کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حەقە پەرلەمانتارەكەى فراكسیۆنى گۆڕان زمانى ببڕدرێت و لەبەردەم پەرلەماندا لەسیدارە بدرێت

Wednesday, 06/10/2010, 12:00


چاودێرێك

ئەو حكومەتەى لەم كوردستانەدا هەیە لە هەموو شتێك دەچێت بەس بەتەنها لە حكومەت نەبێت ,ئەو ئەندامانەى كە ئەم حكومەتە بەڕێوەدەبەن هەموو شتێكن بەس وەزیر و سەرۆك نەبێت .

ئەو پەرلەمانەى كە كوردستان هەیەتى لەهەموو شتێك (دیوەخان ....)دەچێت بەس پەرلەمان نەبێت ,ئەو پەرلەمانتارانەى (ژمارەیەكى كەمیان نەبێت كە بە پەنجەى یەك دەستن ئەوانە كەم تازۆر لەپەرلەمانتار دەچن)كە لەناو بەناو پەرلەمانى كوردستاندان لە هەموو شتێك دەچن بەس پەرلەمانتار نەبێت.

ئەو سەرۆكایەتیەى كە پەرلەمانى كوردستان هەیەتى لە (دیكتاتۆر-فرعەون ئیمپراتۆر-جەنەراڵ(د.رفیق وتەنى),باوەپیارە و باوەژن-مامۆستا و بەڕێوبەرێكى داربەدەست سەرۆك عەشیرەت , هەموو ئەمانە دەچێت جگە لە سەرۆكایەتى پەرلەمان نەبێت .

ئەو هۆڵەى پەرلەمانى كوردستانیش لە دیوەخانى ئاغا و كوێخاو مەلا و سەرۆك عەشیرەت و پۆلى قوتابخانە ....هەموو ئەوانە دەچێت جگە لە هۆڵى پەرلەمان .

ئاخر كێ بینیویەتى یاخود بیستویەتى رەعیەتێك لە دیوەخانى ئاغادا قسە بكات یاخود لەدەرەوە كفرێكى وا بكات بڵێت ئاغا ڕاست ناكات لەگەڵ رەعیەتەكانیدا دوایى لەسەر پێشنیارى ئاغا كە ئەو ڕەعیەتە بێ ئەدەبى كردبێت بەرامبەر بە ئاغا و سەرلەقاندن و چ چ چ ى ئامادەبوان و جەماعەتى ئەشهەد و بیلاى دیوەخانى ئاغا سەربلەقێنن و پێشنیارى چونە دەرەوەى ڕەعیەتى داماو قبوڵ بكەن ؟؟!!

دواتریش دور نیە فرمانى زمانبڕینى ئەو ڕەعیەتە داماوە و بەستنەوەى بەبەردەم دارەكەى مزگەوتدا تا ببێتە عیبرەت بۆ دانیشتوانى گوند و ئەندامانى دیوەخانى ئاغا دەربچێت .

یان تەلەبەیەكى عەجول لە پۆلدا بیەوێت بە مامۆستا داربەدەست و كۆنترۆڵكراو لە لایەن سەروخۆیەوە پێشنیار بۆ مامۆستا بكات بڵێ مامۆستا با ئەمڕۆ وانەكەمان ئەم بابەتە بێت چونكە ئەوە سودى بۆ هەمووان هەیە مامۆستاى داماویش لە ئیدارەوە پێى وترابێت ئەو بابەتە جارێ كاتى خوێندنى نیە ,بەڵام مامۆستا لە ئیحراجى خۆى ڕێگە نەدات ئەو تەلەبە عەجولە قسەكانى تەواو بكات چونە دەرەوەى ئەو تەلەبە هار و هاجەى كە لەڕووى مامۆستاكەیدا قسەى كردووە بكرێتە دەنگدانەوە بۆ بەردەم تەلەبە موئەدەب و عاقڵەكانى ناو پۆل و ئەوانیش وەك ئەوەى وەك ئەو تەلەبە نەبن یەكسەر بێ یەك و دوو دەست هەڵبڕن و سەربلەقێنن بۆ مامۆستا .

دواتریش مامۆستا و برادەرانى مامۆستا لەناو پۆل پێشنیارى پێكهێنانى لیژنەى ئینزیباتى بۆ ئەو تەلەبە هار و هاجە بكەن ,چونكە تەلەبەكە لە دەرەوە بە مامۆستاى وتببو كە مامۆستا ڕاستگۆ نیە لەگەڵ تەلەبەكاندا و جار جار فێڵیشیان لێ دەكات .

ئەو نمونانەى سەرەوە كە زۆر زیاتر هەن مەبەستمە نزیكى بكەمەوە لەم نمونەیەى كە ئێستا لەناو پۆلەكەى پەرلەمانى كوردستاندا هەیە ,ئەویش بەهۆى ئەوەى یەكێك لە هەرە تەلەبە عەجولەكانى ئەو پۆلەى پەرلەمان (عەبدوڵاى مەلانورى) لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامە بە مامۆستاكانى سەرۆكایەتى پەرلەمانى كوردستانى وتووە ڕاستگۆ نەبوون و فێڵیان لە ئۆپۆزسیۆن كردووە .

ئاخر برام كاك عەبدولا پێم ناڵێى تۆ لە كوێ دەژیت ؟ دیارە تۆ پێت لە بەڕەكەى پۆلەكەى پەرلەمان زیاتر ڕاكێشاوە ,تۆ چۆن وا بەو مەعسومانەى سەرۆكایەتى پەرلەمان دەڵێى كە ناڕاستگۆ بوون شیروان حەیدەرى وتەنى مەفهومى موخالفەى ئەم قسەیەى جەنابت =بەوەى سەرۆكایەتى پەرلەمان فێڵباز و درۆزنە .!!!!!!!!!!!

ئەى نازانى ئەوان فێرى ئەوە نەبوون كەس پێیان بڵێ سەر و چاوتان برۆى پێوەیە !!!؟؟؟ئەو سەرۆكایەتى پەرلەمانەى كە ئێستا بە فرسەتیش و كەمالیش و ئەرسەلانیش هەروەك ئەو نمونانەى پێشتر وتم وەك سەرۆك عەشیرەت-جەنەراڵ-ئاغا ... مامەڵە دەكەن و زۆرێك لە تەلەبە موئەدەبەكانى ناو پەرلەمان كوڕە بەخوا هەموویان سێ چوار عەجولى وەك تۆ نەبێت دەیەوێت وەك پەرلەمانتارى ڕاستەقینە بەماناى وشە مامەڵە بكات ئەگەرنا ئەوانى تر تا ئێستاش عەرەقى شەرمەزارى و دەمییان دەبێت بە تەڵەى تەقیو لەبەردەم مامۆستا كەمالدا و دەست بە سنگیانەوە دەگرن لەگەرمەى گفتوگۆى ناو پۆلى پەرلەمان ..

پێت سەیر نەبێت هاوڕێ گیان كە شیروان حەیدەرى بەنیازە تۆ بە پێى یاساى دارستانەكەى سەرۆكەكەى تاوانبار بكات و پێت بڵێت ئەو قسانەى پەرلەمانتارەكەى گۆڕان كردویەتى دورە لەڕەوشتى پەرلەمانتار و تاوانى كردووە.

منیش لەگەڵ قسەى شێروان حەیدەریم و دەڵێم دورە لەڕەوشتى پەرلەمانتار ئاخر برام ئەو داماوە سەرى لە پەرلەماندا سپى كردووە تا ئێستاش تەحیە دەكات فەقیرە حزب و دەسەڵاتێك ناردویەتى كە سەرۆك و گەورەكانى خۆیان لا پیرۆزە .
تۆیەك بتەوێت بەو تەمەنە گەنجەوە یاخى ببیت لە كۆمەڵێك كە بە عەقڵى ئاغا و ڕەعیەت مامەڵە بكەن تەنانەت لە پۆلى پەرلەمانیشدا هەردەبێت تاوانبارت بكەن و پێت بڵێن عەبدوڵاى مەلانورى جینایەتى كردووە .

خۆ ئەگەر پارتى و كەمال كەركوكى و فرسەت بداتە دەست من و شێروان حەیدەرى دڵنیابە یەك حكومى وەك یەكت بۆ دەردەكەین هەردوكمان ئەزانى چ حكومێك ؟
یەك زمانت دەبڕین ,دووەمیش ئیعدامت دەكەین لەبەردەم پەرلەماندا هەڵت دەواسین یاخود لەناو پۆلى پەرلەمان"

بەس هاوڕێى ئازیز ئەوە بزانە ڕاستە من و شێروان حەیدەرى یەك حكومى هاوشێوەت بۆ دەردەكەین بەڵام مەبەستمان زۆرجیاوازە ..

شێروان حەیدەرى بۆ زمانت دەبڕێت..
شێروان بۆ ئەوە زمانت دەبڕێت چونكە مامۆستا كەمال كەركوكى پێى وتووە زمانى ئەو تەلەبە عەجولەم بۆ ببڕە كە هەرچى لەژێر بەڕەیە دەیخاتە سەربەڕە و ئەم نەگبەتە ئیسراحەتى لەخۆم و وەزیرە كاسبەكەشمان (ئاشتى هەورامى)هەڵگرتووە و هەر ڕۆژەو نهێنیەكمان كەشف دەكات ..

بەڵام..من

مەبەستى زمان بڕینى من بۆ ئەوەیە دەبوایە ڕاستر بتوتایە ئەمانە درۆزنن فایلدارن حزبین و تەمسیلى بەرژەوەندی حزب و سەرۆكەكانى سەر و خۆیان دەكەن لە ناو پۆلى پەرلەمانى كوردستان ئەوەى وتوتە فێڵباز و درۆزن بەرامبەر دوو كاراكتەرى حزبى وەك كەمال و فرسەت زۆر كەمترە دەشێت پێم بڵێت نا تۆ هەڵەیت ناكرێت لە ئسلوبى قسە لابدەیت منیش دەڵێم ڕاستە بەڵام وتنى ڕاستیەكانیش ناكاتە بێ ئسلوبى ,تۆ زمانێكت هەیە زمانێكى ڕاستگۆ-ئازا-ئەوەى تۆ دەیڵیى و دەیكەیت بە پەنجەى یەك دەستم بۆت دەبژێرم كە بەخودا زیادەش دەبێت لەو سەدو یانزە تەلەبەى تر پێیان ناوترێ و ناكرێ تۆ ئاگادارى ئەگەر دوو قسەى تر بكەیت دڵنیام و گەرەنتیت دەدەمێ كە ئاشتى هەورامى و كەمال و فرسەت و شێروان حەیدەرى جەڵدەیان مسۆگەرە -بۆیە چاوەڕێى زیاتر و زۆرترت لێدەكەین .


شێروان حەیدەرى ..

شێروان بۆ ئەوە حكومى لە سێدارەدان و هەڵواسینت بۆ دەردەكات لەبەردەم پەرلەمان یاخود ناو پۆلى پەرلەمان تا ببیتە عیبرەت بۆ هەموو ئەوانەى كە دەیانەوێت ڕۆژێك لەڕۆژان وەك تۆ قسە بكەن بەڵكو بكەونە گغە و بڤە لەناو پۆل بەرامبەر بە مامۆستا كەمالى ئەندام مەكتەب سیاسى پارتى تا هەركەس ویستى ئەو گغە و بڤەیە بكات یەكسەر وێنەى تۆى نەگبەت و عەجول و سەرەخۆرەى لەبەرچاوبێت و تف لە قوڕگیدا وشك بێت و نەتوانێت دەم بكاتەوە لە خزمەت مامۆستا كەمالدا .

بەڵام ..من
ئەگەر من حكومى لە سێدارەدان و هەڵواسینیشت لە بەردەم پەرلەمان یان ناو پۆلى پەرلەمان بۆ دەربكەم دڵنیابە بۆ ئەوەیە ببیتە نمونەبۆ جوڵاندنى غیرەتى ئەو تەلەبە موئەدەبانەى ترى ناو پۆلەكەت ,,بۆ ئەوەى هەركات هاتنە پەرلەمان یان چونە ناو پۆل وێنەى پیرۆزى تۆ كە بویتە قوربانى زمانە ڕاستگۆ و وتنى ڕاستیەكان و گەیاندنى بەخەڵك بوبینن و ئیه ئەمە خوابیكات ئەوانیش مسقاڵێك غیرەت و جورئەتت لێ وەربگرن و بكەونە گروگاڵ انشاوالله .گومانت نەبێت لەوەى هەردوایى ئەوەى حكومى لە سێدارەدانت بەسەردا جێ بەجێ كرا لەبرى پەیكەرى ئازادى پەیكەرى ئازایى و جورئەتت لەبەردەم و لەناو پۆلى پەرلەماندا دادەنێم ,ڕەسمى مستەفا بارزانیش دەنێرینەوە دیوەخانەكانى كەمال و مەسعود و فرسەت و ئاغاكانى عەشیرەتى بارزان وێنەى تۆ بە گەورەیى لەوێدا هەڵدەواسین تا هەمیشە و بۆ هەتا هەتایە ببیتە نمونە بۆ هەموو خولەكانى پەرلەمان و غیرەت و جورئەت بدەیتە پەرلەمان .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە