کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ عێراق.. هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كانی‌ سونه‌و شیعه‌و كورده‌كان

Wednesday, 10/03/2010, 12:00


گۆڕانێكی‌ گه‌وره‌ به‌سه‌ر نه‌خشه‌ی‌ هاوپه‌یمانێتیی‌ سیاسیی‌‌و دیمه‌نی‌ سیاسیی‌ عێراق به‌گشتی‌ له‌ماوه‌ی‌ وه‌رزی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 2010 نه‌هاتوه‌، به‌به‌راورد به‌هه‌لومه‌رجی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌ی‌ له‌مانگی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ 2005 به‌ڕێوه‌چو، هه‌مان ده‌موچاو فراكسیۆنی‌ سیاسی‌ ماونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌قۆناغی‌ پێشودا له‌پێشه‌وه‌بون‌و جڵه‌وی‌ ده‌ستپێشخه‌رییان به‌ده‌سته‌وه‌بو ده‌سه‌ڵاتیان له‌گۆڕه‌پانه‌كه‌دا فراوان ده‌كرد، له‌گه‌ڵ‌ ده‌ركه‌وتنی‌ كه‌سایه‌تی‌ سیاسی‌ كه‌ ئه‌وكاته‌ ناسراونه‌بون، به‌ڵام وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ حكومه‌ت یارمه‌تیدان له‌پێكهێنانی‌ حیزب‌و دواتر هاوپه‌یمانێتی‌ سیاسی‌ كه‌ پێشبینی‌ ده‌كرێت گۆڕانێكی‌ بچوك له‌هاوكێشه‌ی‌ سیاسی‌ ئێستادا دروستبكه‌ن.

تاراده‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ بۆته‌قه‌ی‌ ئه‌و هاوپه‌یمانێتییانه‌ی‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ مه‌زهه‌بی‌‌و تایه‌فی‌ پێكهێنراون له‌دیمه‌نی‌ سیاسیی‌ دیارنه‌ماوه‌‌و به‌ماوه‌یه‌كی‌ زۆر به‌ر له‌پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان كه‌ ئێواره‌ی‌ یه‌كشه‌ممه‌ی‌ رابوردو كۆتاییهات، پاڵێوراوه‌كان له‌هه‌ڵمه‌تی‌ بانگه‌شه‌كانیاندا جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ له‌سه‌ر دروشمه‌ نیشتمانییه‌كان كه‌نزیكن له‌هه‌ست‌و سۆزی‌ ده‌نگده‌ری‌ عێراق.

هاوپه‌یمانێتییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ به‌شدار له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌ژێر عه‌بای‌ تایه‌فی‌، كه‌ ببوه‌ تایمه‌ندی‌ قۆناغی‌ پێشو هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ ساڵی‌ 2005، تا راده‌یه‌ك ده‌رچون‌و كه‌سایه‌تییه‌ عه‌لمانییه‌كان چونه‌ته‌ پاڵ هاوپه‌یمانێتییه‌ ئاینییه‌كان‌و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌.

هاوپه‌یمانێتیی‌ شیعه‌كان
ناكۆكییه‌كانی‌ قۆناغی‌ رابوردوی‌ ململانێ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات‌و نفوز‌و پۆسته‌ حكومییه‌كان بوه‌هۆی‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ ئیئتلافی‌ شیعه‌ی‌ حوكمڕان، پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان كه‌ نزیكه‌ی‌ ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به‌ڕێوه‌چو، چه‌ند هێزێكی‌ نوێی‌ شیعه‌ ده‌ركه‌وتن‌و پێیانباشبو به‌ته‌نیا به‌شداریی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مان بكه‌ن جگه‌ له‌چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی‌ سیاسیی‌ سه‌ربه‌خۆ كه‌ئه‌مانیش هه‌وڵده‌ده‌ن تا چه‌ند بۆیان ده‌كرێت له‌و ره‌وتانه‌ی‌ مۆركی‌ تایه‌فییان هه‌یه‌ دوربكه‌ونه‌وه‌.

هه‌وڵه‌كانی‌ لێكنزیككردنه‌وه‌ی‌ بۆچونه‌كان‌و ئه‌وه‌ی‌ ده‌وترێت ئێران فشاری‌ خستوه‌ته‌ سه‌ر هاوپه‌یمانه‌كانی‌ له‌حیزب‌و هێزه‌ شیعه‌كان بێئاكام بو بۆ پاراستنی‌ یه‌كگرتوی‌ (ماڵی‌ شیعه‌) كه‌ به‌ر له‌هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ رابوردو ساڵی‌ 2005 پێكهێنرا‌و له‌و كاته‌دا توانی‌ بنكه‌یه‌كی‌ په‌رله‌مانی‌ گه‌وره‌ به‌ده‌ستبهێنێت‌و به‌و پێیه‌ش بۆ ماوه‌ی‌ چوارساڵی‌ رابوردو ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ده‌ست.


ئیئتلافی‌ نیشتمانیی‌ عێراق كه‌ له‌سه‌ر داروپه‌ردویی‌ ئیئتلافی‌ شیعه‌ی‌ حوكمڕان پێكهێنرا‌و وێنه‌ی‌ شیعه‌ی‌ خۆی‌ پاراست، وێڕای‌ هه‌وڵه‌كانی‌ له‌ئامێزگرتنی‌ ژماره‌یه‌ك رێكخراوی‌ سونه‌و كورده‌كان، به‌ڵام ئه‌نجامێكی‌ ئه‌وتۆی‌ نه‌بو. ئه‌م ئیئتلافه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامی‌ به‌ڕابه‌رایه‌تی‌ عه‌مارحه‌كیم، رێكخراوی‌ به‌در، ره‌وتی‌ سه‌در، حیزبی‌ ده‌عوه‌-رێكخراوی‌ عێراق، كۆنگره‌ی‌ نیشتمانی‌ به‌ رابه‌رایه‌تی‌ ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی‌، حیزبی‌ فه‌زیله‌ به‌ رابه‌رایه‌تی‌ شێخ یه‌عقوبی‌، ره‌وتی‌ چاكسازیی‌ نیشتمانی‌ به‌ رابه‌رایه‌تی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشو ئیبراهیم جه‌عفه‌ری‌، ره‌وتی‌ مامناوه‌ند به‌ رابه‌رایه‌تی‌ موه‌فه‌ق روبێعی‌‌و كه‌سایه‌تی‌ دیكه‌ی‌ شیعه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ‌و ده‌ستڕۆیشتو پێكدێت، هه‌روه‌ها له‌لیستی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یدا هه‌ندێك كه‌سایه‌تی‌ عه‌لمانی‌‌و ئایینی‌ له‌(عه‌ره‌بی‌ سونه‌) تێدایه‌ له‌وانه‌ شه‌ریف عه‌لی‌ بن حسێن سه‌رۆكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ مه‌له‌كی‌ ده‌ستوری‌، سیاسه‌تمه‌دار نه‌سیر جاردچی‌ سه‌رۆكی‌ حیزبی‌ نیشتمانیی‌ دیموكراتی‌، نوری‌ به‌دران وه‌زیری‌ ناوخۆ له‌و حكومه‌ته‌ ئینتیقالیه‌ی‌ ئه‌یاد عه‌لاوی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرد، شێح حه‌مید ئه‌لهایس سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ رزگاركردن له‌ئه‌نبار‌و یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌حوه‌ كه‌ دژی‌ قاعیده‌ جه‌نگان، هه‌روه‌ها پیاوی‌ ئایینی‌ خالد ئه‌لمه‌لا سه‌رۆكی‌ گردبونه‌وه‌ی‌ زانایانی‌ عێراق.

له‌به‌رامبه‌ردا، ئیئتلافی‌ ده‌وڵه‌تی‌ قانون به‌ رابه‌رایه‌تی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئێستا نوری‌ مالیكی‌ كه‌ئه‌گه‌ر زۆره‌ جارێكی‌ تر ببێته‌وه‌ به‌سه‌رۆكی‌ وه‌زیران، به‌پله‌ی سه‌ره‌كی‌ له‌حیزبی‌ ده‌عوه‌ی‌ ئیسلامی‌ به‌هه‌ردو باڵه‌كه‌یه‌وه‌ (رێكخراوی‌ ده‌ره‌وه‌)‌و (رێكخراوی‌ عێراق) كه‌ به‌ رای‌ چاودێران حیزبی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌و ئیئتلافه‌یه‌ پێكدێت، وێڕای‌ له‌ئامێزگرتنی‌ ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆ، تا راده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتو بو له‌ له‌ئامێزگرتنی‌ هه‌ندێك گروپی‌ جۆراوجۆر‌و جه‌ختیكردوه‌ له‌سه‌ر ناوه‌نده‌كانی‌ عه‌ره‌بی‌ سونه‌و سه‌ركرده‌كانی‌ سه‌حوه‌ كه‌ له‌ناوچه‌كانی‌ (خۆرئاوای‌ به‌غدا‌و باكوری‌) له‌دژی‌ قاعیده‌ ده‌جه‌نگان‌و هاوپه‌یمانێتییه‌كی‌ له‌ نزیكه‌ی‌ 40 قه‌واره‌ی‌ سیاسی بچوك پێكهێنا‌و له‌ناویاندا دو گروپی‌ مه‌سیحی‌‌و گروپێكی‌ شه‌به‌كی‌ تێدایه‌.

له‌ئێستادا دیمه‌نی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ شیعه‌ له‌عێراق له‌و دو ئیئتلافه‌ سه‌ره‌كییه‌دا خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند حیزبێكی‌ تر به‌لیستی‌ جیا یان له‌گه‌ڵ‌ قه‌واره‌ی‌ دور له‌ سه‌نگه‌رگرتنی‌ تایه‌فی‌ به‌شدارییان له‌هه‌ڵبژاردندا كردوه‌، هه‌روه‌ها ئه‌م دو ئیئتلافه‌ چانسیان هه‌یه‌ له‌به‌دیهێنانی‌ ئه‌نجامێكی‌ دیارو نزیك له‌یه‌كه‌وه‌ تا راده‌یه‌كی‌ زۆر له‌گه‌ڵ‌ رێژه‌یه‌كی‌ كه‌می‌ باشتری‌ چانسی‌ ئه‌و ئیئتلافه‌ی‌ كه‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت رابه‌رایه‌تی‌ ده‌كات كه‌ به‌گوێره‌ی‌ چاودێران ده‌رئه‌نجامی‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ رابوردوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانه‌.

هێزه‌ عه‌لمانییه‌كان
فراكسیۆنی‌ (ئه‌لعیراقیه‌) كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌یاد عه‌لاوی‌ رابه‌رایه‌تی‌ ده‌كات‌و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌ دیاره‌كانی‌ له‌خۆگرتوه‌ له‌وانه‌ تاریق هاشمی‌ جێگری‌ سه‌رۆك كۆمار كه‌ رابه‌رایه‌تی‌ لیستی‌ (ته‌جدید) ده‌كات بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌و له‌حیزبی‌ ئیسلامی‌ جیابوه‌وه‌، رافع ئه‌لعیساوی‌ جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران، جه‌بهه‌ی‌ حیواری‌ نیشتمانی‌ كه‌ ساڵح موتڵگ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات‌و به‌تۆمه‌تی‌ ره‌واجدان‌و شكۆداركردنی‌ حیزبی‌ (به‌عس)ی‌ قه‌ده‌غه‌كراو له‌به‌شداریكردن له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ دورخرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها گردبونه‌وه‌ی‌ (عێراقیونی‌ نیشتمانی‌) به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانتار ئوسامه‌ نجێفی‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌وكه‌سانه‌ی‌ به‌توندی‌ بانگه‌شه‌ی‌ عه‌ره‌بچێتی‌ عێراق ده‌كات، جگه‌ له‌چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی‌ عه‌شیره‌ته‌كان‌و كه‌سایه‌تییه‌ لیبرالییه‌كانی‌ (سونه‌و شیعه‌).

چاودێرانی‌ سیاسیی‌ ده‌ڵێن: ئه‌م پێكهاته‌ سیاسییه‌ له‌ڕێی‌ چه‌ند هاوپه‌یمانێتییه‌كی‌ نوێوه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ناو دیمه‌نی‌ هه‌ڵبژاردن، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ئه‌زمونی‌ په‌رله‌مانی‌ پێشو به‌ده‌ست هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ ‌و پاشه‌كشه‌ی‌ هه‌ندێك له‌و لایه‌نانه‌ی‌ هاوپه‌یمانییان له‌گه‌ڵ كردبو ‌و چونه‌ ناو هاوپه‌یمانێتی تره‌وه‌ ده‌یناڵاند، ده‌نگه‌كانی‌ جوگرافیاو دیمۆگرافیا له‌شاره‌كانی‌ موسڵ‌‌و سه‌ڵاحه‌دین‌و دیاله‌و ئه‌نبار‌و به‌شێكی‌ به‌غدا، جگه‌ له‌شاری‌ كه‌ركوك‌و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ بچوكی‌ پارێزگاكانی‌ واست‌و بابل‌و پارێزگاكانی‌ باشور‌و فوراتی‌ ناوه‌ڕاست به‌ده‌ستده‌هێنێت‌و ره‌نگه‌ كاربكاته‌ سه‌ر ده‌نگه‌كانی‌ لیست‌و هاوپه‌یمانێتییه‌كانی‌ تر.

به‌ڵام (هاوپه‌یمانێتی‌ یه‌كێتیی‌ عێراق) به‌ رابه‌رایه‌تی‌ جه‌واد بولانی‌ وه‌زیری‌ ناوخۆ، هه‌ریه‌ك له‌مه‌حمود مه‌شهه‌دانی‌ سه‌رۆكی‌ پێشوی‌ په‌رله‌مان، ئه‌حمه‌د عه‌بدولغه‌فور سامه‌ڕایی‌ سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ وه‌قفی‌ سونه‌، شێخ ئه‌حمه‌د ئه‌بوڕیشه‌ رابه‌ری‌ ئه‌نجومه‌نه‌كانی‌ سه‌حوه‌ی‌ ئه‌نبار‌و جگه‌ له‌ وه‌زیری‌ پێشوی‌ به‌رگری‌ سه‌عدون دلێمی‌، چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی‌ سیاسیی‌ له‌خۆگرتوه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابوردودا ده‌رنه‌كه‌وتبون له‌وانه‌ سیاسه‌تمه‌دار ره‌عد مه‌ولود موخڵس سه‌رۆكی‌ گردبونه‌وه‌ له‌پێناوی‌ عێراق.

هه‌روه‌ها (لیستی‌ یه‌كێتیی‌ گه‌ل) به‌ رابه‌رایه‌تی‌ ئه‌مینداری‌ گشتی‌ حیزبی‌ شیوعی‌ عێراق حه‌مید مه‌جید موسا، له‌دیموكراته‌ چه‌په‌كان‌و سه‌ربه‌خۆكان‌و كه‌سایه‌تییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئه‌ده‌بی‌‌و سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان‌و كه‌سانی‌ سه‌ر به‌توێژه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و نه‌ته‌وه‌یی‌‌و ئایینی‌‌و مه‌زهه‌به‌ جیاجیاكانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ عێراقی‌ پێكدێت‌و (هاوپه‌یمانێتیی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانی‌) له‌ رێككه‌وتنی‌ نێوان (گردبونه‌وه‌ی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانی‌) به‌ رابه‌رایه‌تی‌ كه‌سی‌ سیاسیی‌ نه‌هرۆ عه‌بدولكه‌ریم كه‌ كوڕی‌ یه‌كێك له‌شێخه‌كانی‌ رێبازی‌ سۆفیگه‌رییه‌ له‌عێراق (ته‌ریقه‌تی‌ كه‌سنه‌زانی‌)‌و (ئه‌نجومه‌نی‌ حیواری‌ نیشتمانی‌) كه‌ په‌رله‌مانتار خه‌له‌ف عه‌لیان رابه‌رایه‌تی‌ ده‌كات‌و چه‌ند قه‌واره‌یه‌كی‌ سیاسیی‌‌و كه‌سایه‌تی‌ عه‌شیره‌ته‌كان پێكهاتوه‌.

هێزه‌ كوردییه‌كان
هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقی‌ ساڵی‌ 2010، حیزبه‌ كوردییه‌كانی‌ به‌سه‌ر چه‌ندین لیستی‌ جیاواز‌و كێبڕكێكارو ركابه‌ری‌ یه‌كدی‌ دابه‌شكرد به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌و ره‌وشه‌ی‌ پێشویان، چاودێران پێشبینی‌ ده‌كه‌ن گۆڕه‌پانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ كوردستان كێبڕكێی‌ به‌هێز به‌خۆیه‌وه‌ ببنێت له‌نێوان چوار لیستی‌ سه‌ره‌كی‌ به‌مه‌به‌ستی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ زۆرترین ژماره‌ی كورسییه‌كانی‌ سێ‌ پارێزگاكه‌ی‌ هه‌رێم‌و كورسییه‌كانی‌ ناوچه‌ جێیناكۆكه‌كان كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ كوردی‌ تێدا نیشته‌جێیه‌ وه‌كو كه‌ركوك‌و دیاله‌و نه‌ینه‌واو سه‌ڵاحه‌دین جگه‌ له‌به‌غدای‌ پایته‌خت.

ئه‌و چوار لیسته‌ سه‌ره‌كییه‌ی‌ پێشبینی‌ ده‌كرێت زۆرینه‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ كورد به‌ده‌ستبهێنن، بریتیین له‌: لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستانی‌، لیستی‌ گۆڕان، لیستی‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ كوردستان كه‌یه‌كێكه‌ له‌گه‌وره‌ترین رێكخراوه‌ سیاسییه‌ ئیسلامییه‌كان له‌هه‌رێم، لیستی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان كه‌یه‌كێكه‌ له‌گه‌وره‌ترین حیزبه‌ ئیسلامییه‌ كوردییه‌كان.

لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستانی‌ كه‌ له‌هه‌ردو حیزبی‌ كوردیی‌ سه‌ره‌كی‌، پارتی‌ به‌ رابه‌رایه‌تی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان مه‌سعود بارزانی‌، یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان به‌ رابه‌رایه‌تی‌ سه‌رۆك كۆمار جه‌لال تاڵه‌بانی‌ پێكدێت جگه‌ له‌هه‌ندێك حیزبی‌ كوردی‌ بچوك كه‌ تواناو نێوبانگی‌ هه‌ردو حیزبه‌كه‌ی‌ بارزانی‌‌و تاڵه‌بانییان نییه‌.

بزوتنه‌وه‌ی‌ (ته‌غییر) یان ئه‌وه‌ی‌ به‌زمانی‌ كوردی‌ ناسراوه‌ به‌(گۆڕان)، بزوتنه‌وه‌یه‌كه‌ سیاسیه‌تمه‌داری‌ دیار نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌كات، كه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابوردودا جێگری‌ تاڵه‌بانی‌ بو له‌حیزبه‌كه‌یدا به‌رله‌وه‌ی‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ك له‌سه‌ركرده‌ كورده‌كان لێی‌ جیاببنه‌وه‌ وه‌كو ناڕه‌زاییه‌ك به‌رامبه‌ر تۆمه‌تباركردنی‌ به‌گه‌نده‌ڵی‌ كه‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كان‌و ئه‌ندامانی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ عێراقی گرتوه‌ته‌وه‌، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ سه‌ره‌ڕای‌ كه‌می‌ ته‌مه‌نی‌ ئه‌نجامێكی‌ باشی‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ده‌ستهێنا.

لیستی‌ (یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ كوردستان) كه‌ به‌یه‌كێك له‌گه‌وره‌ترین رێكخراوه‌ سیاسییه‌ ئیسلامییه‌كان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت، خوازیاره‌ زۆرترین ژماره‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت، به‌تایبه‌تی‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌ستكاریكردنی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردن‌و به‌ڕێوه‌بردنی‌ به‌ لیستی‌ كراوه‌ له‌جیاتی‌ داخراو.

لیستی‌ (كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان)، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌گه‌وره‌ترین حیزبه‌ ئیسلامییه‌ كوردییه‌كان به‌لیستی‌ چواره‌م دێت له‌ڕوی‌ بنكه‌ی‌ جه‌ماوه‌ریی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان. ئه‌میری‌ حیزبه‌كه‌ عه‌لی‌ باپیر پتر له‌ساڵێك له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ به‌تۆمه‌تی‌ (هاوكاریكردنی‌ گروپه‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كان) ده‌ستگیركرا.


هێزه‌ سونه‌كان
بۆ یه‌كه‌مجار‌و له‌وه‌ته‌ی‌ ده‌ستكردن به‌پێكهێنانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقی‌ نوێ‌ (جه‌بهه‌ی‌ ته‌وافوقی‌ عێراق) دیارترین فراكسیۆن بو ده‌نگه‌كانی‌ پارێزگا سونه‌نشینه‌كانی‌ له‌عێراق له‌هه‌ڵبژاردنی‌ 2005 برده‌وه‌، له‌سه‌روبه‌ندی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ئاشكرا ده‌ركه‌وت هاوپه‌یمانێتییه‌كان‌و حیزبه‌ سونه‌كان تاڕاده‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ ده‌چن به‌جۆرێك ئیتر شتێك نه‌ما ناوی‌ بنێین (ئه‌و لیسته‌ی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ عه‌ره‌به‌ سونه‌كان له‌عێراق ده‌كات)، پاش ئه‌وه‌ی‌ جه‌بهه‌ی‌ ته‌وافوقی‌ عێراق كه‌ ناونیشانی‌ دیاری‌ عه‌ره‌به‌ سونه‌كان بو، ئێستا ژماره‌یه‌ك هێزی‌ كاریگه‌ریی‌ سونه‌مان هه‌یه‌ دابه‌شبون به‌سه‌ر چوار هاوپه‌یمانێتییه‌ گه‌وره‌كه‌دا‌و له‌گه‌ڵ‌ حیزبه‌ شیعه‌كاندا هاوپه‌یمانێتی‌ ده‌به‌ستن.

له‌پێنج ساڵی‌ رابوردودا، چه‌ندین جیابونه‌وه‌ له‌ناو جه‌بهه‌ی‌ ته‌وافوق كه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابوردودا مۆركێكی‌ ئایینی‌ هه‌بو دروستبو، كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی‌ سونه‌ چونه‌ ناو هاوپه‌یمانێتی‌ نیشتمانی‌ ئه‌لعیراقیه‌ به‌رابه‌رایه‌تی‌ ئه‌یاد عه‌لاوی‌، هاوپه‌یمانێتی‌ یه‌كێتیی‌ عێراق به‌ رابه‌رایه‌تی‌ جه‌واد بولانی‌، هاوپه‌یمانێتیی‌ ده‌وڵه‌تی‌ قانون به‌ رابه‌رایه‌تی‌ نوری‌ مالیكی‌، ئیئتلافی‌ نیشتمانیی‌ عێراقی‌ به‌ رابه‌رایه‌تی‌ عه‌مار ئه‌لحه‌كیم.

*له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م گۆڕانه‌ كه‌مه‌ی‌ دیمه‌نی‌ سیاسیی‌ عێراق، گۆڕینێكی‌ جۆرایه‌تی‌ به‌رچاو ‌و گۆڕانێكی‌ گه‌وره‌ له‌هه‌ڵوێستی‌ پاڵێوراوه‌كان ، كه‌ له‌ قه‌واره‌یه‌كه‌وه‌ چونه‌ ناو قه‌واره‌یه‌كی‌ تره‌وه‌و له‌ ریزبه‌ندی‌‌و هاوپه‌یمانێتیی‌ نوێی‌ جیاواز له‌هه‌ڵبژاردنی‌ پێشو كه‌ كۆتایی‌ ساڵی‌ 2005 به‌ڕێوه‌چو، دروستبوه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ عه‌قڵیه‌ت‌و بیركردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگده‌رانیش كه‌ موحاسه‌سه‌ی‌ تایه‌فه‌چێتی‌‌و ئه‌وانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت بمێنێته‌وه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، گۆڕانی‌ به‌سه‌رداهاتوه‌.

پێویسته‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ یه‌كه‌مجاربێت به‌و شێوه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ نیشتمانی‌ به‌ڕێوه‌بچێت كه‌تیایدا كێبڕكێی‌ راسته‌قینه‌ی‌ له‌نێوان فراكسیۆنه‌كان‌و حیزبه‌ سیاسییه‌كان به‌خۆیه‌وه‌ بینی‌‌و پێشبینیش ده‌كرێت ببێنه‌ ساتی‌ ته‌ڵاقدانی‌ ماوه‌ی‌ پێشو كه‌ حیزبه‌ ئاینییه‌كان كۆنترۆڵی‌ ژیانی‌ سیاسییان له‌سایه‌ی‌ چاودێریكردنی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسیی‌ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ كردبو.

پرۆسه‌ی‌ مامه‌ڵه‌كردنی‌ واقیعی‌ سیاسیی‌ له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ ساڵی‌ 2005 ئه‌نجامێكی‌ گرنگی‌ خسته‌ڕو كه‌ئه‌ویش ئه‌وه‌بو بۆچونی‌ بێئاكامبونی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسیی‌‌و ده‌ستاوده‌ستكردنی‌ ئاشتیانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ لای‌ حیزبه‌كان‌و پێكهاته‌ سیاسیه‌كان گه‌ڵاڵه‌كرد، ئه‌وه‌ش به‌ئاشكرا له‌هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكاندا ده‌ركه‌وت‌و به‌شدارییه‌كی‌ فراوانی‌ رێكخراوه‌ ره‌سه‌نه‌كان‌و نوێیه‌كان كه‌سه‌ر به‌م ئاراسته‌ یان ئه‌و ئاراسته‌ بون به‌خۆیه‌وه‌ بینی‌، به‌ڵكو هه‌مو ئاراسته‌كانی‌ تێكه‌ڵكرد‌و زۆرێك له‌ به‌شداربوان بیرۆكه‌ی‌ ته‌كنۆكراتی‌ دور ته‌نانه‌ت له‌ئایدۆلۆژیای‌ فیكرییان خسته‌ڕو.

هه‌روه‌ها فاكته‌رو ره‌گه‌زی‌ زۆر‌و هه‌مه‌لایه‌ن‌و جۆراوجۆر كاریان له‌یه‌ككرد‌و تێكه‌ڵبون‌و وای‌ له‌هه‌ندێ‌ ئیئتلافی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌ڵبژاردن كرد، سه‌رله‌نوێ‌ واقیعی‌ سیاسی‌‌و هه‌ڵبژاردن به‌دیدێكی‌ نوێ‌ له‌عێراقی‌ 2010‌و هه‌ڵبژاردنی‌ 2010 بخوێنێته‌وه‌، له‌نێو ئه‌و فاكته‌رانه‌ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ بو كه‌ به‌سه‌ر میزاجی‌ ده‌نگده‌ری‌ عێراقیدا هات‌و به‌شدارده‌بێت له‌دیاریكردنی‌ سروشت‌و جۆری‌ بزوتنه‌وه‌كان‌و ریزبه‌ندییه‌ نوێیه‌كان كه‌ ره‌نگه‌ له‌گه‌ڵ‌ گۆڕانی‌ ئاماژه‌كان‌و گۆڕانكارییه‌كانی‌ گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌‌و میزاجی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ده‌نگده‌ری‌ عێراقی‌ گۆڕانیان به‌سه‌ردا بێت.

له‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌: سبه‌ی‌
سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ی‌ ئه‌لمه‌دینه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە