دار بەڕووەكە و ئاماژەكانی سەركەوتن؟
Saturday, 26/04/2014, 12:00
تێكۆشانی خەباتكارانی باكوری كوردستان هاوتەریب لە گەڵ شۆڕشی شاخ و بەرخۆدانی پارتیزانی و چەكداری بۆ بەدەستهێنانی مافە زەوتكراوەكانی گەلی كورد، گرنگیەكی زۆریشی بە تێكۆشانی مەدەنی و دیموكراسی داوە هەرچەندە ئاستەنگی و زەحمەتیەكی بێوێنەی بۆ هاتۆتە پێش لەو بوارەدا. كاتێك كە شۆڕشی ئازادی لە لایەن دەوڵەتی داگیركەری تورك و هاوپەیمانەكانیەوە بە تیرۆر پێناسە دەكرێت، ئازادیخوازان و رێبەرانی شۆڕش دەستەوەستان نامێنن و گۆشەگیر نابن لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا، لە دوای قەڵەمبازە مێژویەكەی پانزەی تەباخی (1984) كە لە دوای چل ساڵ خامۆشی شۆڕش لە ناخی داگیركەرانی كوردستاندا چەخماخەیدا، بە قەت پەنجەكانی دەست ساڵ تێنەپەڕی خەباتی مەدەنی و بەشداریكردنی هەڵبژاردن و هەنگاونان بۆ ئەو پەرلەمانەی تەنها بە ماڵی توركە شۆڤیەنیەكان دادەنرا دەستی پێكرد و زەنگێكی تری بە ئاگاهێنانەوەیدا بەگوێی دوژمندا.
ئەو پەرلەمانتارانەی لە سەرەتای نەوەدەكاندا بە پشتیوانی گەلی ئازادیخواز و شۆڕشی شاخ گەیشتن بە هۆڵی پەڕلەمان و دەنگ و ڕەنگی كوردی ئازادیان گەیاندە هەموو جیهان وەرچەرخانێكی گەورەیان لە خەبات و تێكۆشانی ئازادیدا ئافراند، هەرچەندە دەسپێكی ئەو پێواژۆیە بە گرتن و زیندانیكردن و ڕاوەدوونانی نوێنەرانی گەلی كورد دەركەوت و درێژەی كێشا، بەڵام سەرەتایەكی زۆر گرنگ بوو بۆ گەیشتن بەم ساتەوەختەی كە دەسكەوتی مێژویی لە باكوری كوردستان بەدەستخراوە، ئاشكرایە بۆ ئەوەی كورد هەمیشە وەك تیرۆریست و شەڕخواز بدەنە ناساندن بەردەوام ئاستەنگیان لە پێش خەباتی مەدەنی بۆ سازكردووە و چەندین جار ئەو پارتانەی بە شێوەی یاسایی كار و خەباتیان دەكرد یاساخ كراون و هەڵوەشێنراوەتەوە، ئەوەی گرنگە و شكستی بە پیلانەكان هێناوە كۆڵنەدان و بەردەوامی گەلی كورد بووە لە تێكۆشان، لە دوای یاساخكردنی هەر پارتێك لە ماوەیەكی كەمدا پارتێكی دیكەیان دامەزراندووە و درێژەیەیان بە خەبات و تێكۆشانی مەدەنی و دیموكراتیداوە.
ئەو پارتانەی ڕۆڵ و كاریگەریەكی بەرچاویان هەبوو لە خەباتی مەدەنی و دیموكراسیدا بە شێوەیەكی نایاسایی لە لایەن دەوڵەت و حكومەتەكانی توركیاوە یاساخ كراوەن دیار ترینیان پارتی دیموكراتی گەل "هادەپ" (1994) بە لۆگۆی پەپولە و پارتی گەلی دیموكراتی"دەهاپ" (1997) بە لۆگۆی مەشخەڵ و پارتی كۆمەڵگای دیموكراتی "دەتەپە" (2005) بە لۆگۆی گوڵ لە كارو خەباتدا بوون، لە (29/3/2009) بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیەكان پارتی كۆمەڵگای دیموكراتی"دەتەپە" سەركەوتنێكی بەرچاوی بەدەست هێناو توانی نەوەد و هەشت شارەوانی لە باكوری كوردستان لە دەستی داگیركەران دەربهێنێت، لە دوای ئەو سەركەوتنە مەزنە دوژمنانی گەلی كورد دڕەندانە كەوتنە پەلاماردانی كورد و دەسكەوتەكانی و داخستن و یاساخكردنی ئەو پارتە و دەسگیركردنی سەركردە و كادرەكانی بەشێوەیەكی گشتگیر دەستی پێكرد، هەر لە دوای ئەوە و دوو سێ ساڵی دواتر گەورەترین ئۆپراسیۆنی سەربازی و سیاسی كرایە سەر گەلی كورد و زیاتر لە دە هەزار كەس دەستگیر كران، هەڵبەتە ئەوە بە ئامانجی سەركوتكردن و چاوترساندنی ئازادیخوازانی كورد لە باكوری كوردستان ئەنجامدرا.
لە دوای پێنج ساڵ جارێكیتر لە (30/3/2014) هەڵبژاردن بۆ شارەوانیەكانی توركیا و باكوری كوردستان ئەنجامدرایەوە، هەرچەندە نەیارانی كورد و دۆستانی داگیركەر لە چاوەڕوانی ئەوەدا بوون پارتی ئاشتی و دیموكراتی سەركەوتن بەدەستنەهێنی و بەشێك لە شارەوانیەكان لە دەست بدات، بەڵام پێچەوانەكەی دەرچوو نەك شكستی نەخوارد؛ بەڵكو سەركەوتنی مەزنی بەدەستهێنا، ئەو سەركەوتنانەی "بەدەپە" بە دەستی هێنا تەنها لە زیادكردنی ژمارەی دەنگەكان و بەدەستهێنانی شارەوانی زیاتردا نەبوو؛ بەڵكو لە ڕوی تەكنیكی و چۆنایەتیەوە هەنگاوی گرنگی هاویشتووە، هەوڵ ئەدەین لەم نوسینەدا چەند نمونەیەك بخەینە بەردیدەی خوێنەری ئازیز بۆ ئەوەی زیاتر ئاشنا بن بە وردەكاری هەڵبژاردنی شارەوانیەكان.
ئێمە كە لە نزیكەوە چاودێری دواڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن و ئامادەكاریەكان و كات و رۆژی دەنگدان و ئەنجامی كۆتایمانكرد، كۆمەڵێ مژاری جیاوازمان بینی كە جێگەی سەرنج بوون و ئەزمونێكی گرنگە بۆ ئەوەی ئێمەش لە باشوری كوردستان سودی لێببینین، رۆژی (29/3/2014) دوا ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو بۆ ئەوەش پارتی ئاشتی و دیموكراتی بە بەشداری هەزاران كەس كاروانێكی ئۆتومبێلی خستەڕێ بە ناو شاری ئامەددا، لەو گەڕان و بانگەشەیەدا كە چوار كاتژمێری خایاند و حەڤدە گەڕەكی ئەو شارە بەسەركرایەوە، لە تەواوی كوچە و كۆڵان و شەقامەكاندا كوردایەتی و حەماسەت و دڵسۆزی تا دواڕادە بەدیدەكرا، ئەوەی لەو رۆژەدا بۆ ئێمە جێی سەرنج بوو بەشداریكردنی ژن بوو لە بانگەشە و وتنەوەی دروشم و هەڵكردنی ئاڵاكانی پەكەكە و بەدەپە و وێنەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان، بەشداریكردنی ژن بەشێوەیەكی ئەوەندە كارا و چڕ و پڕ بوو دیمەنەكان ڕەنگی ژنی گرتبوو، ئاماژەكانی سەركەوتن لە شەقام و كۆڵانەكانەوە تا باڵكۆن و پەنجەرەی باڵەخانە بەرزەكان لە هەموو لایەكەوە بەدیدەكرا، بە هەر لایەكدا تێدەپڕین ژن و منداڵ و پیر و لاو دوو پەنجەی وەك ئاماژەی سەركەوتن بەرز دەكردەوە.
هەر ئەو كاتە دیار بوو شاری ئامەد وەك هەمیشە كە دەڵێن ئامەد قەڵای كوردانە قەڵایەكی تۆكمەیە و هیچ هێزیك ناتوانێت دەستی بەسەردا بگرێت جگە لە كوردی ئازادیخواز.
كاتژمێر حەوتی بەیانی رۆژی (30/3/2014) دەرگای بنكەكانی دەنگدان بە ڕوی دەنگدەراندا كرایەوە، هاوكات لە گەڵ دەسپێكی دەنگدان بەفرێكی زۆر و بایەكی بەهێز و تەمومژێكی چڕ تەواوی شاری گرتەوە، وەك ئەوەی سروشت بیەوێت ئاستەنگی لە پێش خەڵكی دڵسۆزی ئامەد دروست بكات و نەهێڵێت لە ماڵەكانیان بێنە دەرەوە، بەڵام دیاربوو ئەو گەرم و گوڕییەی لە دڵ و دەرونی ئامەدیەكاندا هەبوو بۆ ئازادی و كوردایەتی بەو بەفر و كڕێوەیەش سارد نەبۆوە، بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی بەتەپە و بە ئاماژەكردن بە دەنگدانی پێشوی خەڵكی ئامەد بۆ شارەوانیەكان، زیاتر لە هەشت سەد هەزار دەنگدەر لە ئامەد هەیە و لەو ڕێژەیەش لە هەڵبژاردنی پێشودا دووسەد هەزار كەس بەشداری نەكردووە، هەروەها سەدو پەنجا هەزاریشی پۆلیس و سەرباز و فەرمانبەری دەوڵەتن كە خەڵكی ئامەد نین و لە ئامەد دەنگ دەدەن، لە گەڵ ئەوەشدا كورد (430) هەزار دەنگی بەدەست هێنابوو.
پارتی ئاشتی و دیموكراتی "بەدەپە" بە لۆگۆی داربەڕو كە ساڵی (2008) دامەزراوە لە چاوەڕوانی سەركەوتنی گەورەتردا بوو بە پێچەوانەی ئەو بۆچونە لاوازانەی كە پێیان وابوو ژمارەی شارەوانیەكانی كەم دەبێتەوە، خەباتكارانی بەدەپە ئاماژەیان بەوە دەكرد كە لە ئامەد و شارەوانیەكانی سەر بەئامەد (4600) سندوقی دەنگدان ئامادە كراوە، ئەوان بۆ پاراستنی دەنگی گەل بۆ هەر سندوقێك دوو چاودێریان داناوە، جگە لەوە بۆ سەد بنكەی دەنگدان هەریەكەیان پێنج كەس ئامادەكراوە بۆ كاری پێویست. لە هەژدە شوێنی تر گروپی سی (30) كەسی وەك ئاسایشی گەل لە ئامەدەباشیدا بوو بۆ هەر كارێك پێویست بكات بەدەنگیەوە بچن، لە گەڵ ئەو ئامادەكاریانەشدا سەد پارێزەر چاودێری ناوەندەكانی دەنگدان دەكەن كە هەموویان كادیری پارتی ئاشتی و دیموكراتین.
شارەوانی گەورەی ئامەد كە هەشت ساڵ عوسمان بایدەمیر سەرۆكایەتی دەكرد و خزمەتێكی بێوێنەی بە شارەكە كردبوو، بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەر یەك لە گوڵتان كشاناك هاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراتی و پارێزەر فرات ئانلی پاڵێوراو بوون و سەركەوتنیان بەدەست هێنا، ئەوەی زۆر گرنگە ئەو مۆدیلە نوێیە بوو كە لەسەر داوای بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان پەیڕەو كرا، ئەوەش دانانی هاوسەرۆك بۆ شارەوانیەكان واتا هەر شارەوانیەك ژنێك و پیاوێك بەڕێوەی ببەن، شاری ئامەد و دەوروبەری بەگشتی هەژدە شاروانی هەیە بەدەپە بۆ هاوسەرۆكی شارەوانیەكان و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی (350) كەسی كاندیك كردبوو بە ڕێژەی پەنجا بە پەنجا بۆ ژن و پیاو. بێگومان ئەوەش شێوازێكی زۆر نوێیە و دەگمەنە لە دیموكراتیترین وڵاتی جیهاندا هاوشێوەی نییە.
هەر چەندە گەلی كورد لە باكوری كوردستان چاوەڕوانی ئەنجامی باشتر بوو، بەڵام پێویستە ئەوەشمان لەیاد نەچێت فشارێكی زۆر هەبوو بۆ ئەوەی بەدەپە سەركەوتوو نەبێت هەروەك چۆن هاوكاریەكی بەرچاو بۆ ئاكەپەی خاوەن حكومەت و دەسەڵات هەبوو تەنانەت لە لایەن هێزی كوردی باشوری كوردستانیشەوە كۆمەك دەكرا، لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێت بڵێن بەدەپە سەركەوتنی بەدەست هێناوە لەوانەش زیادكردنی دەنگەكانی پارێزگای رۆحا دووبرانبەر لە چاو جاری پێشووە، بەدەستهێنانی هەرسی پارێزگای ماردین و بەتلیس و ئاگری و بەگشتی یانزە پارێزگا لە دەستی بەدەپە دایە. لە پاریزگای ئەرزەڕۆم چوار ناوچەی بەدەستهێناوە لە پارێزگای موش بۆ ئەنجومەنی شارەوانی زۆرینەی بەدەستهێناوە. ئیغدیر كە دەكەوێتە سنوری ئەرمەنستانەوە حكومەت هەوڵێكی زۆریدا بیخاتە بن دەستی خۆی، بەڵام بەدەپە ئەو شارەشی گرتەوە دەست.
سەرەڕای ئەوەی لە شارەكانی ئەنقەرەی پایتەخت و ئەنتالیا و ئەهلات و كامیز و سەریكانی تانە ڕەتكراوەتەوە، بەڵام ئاكەپە بۆ ئەوەی شكستەكەی ڕاستكاتەوە پانزە جار دەنگەكانی شاری ئاگری ژماردەوە هەموو جارەكان بەدەپە سەركەوتو بووە كە سری ساكیك بووە بە سەرۆكی شارەوانی، هاوسەرۆكی شارەوانی ناوچەی لیجەی ئامەد ڕێزان زوگورلی لە سەدا نەودویەكی دەنگەكانی بەدەستهێناوە و یەكەمی هەموو توركیایە، هاوسەرۆكی شاری ماردین لە گەڵ بەرێز ئەحمەد تورك كچێكی سریانیە بە ناوی فەبروونیە ئاكۆڵ تەمەن (26) ساڵە بۆ یەكەم جارە لە مێژوی توركیادا كچێكی سریانی ببێت بە هاوسەرۆكی شارەوانی.
لاوترین كچە كورد لەسەر ئاستی توركیا كە لە شارەوانی جەزیرەی بۆتان سەركەوتنی بەدەست هێناوە. لەیلا ئیرمەنە تەمەنی (27) ساڵە، هەروەها سەرۆكی شاروانی پارێزگای سێرت لە دوای سەركەوتنی تابلۆی سەر تەلاری شاروانی بە سێ زمانی كوردی و عەرەبی و توركی نوسیووە ئەوەش دەسپێشخەریەكی نوێیە لە هێچ دەزگا و فەرمانگەیەكی حوكمیدا نەكراوە، جێی ئاماژەپێكردنە لە ناو ژنە سەركەوتۆكانی هاوسەرۆكانی بەدەپە چوار ژنی باڵاپۆشی تێدایە ئەوەش پێچەوانەی ئەو وتە سواوانەیە زۆر جار نەیارانی كورد هەوڵیان ئەدا خەڵك چەواشە بكەن و بە رەنگ و دەنگی ساختە سۆزی ئایینی گەلی كوردیان دەجوڵاند و لە بەرژەوەندی خۆیان بەكاریان دەهێنا، بەڵام ئەو نمونەیە دەریدەخات گەلی كورد خۆی خاوەنی ئاینێكی پاك و بێگەردە و دورە لە ئاینی بەسیاسی كراو و ساختە.
لە بەرامبەر ژنە سەركەوتووەكانی كورد نمونەیەكی تری پێچەوانەش بەدی دەكرێت، ئەوەش دەست لە كاركێشانەوەی ئەندامێكی ئەنجومەنی شارەوانی بینگۆلە كە سەرۆكەكەی سەربە پارتی ئاكەپەی دەسەڵاتدارە، لە دوای ئەوەی یوجیل باراكانیز سەرۆك شارەوانی بینگۆل دەڵێت:"ئێمە پۆستی جێگر و یاریدەدەری شارەوانی بەژن نادەین، ئەندامێكی ژنی ئەنجومەن سەر بە پارتەكەی خۆی دەستی لەكار كێشاوەتەوە. ئەوی لەم نوسینەدا ئاماژەی پێكراوە مشتێكە لەو خەروارەی ئێمە بەرچاومان كەوتووە. بێگومان زۆر خاڵی سەرنجڕاكیشی تر هەیە لە چوارچێوەی خەباتی پڕ سەروەری گەلەكەمان لە باكوری كوردستان كە هێشتا لای ئێمە شاراوەیە. لە كۆتایدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم ئاشكرایە لە ڕابردوودا دوژمنانی گەلەكەمان هەرچیان پێكراوە لە ستەم و دڕندایەتی درێخیان نەكردووە، گەلی كوردیش ساڵ لە دوای ساڵا سەركەوتنی مەزنتر تۆمار دەكات، گومانی تێدا نیە ئەوەی لە شار و لە خەباتی مەدەنی و دیموكراسیدا بەدەست هاتووە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و بەرخۆدانی شاخە، داگیركەرانی كوردستان زۆر هەوڵیانداوە ڕێگای خەباتی مەدەنی لە كورد بگرن، بەڵام هەمیشە شكستیان خواردووە، یاساخ كردنی پارتە كوردیەكان لە ڕابردوودا خەونی شۆڤینیەكانی بەدی نەهێناوە، كوشتنی پەپولەكە و كوژانەوەی مەشخەڵەكە و هەڵوەراندنی گوڵەكە لە شوێنیدا دار بەڕویەك سەوز بووە و باڵای كردووە، ئەو دار بەڕووە ڕەگی لە ناخی دڵی میلوێنان كوردی ئازادیخواز دایە و سات لە دوای سات لە گەشەكردن دایە، بۆیە ئاماژەكانی سەركەوتن لە هەموو لایەكەوە سەری هەڵداوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست