بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیارییە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە پارتەکان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە


بڕیارێکی چەوت لەلایەن سەرۆکێکی ئێکسپایەرەوە

Sunday, 22/03/2015, 12:00




پاراستن و پارێزگاری لەنیشتمان و خاك ئەرکی یەکە بەیەکەمانە بە هەردوو ڕەگەزەکەو بەبێ جیاوازی. کاتێ نیشتمان ئەکەوێتە بەر شاڵاوی داگیرکاری،دوژمنکاری،تاڵانی و فەرهود ،تاكەکانی کۆمەڵگا پێکەوە خەبات و هەوڵ و تەقەلا ئەدەن تا نیشتمان وەك چاویان بپارێزن. چۆن دایك و باوك بەرگری لەمناڵەکانیان ئەکەن،ئاوهاش نیشتمان وەك ئەو کۆرپەیە وایە کە پێوستی بە هیزو بازووی هەموانە بۆ ئەوەی نەیەڵن بکەوێتە ژێر چنگ و چەپۆکی دوژمنانەوە. چەندە ماڵ و سەروەت و سامان و مناڵ و خێزان پێوستیان بە چاودێری و لەکاتی تەنگانەدا بە ئاگاداری و شەون و خونی هەیە،ئاوهاش خاك و نیشتمان و ووڵات لەکاتی قەیران،ئاریشە و کێشەکاندا پێوستی بەڕۆڵەکانی هەیە بۆ ئەوەی لەو چەنگ و چەڵەمانە ڕزگاری بکا.

کەم کەس هەن لەم ژیانەدا کاتێ تووشی دەست درێژی کردنە سەر ئەبنەوە ،وەیان کاتێ لایەنێ ئەیەوێ مافیان زەوت بکا، هەروا بەسانایی بێت و بڵێ من خۆم لەو ئەرکە بەدوو ئەگرم لەبەرئەوەی (تاقانەم وەیان چەند برایەکین و ناچینە خانەی بەرگری کردن). ئەمە جگە لەوەی هیچ لۆژیکی تیا نیە و ووتەیەکی چەوت و هەڵەیە بەتایبەتی لەکاتی تەنگانەو قەیرانەکاندا،ئەوا بێ شك ئەوەی ئەم جۆرە دەربڕینانەی هەیە مرۆڤی نابەرپرسیار و کەسی بێ ئەزموونە. دەنا هەر کاتێك پێوستی بە یارمەتی،هاریکاری،پاریزگاری و پاراستن هەبێ ئەوا بێ دووو دڵی هەموان لێی بەرپرسیارین ئەبێ قۆڵی خۆمانی بۆ هەڵکەین و بەشداری تیا بکەین.

مەسعود بارزانی لەبەرئەوەی کەسێکە لە ژینگەیەکی کۆیلایەتی و جاشایەتی زێباریەکان پەروەردە کراوە،هەرگیز ناتوانێ گیانی گیانبازی و فیداکاری لەخۆی و چواردەوەرەکەی بچێنێ. ئەم کەسە ترسنۆکە هیچ کات نەیتوانیوە لە پێشەوەی بەرەکانی جەنگدا بێت و پڕیشکی شەڕی بەرکەوتبێ،دێت و گیانی کوردایەتی لانی کەم لەچەند کەسێك و لایەنێك ناهێنێ. ئەم جۆرە پەیامانە دژ بە خودی هەندێ لەتاکەکانی کۆمەڵن و مەبەست لیی ساردکردنەوەیان و لەخشتەبردنیانن لەوەی کەئەوان بۆیان هەیە نەچنە بەرەکانی جەنگەوە لەبەرئەوەی تاقانەن وەیان چەند برایەکن نابێ لەیەك کاتدا بچنە بەرەکانی پێشەوە.

با ڕووی دەممان بکەینە مەسعود بپرسین،داخۆ کاتێ چەتەکانی داعش هاتنە سەر کوردانی ڕۆژئاوا و باشوور پرسیان کێ تاقانەیەو کێ چەند کوڕی هەیە و کێ چەند خۆشکی هەیە تا نەیان کوژن؟ ئاخۆ چەتەکانی داعش،حەشدی شەعبی و بەعسیەکانی دوێنێ هەرگیز لەکاتی کوشتنی ئێمەدا جیاوازیان کردوە لە نێوان تاقانە و نا تاقانە؟؟ ئێدی گەر دوژمن بەرانبەر کورد ڕەشەکوژی بەئەنجام بگەیەنێ وهیچ جودا خوازیەك نەکا،ئەی بۆ ئەبێ ئێمە جوداخواازی بکەین و هەستین بە پۆڵین کردن لەنێوان توێژ وچین و ڕەگەز و تەمەنەکان؟! کاتێ چەتەکانی داعش و هاوشێوەکانیان ئەچنە سەر کۆبانی،ئەوا جیاوازی لەنێوان کەس ناکەن و کۆکوژی خۆیان بەئەنجام ئەگەیەنن. کەواتە پێوستە بەهەمان شێوە و زیاتریش لەبواری پاراستن وبەرگری و خەبات هیچ جیاوازیەك نەمێنێ و ئەوەی دەستی چەك ئەگرێ بچێتە بەرەکانی جەنگەوەو ئەوەی ناتوانی بەهۆی هەر هۆیەکی تەندروستی و تەمەنەوە ئەتوانێ بەشێوەکانی تر بەشداری خەبات بکا.



چونکە لای مەسعود خۆشەویستی خاك و نیشتمان بوونی نیە و هەر کاتێك وویستبێتی هەڵهاتوەو تێی قووچاندوە،بۆیە لای ئاساییە کەپەیامی لەو شێوەیە بڵاو بکاتەوە. دەنا ئەوەی خاکی خۆی بوێ و نەیەڵێ بکەوێتە ژێر پۆستاڵی داگیرکەرانەوە ،هەرگیز پەیامی لەو شێوانە نادا کە وا لە چەند کەسێك بکا پاساوی بداتێ واز لە پاریزگاریکردن بێنێ ڕەنگە مەسعود بەهۆی ئەم جۆرە پەیامەیەوە خزمەت بەو ١٠٠٠ پیاوەی بنەماڵەکەی بکات چونکێ ئەوان دوو و دوو و سێ و سێ بران هەموویان پاسەوانی ماڵی بارزانین و بەهۆی ئەم بڕیارەی مەسعودەوە لە چوونە نێو بەرگری وبەرەکانی جەنگ ببەخشرێن. مەسرور تەنها کوڕێکی هەیە،واتە ئەم بڕیارە ئەیگرێتەوە و نابێ بچێتە بەرەکانی پێشەوە. لەهەمان کاتدا مەسرور وبراکانی هەمان بڕیار لەخزمەتیانەو نابێ بچنە بەرەکانی پێشەوە.کەواتە ئەو بڕیارەی مەسعود پێش هەموو شتێ لەخزمەت خۆی و مناڵ و عەشرەتە ١٠٠ پیاوەکەیەتی.

مەسعود گەلێ بەباشی ئەزانێ کەوا چۆن لەڕێگای گەندەڵی و پیسخۆریەوە درز و شەبەقی کردە کۆمەڵگای کوردی و دایوەشاندو هەڵی تەکاند،ئاوهاش ئەیەوێ ئەو تۆزە گیانە نەتەوەیی و کوردپەروەریەی کە ئێشتا لای میلەت ماوە بەهۆی ئەم جۆرە نوێیە لە گەندەڵی بکاتە کەلتوورێکی سەربازی و گیانی فیداکاری و بەرگری لای هاوڵاتیان نەهێلێ. دەبا هەموان دژی ئەو بڕیارە سەقەتە ببین و بەژن و مێرد و خۆشك و براو دایك و باوکەوە بەبێ جیاوازی لەخزمەت خاك و پاراستنی کوردستاندا بین. خاکی کوردستان موڵکی هەموانە و ئەرکی هەموانە بیپارێزین وەك بیلبیلەی چاومان. سەربەرزی و نەمری بۆ گشت شەهیدان و ئەوانەی پاریزگاری لەخاك و ئاومان ئەکەن و سەرشۆڕی بۆ چەتەکانی داعش و داعشە کوردەکانی وەك مەسعود و هاوشێوەکانیان.

بڕوانە ئەم لینکە:

http://www.awene.com/article/2015/03/21/39770

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە