نەوشیروان مستەفا .... هەڵۆیەك لە لوتكەدا !
Thursday, 26/03/2009, 12:00
1247 بینراوە
ناوێك لێوان لێو لە خۆشەویستى و بەرخودان ، رۆڵەیەكى بەئەمەكى دایكى نیشتمان ، گەورە بەقەت شەرەفى میللەتێك بەرز وەكو كێوى سەر لە ئاسمان هەڵسو ، پیاوى مێژوو ،.... من نە بەشان و باڵى ئەو پیاوەدا هەڵدەڵێم و نە مەبەستە بیدوێنم بەڵكو ئەمە رابردووى خۆى و تێكۆشان و رەفتارو راستگۆیی خۆى دروستى كردووە ، تێكۆشەرێك هەموو تەمەنى گەنجى خۆى كردە قوربانى بۆ كێشەى رەواى گەلەكەى ، ئێستاش شانى داوەتە بەر مەسئولیەتێكى مێژوویى گەورە كە ویژدان و هەست ونەستى داواى لێدەكات و وەك بەرپرسیارێتى مێژووى لە ئەستۆى خۆیدا دەبینێ ، بەپێچەوانەى پیاوە نابوت و گرگنەگانى نێو دەسەڵاتە تۆتالیتارەكەى بەناو حكومەتى پارێزەرى دز و تاڵانچیەكانى كوردەوە ، بەپێچەوانەى ئەوانەى كە جگە لە خەمى خۆیان و بەرزكردنەوەى كۆشك وتەلارەكانیانەوە بیرلە هیچ خەون و خەمێكى ترى گەلەكەیان ناكەنەوە ، پیاوێك خۆى مێژوو دەنوسێتەوە كە كارەكتەرەكانى وێڵن لە دواى سەرفرازى و ئازادى و یەكسانیدا ، وێڵن تا سەروەرى و هاوڵاتیبوونى خۆیان بسەپێنن و كەرامەتى پێشێلكراو روشێنراویان بۆ بگێڕدرێتەوە ، وێڵن تا شەوەزەنگ و ژوورە تاریك و شێدارەكان رۆشەن بكەنەوە و دەرگا كڵومدراو و چاوە بە راستى هەڵنەهاتوەكانیان پێ بكەنەوە ، نەوشیروان مستەفا دەیەوێت وەك هاوڵاتیەكى سادەى گەلەكەى خۆى خەمەكانى خۆى سارێژبكات و خۆى مێژوو بخوێنێتەوە وەك ئەوەى كە شكۆمەندى و خۆشگوزەرانى و دادپەروەرى و پێشكەوتن و سەربەرزى گەلەكەى تیا بەئەنجام بگات ، نەك وەك ئەوانەى كەبۆ مەرامى تایبەتى و رازى كردنى ناحەزان و دوژمن بەگەلەكەمان دەیانەوێت مێژوو بخوێننەوە ، بیروڕا ، تێڕوانین و بۆچوونى فیكرى دەلیلى خوێندنەوەى مێژووە ، میللەت بۆ خوێندنەوەى مێژوو پشت بە چ فكرو بیروڕایەك دەبەستێ ؟ ئەگەر خاوەنى تێڕوانین و بیروڕایەكى واقیعى و هاوتەریب بە خواست و بەرژەوەندیە نیشتمانى و نەتەوەییەكان نەبین چۆن دەكرێ بۆ مێژوو بڕوانین ؟
ئەوانەى دەیانەوێت بە نیازى دەست كەوت و مەبەستى تایبەتى و خۆدەرخستن بە باڵاى مێژوودا هەڵزنێن ، ئەوە ئەو كورتە بنە نیشتمان فرۆشانەن كە فرچەكیان بە سەرشۆڕى و سەرخوانى دوژمنەكانیانەوە گرتووە ! ئەوانەى ئەمڕۆ پڕوپاگەندەى یەكریزى و یەكگرتوویی و تەبایی دەكەن هەر ئەوانەن كە دەیانەوێت دەسەڵات لەسەر خۆیان و بنەماڵەكانیان تاپۆ بكەن و شەڕى و بەداخراوى هێشتنەوەى لیستەكانى هەڵبژاردن دەكەن ، هەر ئەوانەشن كە كەدەیانەوێ مێژووى نەتەوەیەك لەكەدار بكەن و بەچەوتى و هەڕەمەكى بۆ مێژوو بڕوانن و چۆنیان بوێت وا بیخوێننەوە ! شەڕى نەوشیروان مستەفا شەڕى چۆنیەتى خوێندنەوەى مێژووە ، شەڕى نێوان سەیركردن و چۆنیەتى بینینى جوانیەكانە ، شەڕى مۆراڵ و هێنانەوەى بەها باڵاو گێڕانەوەى زەردەخەنە تەریوەكانى سەر لێوى هەموانە ، شەڕى بوژاندنەوەى خاكى سوتماكبووى كوردستان و ئاوەدانكردنەوەى گوند و لادێ و قوڵپدانەوەى كانیاوە هەڵتەكێنراوەكانى نیشتمانە ، پیاوێك وێنەى هەڵۆیەكى شكۆمەند لەسەر لوتكەى كێوێكى رۆچوو بەناخى پێدەشتى خەمەكانى ئەم میللەتە هەمیشە چاوى بێدارى بۆ سەرفرازى و سەربەستى گەلەكەى بێ وەنەوزە ، مێژوو شاخێكى زۆر سەختە پێ هەڵزنانى مەگەر نەوشیروانەكانى مێژوو وەكو غاندى و هۆشى منە و چێ گیڤارە دركیان بە سەختى و گرانى شاندانەبەرى ئەم هەڵزنانە كردبێ ! لەگەڵ ئەوەشدا دەستێكى چەپكە نێگز و دەستێكى گورزێ روناكیە و ڕێ دەكا لە پشتیەوە حاشەمەتێك لەمیللەت و گوڵەگەنم چرۆ دەكا !