هەردی سەڵاح: دەمەوێ زەواجێك بكەم، كێشەی لەدوا نەبێت
Saturday, 09/01/2010, 12:00
بەشێوەیەك مامەڵەم لەگەڵ هاوڕێیەتی كچان كردووە، هیچ كێشەیەكم تووش نەبێت
+ سەرچاوەی ژیانی خۆت لەكوێوە دابین دەكەی، وەك دەزانرێ لەكوردستان هیچ گۆرانیبێژێك ناتوانێ بەداهاتی هونەرەكەیەوە بژی؟
هەردی سەڵاح: بژێوی ژیانی خۆم لەرێگەی ئیشی خۆم و بنەماڵەكەم دابین دەكەم، كارە هونەرییەكانیشم بەسوپاسەوە تائێستا حكومەتی هەرێم و دەسەڵاتی كوردی یارمەتی داوم.
+ بۆچی گۆرانیبێژانی ئەو وڵاتە نەیانتوانیووە بۆ پڕۆژەكانی خۆیان پشت بەكۆمپانیاكان ببەستن، دەكرێ بڵێین كۆمپانیاكان كەمتەرخەمن، یاخود هێشتا بەرهەمی هونەرمەندان لەو ئاستەدا نییە، تا كۆمپانیاكان بۆ بازرگانی پشتی پێ ببەستن؟
هەردی سەڵاح: بەدڵنیایەوە پێت دەڵێم ئێستا هونەرەكەمان لەئاستێكدایە، كە بشێت بازرگانی پێوە بكرێت، كۆمپانیاكانیش كەمتەرخەم نین، بەڵام بەبۆچوونی من كێشە سەرەكییەكە لەبنەڕەتدا كێشەیەكی نەتەوەییە، كە وای كردووە كوردستانی گەورە ببێتە چوار پارچە و هەر پارچەیەكیش شێوە كەلتورەكی تاڕادەیەك لێك دووریان هەبێ، ئەو بەشەی باشووری كوردستانیش كە ئێمە تێیدا دەژین، ژمارەی دانیشتوانمان كەمە و بەو ژمارە دانیشتوانە كەمە و بەو نرخە هەرزانییەی، كە بەرهەمە هونەرییەكانی پێدەفرۆشرێت، مەحاڵە هونەرمەند قازاج بكات، بۆیە بەبڕوای من هەتا دروستبوونی دەوڵەتی كوردی و یەكگرتنەوەی هەر چوار پارچەی كوردستان، كە ئەوكات ژمارەی دانیشتوان زیاتر لەچل ملیۆن دەبێت، پێویستە تائەوكاتە حكومەت هاوكاریی هونەرمەندان بكات، تاكو هونەرەكەمان بەردەوام بێت.
+ دەكرێ هونەرمەند لەپەنای ئەلبومێكەوە رەچاوی بازاڕ و بازرگانی بكات، كە زۆرێك پێیان وایە ناكرێ هونەر بازرگانی پێوە بكرێ، هەندێكی دیش دەڵێن بازرگانی بەهونەركردن شتێكی ئاساییە، چونكە هونەرێكی باش دەتوانرێ بازرگانی پێوە بكرێ، نەك هونەرێكی لاواز؟
هەردی سەڵاح: من بڕوام وایە دەبێت هونەرەكەمان بەبازرگانی بكەین، بەڵام من وەكو خۆم هەوڵمداوە كارەكانم زیاتری هونەری بن، نەك بازرگانی، لەبەرئەوە پێشتر باسم كرد، بۆ بەبازرگانیكردنی هونەرەكەمان كێشە هەیە، كێشەكەشم بۆ روونكردیەوە.
+ لەنێوان دوو بۆچووندا، كە دەكرێ گۆرانیبێژ تەنیا گۆرانیبێژێكی باش بێت و مەرج نییە قسەكەر و خوێندەوار بێ، بۆچوونێكی دیش پێی وایە، گۆرانیبێژ لەپەنای دەنگخۆشییەوە، پێویستە رۆشنبیر و بنەماكانی فەلسەفەی هونەری بزانێ، تۆ لەگەڵ كامەیانی؟
هەردی سەڵاح: لای من وا باشە هونەرمەند هەموو سیفەتەكانی تێدابێت.
+ بۆچی لەكۆمپانیای سەردار ستۆدیۆ دووركەوتیەوە، لەسەرەتادا بەنیاز بووی زۆر پڕۆژە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە ئەنجام بدەی؟
هەردی سەڵاح: من بەنیازی یەك پڕۆژەی هونەری بووم لەگەڵیان، ئەوانیش زۆر حەزیان دەكرد لەو بوارە خزمەت بكەن، دەستیشمان بەپڕۆژەكە كرد، بەڵام ئەوان توشی هەندێ گرفت بوون، بۆیە كارەكە وەستا.
+ بۆچی سێ ساڵە ئەلبومت بڵاونەكردووەتەوە؟
هەردی سەڵاح: لەراستیدا من دەیان بەرهەمی ئامادەكراو و بڵاونەكراوەم هەیە، بۆیە هەڵبژاردن لەناو ئەو هەموو بەرهەمانەدا كاتی دەوێت، خۆشم لەگەڵ ئەوەدانیم هونەرمەند بەباش و خراپ هەموو ساڵێك ئەلبومێك بڵاوبكاتەوە.
+ بەرێژەیەكی زۆر زەواجی هونەركاران و هونەرمەندان فەشەل دەهێنێ، لەهونەركارانی هەموو دنیا ئەو شتە هەیە، بەتایبەت گۆرانیبێژەكان، تۆ ئەو هۆكارە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟ دەكرێ بڵێین تۆش لەبەر مەترسیی ئەو فەشەلە زەواجت نەكردووە؟
هەردی سەڵاح: كەلتوری ئێمە جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و دنیا، لای ئەوان تەڵاق شتێكی زۆر ئاسانە، منیش دەمەوێت زەواجێك بكەم كێشەی لەدوا نەبێت.
+ لەكوردستان لەگەڵ هەندێ لەهونەرمەندانی بەناوبانگی عەرەب كۆنسێرتت كردووە، پەیوەندی تۆ تەنیا لەو كۆنسێرتانەدا بووە؟
هەردی سەڵاح: تەنیا لەكۆنسێرتەكەدا پەیوەندیمان دروست بوو.
+ لەراگەیاندنەكان بڵاوكرایەوە، كە گۆرانیبێژ هۆلیا ئەفشار، داوای گۆرانییەكی تۆی كردووە، ئەی بۆ گۆرانییەكەی نەگووتەوە؟
هەردی سەڵاح: لەراستیدا ئەو كاتەی من سەرقاڵی كاری ئەلبومەكەم بووم، لە ستۆدیۆكانی توركیا مایسترۆكەی هۆلیا داوای گۆرانی (بەسمە)ی كرد، بۆ هۆلیا وەڵامی منیش ئەوە بوو، تاكو ئەو گۆرانییەم بڵاو نەكەمەوە، رازی نیم بیڵێتەوە، دوای ئەوە پەیوەندیمان پچڕا.
+ دەگوترێ گۆرانیبێژە كوڕەكان لەلایەن كچانەوە زۆر داوای خۆشەویستی و پەیوەندیی هاوڕێتیان لێ دەكرێ، تۆ كە خاوەنی رووخسارێكی جوانی، چۆن لەگەڵ ئەو حاڵەتە مامەڵەت كردووە؟
هەردی سەڵاح: بەشێوەیەك مامەڵەم لەگەڵ ئەو حاڵەتە و هاوڕێیەتی كچان كردووە، هیچ كێشەیەكم تووش نەبێت.
+ چ شتێك وای لێكردووی كوردستان جێنەهێڵی؟
هەردی سەڵاح: كوردستان و زۆر شتی تر.
+ لەكام ساڵ خۆشەویستیت دەستپێكرد، باس لە سەرەتاكانی ئەو عاشقبوونەت بكە؟
هەردی سەڵاح: نامەوێت چیرۆكی خۆشەویستی خۆم بۆ میدیا باس بكەم، خۆشەویستی وا تامی خۆشترە، وەك نهێنییەك تەنیا لای خۆت و خۆشەویستەكەت بێت.
+ پەیوەندیی هاوڕێتیت لەگەڵ بەرپرسە كوردەكان چۆنە و لەگەڵ كامیان هاوڕێتیت خۆشە؟
هەردی سەڵاح: لەگەڵ زۆربەیان پەیوەندیم خۆشە.
+ زۆر لەبەرپرسان پێیان وایە هونەرمەندان بەگشتی و گۆرانیبێژەكان بەتایبەتی لەبەرامبەر هاوڕێكانیان بێوەفان؟ لەوبارەیەوە چ قسەیەكت هەیە؟
هەردی سەڵاح: هیچكات لەگەڵ هاوەڵ و برادەرەكانم بێوەفا نەبوومە.
+ هیچكات جگەرەت كێشاوە؟
هەردی سەڵاح: لەژیانمدا جگەرەیەكم نەكێشاوە.
+ دوا پڕۆژەی هونەریت چییە؟
هەردی سەڵاح: بەنیازم بەشداری لەدرامایەك بكەم، كە هیچی كەمتر نەبێت لەئاستی ئەو دراما بیانیانەی ئێستا لەكەناڵە توركی و عەرەبییەكاندا پەخش دەكرێن و دۆبڵاژی كوردی كراون، كە ستافێكی پرۆڤیشناڵ و زیاتر لە 35 درامایان لەتوركیا دروست كردووە، ئەوان كارەكە ئەنجام دەدەن، بەمەرجێك قبووڵم كردووە، كە لەرووی كوالێتی و تەكنیكەوە، بەهیچ شێوەیەك لەئاستی ئەو دراما بیانیانە كەمتر نەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئێستا خەریكی پەیوەندیكردنین بەحكومەتی هەرێمەوە، تەنیا ماوە حكومەت ok لەسەر كارەكە بكات، چیرۆكەكەش باس لەخۆشەویستی كوڕێكی كورد و كچێكی تورك دەكات. باوەڕم وایە ئەگەر كارەكە ئەنجام بدرێت، دەبێتە مۆدێلێكی زۆر نوێ لە بواری دراما.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست