ئەقڵیەتی پشت بڕیارەکەی مەسعود!
Thursday, 31/03/2011, 12:00
ئەو ئەقڵەی لە پشت بڕیارەکەی مەسعودەوەیە ئەقڵێکە خاوەن لۆژیکێکی شمولییە، ئەقڵێکە ناتوانێت دیاردە و شتەکان وەکو خۆیان ببینێت، بەڵکو هەمیشە پێویستی بە دیاردەیەکە بۆ ئەوەی دیاردەیەکی تری پێ بخەمڵێنێت و دەیانبەستێتەوە بەیەکەوە. ئەو ئەقڵە بارستایی و کێش و قەبارەکان تێکەڵ دەکات و تواناشی نییە لە یەکیان جیابکاتەوەو دان بە خراپ خەمڵاندنەکەیدا بنێت.
ئەو ئەقڵە هەمان ئەقڵە کە ساڵی ١٩٩٤ دەیوت "ئەوان غەدریان لێکراوە، غەدرێکی زۆر گەورە بۆیە لە توانایاندا نییە شەڕ ڕاگرن". ئەو ئەقڵە هەمان ئەقڵی بەردەم لقی چوارە کە گوللە و بەردی لێ ببوو بە یەک و وەڵامی بەردی گەورەی بە گوللەی بچوک دەدایەوە.
ئەو ئەقڵە لە توانایدا نیە یەک دیاردە وەک خۆی سەیر بکات و هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکات، بۆ نمونە بکوژەکان وەکو بکوژ نابینێت بەڵکو خەتای بکوژیەکەیان دەداتە پاڵ بەردهاوێژەکان.
ئەوە هەمان ئەقڵە کە لەسەروبەندی دوای تاوانەکەی ١٧ ی شوباتدا دەیوت غەدریان لێکراوەو دەستی غەدرکەران دەبڕنەوە.
ئەو ئەقڵە ئەقڵێک نیە لە توانایدا بێت بگۆڕێت و گۆڕانکاری و چاکسازیی ئەنجام بدات، نەک بە سێ مانگ بەڵکو هەتا هەتایە.
ئەو ئەقڵە ئەقڵێکە بیانوگرو تۆڵە ئامێز، بکوژان دەدات بە دادگا بەمەرجێک بەردهاویژەرانیش بدرێنە دادگا. ئەمە بیانوگرتن و تۆڵەکردنەوەیە. ئەو ئەقڵە خۆی دەخاتە سەرو یاساوەو چۆنێتی و ڕۆتینی بەڕێوەچونی یاساناسان دیاری دەکات لەکاتێکدا تێگەیشتنی بۆ یاسا بە پێوەری سوڵحی عەشایەرییە. ڕۆتینەکانی ناو دادگاش هەمان دابونەریتی سوڵحی عەشایەریی نیە.
ئەم ئەقڵە ئەو ئەقڵەیە گەر بە پێوەری وی بچین بەڕێوە ئەوە دەبێت خۆشی پێش هەموو کەس بخرێتە ناو قەفەسی تاوانەوە.
ئەم ئەقڵە لە هەمان کاتدا کە بیانوی بەدادگا گەیاندنی خۆپیشاندەران و کەسە دیارەکانی ناو خۆپیشاندەران دەکات ئەوا حوکم بەسەر خۆشیدا دەدات. وەک دەزانین ئەنجومەنی کاتی مەیدانەکان و ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان خۆیان پێشتر بەرنامەی ئەو هەڵمەتانەیان نەبووە و بەهۆی ئەو بارە نالەبارەوە ئەو ئەرکەیان گرتۆتە ئەستۆ کە یاسای خۆپیشاندانە ڕێگرەکە لە خۆپیشاندان و، کۆی سیستەمی حوکمکردنی ئەو ئەقڵیەتەی پشت بڕیارەکە هێناویەتە ئاراوە.
ئەو ئەقڵیەتەی پشت بڕیارەکە لە کاتی خۆیدا دژی یاساکان وەستایەوەو چووە چیاکان و شەرعیەتی شۆڕشگێڕێتی بە خۆی بەخشی بەهۆی ئەوەی سەدامی خاوەن یاسا غەدری لێکردبون. ئەمڕۆش کە هەمان ئەقڵیەت لەپشت ئەو یاسا کرچوکاڵەی خۆپیشاندانە و، خاوەنی ئەزمونێکی بیست ساڵەیە لە غەدرکردن لە میللەت، داوای ئەوە دەکات شەرعیەتی شۆڕشگێڕێتی و یاخی بون لە خۆپیشاندەران بسەنێتەوە بە بیانوی لەیاسا لادان، ئەمە لەکاتێکدا ئەو بە شەرعیەتی شۆڕشگێری خۆی کردووە بە خاوەن ماڵ.
ئەمە ئەقڵیەتێکی شمولیە کە هەموو مافێک دەدات بە خۆیی و هەموو مافێکیش لە بەرانبەر زەوت دەکات.
هەمو سزایەک بە بەرانبەر ڕەوادەبینێت و بچوتکرین سزاش بە خۆی ڕەوا نابینێت.
ئەمە ئەقڵیەتێکە تاوان و قوربانی و ماف و سزا تێکەڵ دەکات.
ئەم ئەقڵیەتە دەبێت تێبگات پێوەرەکانی ناجۆرن، نابەرابەر. هەتا بەم جۆرە بیربکاتەوە هەزاران لقی چواری تر دەخوڵقێنێت و ئاشتیش لە سایەیدا بەرقەرار نابێت.
فاروق و ناسک بگرێت هەزاران ئارام و خونچەی تر دێنە پێشەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست