پیرۆز بێت شازدەهەمین ساڵرۆژى دامەزراندنى بزووتنەوەى دیموكراسیخوازانى كوردستان

Monday, 29/03/2010, 12:00


جەماوەرى كوردستان ..... حزب و لایەنە سیاسیەكان
شازدە ساڵ لەمەوبەر لە 28 / 3/ 1994 بزووتنەوەى دیموكراسیخوازانى كوردستان وەك بزووتنەوەیەكى سیاسى لە پێناو چەسپاندن و بەرەو پێشبردنى پرۆسەى دیموكراتى لە كوردستان هاتە گۆڕەپانى خەبات، بەم بۆنەوە پیرۆزبایى لە سەرجەم ئەندامان و دۆستان و لاینگرامان دەكەین.
دیارە بزووتنەوەى دیموكراسیخوازان لە مێژووى كاركردنى خۆى بەهۆى ئەو رەوشە سیاسیە ناجێگیرەى كە لە كوردستان گوزەرى كرد زۆرجار ئاستەنگى سیاسى هاتۆتەڕێ و بەو هۆیەشەوە دوچارى لێكترازانى ریزەكانى هاتووە، كە بەهۆى ئەم واقعە تا ئێستا نەتوانراوە بەپێى پێویست رۆڵ و كاریگەری لە سەر رەوتى روداوەكان هەبێ و لەگۆڕەپانى سیاسى كوردستان وەك هێزێكى كاریگەر دەركەوێ.
هەر لە دەرهاویشتەى ئەو بارودۆخە سیاسیەى كە ئەمڕۆ لە ژیانى حزبایەتى دا پەیڕەو دەكرێ، ئەوەبوو ماوەیەك بەر لە ئێستا چەند كەسێك لە دیموكراسیخوازان جیابونەوە بەناوى سەركردایەتى كاتى خۆیان راگەیاند، ئێمە هەر لەسەرەتاى دروست بونى ئەم كێشەوە پێداگیربوین لەوەى كە دەبێ یاسا سەروەر بێ لەیەكلایكردنەوەى ئەم كێشەو هەر كێشەیەكى هاوشێوە لەنێو حزبەكان روبدا، لێرەوە لەم یادە بە جەماوەرى كوردستان و حزب و لایەنە سیاسیەكانى رادەگەێنین كە دادگا لەمەڕ ئەم كێشەى ئێمە لە 2/3/2010 لە دادگاى بەرایى هەولێر بڕیارى خۆى دا ، كە ئەم بڕیارەش هەم بۆ دیموكراسیخوازان بڕیارێكى گرنگ بوو بۆ گەڕانەوەى شەرعیەتى یاسایى و هەمیش بۆ پرۆسەى ژیانى حزبایەتى لە كوردستان هێمایەكى مژدەبەخشە كە لەمەودوا دیاردەى فرەحزبى وەك دیاردەیەكى شارستانى و مەدەنى لەچوارچێوەى یاسادا مامەڵەى لەگەڵدا دەكرێ.
جەماوەرى كوردستان ...
ئاشكرایە كە بەهۆى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراقەوە نەخشەى سیاسى عیراق گۆڕانى گەورەى بەسەرداهاتووە، لەم نێوەندە ئەوەى گرنگە بۆ ئێمەى كورد ئایندەى پرۆسەى دیموكراتى و مافەكانى میللەتەكەمانە لەچوارچێوەى دەوڵەتى عیراق، بۆیە لەسەر نوێنەرانى كورد لە سەرجەم لیستەكان پێویستە زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخە نوێیەدا بكەن و بەیەك هەڵوێستى پێداگیربن لەسەر مەسەلە چارەنوسسازەكان و بەرژەوەندیە نەتەوەییەكان بە بنەما بگرن لە هەر دانوستان و رێكەوتنێكدا.هەر لەهەمان كات ئەم هەڵبژاردنە ئەم وانەیەى داینێ كە پەرتەوازەیى لەسەر ئاستى كورد بەتایبەتى لە ناوچە كێشە لەسەرەكان چ زیانێكى لێداین و چەند كورسیمان لەدەست چوو،لەسەر ئاستى حزبیش پەرتەوازەیى نێوان هێزە چەپ و دیموكراتیخوازەكان وایكرد نەتوانرێ هیچ لایەنێكى ئەم رەوتە دەنگى پێویستى بەدەست هێنانى كورسى بەدەست بهێنێ. بۆیەلێرە ئەم واقعە تازەیە ئەوەمان لێدەخوازى كەدەبێ بیر لە میكانیزمێك بكرێتەوە كە كۆتایى بەم شێوەحزبابەتیەوئەم پەرتەوازەییە بهێنرێ.
دوبارە شازدەهەمین ساڵیادى دامەزراندنى بزووتنەوەى دیموكراسیخوازان پیرۆزە

مەكتەبى سیاسى
بزووتنەوەى دیموكراسیخوازانى كوردستان
28 / 3/2010 كوردستان _ هەولێر






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە