کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ده‌سه‌ڵاتداران نه‌ك هه‌ر دوژمنی ڕۆژنامه‌نووسانی ئازادن، به‌ڵكو دوژمنی ڕكابه‌ره‌كانی ناو خۆشیانن

Wednesday, 30/07/2014, 12:00


هه‌رگیز كه‌سانی ئازاديخواز له‌گه‌ڵ هیچ توندو تیژییه‌كدا نین كه‌ به‌رامبه‌ر به‌هیچ كه‌سێك و لایه‌نێك بكرێت و هه‌میشه‌ دادگا به‌تاكه‌ شوێن ده‌زانن كه‌ سه‌روه‌ری یاسای تێدا فه‌راهه‌مبكرێت و مافی هه‌موو كه‌س و لایه‌نێك بدات، به‌ڵام به‌درێژایی بیست و دوو ساڵی حكومه‌تی كوردی بینیومه‌ كه‌ یاسا بووه‌ به‌لاستیك به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌و به‌ویستی خۆیان چۆنیان ویستبێت وا ڕایانكێشاوه‌، هه‌ركاتێك كه‌سێكیان كوشتبێت یان هێرشیان كردبێته‌ سه‌ر لایه‌نێك یان له‌ئازادیخوازێكیان دابێت و گومان له‌كه‌سێكی سه‌ر به‌مافیاو چه‌ته‌كانی ده‌سه‌ڵات كرابێت و كه‌سێك برابێته‌ به‌رده‌م دادگا، ئه‌وا زۆربه‌ی كات له‌ڕێی دادگاوه‌ تۆمه‌ته‌كانیان له‌سه‌ر خۆیان لابردووه‌و بگره‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ تۆمه‌ت و تاوانی زۆرخراپیشیان بۆ لایه‌نی به‌رامبه‌ر دروستكردووه‌و تا وای لێهاتووه‌ لایه‌نی زوڵملێكراو وازی له‌داواكه‌ی هێناوه‌.
نامه‌وێ لێره‌دا یه‌ك به‌یه‌ك بیرتان بخه‌مه‌وه‌ كه‌ ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌سه‌ر كێ و چۆن، چونكه‌ هه‌موان ده‌زانن كه‌ (سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌و سه‌رده‌شت عوسمان و كاوه‌ گه‌رمیانی و چه‌ندینی تر) قوربانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ دژ به‌ئازادییه‌ن، كه‌ دواترینیشیان ڕۆژنامه‌نووس (ئه‌یهان سه‌عید)ی كه‌ناڵێكی ئۆپۆزسیۆنی جارانه‌، به‌ڵام ڕۆژانه‌ ده‌شیبنین كه‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌كانی سه‌ر به‌كه‌ناڵه‌كانی خۆیان زۆر به‌ئازادانه‌ دێن و ده‌چن و ڕۆژێك نه‌مانبینی كه‌ له‌یه‌كێكیان بدرێت چونكه‌ خه‌ڵكی ئازادیخواز باوه‌ڕیان به‌و ئازادییه‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن و داوای ده‌كه‌ین، بۆیه‌ ئه‌و ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌ بۆ ڕۆژنامه‌نووسانی سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاتیشی به‌ڕه‌وا ده‌بینن، ئه‌مه‌ له‌كاتیكدا هه‌ندێكجار ڕۆژنامه‌نووسانی سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات تۆمه‌ت و بۆختانیان بۆ نه‌یاره‌كانی خۆیان دروستكردووه‌و زۆر لێزانانه‌ بۆیان داڕشتوون و هیچ ده‌نگێكی ناڕه‌زایشیان به‌رامبه‌ر نه‌وتراوه‌، چونكه‌ له‌ڕوانگه‌ باوه‌ڕبوون به‌پیشه‌ی ڕۆژنامه‌وانییه‌وه‌ بووه‌و زۆر به‌ده‌گمه‌نیش نه‌بێت ڕووبه‌ڕووی یاسا نه‌كراونه‌ته‌وه‌.
وه‌ك له‌ناونیشانه‌كه‌دا وتم ده‌سه‌ڵاتداران نه‌ك هه‌ر دوژمنی ڕۆژنامه‌نووسانی ئازادن به‌ڵكو دوژمنی ڕكابه‌ره‌كانی ناو خۆشیانن، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌ره‌ زله‌كان له‌ناو حیزبه‌كاندا بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ئه‌وا ده‌بێت چاوه‌ڕوانی په‌رچه‌كرداریشیان لێ بكه‌ین كه‌ هه‌یانه‌ بۆ به‌رامبه‌ره‌كانیان، چونكه‌ بیستوومانه‌ كه‌ ماسییه‌ گه‌وره‌كان ماسییه‌ بچووكه‌كان قوتده‌ده‌ن و مێرووه‌ گه‌وره‌كانیش مێرووه‌ بچووه‌كان ده‌خۆن. كێبڕكێی نێوخۆیی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان نموونه‌ی قوربانیدانی گه‌وره‌ی لێكه‌وتۆته‌وه‌و پاشان دادگاش ده‌سته‌وه‌ستان ماوه‌ته‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ریاندا، چونكه‌ تاوانه‌كانیان گۆڕیوه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌خۆیان و دادگاش مافی بۆ ده‌ستدرێژیلێكراوه‌كه‌ وه‌رنه‌گرتۆته‌وه‌، نموونه‌ی ئه‌م تاوانه‌ قێزه‌وه‌نانه‌ وه‌ك كوشتنی (عه‌دنان خه‌یروڵڵا) له‌لایه‌ن سه‌دام حسێنه‌وه‌ چونكه‌ به‌گومانی كوده‌تا به‌سه‌ریدا سه‌دام ده‌ستی چووه‌ خوێنی ژنبراكه‌ی خۆی و كه‌ له‌كاتێكدا ئه‌وان له‌سه‌یران و خۆشی گه‌ڕان بوون خۆیان وته‌نی له‌(شمالنا الحبیب)و له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌دا بۆ به‌غداد بۆمبێكیان له‌ناو فڕۆكه‌كه‌ی عه‌دناندا داناو له‌نزیك شاری موسڵ ته‌قییه‌وه‌و سه‌رجه‌م سه‌رنشینه‌كانی ناو فڕۆكه‌كه‌ تیاچوون و دوایش ڕووداوه‌كه‌ به‌قه‌زاوقه‌ده‌ر دانرا.
وه‌ك ده‌ڵێن (گیا له‌سه‌ر بنجی خۆی ئه‌ڕوێته‌وه‌) عوده‌ی سه‌دامیش هاوشێوه‌ی باوكه‌ دكتاتۆره‌كه‌ی یه‌كێك له‌یاریده‌ده‌ره‌كانی خۆی به‌دارو لێدان كوشت و دوایش ڕووداوه‌كه‌یان پێچه‌وانه‌ كردنه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ عوده‌ی دارێكی به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌و له‌م كاته‌دا ئه‌و یاریده‌ده‌ره‌ی سه‌ری به‌رزكردۆته‌وه‌و سه‌ری به‌ر داره‌كه‌ی ده‌ستی عوده‌ی كه‌وتووه‌و مردووه‌و دوایش دادگا بڕیاری بێتاوانی بۆ عوده‌ی ده‌ركردووه‌و كه‌ گوایه‌ خه‌تای یاریده‌ده‌ره‌كه‌ خۆی بووه‌ بۆچی سه‌ری به‌رزكردۆته‌وه‌و به‌ر داره‌كه‌ كه‌وتووه‌، له‌م كاته‌شدا سه‌دام بۆئه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه‌ی خۆی و كوڕه‌كه‌شی له‌بیر خه‌ڵكی عێڕاق بباته‌وه‌و به‌حساب سزای عوده‌ی ده‌دات، عوده‌ی گواسته‌وه‌ی بۆ لای به‌رزانی مامی له‌سويسرا كه‌ له‌و كاته‌دا به‌رزان نوێنه‌ری عێراق بوو له‌كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كان له‌جنێف، چونكه‌ ئه‌م دوو ڕووداوه‌ی سه‌دام و كوڕه‌كه‌ی له‌ساڵی 1989 ڕوویاندا.
له‌دوای ڕاپه‌ڕینیش هه‌ندێك له‌ده‌سه‌ڵاتداره‌ مافیاكانی نێو هه‌ردوو حیزبه‌ زلهێزه‌كه‌ی كوردستان هه‌ر درێژه‌پێده‌رو زیندووكه‌ره‌وه‌ی هه‌مان كلتوری به‌عس بوون و كه‌ی ویستبێتیان نه‌یاره‌كانی خۆیان له‌ناوبردووه‌و به‌كه‌یفی خۆیان به‌عس ئاسا كێیان ویستبێت كوشوویانه‌، نموونه‌ی تاوانی ئه‌م حوكمه‌ به‌ربه‌رییه‌ی هه‌ندێك له‌سه‌ركرده‌ مافیاكان وه‌ك كوشتنی (محێدین ڕه‌حیم) به‌رپرسی لقی چواری پارتی له‌لایه‌ن خودی پارتی خۆیه‌وه‌ ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی 31ی ئاب و هێنانه‌وه‌ی به‌عس بۆ كوردستان ناڕازی بوو له‌حیزبه‌كه‌ی، هه‌روه‌ها خنكاندن و له‌ناوبردنی (زانا حه‌مه‌ ساڵح)ی قائیمقامی پێشووی سلێمانی له‌لایه‌ن خودی یه‌كێتی خۆیه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستانه‌یان كه‌شف نه‌بێت كه‌ له‌ڕێی ئیمزاكانی زاناوه‌ زه‌وی لایه‌كی سلێمانییان له‌سه‌ر خۆیان تاپۆكردبوو. بۆیه‌ ده‌بێت بڵێین كه‌ هه‌زار ڕه‌حمه‌ت له‌كفندزو به‌ڕاستی حوكمی كوردی و ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌كێتی هه‌زارجار ڕووی به‌عسیان سپیكردۆته‌وه‌و ئیتر رۆژنامه‌نووسێكی بێ پشت و په‌نا چییه‌ كه‌ بتوانێت بكۆكێت له‌ئاستی ئه‌ماندا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە