کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەرپرسانى یەكێتى وپارتى تەقلەیان بە(غاندى وگیڤارا)لێداوە!!

Tuesday, 02/03/2010, 12:00


وەك چۆن مێژوو شاهێدە بەدرێژاى شۆڕشە یەك لەدواى یەكەكانى كورد بەردەوام (یەكێتى وپارتى) هەموو ڕێوشوێنێكی نایاساییان گرتۆتەبەر لەپێناوكپكردنى بۆچونی جیاوازى پارتە سیاسیەكانى دیكەى كوردى تەنانەت زۆرجار لەبەرامبەر خۆشیاندا,كەدواجار هەمووئەمانەش لەپێناوبەرژەوەندى تەسكى حیزبایەتیدا سەرچاوەیان گرتوە,تەنانەت زۆرجار كارگەیشتۆتە ئەوڕادەیەى پەنابۆ دوژمنێك بەرن كەتینو بەلەكەداركردنى هەموو سەروەریەكانى بزوتنەوە سیاسی وچەكداریەكانى كوردبوە لەهەركونجێكى ئەم جیهانەدا سەریهەڵدابێت ,لەهەمووشى ترسناكتر ئەوەیە كە تائەمڕۆش بەشێك لەو خیانەتانە لەلایەن سەركردەكانى ئەم دووحیزبەوە شانازیان پێوەدەكرێت, ئەو خیانەتو كارە نانیشتیمانیانەش ئەوەندە زۆرن كەدواجار یاداشت گەلێك لەمێژووى ئەم میللەتەدا دەنەخشێنن!.
ئەوەى لێرەدا جێگاى باسكردنە ئەم دووحیزبە سیاسەتى دواى ڕاپەڕینیشیان دووبارەكردنەوەى هەمان سیناریۆى ئەوسیستەمە كۆنزەرڤاتیفەى سەردەمى شاخیان بوو ,وەلێ سیناریۆیەكى جیاوازتر ,بۆنموونە جاران بن كەوڕگو ئەشكەوتى چیاكان پشتیرو تەنوربانى گوندەكان شارى (ئۆرشەلیم) بوو بۆیان ,بەڵام ئەمڕۆ دواى 19ساڵ تێپەڕبوون بەسەر قۆرخكردن ومۆنۆپۆلكردنى ئەم هەرێمەدا و7ساڵ تێپەڕبون بەسەر حكومڕانیكردنیان لەبەغدا ,كەچى ساڵ لەدواى ساڵ زیاتر هەڵپەیانە بۆمانەوەى دەسەڵاتى هەرێمو ناوەند بەبیانوى كوردبون و كوردایەتی.
ئەمڕۆ لەجارارن زیاتر زەمینەكەیان بۆ ڕەخساوە,جاران بەدرێژاى چەوسانەوە و زوڵمو زۆرى كەلەكوردستانیانى ئەم هەرێمە دەكرا ئەم دووحیزبە هیچكام لەو ئازارو تراژیدیانەیان بۆنەدەگوازریاوە تالەبەردەم ڕاى گشتى وسەركردەو سیاسەتڤانەكانى جیهان مەكرەمە بەوئازارانەوە بكەن,بەڵام ئەمرۆ مۆنۆمێنتەكانى كیمیابارانكردنى هەڵەبجەو ئەنفالى گەرمیان زۆر ساناتر لەجاران ئەو زەمینەى بۆ ڕەخساندون تالەكاتى هاتنى سەركردەیەك یان سیاسەتمەدارێكى ناودارى جیهان پەلكێشیان بكەن بۆسەر مۆنۆمێنت ومەزارى قوربانیانى ئەم هەرێمەو پێگەى سیاسی خۆیانى پێبەهێز بكەن ,كەچى ئەوەش هەر بەرپرسو سەركردەكانى پارتى ویەكێتین لەساڵیادى بۆنە نیشتمانى ونەتەوەیەكاندا غیابن لەناو جەماوەردا!.
لەلایەكیترەوە لەگەڵ ئەوەى لەدواى ڕوخانى ڕژێمى بەعسەوە كورد خاوەن پێگەیەكى بەهێزى سیاسی وئیدارى بوە لەبەغدا بەهەموو حكومەتە كاتیە یەكلەدواى یەكەكانیشەوە كەچى دەبینین سەركردایەتى كورد نەیتوانیوە سادەترین مافى ئەم هەرێمە بەدەست بێنێت كەزۆرینەى مافەكانى لەدەستورێكدا هاتوە تەواوى گەلانى عێراق بەهەمووپێكهاتەو كەمایەتیە نەتەوەكانەوە دەنگیان بەودەستورەداوە ,لێ بەپێچەوانەوە ڕۆژ لەدواى ڕۆژ بەرپرسانى (پارتى ویەكێتى) لەڕوانگەى دۆستایەتى شەخسی وپەیوەندیە سیاسی وئیداریەكانى خۆیانەوە لەگەڵ براعەرەبو توركومانەكانیان لەبەغدا بەهێزتردەبن وئیمتیازاتو دەستكەوتە شەخسیەكانیان ڕوو لەزیادبونە,تەنانەت كارگەیشتۆتە ئەو ڕادەیەى چەندبەرپرسێكى ناوەڕاست وخواروى عێراق پشكیان لەم هەرێمەدا پێدراوە وبرابەشن لەگەڵماندا وەك ئەو ڤێللاو خانو كۆشكەتایبەتانەى كەلەهاوینەهەوارەكانى (دوكان وسەڵاحەدین وسەرسەنگ) بۆبراعەرەبە شیعەوسونە مەزهەبەكانیان دابین كردون,ئەوەتا تاڵەبانى وەك پێشتر لەڕاپۆرتێكى گۆڤارى لڤیندا بڵاومكردۆتەوە لەهاوینەهەوارى دوكان ڤێللایەكى بەخشیوە بەتارق هاشمى جێگرى وهەروەها دووخانوو هەزاروپێنجسەد مەتر دووجا زەویشى بەخشیوە بەعادل عەبدول مهدى جێگرى دووەمى ,هاوكات لەهەوڵى دروستكردنى میوانخانەیەكى تایبەتدان بۆعادل عەبدول مهدى لەسەربڕیارى خودى تاڵەبانى ئەمە لەكاتێدا هەرخودى ڕاگەیاندنەكانى حیزبەكەى تاڵەبانى بوو لەكاتى ڤیتۆكردنەكەى هاشمى لەمەڕهەڵبژاردنى پەڕلەمانى عێراقدا كردبویان بەهەراوهۆسەو هەزارویەك ناوى نەشیاویان لەهاشمى نابوو دۆستەلەمێژینەكەى تاڵەبانى سكرتێرى گشتى حیزبەكەیان!, ئاخرئەمە جگەلەگاڵتەكردن بەعەقڵى میللەت چ خوێندنەوەیەكى دیكەى بۆدەكرێت؟!, ئەوەهەر (مەشهەدانیە) فریاد ڕەسەكەى دوێنێى كوردە كەلەسەربڕیارى خودى بارزانى خانویەكى لەهەولێر بۆدابین كراوە ولەكاتى پۆستى سەرۆكى پەڕلەماندا جارێك بەدەنگى كەمترلەنیوەى 127ئەندام پەڕلەمان یاسایەكى پەسەند كرد كەدژى گەورەترین دەستكەوتەكانى میللەتى كوردبوو, جارێكیش براكوردەكانى لەحەرەمى پەڕلەماندا بە(گەواد) ناودەبات,ئافەرین تاڵەبانى وبارزانى ماشەڵاتان لێبێت لەسیاسەتا تەقلەتان بەئەنشتاین ونیتچەلێداوە!!.
دەیان نموونەى دیكەى لەوجۆرە گەواهى ئەو ڕاستیە دەدەن لەگەڵ ئەوەى كورد لەحەوت ساڵى ڕابردوودا خاوەن پێگەیەكى بەهێزبوە لەبەغدا نەك هەرنەیتوانیوە سادەترین مافى كوردو كوردستانیانى ئەم هەرێمە بپچڕێت بەڵكو نەیتوانیوە دۆستێكى ڕاستەقینەش بپچڕێت,هەربۆیە دەكرێت بڵێین دواى 19ساڵ لەحكومڕانیكردنتان لەم هەرێمەدا توانیوتانە كەمێك وەزعى ئاو وكارەبا بەرەو باشى بەرن ,دواى سەدان خۆپیشاندان وناڕەزای بێشومارى شارو شارۆچكەكانى ئەم هەرێمە توانیوتانە چەند پڕۆژەیەكى خزمەتگوزارى بەسەقەتى ونیوە ناچڵى جێبەجێبكەن ئەویش لەڕۆژێكى وەك ئەمڕۆدا لەڕێگەى لەشكرێك لەمێدیاو مێدیاكارەكانتانەوە بەمەكرەمە بەخەڵكى بفرۆشنەوە, وەلێ سەبارەت بەحكومڕانیكردنتان لەبەغدا دەتوانین ئەوحەقە بەخۆمان بدەین بەهێنانەوەى دەیان بەڵگەو نموونەى حاشا هەڵنەگر زەڕبى سفرتان بكەین ,ئێوەش بۆمەرامە تایبەتمەندیەكانى خۆتان لەوەها ڕۆژێكى هەڵمەتى هەڵبژاردندا هەر ڕۆژەى بەدەسیسەو پیاوى وڵاتێكى بەرودراوسێ تۆمەتبارمان بكەن ,ئەو دراوسێیانەى كەبەفەخرو شانازیەوە دەستتان دەگرتن بۆقاتو قڕكردنى یەكترى!.
هەرسەبارەت بەپەیوەندیە دیبلۆماسی وستراتیژیەكان دەكرێت بڵێین سەركردایەتى سیاسی كورد لەمڕۆدا گەورەترین زەمینەى بۆڕەخساوە بەراورد بەساڵانى پێش ڕاپەڕین كەدەنگى كورد بەهیچ كوێى ئەم دنیایە نەدەگەیشت,وەلێ لەئێستاداو لەم سەردەمى جیهانگیریەو شكانى هەموو ئەولەمپەرانە,شكوربۆخوا لەسایەى سەرى سەركردەو بەرپرسانى یەكێتى وپارتیەوە تەنیاوتەنیا كراوینەتە پاشكۆى وڵاتێكى بەرژەوەندخوازى وەك ئەمریكا, ئەمەلەكاتێكدا ئەوەى لەم گەمە سیحراویەى سەركردایەتى كورددا بەدیدەكرێت تەنانەت تاكوئەمڕۆرش هیچ گرێبەستێكى مۆركراو لەنێوان كوردو ئەمریكادا بونى نیە,جگە لەنەبونى هیچ جۆرە پەیوەندیەكى ستراتیژى لەنێوان كوردو وڵاتە زلهێزەكانى جیهاندا تەنانەت هیچ جۆرە پەیوەندیەك لەگەڵ ووڵاتانى بەرودراوسێشدا بونى نیە, وەك دەبینین لەكاتى ڕودانى هەر گرژیەك كەدەبێتە هۆى داخستنى سنورەكان لەڕووى ئابوریەوە بازاڕەكانى هەرێمى كوردستان ڕووبەڕوى چ هەڵاوسانێك دەبنەوە,بەڵام هاوكات هیچكام لەو ووڵاتانەى دراوسێ باكیان نیە لەوقەیرانە ئابووریانەى كەڕودەدەن,كەچى لەهەمان كاتدا لەڕووى پەیوەندی حیزبیەوە هەریەك لەپارتى ویەكێتى لەزۆربەى مەسەلە ئابورى وسیاسیەكانى خۆیاندا پەیوەندیەكى پتەو بەهێزیان لەگەڵ ووڵاتانى دراوسێدا هەیە, بۆنموونەپەیوەندى نێوان یەكێتى وئێران,پارتى وتوركیا,كەدەكرێت بڵێین زۆربەى ئەوپەیوەندیانەش نهێنین و ئەمەیان زیاترلەپەیوەندیە ئابوریەكانى نێوانیاندا بەدیدەكرێت كەدواجار بیرمان نەچێت ئەمەش لەسەر حیسابى ماڵى میللەتە.
بۆیە پێویستە چیدى ئێمەى كوردستانیانى ئەو هەرێمەى كە19ساڵە ئەم دووحیزبە حوكمڕانی تیادا دەكەن نەخەڵەتێین بەوعاتیفەو سۆزانەى كەلەبەرامبەرمانداو بەتایبەت لەڕۆژێكى وەك ئەمڕۆدا دەینوێنن,چیدى بێپرسیاركردن لەخۆمان ڕاستەوخۆ ئاپۆرایەكى جەماوەریان بۆ سازنەكەین بەو وتافە بریقەدارانەى كەلەكوێ لەگەڵ بەرژەوەندیەكانى حیزب هاتەوە ئیدى لەوكاتەدا بمانڕژێننە سەرشەقامەكان!.
دواجار وەك ئەوەى كەدەبینین بەدرێژاى 19ساڵ حكومڕانیكردنى ئەم دوو حیزبە تەواوى بەرپرسەكانیان فیرعەون ئاسا هەریەك كەوتونەتە داگیركردنى مەملەكەتێك لەناو یەك مەملەكەتى سەراپا شەهیدستاندا,لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە كاتێك دێنە سەرشاشەى تەلەفزیۆنە حیزبیەكانیان سەدان مەكرەمەى خەباتو پیرۆزیمان پێدەفرۆشن ,وەك ئەوەى كەبڵێیت لەڕوانگەى عەدالەتى ئیشتیماعى ودادپەروەریەوە ئەوەندە پاكو نەزیهبن تەقلەیان بە(غاندى وگیڤارا) لێداوە!.

[email protected]





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە