نەشتەرگەریە سەختەكەی نەوشیروان مستەفا؟!
Wednesday, 11/02/2009, 12:00
1714 بینراوە
لیستێك كە ئەگەر بۆ ماڵئاوایی ستەمكاری و تۆتالیتاریەتی حیزبی كوردی بێتە ئارا بێگومان جێگای دڵخۆشییە، تەنانەت تیمەكەی باراك ئۆباماش پشتیوانی ئەم پرەنسیپ و ئیشكردنە تازەیە دەكات تا ئۆپۆزسیۆن و چەمكی بەرەنگاری مەدەنی بێتە ئاراو یاساو دادگەری و كۆمەڵێك خەڵكی تەكنۆكرات و مەدەنی و رەخنەگرو ناحیزبی كاری دەوڵەتی بگرنە ئەستۆی خۆیان و بەبێ گەرانەوە بۆ مێژووی حیكایەتەكانی شاخ و شەرعیەتی رابردوو حیكایەتێكی نوێ دروست بكرێ لە شاردا، بەڵام ئەبێت لە دەرەنجام و بەرنامەو شەفافیەت و سیاسەت و ئەجێندای ئەم لیستە ئاگاداربین و ئەمیش بە دەردی لیستەكانی تر نەچێ و خەڵكانی گەندەڵ دزە نەكەنە ناویەوە ، زۆر ئاساییە هەر لە ئێستاوە لە زۆربەی شوێنەكاندا تەبلیغاتی بۆبكرێت و كەمپینی بۆ سازبكرێت و دەست بكرێت بە پرۆسەكە، ئەم لیستە یەكێكە لە هەنگاوە جەوهەری و فكریەكان بۆ دەستكاریكردنی كۆی سیستمی حوكمرانی كوردستان و ناوی لێدەنێم لیستی نەشتەرگەریە سەختەكە بۆ جەستەیەكی نەخۆش و بیماری وەك جەستەی سیاسی ئیفلیجكراوی كوردی، هەروەك سەركەوتن و شكستی نەشتەرگەریەكەش كەوتۆتە ئەستۆی خەڵك و دەنگدەران و ئاگایی و پسپۆری و بوێری هەم خودی كاك نوشیروان و هەم كاراكتەرەكانی دەوری لیستەكە، چونكە نهێنی دوكتۆری نەشتەرگەر لە سەركەوتنەكەیدایە نەك جوڵاندنی نەشتەرەكە، ئەگەرچی هەنگاوەكە بەیەكەم پواز دادەنرێت بۆ ئەو دۆخە سیاسی و كولتوری و ئابورییەی كە چەندین ساڵە فەزای دیموكراسیەتی هەرێمی بەرەو قۆرخكاری بردووەو سیستمی حوكم و یاساو دەسەڵاتەكانی خزاندۆتە باوەشی دوو حیزب و دوو ئایدۆلۆژیا، ئەگەر ئەم لیستە مێژوویەكی نوێ دروست بكات ئەوا مێژووی وازهێنانە لە دوو قوتبی و قۆرخی حیزبی و سەردەمی رەخنەو شەفافیەت و دەستكاریكردنی ئەو حوكمە قەرەقۆشە حیزبیەو تێپەراندنی ئەو كاریزماو سەرۆكانەی كە باوەریان بە گۆرینی كورسی و دەسەڵات نەماوەو نییە، ئەگەرچی لە ئێستاوە گۆمە مەنگەكەی شڵەقاندووەو یەكێتی و پارتی خستۆتە حاڵەتی ترس و دڵە راوكێ و گەشتی مەكوكی بۆلای یەكتر، چونكە ئەم نەشتەرە شەقامی كوردی ئەخاتە بەردەم دوڕیانێكی چارەنوسساز كە رەش و سپی لەیەك جودا بكەنەوەو تەنها دنیای سیاسەتی كوردی لە زەردو سەوزدا نەبینن! چونكە ئەگەر یەكێتی و پارتی باوەریان بە پرەنسیپی دیموكراسی و دەستاودەستی دەسەڵات هەبێت دەبێت رێز لەم لیستەو هەر لیستێكی سەربەخۆو حیزبی و ناحیزبی بگرن و دەست نەكەن بە بەخشینەوەو داتاشینی تۆمەت بۆیان، ئەگەر باوەریان بە چاكسازی و جیاكردنەوەی حیزب لە حكومەت و جێبەجێكردنی پرۆژەكەی تاڵەبانی و نەهێشتنی گەندەڵی هەیە دەبێ حورمەتی ئەم لیستە بگرن و ئەم هەنگاوە مەدەنیەش ناشیرین نەكەن، هەروەك بەشێكی ناشیرینكرنی لیستەكان ئەكەوێتە ئەستۆی كاراكتەرانی نێو لیستەكە خۆیان لە جێبەجێنەكردنی بەڵێن و خۆشگوزەرانی و چاكسازی و خەونی شاعیرانەی پێش هەڵبژاردن كە بە درێژایی ئەو چەند هەڵبژاردنەی كوردستان كەمترین بەڵێن كە بەجەماوەر درابێت نەبراوەتە سەرو دواجار كورسی دەسەڵات زۆر بەڵێن و وەفای گۆریوە بۆ سەركوت و توندوتیژی و تەنانەت كوشتن و بێ وەفایی.
[email protected]