کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەو دەمەی دراو دەبێتە ئامانج، پادشای دەمامکدارو کۆیلەی ماددە وڵات وێران دەکات!؟

Friday, 06/09/2013, 12:00







مرۆڤ بە هەڵوێست و بیروباوەڕییەوە دەناسرێت و هەر بە ئەویشەوە سەنگ و قورسایی خۆی زیاد دەکات لە کۆمەڵگەکەیدا، بۆیە بیرو باوەڕو دامەزراوی لەسەر بیرو باوەڕ، بە پایەیەکی بنچینەیی کەسایەتی و پێگەی کۆمەڵایەتی تاك دێتە ئەژمار، لێرەوە دەتوانین بڵێین هەڵوێست و بیروباوەڕ شوناس و ناسنامەی تاکە، ئیتر بیرو باوەڕ سیاسی بێت یان ئاینی تادوایی.......

بەڵام، ئەوەی مەبەستی ئێمەیە بیرو باوەڕی سیاسی و لەحزەکانی هەڵوێست وەرگرتن و هەڵوەستەکردنی سیاسیانەی تاکە بەرامبەر ڕوداوو پێشهاتەکانی ڕۆژ، لێرەوە تاكەکان شوناس و ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان دەردەخەن و وێنای کەسێتی خۆیان دەکەن و کێش و سەنگیان بەرجەستە دەکەن ،کە ئایا کەسایەتییەکی مرۆڤ دۆست و بەهەڵوێست و پۆزەتیڤن یان کەسایەتییەکی پاسیڤی نێگەتیڤی هەلپەرستی بەرژەوەندیخواز بۆیە باوەڕیی و هەڵوێست ،هەروەها بە بنەماگرتنی ئامانجە بەرزو باڵاکان دەبنە شوناس و پێناسی تاك لە ئێستاو ئایندەدا ، هەرکاتێك مرۆڤ ئامانجەکانی کورت کردەوە لە بەدەستگەشتنی دەسکەوت و پلەو نازناوداو پشتی لە هەڵوێست و پڕەنسیپ و مەبادیئەکانی کرد، ئەو دەمە بە دەستی خۆی شورای کەسێتی و به ها و قودسیەتی خۆی ڕوخاندووەو ئاگری بەرداوە لە هەوڵ و کۆشش و ژیانی واتایی خۆی، ئەو لەحزانەشی کە تاك کەسێتی و سەنگی خۆی دەردەخات تیایداچەند لەحزەیەکی کەم و هەندێك جار دوبارە نەبووەن، بە لەدەستدانیان مێژوویەکی تاریك دەبێتە چانسی ئەوانەی نەیانتوانیوە بییانقۆزنەوە، جا یەکێك لەو لەحزانەش، ساتەوەختی خۆ یەکلاکردنەوەی تاکە لە نێوان هەڵبژاردنی بەرژەوەندی ماددی و دەسکەوتی کاتی و پۆستێکی لەرزۆکی کەمتەمەن و بەرژەوەندی گشتی و نیشتیمانیدا، بەتایبەتی لە وێستگە گرنگ و نایابەکانی وەرچەرخانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، کە دەبێتە دیرۆک و هەڵسەنگاندنی کەسێتی تاکی لەسەر دەکرێت ، بۆیە دەبێت بزانین ئەو ساتەوەختانە کامانەن کە دیرۆک دروست دەکات بۆ تاك بە سپێتی بێت یاخود ڕەشێتی، بە بیرو باوەڕی من ئەو ساتەوەختانە ساتەوەختی ڕاچنین و ڕووبەڕوو بوونەوەی گەل و نیشتیمانە لەگەڵ دەسڵاتە پاوانکارو خۆسەپێن و نادیمۆکراسیەکاندا، ئەو دەمانەیە کە کۆمەڵگەو نیشتیمان و نەتەوە پێویستی بە هەڵوێست و بڕیاری دروستی تاك هەیە هەتا لە خنکاندن و وێرانستان بیپارێزێ، واتە هەڵوێست و بڕیاری تۆ دەبێتە بەربەستێکی پۆڵاین لە بەردەم شاڵاوی دیکتاتۆریەت و دەسبڵاوی گەندەڵکارندا کە ماکی دواکەوتن و چەقبەستنی وڵاتن ، بۆیە بە بڕوای من ساتەوەختێکی وەکو ئەمڕۆ ، کە کوردستان لەبەردەم دوڕییانێکی سیاسیدایە کە ڕێیەکیان کۆمەڵگە ئاراستەی دەسڵاتێکی سعودی بنەماڵەیی دەکات و درێژە بە مۆدیلێکی دواکەوتووی دەسڵات دەدات کە میللەت و تاک لە سەر بنەمای(بیستمان و پابەندین) پەروەردە دەکات، وە ڕێی دووەمیش کە دەیەوێت تاك و کۆمەڵگە ناوەندو چەقی بڕیارو دەسڵات بن و پانتاییەکی بەرین دەخاتە بەردەم تاکەکان بۆ ممارەسەکردنی مافەکانیان و چێژوەرگرتن لە ئازادییە خودییەکان ، ساتەوەختێکی مێژوویی دوبارە نەبۆوەیە ، کە ڕەنگڕێژی نەخشەی سیاسی کوردستانی بۆ ماوەیەکی دوور لە سەر بونیاد دەکرێت ، لە ساتەوەختێکی وادا کە ئەو جوگرافیایەی گەلەکەمانی تیادا دەژی لەبەردەم تەوژمی گۆڕانێکی سیاسی _کۆمەڵایەتی _ئایدۆلۆژی گەورەدایەو لە هەموو دەم گەلەکەمان زیاتر پێویستی بە هێزێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی سەربەخۆ هەیە کە وەڵامگۆو شایستەی ئەم لەحزە مێژووییە بێت کە تیایدا دەژین، بۆ ئەوەی جوڵە سیاسی و ئابووریەکانمان بە ئاقاری خزمەتکردن بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردمان لە کوردستانی گەورەدا بەرین و نەکەوینە گۆشەی سود گەیاندن بە ئایدۆلۆژیای دوژمنانی گەلەکەمانەوە، کە بێگومان ئەوەش بەهێزێکی مودێرنی نیشتیمانی پێشکەوتوو خواز دەکرێت کە تێکەڵ بە ئایدۆلۆژیاو ئەجێندای هیچ هێزێکی سیاسی نەبوو بێت و جوڵەکانی و بڕیارەکانی بەدیهێنەری خەونی لە مێژینەی ئەوان نەبێت ، هێزێک کە ئاشتەوایی و دادگەری کۆمەڵایەتی بەدیبهێنێت و بتوانێت سامانی وڵات بخاتە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردەوە ، ئەو هێزەش بێگومان ناشێت و ناکرێت هێزگەلی نەریتی بن وکۆمەڵگە لە سەر کلتوری پارتایەتی پەروەردە بکەن ، بۆیە پێم وایە دەنگدانی ئەمجارە دەنگدانێکی چارەنوسسازو گرنگە هەم لە سەرئاستی ناوخۆیی بۆ سەندنەوەی تۆڵە لە و هێزانەی بە خراپە مامەڵەیان بە ئیرادەو ویست و سامانی وڵاتەوە کردووەو کوردو دۆزەکەیان گەیاندۆتە تونێلێکی تارك کە ئەوسەری دیارنییە، هەم لەسەر ئاستی دەرەکیش و لە پارچەکانی تری کوردستاندا بۆ بە نەتەوە ییانە مامەڵە کردن لە گەڵ پرسی کوردا دوور لە هیچ تەماعێکی سیاسی و حزبی بەرتەسك ، بۆیە هیچ کات ڕێگە مەدەن دراوو پۆست و دەسکەوت ببێت بە ئامانجتان و دوورتان بخاتەوە لە بەرژەوەندیەکانی نەتەوەو نیشتمان ، ویژدانتان هەڕاجی هیچ دەسکەوت و پلەو پۆستێك مەکەن و دەنگ بدەن بە تەوژمێك کە بە ئاراستەی کەنارەکانی نیشتیمانەوە دێت و شنەی ئازادی و ڕزگاری لە دەریاوە دێنێ بۆ سەر بیابانی وشك و برنگی پادشا دەمامکدارو کۆیلە ماددە پەرستەکان کە دراویان کردۆتە ئامانج و خەون و هیوایان.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە