پێشوازی گەرمی پیاوانی پایتەخت لە هاتنی مەریەم فارس وپشت گوێ خستنی یادەوەری مەرگی شارێک!
Tuesday, 18/03/2014, 12:00
1948 بینراوە
لە بیرەوەری تاڵی کیمیابارانی شارێک کە هەڵەبەجەی خاوەن هەزاران قوربانییە لە ناخی تاک بەتاکی دانیشتوانەکەی بورکانو کۆستی جۆراو جۆر خۆی پیشان دەدات،بەڵام لە پایتەخت کە مۆڵگەی دیبلۆماسیو ناوەندی کارو کۆبوونەوەی ڕاوو ڕووتو دیوەخانی خوا پێداوانو فەرمانڕەوا کاربەڕێکەرەکانی باشوورە، لە کۆستی نەبوونی موچەو تووشبوونیان بە ئیفلیجی لە پێکهێنانی حکومەتو دەستاودەستکردنی دەسڵات کە زیاتر لە شەش هیڤ دەبێت،خۆ دەبێت پێشوازی لەو کەسایەتیانە بکەن کە ئارەزووەکانیان هێوربکاتەوەو لە بری چوونیان لە پایتەختەوە بە پێ بۆ سەر مەزاری شەهیدان، ئاسانترە بە دوا مۆدێلی ترۆمبێلی تایبەت بگەنە گۆڕەپانە گەورەکان یان هۆڵە تایبەتەکان بۆ ئەوەی لە دەوری مەریەمو هاوشێوەکانی مەریەم کۆببنەوە کە میوانداری کردنیان بە ناوی هونەرمەندەوە تەنها بە مەبەستەو هیچی تر،تا دابو نەرێتی کۆمەڵگەیەکی بە ڕەوشت تێک بشکێنن بە ناوی پێشکەوتنو داهێنانو چەندین بیانوی ترەوە.
گەر لەو وێنەکەدا تەماشای جلو بەرگەکەی مەریەم بکەین کە بە ئەستێرەی هونەری گۆرانی ناسراوە لە لای دەسڵات دارە بێ هونەرەکان تەنانەت مرۆڤێک کە هیچ لە هونەرو بواری هونەر نازانێت دەزانێت مەریەم جگە لەوەی هاتووە تا خولی بێ ڕەوشتی بە کوڕانو کچانی گەلێکی بریندار فەراهەم بکات ،هیچ زانیاریو شتێکی ئەوتۆی پێ نییە کە بیکاتە بەرگی پێشکەوتنو وەک هونەرمەندێک بیبەخشێت بە نەوەکانی نیشتیمان.
ئەوەش هێمایە بۆ ئەوەی هەستی نەتەوەیی هیچ بەهاو نرخێکی نەماوە لە سەردەستی سەرانێک لە پایتەختو کەسانێک لە شارەکانی کوردستان کە کاریان چەواشەکردنی تاکەکانی کۆمەڵگەیە.
پێشینان ووتویانە:
زمانت بووەستێ سرت بێ بەڵا دەبێت. بەردێک نایتوانی هەڵگریت شانی پێوەدە.ئەوکەسە کەسە ئایەکی بەسە. ماڵی قەڵب سەر بە خاوەنەکەیەتی.
ئەمانەو سەدان پەندی نایاب کە هەریەکەیان شرۆڤەو لێکدانەوەی زیاتر هەڵدەگرێت مرۆڤ دەتوانێت زۆر کەڵکیان لێوەرگرێت لەوساتانەی هەلومەرجی نالەبار دەبێتە مۆتەکەو ئازاری ناخو ویژدانی دەدات.
پێش ئەوەی شەنو کەوی ناونیشانی بابەتەکە بکەم بە باشم زانی لێکدانەوەی کورت بۆ پەندەکان بکەمو لە پەندی یەکەمەوە دەست پێبکەم کە تایبەتە بە خۆمو تەواوی ئەو ڕۆژنامە نووسانەی کە بە بوێریو نەترسانە بە گژ دەسڵاتو فەرمانڕەوا بێ مۆراڵەکاندا دەڕۆن لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی، واتە بۆ ئەوەی هەمووتاکەکان بە یەکسانیو هاوبەشی بژین لە سەرخاکو ئاوو سامانی نیشتیمان لەکاتێکدا ناویان لە خۆیان ناوە نووسەرو ڕۆژنامە نووس هەرواش دەبێت پێشەنگو داکۆکیکاری جەماوەر بن چونکە جەماوەر هێزەو هەر ئەو هێزەش دەتوانێت تەختو تاراجی تاوانباران تێکو پێک بدات.
ئیتر نابێت لەمەو بە دوا ئەوپەندە بکەینە بیانکو چاوپۆشی لەو هەموتاوانو نابەرابەرییە بکەین کە بەرۆکی کۆمەڵگەکەمانی گرتووەو لە کەناری جەنگێکی نەخوازراوی ئابوریو مرۆیی نێزیکی کردووەتەوە، تەنها بۆ ئەوەی چەند کەسانێک کە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن تا لێواری مەرگ کوێخاو پاشاو سەروکو دەسڵات داری بێ کردەوەو بێ زانست بن لە بواری بەڕێوەبردنی ووڵات دا.
کەسانێک کە ناتوانن چارەسەری کێشەو قەیرانە کەسیو خێزانییەکانی خۆیان بکەن بۆچیو بە چی مافێک دەست وەردەدەنە کارو باری کۆمەڵگەیەکی گەورەو گران،ئەی نازانن یان خۆیان گێل دەکەن، هەرچەندە بە لای خەڵکەوە لە گێل گێلترنو بگرە پێناسەی زیاتریش هەڵ دەگرن لە بری ئەوەی ئەو هەمو پارەو سامانەی کە هەیانە لە بانگە نێو دەوڵەتیو نێو خۆییەکاندا بیهێننو بیکەنە سەرچاوەی بژێوی خەڵک، کە بە دەست نەبوونی موچەوە وا خەریکە پێداڵ بۆ دواوەو ساڵانی نەوەدەکان لێ دەدەنو کارو کردەی خەڵک توشی پەک کەوتن هاتووەو،هەرجارەو بە هۆکارو بیانوویەک قەیران دەدەنە دەست قەیرانو ناوەند بە تاوانبارو هۆکاری سەرەکی دەزانن.
ئەی باش نییە پێش ئەوەی بڕیاربدەنو خۆیان بە خاوەن هێزبزانن لە بەرزکردنەوەی قورسایی کێشە سیاسی یەکاندا هەر هیچ نەبێت پشووبدەنو بە زانستانە بیر بکەنەوە تا توشی پشت شکان نەبن لە بری ئازارێکی کاتیو کورت لە هاوکێشە چەقبەستووە هەرێمیو نێو دەوڵەتی یەکاندا!
لە پەندی سێ هەم دا مرۆڤی ڕەسەنو خاوەن ویژدان یان ژیرو بە ئاگا کاتێک کە مرۆڤەو پێگەی خۆی بە گرانو گرنگ لە نێو کۆمەڵگەدا دەبینێتەوە هیچ کات ناتوانێت بە سەر هەڵەکانیدا چیتر بازبداتو بیر لە ئاکامە تاڵو قورسەکانی نەکات،ئەو مرۆڤانەش هەنو تا هەنوکە پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان پاراستووە کاتێک لەو پەندە سوود وەردەگرنو لە ئەنجامدانی هەڵەیەکدا یان جوڵانەوەیەکی نەشیاوی نێو کۆمەڵگەو ناوەندەکانی کارو فەرماندا ئامۆژگاری کەسێکی نێزیکی یان هاوەڵێکی پڕواپێکراوی خۆی دەکاتە گوێشوارەو بەردەوام بیرلەوەدەکاتەوە چی باشە بۆ خۆیو دەورو بەرەکەی بیکاتولە هەرچی کردەی خەوشدارە دوور بکەوێتەوە،واتە ئەو مرۆڤگەلە مرۆڤن کە بە تەنها ئامۆژگارییەک نرخ بۆ خۆیان دەگەڕێننەوە وەک تاکی سەربەخۆو خاوەن ناخێکی پاک.
بەڵام خۆ کەمیش نین ئەوانەی کە بە پێچەوانە لە بری وەرگرتنی ئامۆژگاری بە دوای ئامۆژگاری نەشیاوو ترس هاوەردا پەیتا پەیتاو بێ ماندوو بوون دەگەڕێن تا زۆرترین تاوانو کاری دژە مرۆیی ئەنجام بدەنو وەک ناکەس بەچە پێگەی خۆیان لە ناوەندی کۆمەڵایەتیو نێو خەڵک دا پیشان بدەن بە هۆی بوونی دەسڵاتو قەڵەم ڕەویانەوە،ئیتر ئەوە بۆ خۆی ترسناکەو ئەستەمە بە ئاسانی بتوانرێت ئامۆژگاری بە سوود لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی دا جێ بکاتەوە یان بیانکاتە گوێشوارە!
ئەی پەندی چوارەم پڕ بە پێستی حکومەتی باشوورە چونکە کارو کردەو فەرمانڕەواییەکەیان تەنها بۆ پڕ کردنی گیرفانو دانی پێگەو دەسڵاتە بۆ ئەو کەسانەی کە پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد کە کەمینەی نێو ووڵاتەکەنو ڕەوشی باشی داهاتوی خەڵک لایان گرنگو لە بیر کراوە،ئاساییە لە قەڵبی خۆیانەوە بڕواننە ئەو هەمو خەڵکەی کە بە زۆری جەبەروتو فەرمانڕەوایی هاوشیوە ئاسای ئەسەدنیزمو سەدام نیزمو قەزافی نیزم بە ڕێوەیان دەبەن.کۆمەڵگە نابێت چاوەڕوانی مژدەی خۆشو کارئاسانیان لێ بکات چونکە تەواوی دەسلات دارە بە زۆر داسەپاوو کورسی خوازەکان وا ڕاهاتوون تەنها بیر لە ژیانی خۆیانو کەسە نێزیکەکانیان بکەنەوە.
ئەگینا نەدەبوو لە بیرەوەری ساڵڕۆژی مەرگی شارێکدا بە سەدان هەزار دۆلار ببەخشنە ئەوکهسانهی که زۆربهیان لە لای جەماوەری ووڵاتەکانیان هیچ نرخو گرنگییەکیان نەماوە، کەچی لە لای حکومەتە بێ موچەکەی کوردستان ژێر پێیان بە فەرشی سوور گەرم دەکرێتو، بێ پلانو بێ بیرکردنەوە بە لێشاو هەرجارەو ئافرەتێکو دوانو سیان لە ئافرەتانه لە ساتو ناوەخت دا بە گەرمی پێشوازچیان لە ڕێ دادەنێنو، ئیترهەڵەبجە یان گەرمیانو بادینان ئاساییە هەرچیان بە سەرهاتبێ بە مەرگی کۆمەڵو ڕەوو دەرپەڕاندن چی وەک قوربانیو چی وەک یادەوەرییە تاڵەکانی لە ئیستاو ڕابردوودا.