کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕانخوازی راستەقینە كێیە ؟

Thursday, 19/07/2012, 12:00




لەم كاتەدا، كورد خۆی لە حاڵەتێكدا دەبینێتەوە، كە وای لەسەر فەرز دەكات هۆشیاریی گشتیی روو لەهەڵكشان بكات و لەو قەناعەتەدا بێت كە پێویستی بە خۆڕێكخستنەوە و بەرێكردنی قوناغێكی ژیانی كوردەواری ماوەبەسەرچووە بۆ دەرچون لە چەقبەستن دواكەوتویی، ئەم گرانكاریەش تەنها بە خودی خەڵكی كوردستان دەكرێت، لەپێشەوەی هەموانیش رۆشنبیران و خەڵكی نوخبە و بیرمەند و دڵسۆزانی میلەت و نیشتمانە، كە بەدور لە هەر ئینتمایەكی فكری و ئایدیۆلۆجی، بە پشت بەستن بە رێكاری خودیانە و فەلسەفەیەكی واقعیانە دەبێت .
ئەوەی راستی بێت لە پێكهاتەی كۆمەڵگەی كوردەواریدا، كە بەو جۆرو شێوازەی ئێستا دەیبینین، گۆڕانكاری بە زۆر كەس دەكرێت و بەهەندێكیش قەت ناكرێت، جا لەسیفەت و ئاكار و رەفتاردا لە نەوەی نوێ بێت یان كۆن، مەرجی سەرەكی ئەو ئەركە؛ دەستپێكردنی هەنگاوی سەركەوتو ی گۆڕانە لە خود و خۆرزگاركردنە لەبیركردنەوەی نەگونجاو و بەرنامە و سیاسەت وفكری هەڵەو، لە پیادەكردنی رەفتارێكدا دەبێت پشت بە بیروبۆچونی مۆدرێنبەبەستێت بۆ دەرچون لە قاوغی كۆن و،هاتنەدیی باوەربونە بە بەها و بیری نوێ و هەوڵدانە بۆ فەراهەمكردنی پێداویستی سەردەمانە و پشتبەستن بە تێڕوانین و عەقڵیەتی گۆرانخوازانەی بەردەوام لە ژیانی تایبەتی و گشتی و، پشتیگیریكردنە لە پەرەسەندنی رەوتی پێشكەوتنخوازانەی ژیانی خەڵك بە پایە و رێساو یاسای نوێوە .لێرەشدا گرنگ عەقڵی گۆڕاو و رەفتار و بۆچونی نوێ و هەوڵدانە بۆ دەربازكردنی خەڵك لە كۆنەپەرستی و خودپارێزی و، لە پێناو پەڕینەوەیە بۆ قۆناغێكی نوێی ژیان .
دور لە پێداویستیەكانی سیاسەت و حزبایەتی تەسك و ململانێی ئاڵۆز ، خەمی سەرەكی گۆڕانخواز؛ گۆرانكاریە هەمەچەشنەكانە لەسەرجەم بوارەكاندا پر بە پێستی واتای وشەكە، دەبێت بەشێوەیەك بێت كەكاریگەری خۆی هەبێت لەسەر روبەرێكی زۆر فراوانی ژیانی خەڵك بە گشتی و،پاڵپشتی بنەرەتی بێت بۆ بەرەوپێشبردنی تەنانەت بیركردنەوە و هۆشیاری گشتی خەڵك و، گواستنەوەی قۆناغەكە بۆ ئاستێكی بەرز لە تازەگەری و عەقڵی مۆدێرن لە ژیانی تایبەتی و گشتیدا .
بەو پێوەرەی سەرەوەش بێت، ناكرێت سەرجەم ئەندامانی بزوتنەوەی گۆڕان بە گۆرانخوازی راستەقینە لەقەڵەم بدرێت و، ناشبێت خەڵكی بێلایەن و تەنانەت ئەندامان و كادرانی حزبەكانی تری سەر ساحەی سیاسی كوردستان بە دژەگۆرانخواز بژمێردرێت، چ لە نەوەی نوێ بن یان كۆن . بەڵكو زۆرێك لە خەڵكی تازە پێگەیشتوی نەوەی نوێ هەن هیچ سیفەت و رەفتارێكی گۆرانخوازیان تێدا بەدیناكرێت ، بەڵام لەنەوەی كۆنیش هەن بە پێچەوانەوە بە سەرجەم پێوەرەكان گۆڕانخوازێكی راستەقینەن و، كۆڕانێكی ئەوتۆیان لە فكر و عەقڵیەت و بیركردنەوە و رەفتاریاندا كردوە، كە هەست دەكرێت سەرەتای ئەكانیان بە گۆڕانكاری لە خۆیانەوە دەست پێكردبێت،لەم واقعەی ئێستا كوردستاندا،دور لە ئینتمای فكری و حزبیان، وادەخوازێت بە پێشرەو دابنرێن .
بە مەبەستی راهاتنی خەڵك لەسەر گۆڕانكاری بەردەوام و، هەمیشە چاولەسەر واقعێكی باشتر بن، پێویستە هەموان لەسەر گرنگی دابەشكردنی كار و ئەرك و پسپۆڕێتی یەكدەنگ بن، بە هەماهەنگیەكی تەواوە لەگەڵ كار و فەرمان و بیركردنەوە و جێبەجێكردنی ئەركەكانی تاكدا كە كەلتوری كوردستان رێگر دەبێت لە زۆر لەو بیرو فكر و رەفتارە نوێیانەدا،ئەمەش لەسەرجەم بوارەكانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و بە پشتبەستن بە ئالیەتی پێشكەوتوی نوێ و سیستمێكی تازە وگرنگیدان بە كایە رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیەكانی سەردەم و خوێندنەوەی كاریگەری هەموو رشتە جۆربەجۆرەكان لەسەر ژیانی گشتی خەڵك و پەیوەندیە هەمە جۆرەكانیان .
ئەگەر خەتی گشتی رێكخراوێكی سیاسی گۆڕانخواز و فەلسەفە و ئالیەتی كاركردنیی، پێوەری پلەی سەركەوتنی لە لایەنی رێكخستنی حزبیەوە بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی، بەڵام گۆڕانكاریی گشتی لە كۆمەڵگە پەیوەستە بە تاكەوە بە شێوەیەكی گشتی و دور لە هەر ئینتمایەكی حزبی .
بۆ گەیشتن بە قۆناغی بەشداری هەموان لە رەوتی گۆرانكاری، پێویستمان بە یاریچیی دڵسۆز و بەراستی و قەناعەتەوە گۆرانخواز و قوربانیدەر بە بەرژەوەندیە تایبەتیەكان هەیە، ئەمەش بێگومان بەكەسانێك دەكرێت كە عەقڵیەت و سیما و سفەتەكانی لە خۆبوردویی و زاهیدی و دەست و داوێن پاكی و دونیابینی و بە تایبەتی پابەندبون بە فكرێكی عەلمانیەوە، خەسڵەتە سەركیەكانی بێت .
دور لە گشتگیركردنیش، ئەگەر لە رێگەیەكی ترەوە دەست بە گۆڕانكاری بكرێت، كە نوخبە سەركردەو پێشرەو بێت، گۆرانخوازی راستەقینە؛ ئەو كەسە رۆشنبیرە دەبێت كە دور لە كاریگەری حزبی و ململانێكان، خۆی لە حاڵەتێكدا دەبینێتەوە كە هۆشیاری هەمەجۆری فكری و فەلسەفی و مەعریفی فراوان فشارێكی زۆری بۆ هێنابێت و هەستێكی وای لای دروست كردبێت كە راستەوخۆ دەست بداتە ئەو كارە پێویستانەی كە ئامرازە راستو دروستەكانی گۆڕانخوازی بۆ مەیسەر دەكەن و، لەوباوەرەدا بێت لەو ئانوساتەدا كە لەبەرامبەر هەلێكی زێریندایە و دوبارەنابێتەوە و، بە خۆرسك راستەرێگایەك دەگرێتەبەر كە مافی خۆی و كۆمەڵگا دابین بكات و، لەوێشدا و بەوشێوەیە كاروانی گۆرانكاری بەردەوام دەبێت .
لێرەدا پرسارێك دێتە ئاراوە، ئەو زەمینە پێویستە كە دەخوڵقێت بۆ دروستبونی حاڵەتی وا كە پیویستە روبدات و ببێتە دیاردە و عورف لە نێو كۆمەڵگەدا كە زامنی گۆرانكاری بكات، هیچ هەستێكی پێدەكرێت . پرسیارێكی گرنگتریش؛ كوردستانی خۆمان لە كوێی ئەو فەزا فكری و سیاسی وزەمینە پێویستەدایە بۆ هاتنە ئارای ئەو حاڵەتە، قسەمان لەسەر گۆڕانكاری گشتیە نەك تەنها سیاسی .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە