پێویستە خاوەن بەنزینخانەكان دادگایی بكرێن
Saturday, 28/09/2013, 12:00
لەم ڕۆژانە بەكارێكى پێویست و بەپەلە دەبوو كاژێر هەشت و چارەگ لەبەردەم بازاڕی نیشتیمان ئامادەببم و بەهۆی دەوامى ئاسایی فەرمانگەكانیشەوە تەواوى شەقامە سەرەكیەكان ڕۆژانە لەم ئان و ساتەدا جەنجاڵییەكی زۆر بەخۆوە دەبینی كە ئەگەر زوو نەكەویتە ڕێ ئەوا لەبەر بێشوماری سەیارە زۆری و ئەو هەمووە شەحنەى بەردەوام و بەلێشاو ڕۆژ نییە بەدەیان شەحنى سەیارەی تازە داخلی ئەم شارە نەبێ و ئەوەش وادەكات درەنگ بگەیتەجێ و خۆ ئەگەر لەدایەرەیش گرفت و كێشەیەكت بۆ دروست بوو، بڕوبیانوو نایخوا ئەو قەوانە سواوەیان بۆ لێدەیتەوە و پێیان بڵێی : بمبوورن لەبەر سەیارە زۆری و ئەو جادە حەیاتەى هەمانە كە درزى هەڵدەیتە ئاسمانێ ناكەوتە عەردێ.. بەمەیش هەر زوو دەستت لێ ڕادەشەقێنن و قسەكەت لەدەم دەقۆزنەوە پێت دەڵێن: ئەو قسانەت فلسێكى قەڵب ناهێنێ، تۆ كە دەزانى حاڵی جادەكانمان ئاوایە و سەیارەشمان لەسایەى ئەم ئازادیەدا كە ماڵ نییە سەیارەیەك و دوو سەیارەى نەبێت، ئەوا دەتوانى زووتر دوای نوێژی بەیانى نەخەویەوە یا كەمێ دواتر بەسەعاتێك پێش دەوام حازر و بزر خۆت ئامادەكردبێ و بكەویە خۆ تا دوانەكەوى، خۆ ئێمەیش وەكو ئێوەین چیمان لەئێوە زیاترە؟ بۆیە ئەگەر بێتە باری یارمەتى ئەوە هەر جارێ دوو جار دەتوانین چاوپۆشی لەسەر ئەو دواكەوتنەت بكەین و لێت ببوورین، لەوە بترازێ گلەیمان لێ مەكە، ئۆباڵت لەئەستۆی خۆتە و كە غایبمان دای، مەنووزێوە، مەپاڕێوە چونكە گوێ بۆ پاساوەكانت ناگرین.
دەستم لەیەك لەو تەكسیانە ڕاگرت كە بەرەو ڕووم دەهات، تەكسیەكە لەبەردەمم وەستا، منیش سەرم بردە ژوورەوە و بەهەڵپەیەكەوە وتم: قوربان تا بازاڕی نیشتیمان بەچەندمان دەبەى؟
بەبزەیەكەوە وتى: شەش هەزار باشە!
چاوم زەق بۆوە، بەحەپەساوییەوە پێموت: بۆ چیبووە؟ خۆ دنیا كاول نەبووە، بۆچی بۆ ئەو بستە ڕێیە شەش هەزار دیناربدەم، من ئەوەندەى بچمە بازاڕ هەر بە سێ چوار هەزار ڕۆیشتووم و بەسێ هەزاریش گەڕاومەتەوە، ئەگەر بەسێ هەزارەكە دەمبەى، وە ئەگەرنا...
دوای دەحكە و قسەیەك لەم و قسەیەك لەمن، بەسێ هەزار و پێنج سەد دینار ڕێكەوتین و لەگەڵی سوار بووم، كابرای خاوەن تەكسی بێ هیچ پێشەكیەك، بێ ئەوەى نقەم لەدەمەوەبێ، قفڵی دەمى كردەوە و تووڕی هەڵدا: كاكە ئەمە كەى وڵاتە، شەو و ڕۆژ وەكو دەرۆزەكەر، وەكو پێ سووتای، كون و كەلەبەر لەم شارە نامێنێ بەم سەیارەیە سەری پێدا نەگرین ئەوجا بەهیچ ڕاناگەین.
قسەكەم لەدەمى ڕنیەوە و وتم: باشە سەیرم بەم قسانەت دێ، من برادەرم هەیە كە دەمى دەكەیەوە، دەڵێ ڕۆژ نییە بەلای كەمەوە ئێواران سی چل هەزار دینار نەبەمەوە ماڵ؟
ئەویش قیچێ ناوچەوانى گرژ كرد و وتى: خارە گیان توخوا ئەمە وەعزە؟
كە پرسیم: بۆچی وەزع نییە، فەرموو لەسایەى ئەم ئازادیەدا ماڵ هەیە لەم شارە سەیارەێ دوو سەیارەى نەبێ، ئەى ئەم ئازادیە بەس نییە تۆ شەو تا بەیانى سەیارەت لەبەردەرگا ڕادەگری و پشتى لێ دەكەیەوە، ترست لەوە نییە دز بێتە سەر ماڵت و سەیارەكەت بدزێ؟
خاوەن تەكسیەكە چەند كەرەتێ سەری بادا و وتى: من ئەوە چەند ڕۆژە خەریكە مێشكم بەنج دەبێ ئەوەندەى بیر لەوە بكەمەوە پێشتر هەفتەى دوو جار بەنزینمان بەكۆبۆن وەردەگرت و وەكو پێویست بەشی نەدەكردین دەبوو بەناچاری بچین لە بەنزینخانە ئەهلیەكان تا فیلپەمپی سەیارەمان نەسووتێ نەختێ بەنزینى موحەسەن یا سۆپەڕی بەدوو قات تێ بكەین، ئەن ئاخریش دوای ئەوەندە ساڵە ئەوجا وەزارەتى سامانە سروشتیەكان لەخەوە قوڵەكەى بەخەبەر هات و ڕایگەیاند ئەو بەنزینە سۆپەر و موحەسسەنەی لەوێستگە ئەهلیەكان دەفرۆشرێ هەمان بەنزینە حەیاتەكەى بێجیە و خاوەن بەنزیخانەكان دەرمانیان تێكردووە و ئەو ناوەیان بەسەریدا بڕیوە، تازە بەتازە دەریدەخەن ئەو گازەى بەهۆی ئەو دەرمانانەوە كە لە گزۆزى سەیارەوە دەردەچێ هۆكارێكە بۆ شێرپەنجە.
كە وتم: ئەوجا وەزارەتى سامانە سروشتیەكان گوناهی چیە كەتازە بۆی ئاشكرابووبێ ئەو خاوەن بەنزینخانانە ئەو ئیشە قۆڕەیان كردووە.
خاوەن تەكسیەكە لێم مڕ بۆوە، وتى: مامۆستا تۆ نازانى ئەو بەنزینخانانە كەم تا زۆر پشكى ئەو مەنسولانەى لەمەڕ خۆمانى تێدایە و وەزارەت تا ئێستا چاوپۆشی لێ كردوون كە تەواو خۆیان دەوڵەمەند بكەن ، ئێستایش وا هاتۆتە سەر خەت پێیان دەڵێ: ئیتر بەسە هەتا ئێستا چاوپۆشیمان لێ دەكردن بەكەیفی خۆتان فڕوفێڵ لەو میللەتە بكەن و سەیارەی ئەم و ئەو عەدم بكەن، ئیدى تەواو دەبێ لەمەودوا ترشبێ و تاڵبێ تا ئەو میللەتە لێمان ڕانەپەڕێ و چیتر گلەیمان لێ نەكات ئەوە دوو ڕۆژیتر هەڵبژاردن دێتە گۆڕێ، دەبێ لیتری هەمان ئەو بەنزینەى جاران كە بەبەنزینى سوپەڕ و موحەسەن لترتان بە1001دینار دەفرۆشت، لەمەودوا بە پێنج سەد دیناری بفرۆشن و لەوەشدا خۆ هەر خێرتان پێ دەگات با لەمەودوا قازانجەكەتان كەمتر بێ، تەماح پیسە، چاو مەگەر بەگڵ وەئەگینە بەهیچ شتێ پڕ نابێتەوە.
من هەر هاتە سەر زمانم، بێ بیركردنەوە لەو قسەیەى دەریدەبڕم، بەڕەیەكم هاوێشتە مزگەوتێ و وتم: وەك دەگێڕنەوە لەسەردەمى بەعسی گۆڕ بەگۆڕدا دوكاندارێ لەلای ئێمە هەبووە من بەبیرم نایێ، گوایە حكومەت نرخی بۆ شتی نێو دوكانەكان داناوە بەچەندی بكڕن و بەچەندی بفرۆشنەوە، ئەو كابرایەش لەفرۆشتى یەك لەشتەكانى لەجیاتى بەدینارێكى بفرۆشێتەوە وایدەزانى حوكمەت ئاگای لێ نییە بەدینار و ڕوبعێكی دەفرۆشت، كاتێ حكومەت بەم كەین و بەینە دەزانێ، بانگى دەكات و ڕێك پێنج سەت دیناری غەرامە دەكات، ئەویش بەهۆی ئەو پارە زۆری لێی دەسەنن جگە لەوەى دوكاندارەكانى دیكە ترسیان لێی نیشت و ناوێرن بە فلسێ زیاتر لەو نرخەى بۆیان داندراوە شتەكانیان بفرۆشنەوە، ئەو كابرایەش لەخەفەتان بەزگ دادەدا و دوای چەند ڕۆژێ هێندە خەفەت لەو پارە زۆرە دەخوات، یەكسەر دەمرێ، جا وەلڵاهی وەبیللاهی وەتەلڵاهی ئەگەر لەسەر سەرپێچیەكان یەك دوو كەس سزا بدرێ قەت ئەویتر ناوێرێ هەڵەى وا دووبارە بكاتەوە.
خاوەن تەكسیەكە وتى: ئێستا تۆ لەمن گەیشتى....
كە وتم: ئاخر ناكرێ هەر هەموو خەتاكە بخەینە ئەستۆی حوكمەت.
بەدەم قاقای پێكەنینەوە وتى: ئەگەر حوكمەت حوكمەتبێ چاوى ڕاستەى غەشی كرد دەبێ ئەو چاوەى دەربكات و حوكمەتەكەی لەپێناو چەند مشەخۆر و گەندەڵكارێك بەقوربانى میللەتێك نەكات.
هێشتا زۆر قسە مابوون من و ئەو وردی بكەینەوە، وەلێ كە تەواو گەیشتمە بەردەم بازاڕی نیشتیمان و لەبەر جەنجاڵی ئەو سەیارە زۆری دەهات و دەچوو كەڵكى هیچی بەبەرەوە نەمابوو سەیارەكە بوەستێنم و ڕەگەڵیدا بار و دۆخەكە زیاتر شەن و كەو بكەم، هەر ئەوەم بۆ كرا پێی بڵێم: قوربان لەو پێشەوە بۆمی ڕابگرە.
ئەویش لەجێوە تەكسیەكەى ڕاگرت و لەبەر زۆری ئەو سەیارانەى بەرەو ناو بازاڕ شۆڕ دەبوونەوە، هەر ئەوەندەم بۆ كرا بێ خواحافیزى بەپەلە دەرگاكە بكەمەوە و داببەزم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست