوارەکانی تری وەك ئابوری و دارایی و ژینگەو سەرجەم بوارەکانی تردا پەڕلەمان تەنها کاری ئەوەیە بە شێوازی یاسایی و دور لە دیکتاتۆری و حیزب حیزبێنە. ئەو کارو بارانە بەڕێوە بەرێت کە وەك گلەیی و گازاندەیەك یان وەك پێشنیارو ڕاسپاردەیەك لە لایەن خەڵکی ئەو وڵاتەوە قوت بۆتەوەو ئەوکات دەکرێتە بڕیارو لەلایەن ئەندامانو نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکەوە لەپەڕلەمان دەخرێتە بواری ڕونکردنەوەو چاکسازی و چارەسەرەوەو .. کەمو کوڕی و هەڵەکان دەستنیشان دەکرێن لەو کاتەدا سەرۆکی پەڕلەمان و ئەوانەی کە لە حیزبی زۆرینەن لە پەڕلەمان تەنها ئامانجیان ئەوەیە کار ئاسانی بۆئەو بڕیارو ڕاسپاردانە بکەن کە لەلایەن خەڵکەوە داواکراوەو داوا دەکرێت. چونکە لەو وڵاتانە پەڕلەمان پەڕلەمانی سەرجەم خەڵکی وڵاتە نەك هی حیزبی دەسەڵاتدارو زۆرینە. وەك ئەوەی لای خۆمان هەیە. تاببێت بە کەڵەگا بەسەر کوتلەو لایەناکانی تری ناو پەڕلەمانەوە. وەك ئەم پەڕلەمانەی لای خۆمان . لە ڕاستیدا ئەوەی لای ئێمە هەیە پەڕلەمان نیە بەڵکو هۆڵێکە بۆ نمایشکردنی عەرزی عەزەڵاتی کوتلەی دەسەڵاتدارو حیزبی باڵا دەست. کە ئەویش خۆی لە یەکێتی و پارتیدا دەبێنێتەوە. لێرە لەم کوردستان و پەرلەمانە هیچ کوتلەیەك زاتی ئەوەی نیە کە بتوانێ وەزیرێکی سەر بە حیزبی باڵا دەست بانگهێشتی پەڕلەمان بکات و لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکات لەسەر ئەوەی بە نایاسایی و بە ئارەزوی خۆی یاری بە سەرمایەو داهات و سامانی سروشتی وڵات و خەڵکە کەیەوە کردوە. ئەگەریش بتوانێ ئەوە تەنها ڕوکەشەو هیچیتر چونکە دەیان کۆسپ و تەگەرەو شتی عەنتیەکەی بۆ دەهێننەوە. ئەوەتا بەچاوی خۆمان بینیمان کە سەرۆکی بەناو پەڕلەمان کە لە حیزبی باڵادەستە دەبێتە دیکتاتۆرو شێوازی پرسیارو لێپێچینەوەکان دیاری دەکات. کە چۆن پرسیار بکرێ و چەند پرسیار لە وەزیر بکرێت. کە ئەوە متمانەی پەڕلەمان لای خەڵك لاواز دەکات و شەرعیەتی ناهێڵێ.ئەو کارە ئاماژەشە بەوەی کە پەرلەمان وسەرۆك و جێگرەکەی تا ئێستاش وا بەستەی لایەنی دەسەڵاتدارن و لەوێوە ڕاسپاردە وەردەگرن ونایانەوێ گەندەڵ و گەندەڵکاران سزا بدرێن. ئەگینا سەرۆکی پەڕلەمان وهەمو ئەندام پەڕلەمانەکانی سەر بەدەسەڵاتیش ئەگەر بڕیاری ئایا چەند پرسیار و پرسیاری چۆن لەو وەزیرە بکرێت بشخرێتە دەنگدانیشەوە هەر یاسایی نیە. تابڕیاری ئەوە بدەن کەئەندام پەڕلەمان و کوتلەکانی ناو پەڕلەمان چۆن پرسیار بکەن و چەند پرسیار ئاڕاستەی هەر وەزیرێك دەکەن. ئەگەر زۆری ئەو پرسیارانە ببێتە هۆی درێژەکێشانیش. موهیم ئەوەیە تۆ لەو لێپێچینەوانەدا بگەیتە ئەنجامی مەعقوڵ و قەناعەت پێهێنەر . ئەندامانی پەڕلەمان ئازادن ئایا چەند پرسیار دەکەن و چۆن پرسیارەکان دەکەن. وەك ئەوەی بینیمان کە ئاشتی هەورامی بێ ئەوەی ڕونکردنەوەی باوەڕ پێکراو بداتە دەست و بێ ئەوەی بڕیار نامەی ئەو گرێبەستە نەوتیەی کەلەم دواییە هەڵلای لێپەیدابو بخاتە بەرچاوی سەرجەم ئەندامانی پەڕلەمان ڕونکردنەوەی شیاوبدات.بەڵام بە دو قسەی بێ مانایه‌ك له‌ چلانی هه‌ره‌ دزه‌ گه‌وره‌کان خۆی دەرباز کرد. ئەوەی کە بینیمان تەنهاو تەنها قسەی سەر زارەکی و نمایشکردنی دەورێکی پێشتر پرۆڤە لەسەر کراوبو . ئەم دواخستن و خافڵادن و کۆسپ خستنە بەر ڕاپێچکردنی جەنابی وەزیری نەوت و لێپێچینەوەی لە پەڕلەماندا لە لایەن دەسەڵاتەوە تەنها بۆ ئەوەبو وەزیر پرۆڤەیەك بکات تا بتوانێ بێ گرێو گۆڵ و سەرلێشێوان ئەوەی کە بۆیان ‌داڕشتبو لەبەردەم ئەندامانی پەڕلەماندا نمایشیبکات. کە هەرچەنەد وەزیر خۆیشی نەی دەزانی چی دەڵێت. بۆیە دەبوا ئەندامانی پەڕله‌مان به‌ تایبه‌تی کوتله‌ی گۆڕان و یه‌کگرتو کە دەیانزانی پەڕلەمان ژمارەی پرسیارو شێوازی پرسیارەکان دادەڕێژێت یەکسەر هۆڵی پەڕلەمانیان جێهێشتایە.به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌یان کرد. چونکە ئەوە یەکێکە لە دیکتاتۆری و قفڵدانی ئازادی دەربڕین و ئەوی نیشاندا کە ئێستاش یەکێتی و پارتی وازیان لە نمایشکردنی عەرزی عەزەڵات نەهێناوە...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە