تاریق ڕەمەزان و ئیبراهیمی کاکە ئەحە
Monday, 14/11/2011, 12:00
تاریق ڕەمەزان یەکێک لەو فڕۆکەوانانەی کە ئەرکی سەرپەرشتی و کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەی لە ئەستۆدا بوو لە ١٦/٣/١٩٨٨دا، لە ئەنجامی تاوانێک کە تاریق ڕەمەزان و هاوکارەکانی ئەنجامیاندا یەكێک لە گەورەترین کارەسات و کۆمەڵکوژی سەدەی بیستەمی لێکەوتەوە، تاریق ڕەمەزان ئەو تاوانبارەیە کە خۆی دانی بەوەدا ناوە کە یەکێکە لەو فڕۆکەوانانەی کە هەڵەبجەیان بە گازی کیمیاوی بۆردوومان کردوە.
تاریق ڕەمەزان لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ٣/٢/٢٠٠٥ لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە دەسگیر دەکرێت، بەپێی هەواڵەکان لەدوای بەندوبەستێک لە نێوان جەلال تاڵەبانی و پیاوماقوڵانی عەشیرەتەکەی تاریق ڕەمەزاندا ناوبراو ئازاد دەکرێت، تاریق ڕەمەزان نەک هەر ئازاد دەکرێت بەڵکو بەشێک لە بەرپرسانی دەزگا ئەمنیەکان وێنەی یادگاری لەگەڵدا دەگرن و دواتر لە گەشتێکی پڕ لە ئارامی و بەحورمەتەوە دەگوێزرێتەوە بۆ وڵاتی بەریتانیا.
تاریق ڕەمەزان تەنها تاوانبار نیە کە لەسەر دەستی دەسەڵاتدارانی کوردستان لەبری تاوانەکانی پاداشت کرابێت، بەڵکو چەندینی وەک وەفیق سامەڕائی، شێخ جەعفەری پارێزگاری سلێمانی، نزار خەزرەجی، سەدان موستەشار، یان پلەوپایەی حیزبی و حکومیان پێدراوە، یان جێگای حەوانەوەیان بە هەموو پێداویستیەکانی ژیانەوە بۆ دابین کراوە، ئەم تەشریفاتە لە لایەن (یەکێتی و پارتی)ەوە تا ئاستی خزمەتگوزاری بۆ ڕەغدە سەدام حسێن و عائیشە قەزافی شۆڕبۆتەوە.
جێگە دەستی تاوانی تاریق ڕەمەزان لە کۆمەڵکوژی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، وەک هەموومان دەزانین زیاتر لە ٥٠٠٠ هەزار قوربانی و ئاوارە و برینداربونی دەیان هەزار ئینسان و لەڕیشەوە هەڵکێشانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و فەرهەنگی سەرتاپای شارێکی لێکەوتەوە، جێگە دەستی تاریق ڕەمەزان و دەسەڵاتی بەعس و هاوکارەکانی لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، تاکو ئەم چرکەساتەش بە تاک بەتاکی خەڵکی هەڵەبجەو، بە بست بە بستی زەوی هەڵەبجەو، بە دڵۆپ بە دڵۆپ ئاوی هەڵەبجەو، بە دانە بەدانەی هەناسەی دانیشتوانی هەڵەبجەوە دیارە، دەست و دیاری تاریق ڕەمەزان بۆ خەڵکی هەڵەبجە ئەوەندە کاریگەر و دژی ئینسانی بوو، تاکو ئێستا نزیک لە ٦٠ کەس لە برینداربوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە گیانیان لەدەستداوە.
تاریق ڕەمەزان لەسەر بناغەی ڕشتنی خوێنی خەڵکی هەڵەبجەو کوشتنی ئینسانەکان ژیانی پڕ لە خۆشی و کەیف نۆشی بۆ خۆی و خێزانەکەی دابین کردبوو، تاریق ڕەمەزان و دەسەڵاتەکەی دەبوایە ئینسانە بێ بەشەکانیان کۆمەڵکوژ بکردایە بۆ ئەوەی ئەوان تێربن و کورسی دەسەڵاتەکەیان پارێزراوبێت.
بەپێی ڕونکردنەوەیەکی (ئاسایشی گشتی_ سلێمانی) تاوانبار تاریق ڕەمەزان لە ٢٥/١٠/٢٠٠٨ لە کاتی بردنی بۆ نەخۆشخانە لە لایەن ئاسایشی سلێمانیەوە ناوبراو هەڵهاتوە، هەرکەسێک ئەم سیناریۆ دەبیستێت تێدەگات ئەم دەسەڵاتە چەندە شارەزا و پڕ ئەزمونە بۆ هاوکاری و ئازاد کردن و تەشریفاتی تاوانبار و ئینسانکوژەکان.
ئیبراهیمی کاکە ئەحە یەکێک لە ڕزگاربوەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە بەدەستی تاریق ڕەمەزانەکان، ئیبراهیمی کاکە ئەحە یەکێک لەو تێکۆشەرانەی کە ئامادەبوو بە گیانی خۆی ژیان بۆ دەیان ئینسان بکڕێتەوە لە ئەمنەسورەکەی سلێمانی لە ڕاپەڕینی ١٩٩١دا، ئیبراهیمی کاکە ئەحە ئەو کەسەی کە ژیانی خۆی و خێزانەکەی لەسەر ماندویەتی و ئارەقەی نێوچەوانی خۆی دابین دەکات، ئیبراهیمی کاکە ئەحە ئەو کەسەی کە بەهۆی کەسایەتی و سادەبوونیەوە جێگای باوەڕی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی هەڵەبجەیە، ئیبراهیمی کاکە ئەحە یەکێک لە ناوە دیارەکانی ناو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی هەڵەبجە لە دوای ١٧ شوباتەوە، ئیبراهیمی کاکە ئەحە یەکێک لە قوربانیەکانی دەستی ئەو هێزە تۆکمەی کە تاریق ڕەمەزان لە دەستیان هەڵهات و ئیبراهیمی کاکە ئەحەیان گەیاندە کەناری مەرگ، تاریق ڕەمەزان و ئیبراهیمی کاکە ئەحە دوو ئینسان و دوو سیناریۆی جیاوازی سەر شانۆی سیاسی کوردستان.
ئیبراهیمی کاکە ئەحە لە ڕۆژی ٢٧/٩/٢٠١١وە لە زینداندایە، لە ژێر ناوی دادگا و سەروەری یاسا، بەتۆمەتی بانگەشە بۆ توندوتیژی دەیانەوێت سیناریۆیەکی ڕەش بۆ دەمکوت کردنی ئیبراهیم و سەرکوت کردنی ئازادی لە کوردستان بەڕێوەبەرن، دەسەڵاتدارانی کوردستان هەمان ئەو سیناریۆیەی بۆ ئازادکردنی تاریق ڕەمەزان دایانتاشی، ئێستا خەریکن پێچەوانەکەی بۆ لەزیندان هێشتنەوەی ئیبراهیمی کاکە ئەحە پیادە دەکەن، کاتێک تاریق ڕەمەزان لە ڕێگای نەخۆشخانە هەڵدێت، ئیبراهیمی کاکە ئەحە دوای ئەوەی هێزە چەکدارەکانی دەسەڵات بەسەختی برینداری دەکەن و دوای ئەوەی لە نەخۆشخانە دێتە دەرەوە دەسگیری دەکەن، کوان ئەو دادوەرانەی ئێستا ئیبراهیمی کاکە ئەحەیان لە زیندان ڕاگرتوە؟ کوا ئەو دادگایەی پرسیارێک لەسەر چۆنیەتی هەڵهاتنی تاریق ڕەمەزان ناکات؟ کوان ئەو سەرۆکانەی بڕیارەکانیانی خۆیان بەپێچەوانەوە جێبەجێ دەکەن؟ دەسەڵاتداران دەیانەوێت لە ڕێگای دۆسیەی ئیبراهیمی کاکە ئەحەوە پاشەکشە بەو ئامادەی و ئیرادە نواندنەوە بکات کە لەداوی ١٧ شوباتەوە خەڵکی کوردستان پێیگەشتون.
ئەگەر ساڵانێک نوسەران و ڕۆشنبیران باسی ئەوەیان دەکرد کە ئەم دەسەڵاتە بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدات قوربانی بکاتە جەلاد، ئەوا ئێستا بە کردەوە ئەم دەسەڵاتە لە دووتوێی پەردەی شانۆگەریەکی تاریکدا، کار لەسەر ئەوە دەکات قوربانیەک بکاتە جەلاد وەک چۆن لە دۆسیەی سەردەشت عوسماندا بینیمان.
دەسگیرکردن و دۆسیەی لەزیندان هێشتنەوەی ئیبراهیمی کاکە ئەحە پیلانێکی گەورەی دەسەڵاتی لە پشتە، ئەم پیلانە بەقەدەر یەک نووکە دەرزی پەیوەندی بە یاساو دادگاو دادپەروەرییەوە نیەو بڕیارێکی سیاسیە، ئەم هەنگاوەی دەسەڵات زەنگێکە بۆ هەر ئینسانێک کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەدەسەڵات بڵێ (نا)، دۆسیە و دەسگیرکردنی ئیبراهیمی کاکە ئەحە ڕوبەڕوە لەگەڵ بێدەنگی و بێدەربەستیەکی ترسناکدا، دەبێت لە زوترین کاتدا ئەم بێدەنگییە بشکێنرێت و دۆسیەی ناوبراو وەک یەکێک لە دۆسیە گرنگ و چارەنوسسازەکان سەیر بکرێت، ئەوەی تاکو ئێستا کەمپینی ئازادکردنی ئیبراهیمی کاکە ئەحە و ئازادیخوازان و بەشێک لە میدیاکان ئەنجامیانداوە، کافی نیە بۆ ئەوەی ئیبراهیمی کاکە ئەحە وەک ئینسانێک ئازاد بکرێت و پیلانی دەسەڵاتیش شکستی پێ بهێنرێت، با هەموو هەوڵ و تواناکانمان بۆ ئەم مەبەستە یەکبخەین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست