پرۆژەیەكى چاكسازى پێشكەشە بە مەسعود بارزانى
Sunday, 13/02/2011, 12:00
لەبەر بەرژەوەندى گشتى كوردستان و گەلە چاونەترسەكەى ، بۆ ئەوەى دەستكەوتەكان كە جەنابتان دەتانەوێت بپارێزرێن ، بۆ ئەوەى كۆمەلانى خەلكى كوردستان لێتان رازى بن ، تكایە ئەم پرۆژەیە جێ بەجێ بكەو بەبێ ترس بخەوە هیچ كاتێك بیرمەكەوە لە رودانى راپەرینى جەماوەرى وەكو راپەرینەكانى ولاتى تونس ومیسر، چونكە ئەنجام نەدانى راپەرین لە كوردستان بەستراوەتەوە بەم خالانەى خوارەوە تكایە زۆر بە ووردى بخوێنەوە پێویست بە دوو دڵى ناكات:-
1. بریار بدە كە هاوینەهەوارى سەرى رەش و پیرمام بەزوترین كات چۆل بكرێت لە سەركردایەتى پارتى و زۆر بە جدیەوە بدرێتەوە بە حكومەت چونكە مولكى گشتى كوردستانە.
2. دیاركردنى ئەنجامدانى هەلبژاردنى گشتى پاك و بێگەردكە پێویست بێت لە پەرلەمان و سەرۆكایەتى هەرێم و رێگا نەدەى هیچ خروقاتێك و پرۆسەیەكى لەكەدار دووبارە ببێتەوە و دور بیت لە هەموو ساختەكاریەكى رێكخەر و ماوەكەى نەگاتە3 تا 4 مانگ و ئەم هەلبژاردنە لە ژێر چاودێرى راستەوخۆى رێكخراوى نەتەوە یەكگرتوەكان بێت.
3. تاكو ئەنجامدانى هەلبژاردنى گشتى حكومەتێكى بێلایەن و تەكنۆكرات رابگەینە كە پێكهاتبێت لە خەلكى شارەزاو لێهاتو بۆ راپەراندنى كاروبارى وولات.هەروەها راگرتنى هەموو پرۆژەیەكى ستراتیژى لە پەرلەمان تاكو پەرلەمانى نوێ دادەمەزرێت.
4. دامەزراندنى لێژنەیەكى بەهێز كە پێك هاتبێت لە هەموو لایەنەكان و خەلكانى شارەزا و لێهاتو بۆ نووسینەوەى وەیان راستكردنەوەى هەموو ماددەیەكى نادروست و نەشیاو بەتایبەتى یاساى خۆپێشاندان لە ماددەكانى دەستورى هەرێمى كوردستان.
5. دامەزراندنى لێژنەیەكى بەهێز و چالاك بۆ لێپرسنەوەى ئەو كەس و بەرپرسانەى كە گومانى گەندەلیان لێ دەكرێت جا لە خودى خۆت و بنەمالەكەتەوە دەست پێ بكات تاكو بچوكترین كەسى ئەم وولاتە. بەشەرتێك لە دەستورى نوێ گەندەلكار هیچ جیاوازى نەبێت لەگەل سزاى تیرۆریست و بازرگانەكانى ماددەى بێهۆشكەر.
6. یان نەهێشتنى هەردوو دەزگاى پاراستن و زانیارى دروستكردنەوەى دەزگایەكى دیكەى بەهێزچالاك وەیان تێكەلكردنەوەى هەردوو دەزگا كێشانەوەى هەموو خەلكانى حیزبى ودانانى خەلكانى دلسۆزى بێلایەن و شارەزا و لێهاتوو.گرنگ بەهیچ شێوەیەك دەستى حیزب لەناو نەبێت و سەر بە ئەنجومەنى وەزیران بێت.
7. دەركردنى لێبوردنى گشتى كە هەموو كەسێك بگرێتەوە تەنها بكوژانى لەخۆرا (قتل عمدا) نەبێت و بە تایبەتى بەندكراوانى سیاسى و بەندكراوانى شەرى ناوخۆ ، پاراستنى مافى مرۆڤى كورد لە بەندیخانەكان بە گشتى
8. بەهیچ شێوەیەك دەستى حیزب لە حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتى وهەوالگر ودادگاكان و ئەنجومەنەكانى دادپەروەرى و فەرمانگەكانى حكومەت و هێزى پێشمەرگەو هێزەكانى زێرەڤانى وناوخۆ نەبێت چیتر تەزكیەى حیزب نەبێتە هەوێنى دامەزراندنى فەرمانبەران و لە گشت شوێنێكى گشتى.
9. نەهێشتنى هیچ جیاوازیەك لە نێوان هاولاتێكى كورد حیزبى بێت وەیان بێ لایەن بێت و گرنگ لەسەر ئەساسى ئەوەى كە مرۆڤى كوردە رێزى لێ َبگیرێت.
10. بەسزا دانى بكوژانى شەهیدانى غەدر لێكراوى هەردوو رۆژنامە نووسان سەردەشت عوسمان وكاكە سۆران و دەست پێكردنەوەى سەر لەنوێ لە لێكۆلینەوەى تایبەت بەو تاوانانەى كە ئەنجامدراون
لە كۆتایدا دووبارەى دەكەمەوە كە ئەم خالانەى سەروە كوردستان دور دەكاتەوە لە ئەنجامدانى راپەرین و مەترسى ئالۆزبوونى بارودۆخ دەرەوێنێتەوە ئەوەش دەگەرێتەوە سەر رەزامەندى خۆتان جا یان جێ بەجێ كردنى ئەم خالانەى سەروە وەیان راپەرینى كورد لە هەرێمى كوردستان...ئیتر بە هیواى جێبەحێكردنى ئەم خالانەین كە پێشكەشمانكردوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست