" چوارێنەکانم "
Tuesday, 13/05/2014, 12:00
1922 بینراوە
هەتا دونیا هەبێ ئەویندارت دەبم من
لە ریزی ئاشقان یارت دە بم من
لەناو گۆڕ گەر چی جەستەم نێژراوە
بە مردووییش گرفتارت دەبم من .
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
بەیانان تا کو شەو گریان وناڵان
لە دەست چووژینی من بردت بە تاڵان
لەبەر وەی پێت بگەم بێچارە ماوم
بە جێ ماوم لە کاروانی هەواڵان .
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
کە شەو دادێ لە چاوم خەو رەویوە
لە بیلبیلەم سەری دڕکە چە قیوە
شەوم تێپەڕ دەبێ کازیوەکانیش
وەها لێڵن جەهەننەم لێی بەزیوە .
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
بەیانان بولبول و گوڵ دێنە دیدار
لە ئامێزن وەکو جووتێک ئەویندار
هەموو وەرزم بە تەنیا تۆ گوڵم بوی
نەبو جارێک بپرسی حاڵی خەمبار .
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
بەهاران کاتێ بولبول دڵ خرۆشە
لە تاوی گوڵ هەموو جەستەی لە جۆشە
منی حەیران و تەنیا دوورە یارم
دەڵێی قالبەندی گیانم وەک نەخۆشە .
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
هەموو میوانین و کەس ناژی تا سەر
بە پانتایی جیهانی بێ سەر وبەر
ژیان هەر وەندە خۆشی شادوئازاد
بە کورتیش بێ بەڵام سەر بەرزو سەروەر .
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
لەشم وەک تون و ئاگردانە ئەو شۆ
بە بێ تۆ ژین وەکو زیندانە ئەو شۆ
لە بێ بەختی شەوی تار چەند درێژە
تەواوی تان وپۆی لێم بۆتە نامۆ .
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
ئەوەی بێ دەردە با دەردی لێ بارێ
دڵیک چۆلگەی ئەوین بێ با بتارێ
لە کازیوان بپرسن بولبولی شێت
دەڵێ دڵ خوێن نەبێ با هەر بهاڕێ .
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
لە دەستی تۆ دڵم داییم خرۆشە
وەکو تۆفانی بێ وادە لە جۆشە
نییە چارە م دە نا کوا یاری وایە
ئە تۆ شادو منیش دونیام پەرۆشە .
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
هەزاران جار گوتم دڵداری من بە
لە رۆژی رەش ئەوینداری دڵم بە
ئەگەر چارەی نەما ناڵەو نەوای من
کە دڵ وەستا لە ژین گۆڕ هەڵکەنم بە .
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
شەوورۆژ کاری من گریانە بۆ تۆ
لە ناڵەم دارو بەرد هاوارن وگۆ
منی بێچارە بۆ وەی پێت بگەم زوو
بە سەر دێم تاکو ماوم نەبمە نامۆ .
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
جەعفەر/ کەریمی
تورکو / فەنلەند
٢٠٠٧ / زایینی