کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تەلەفزیۆنە (TEST)ەكانى وڵاتەكەم ، ستەمێك كە لەم ووشەیە دەكرێت

Monday, 01/02/2010, 12:00


یوسف هەریرى هەولێر

گومان لەوە نیە ڕاگەیاندن ئەمڕۆ ڕۆڵى كاریگەرى لە سەر هەموو كایەكانى ژیان دروست كردووەو بووەتە بەشێكى گرنگى پێداویستى خەڵك، لە كوردستانیش دیارە ڕاگەیاندن هەندێ قۆناغى گرنگى بڕیوە بەڵام بە حوكمى كەم ئەزمونى و دروست نەبوونى ڕاگەیاندنێكى پرۆفیشنال لە هەموو ڕووەكانیەوە بە لانى كەم وەكو پێویست لەم قۆناغەدا نەتوانراوە ئەم ڕۆلەى خۆى ببینێت ، لەگەڵ ئەوەى لەوانەیە تاكو تەرا كارى بۆ كرابێت و ڕەگەزێك لە ڕەگەزەكانى راگەیاندنمان گەشەی كردبێت، بەڵام بە شێوەیەكى گشتى وەكو پێویست نەبووە. دیارە هۆكارەكان زۆرن بۆ ئەم مەبەستە، بە تایبەتى لە ڕووى سیاسی و ئەداى حكومەت و بینینى ڕۆڵى چاودێر و بوونى بە دەسەڵاتى چوارەم ، كە ئەمە بابەتێكى ترە ، بەڵام ئەوەى مەبەستمانە هەڵوەستەى لە سەر بكەین یەكێك لە هەرە گرنگترین جۆرى ڕاگەیاندنە ئەویش تەلەفزیۆنەكانە چونكە ئاشكرایە ئەم جۆرەى ڕاگەیاندن زیاتر لەوانى تر كاریگەرى و ڕەنگ دانەوەى بە سەر خەڵكەوە هەیە بە تایبەتى بۆ كۆمەڵگەیەكى وەكو كۆمەڵگەى ئێمە كە تا ئێستا كۆمەڵگەیەكى بەكاربەرین و زۆربەى كات حەزمان لێیە زۆربەى شتەكان وەكو هێلكەى پاككراو بخرێتە بەردەممان بۆ ئەم مەبەستەش تەلەفزیۆن باشترینی جۆرى ڕاگەیاندنە چونكە هەم وەكو بینین و بیستن و خوێندنەوەشى زۆر ئاسانترەو خەڵك دەتوانێت هەر بە پاڵ دانەوەو بە بێ خۆ ماندوو كردن نەك سەیرى بكات بەڵكو لە خولەكێكدا 20 كەناڵت بۆ بگۆرێ تا سەلیقەى كەناڵێك دەگرێت - مەبەستمان كەناڵى ئاسمانى و ناوخۆییەكانە - هەندێ جاریش خۆ ئەمەش هەر ڕوونادات بەڵكو باباى تەماشاكەرى تەلەفزیۆنەكە تا وەرس دەبێت هەر بەردەوام دەبێت لە سەر گۆڕینیان ، ئنجا هەم كاریگەرییەكانى چونكە ئاشكرایە هەموو ئەندامانى خێزان بە گەورەو بچوك و خوێندەوارو نەخوێندەوار و گەنج و پیرەوە بە شێوەیەك لە شێوەكان كاریگەر دەبن بە تەلەفزیۆنەوە. ئنجا با بچینە سەر ناوەرۆكى ئامانجى نوسینەكەمان ئەویش ئەوەیە دیاردەیەك هەیە بە تایبەتى تەلەفزیۆنە لۆكالیەكانمان كە بە ڕاستى جێگەى قسەو باسى زۆرو هەڵوەستە لە سەر كردنێكى جدیە ، چ وەكو حكومەت و سەندیكاى رۆژنامەنوسان و چ وەكو خودى ئەم دەزگایانەو ڕێكخراو و كۆمەڵەكانى مەعنى بەو بوارە ئەویش دیاریدەى تێستى (TEST)ى كەناڵەكانە كە ئەمڕۆ بۆتە مۆدەیەكى باوى ڕاگەیاندنى كوردى بە تایبەتى تەلەفزیۆنەكان واى لێهاتووە كە چەند كەناڵێك بە درێژایی ساڵ هەر بە تێستى بیانبینیت ڕەنگە هەندێك جار وا بزانیت ئەم كەناڵە هەر ناوى (TEST)ە ئەوەندە ڕەنگ و ڕووى ئەو ئەو وشە داماوەى گرتووە ، كە بە ڕاستى ئەمە دیاردەیەكى نا سروشتى و بۆیەیەكى بێزراوى راگەیاندنى كوردىیە بە تایبەتى تەلەفزیۆنەكانمان ئنجا با كەناڵى حزبى و ئەوەى دەگوترێت و ئەهلى و كەرتى تایبەت بێت.تا واى لێهاتووە ماوەیەك پێش ئێستا بە دیار كەناڵێكى لۆكاڵى لەم جۆرە كەناڵانەوە دانیشتبووم كە یادى دامەزارندنى كەناڵەكەیان دەكردەوە لە هەمان كات ئەم وشە داماوەى كە باسمان كرد TEST - هەر بە تەنیشت ئەم شاشە بەستەزمانەوە لكابو و باباى بێژەریش نەرەى سەركەوتنى كەناڵەكەىو پێیاهەڵدانى بوو كە ئەمە ئەگەر تەنها لە ێۆماڵ و باشورى سودان شتى وا سەیرو سەمەرە هەبوو بێت ئەگەرنا ئەمەش یەكێكە لە داهێنانە هەرە مەزنەكانى میدیاى كوردى ، ئاخر ئەگەر كەناڵى ئاسمانیش بێت دەبێت لە ماوەى ساڵێك بتوانیت هەر نەبێت پەخشى خۆت بخەیتە گەڕ و خەڵك و بینەرانى خۆشەویستى خۆت لە چاوەروانى ڕزگار بكەیت ئەگەرنا من پێم وایە ئەم كەناڵانە نەبوونیان باشترە لە بوونیان ، چونكە خەڵك ئەمڕۆ سەرقاڵ و ماندووە بە ئەركە قورسەكانى ژیانیەوە ئەمەشى بێتە سەر كە بەرامەر شاشەیەك دابنیشتێت نەزانێت چى دەڵێت و بەرنامەو پەخشى چۆنەو چى گوزەر دەكات . بۆیەلە كۆتاییدا من پێشنیار دەكەم كە بەراستى خەمێكى ئەم دیاردە نەخوازراوە بخورێت چ وەكو حكومەتى و هەرێم و وەزارەتى ڕۆشنبیرى سەندیكاى رۆژنامەنوسان چ وەكو ئەم دەزگاو كەناڵانە كە چیتر یارى بە میزاجى خەلك نەكەن و ڕاگەیاندنیش زیاتر لەمە بێزراو نەبێت بەم دیاریدەو چەندین دیاریدەى ترى نەشیاو كە ئەمڕۆ لە هەرێمى كوردستان بوونەتە مۆتەكەى میدیاى كوردى .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە