کێ ووریای شەهیدکرد!؟

Thursday, 22/03/2012, 12:00


کاك ئارام ئەحمەد عەلی لە وەڵامێکیدا بۆ نووسینێکی کاك تەها هەڵەدنـی لە ژێــر ناوی ووریا کێی کوشـت و کێش ووریای کوشــت - ئارام لەم وەڵامەیدا داوا لە نووسـەران دەکات کە پەلە نەکەن لە نووســینەوەی مێـــــــــــژوو، ئەو مێژووەی کە پڕە لە تاوان وخیانەت و چەواشەکاری ، ئەو مێژووەی کە ســەرکردەکانی وەك تالەبانــی و بارزانـی و مەلا بەختیار و ... هتد ، دەینووسـنەوە و نایەڵن وەك خۆی بنووسرینەوە و چەواشەکاری تێدا دەکەن ..

ئارام پێی وایە نووسینەوەی مێژوو دەبێت زیاتر لە دەمی ئەوانە وەربگیرێت، کە رووداوەکانیان دیوە، نەک ئەنجامیان داوە، لە دەمی ئەوانەوە بنووسرێتەوە، کە کەسی بەرپرس و لێپرسراو و سەرکردە نیین، چونکە ئەمانە کەسانی درۆزنن، ئەوانی تر کە بینەری رووداوەکان بوون راستگۆترن، ئەوانەش بینووسنەوە کە نووسەر و مێژوو نووسی دەربار و خۆفرۆش نیین نووسینەوەی مێژوو دەبێت سەرچاوەکەی بەڵگەی بەهێز بێت، نەک گێڕانەوەی سەر زمانی باجی حەبی و دادە گوڵچینی نەخوێندەوار .
ئەمە تائێرە لە نووسینەکەی ئارام وەرمگرتوە و بەش بە حاڵی خۆم تا ئیرە لەگەڵیدام ،بەڵام بۆچوونێکی تابڵێی سەیر و سەمەرە دەخوێنمەوە لە نووسینەکەیدا کە دەڵێت :
پێشەکی هەموومان دەبێت ددان بەو ڕاستیەدا بنێین، کە وریا کەسێکی ترۆریست و پیاوکوژ بووە، مرۆڤێک ئەگەر دەستی بچێتە گیانی مرۆڤێکی تر و تیرۆری بکات، جا دژی هەرکەسێک بێت، ئەوە هەر تیرۆرە، هەم بکەرەکەی هەم ئەو سەرکردە و گروپەی کە ناردویانە .
ئەمە بەو مانایەی کە هەر کوردێك ئەگەر عەلی کیمیاوی بۆ هەڵکەوت تۆڵەی خاك و میللەتی لێبکاتەوە .. ئەوە تیرۆرە و جایزنییە .. ئەمە چ مەنتقێکە ، پێم ناڵێیت تۆ بە چ حەقێك نایەڵیت ئەو جوانەمەرگەی کە ئێستا تۆ و هەموو مشەخۆرەکانی ئەم سەردەمەی کوردستان لە سایەی خوێنی گەشی ئەو شەهیدانە قووتی میللەت زەوت دەکەن و ئەم پڕوپاگەندە چەواشەکارییانە بڵاو دەکەنەوە ، بە زمان و ئسلوبێکی لاواز بەمەبەستی خۆشاردنەوە و چەواشەکاری !؟

ئامانجی نووسینەکەت روون و ئاشکرایە .. دەتەوێت لە رێی شەهیدی جوانەمەرگ ووریا کۆمەڵەی رەنجدەران و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تاوانباربکەیت ، هەروەها لە دووتوێی نووسینەکەتدا زۆر راشکاوانە هەر وەك بەرماڵێك هەڵدەیتە مزگەوتەوە ناوی فوئادی مەجی میسری دە‌هێنێت وەك یەکێك لەو کەسانەی کە شەهید ووریا ویستوویەتی تۆڵەی خاك و میللەتیان لێبکاتەوە، هەر بۆ چەواشەکردنێکی زیاتر ، دەڵیت لە نادی فەرمانبەران بەڵام راستییەکەی لە نادی تجارە بوو ئەو کاتەی ئەم فوئاد میسرییە شەریکی ئاسۆی قومری بوو لە نادی تجارە ، کە لە ڕیی ئەمنی سلێمانییەوە درا بەو دووشێرە ، پیاوی ئەمن و خاوەن مەفرەزە خاسەی بەعس ئاسۆی قومری و فوئادی مەجی میسری دڵنیام گەر ئاسۆ گۆڕبەگۆر نەکرایە ئێستا دەم چەپی مەلا بەختیار دەبوو وەك چۆن ئێستا فوئاد دەم راستێتی. ئەم جۆرە نووسینانە هەر لە خەتی خودی فوئادەوە دەردەچێت بۆ چەواشەکاری زیاتر و جنێودان بە کۆمەڵەی رەنجدەران ، ئەو کۆمەڵەیەی کە هەر لە سەرەتاوە بۆی دەرکەوت کە ئەم زەلامە بەرژەوەندی خۆی لە سەرو هەموو شتێکەوەیە و لە هەموو کاتێکدا ئامادەیە دەس بخاتە دەستی بەعس و نزیکترین هاوڕیی خۆی بدات بەدەستەوە گەر پێویستبکات .

گەر ئارام بیت یاخود فوئاد گوێ بگرن لە راستی شەهیدکردنی ووریای جوانەمەرگ .
راستە ووریا زۆر بێزارو غەمبار بوو .. ماوەیەك بوو داوای نووسراوێکی کردبوو کە تێیدا هاتبێت کە ووریا بەرپرسنییە لە کوشتنی پیاوانی بەعس ، ئەم وەك پێشمەرگەیەك فەرمانی پێکراوەو بەکاری خۆی هەستاوە ، رۆژێك گەیشتە ئەو رادەیەی بڵێت : رۆژێك دێت خۆم بکوژم .
دوا وەلام کە ووریا وەریگرتبوو لە سەرکردایەتی ، دوای کوشتنی فوئاد میسری ئەو نووسراوەت ئەدەینێ .

بۆ کوشتنی فوئاد":
١- لە دوای هەڵگیرساندنی هەر شۆڕشێك فوئاد چۆتە شاخ و دوای ساڵێك یا دوان خۆی تەسلیم بە رژێم کردۆتەوە و چی زانیاری گرنگ هەیە داویتی بەدەستەوە ، وەك ئاشکرایە کە بنە ماڵەی فوئاد هەژارو کەم دەرامەتن ، گەر وەبیرتانبێتەوە کە دوای هەر خۆ بەدەستەوە دانێك دوای چەند رۆژێك فوئاد بە نوێترین سەیارە دەبینرا . ئەمە یەکێکە لە نامەکانی فوئاد کە بۆ شێخ ستاری ناردوە . دەتوانن هەر لە سایتە خۆشەویستەکەمانەوە کوردستانپۆست دەقی نامە ئەسڵییەکە ببینن لە نووسینێکی پێشترم بە ناوی جنێوفرۆشە دەوڵەمەندەکان ، فوئادی مەجی میسری بە نموونە .

مامۆستای بەڕێز کاك شێخ ستار
رێزو سڵاو .. هیوام سەرکەوتن و بەختیاریتانە
پێشەکی بەلاتانەوە شتێکی سەیر نەبێت کە لەم کات و ساتەدا ئەرکی نووسینی ئەم نامەیەم خستۆتە ئەستۆم و دەست پێشخەریم کردووە بۆ ئەوەی جەنابتان هیمەت بفەرموون لەم وەزعەی ئێستام رزگارم بێت ، چونکە بۆچوون و لێکدانەوەی هەرکەسێك لە مەسەلەیەکی تایبەتی ، بەندە بەرادەی ئاگاداری و نزیکی ی لەو مەسەلەیەوە .
بەش بە حاڵی خۆیشم نە ئێستا و نە لەسەردەمی بزووتنەوە بەدناوەکەی (مەلا) دا پەیڕەوی سیاسەتی (تووتی)م نەکردووە و هەمیشە هەوڵم داوە کلیلی عەقڵی خۆم بەدەستی خۆمەوە بێت ، بۆیە توانیومە هەمیشە بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆم بدەم ؛ ئەگەرچی زۆربەی کاتیش هەر نارەحەتی و کوێرەوەریم هەڵبژاردووە .

مامۆستای بەڕێز .. زۆر دەمێکە گەیشتوومەتە ئەو قەناعەتەی کە بەکوشت دانی رۆڵەی ئەو میللەتە و کردنی ووڵات بە شانۆیەکی خوێناوی بۆ سوود و قازانجی هەندێ کەس کە رابوردوی پڕ لە شەرمەزاری یان لای خەڵکی ئەم ووڵاتە شاراوە نی یە ؛ لەوە بەولاوە کە نەهامەتی و چارە ڕەشی ی لە دوایە و ((خلفیه‌)) ێکی دیکەی هەیە شتێکی تر نابەخشێ، بێجگە لەوەش سەرەنجامێکی ئەوتۆی نابێت ئەوانە تیایا بەدڵی خۆیان تەراتێن بکەن ...
لەلایەکی تریشەوە دڵنیام لەوەی کە بەڕێزتان و هیچ کەسێکی تر ئەم هەڵوێستەی من بەترسنۆکی و زەعیفی لەقەڵەم نادەن ، بەتایبەتی لەم کاتەدا کە رەنگە هیوا پەری بێتە دڵی هەندێ کەسی نەفامەوە
هەڵوێستی من هەڵوێستی کەسێکە کە نرخی مرۆڤ ئەزانێ و لە (معاناه‌)ی رۆڵەکانی گەلی کۆڵنەدەری فەلەستین تێ ئەگات ؛ ئەو گەلە ئاوارەیەی کە ئێستا رژێمی سوریای تاوانکار بە تازەترین چەکی ئەم سەردەمە قەلاچۆیان ئەکات و بەوەشەوە راناوەستێ کە پاڵپشتی ی بەکرێ گیراوەکانی لوبنان ئەکات ئەیەوێت لە عیراقیش دا پەل بهاوێت و هەمان دەوری تیا بگێڕێ .
مامۆستای بەڕێز ؛... ئێستا و پاش ئەوەی بە هەموو قەناعەتێکەوە لە حەقیقەتی وەزعەکە تێ گەیشووم ، ئەمەوێ جەنابتان وەك برایەکی گەورەی دڵسۆز هیمەت بفەرموون چارەسەرێکی مەعقووڵم بۆ بدۆزنەوە.. بۆیە ئەڵێم مەعقوڵ ؛ چونکە بەرێزتان ئەزانێ کە هەموو شتێك بە ئەندازەی توانا و ئاگاداری یە ، یان وەك کورد واتەنی (لە ئەرزی رەق چەوەندەر نایەتە دەر) ؛ جگە لەوەش مردن خۆشترە وەك لەوەی ئینسان ببێتە (مهزله‌) و دووچاری وەزعێکی وا بکرێم بە خەیاڵ هەندێ درۆ و دەلەسە بینابکەم و بیدەم بەدەستەوە کە ئەنجامی ساختە باز و درۆزن دەرچم لە پێش چاوی (ســلگه‌) ** جا ئەگەر بەڕێزتان گفتی ئەوەم ئەدەنێ کە بەو شێوەیە لە توانادا هەیە میری ی نیشتمانی ی وەك هاووڵاتی یەك لێم خۆش بێت ؛ ئەوا لەسەر شەرەفی بەڕێزتان خۆم بەدەستەوە ئەدەم ، بەمەرجێك پێشەکی ی زامنی ئەوە بکرێت کە لێم خۆش ئەبن گەر بەڕێزش تان بە مەعقووڵی ئەزانن ؛ بەر لەوەی هەنگاوی یەکەم بنرێت بەخزمەت تان بگەیشتمایە ، یاخود چاوم بە یەکێك بکەوتایە کە خۆتان دەست نیشانی ئەکەن تاوەکو زیاتر لە مەبەست و مەرام ئاگاداربوونایە.
ئیتر هەمیشە بە هیوای سەرکەوتن و بەختیاریتانە و سوپاس .

دڵسۆزتان
فوئاد مەجید میسری
٢٧ / ٧ / ٩٧٦


٢- کرا بە شەریکی مەفرەزە خاسە ئاسۆی قومری لە نادی تجارە وبڵاوکردنەوەی پیاوانی رژێم بە یانەکەداو گوێ هەڵخستن و بە گرتدانی نەیارەکانی بەعس .

٣- خەبەردان لە رۆشنبیر محمد موکری و زیندانیکردنی لەلایەن موخابەراتەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر سەرونوگوم کرا .
ووریا کە دێتە ناو شار هەواڵی فوئاد دەپرسێت ، چونکە شەهید ووریا فوئادی نەدەناسی دوای ئەوە پەیوەندی پێوە دەکات و پێی دەڵیت کە ئەم بە مەبەستی کوشتنی هاتوە ، فوئادیش زۆر سوپاسی دەکات و بۆ شەوەکەی دەعوەتی بۆ دەکات ، هەر ئەو شەوە نامەیەك بۆ سەرکردایەتی دەنێرێت ، بە ناوی کاك نەوشیروانەوە کە ئەو زەلامەی کە ناردوتانە بۆ کوشتنم ئەوەتا لام دەعوەتە بۆ بەیانی زوو بە نووسەر (ع .ق .س) ئەو نامەیە دەنێرێت بۆ سەرکردایەتی ، کە ووریا دەگەڕێتەوە بۆ سەرکردایەتی بەم بەزمەی فوئاد نازانێت ، وە لە ئەنجام نەدانی کارەکەی دەڵێت فوئاد لە بەغدا بوەو لەوە زیاتر نەیتوانیوە چاوەڕوانبێت .
ووریا تاوانبار دەکرێت بە خیانەت لە شۆرش و شەهید دەکرێت.
تاوانبار و بکوژی شەهید ووریا فوئادی مەجی میسرییە .
کاك ئارام ئەمە راستی شەهیدکردنی ووریایە نەك کە لە نووسینەکەتدا سێ بۆچنم بۆ دەگێڕیتەوە و دەتەوێت مێژوو بنووسیتەوە .
رێباز جەلال مەحمود

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە