کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دروستکردنی، شوورە و دەوڵەتی کوردی!

Wednesday, 17/12/2014, 12:00







کەسێک کە شوورە لەسەرشوورە(دیوار)لەدەوری خۆیو بنەماڵەکەی راکێشێ چۆن لەرووی هەڵدێ باسی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بکا! یەکێک لە ئاواتەکانی من لە ژیانمدا ئەوە بووە کە نەتەوەی کورد وەکو هەموو نەتەوەکانی دیکەی سەر ئەم جیهانەدا لەسەر جوغڕافیای سیاسی خۆی ولەسەر خاکی پیرۆزی وڵات دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دابمەزرێنێ وببێتە ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکان. بۆ دامەزراندنی ئەو کەیانە هۆیەکان فرەن. من شارەزای هەموویان نیم.دەیدەمە دەسەت خامەرەنگینی شارەزای کورد.بەڵام:
کاتێک باس لە هێز دەکرێ یەکسەربیر لە لایەنی سەربازی دەکەینەوە! ودێنە سەر شەڕی چەکداری. ئەگەر ئەو بابەتە گرینگ بێ کە گرینگە. بەڵام لایەنی جۆراوجۆری بە قووەت هەن کە بە لەبەر چاو نەگرتنیان دەبنە هۆی شکست ونەهامەتی بۆ کۆمەڵگاکەمان. شکستی مەلا مستەفای بارزانی بەڵگەی هەری بەهێزە بۆ قسەکەم. پێویستیی دوورناسی، دیرۆکناسی،دامودەزگا، ئابوری، دیپڵۆماسی بە هێز، رەچاوکردنی دەوروبەرو دونیای دەرەوە، خۆپەروەردەکردن، راهێنانی کۆمەڵگاو دەیان بابەتی دی کە لەسیاسەتی زۆروبۆر بەنرخترن.
پرسیارێک دێتەگۆڕێ؟ ئەدی چۆن ئەو دەوڵەتانەی کە ئەندامن لە رێکخراوەیەکی وەک ،،،نەتەوەیەکگرتووەکان ،،، کە مەزنتری سازی ومەزنترین ناوەندی بڕیاردانە لە دونیادا ئەو دەوڵەتانە بەکام شێوە قۆناغی ئەندامەتیان تێپەڕ کردووە؟ ئەگەر بە چێوی ئینساف چاو لەو دەوڵەتانە بکەین بەگشتی دەبنە دوولایەن.لایەنێک ئەو وڵاتانەن کە دوای شەڕی یەکەمو دووهەم توانیویانە زۆر قەیرانی سیاسی وئابوری وکۆمەڵایئەتی ببەزێنن وبگەنە ئەو ئاستەی کە باڵانسی سیاسی وئابوری کولتوری وبەرەو پێشچون وشێوەی بەڕێوە بردن.لایەنەکەی دیش ئەو وڵاتانەن کە خاوەنی ژێرخانێکی ئابوری دەوڵەمەندن! بەڵام دەسەڵاتەکانیان وەک سەرکوتکار بۆتە مڵٶزمێک بەسەر خەڵکی خۆیاندا وقەت ناگەنە ئەو لایەنەی کە جیاوازی چینایەتیان لە ئاستێکی نزمدایە. بۆ نموونە سەرجەم چاو لەوڵاتانی عەڕەبی بکە بەڕادەی سەرەدەرزیەک نە مافی مرۆڤ، نە ئازادی، نە ژیانێکی ئاسوودەیان تێدا بە دی ناکرێ.لەناو وڵاتەعەڕەبەکانیشدا سەیری ،،عەڕەبستانی سعودی کەن،، کە ناوەندی دونیای ئیسلامە چۆن ساڵەهایە دەسەڵات بە دەست کۆتەڵو بنەماڵەدا دەناڵێ وتەنانەت ژن مافی سەیارە لێخوڕینیشی پێنادرێ.
رەفتارگەرایی دەسەڵات لە باشوری وڵات، تا رادەیەک توانیویە کەڵک لە هیندێک دەستەواژەی هەستیار وەربگرێ ولەو رێیەوە درێژە بە کارەکانی بدا. بۆ دونیای دەرەوەش عەشیرەی بارزانی وبنەماڵەی تاڵەبانی چاکترین ئامرازن بۆدەسکەوتی بەرژەوەندخوازانی زلهێز.وشەگەڵی وەک: ئاڵای کوردستان، پێشمەرگە، شەهید، نیشتمان، جلوبەرگی پێشمەرگە،بنەماڵەی شەهیدان و...... باشترین بزووتن بۆ هاندانی هەستی ناسیونالیسمێکی کوێرانە. ٢٤ ساڵە ئەو سیستمە بەگزەو کەڵەکی حیزبی دەمەشێ.!هەر ئەو چرکە ساتە هاوپەیمانان بڵێن ،چیدی شەڕی داعش ناکەین ٢٤ کاتژمێر ناگرێ وردودرشتی عەشیرەی بارزانی وبنەماڵەی تاڵەبانی یا لە تارانن یا لە ئانکارا. پێشینەی ئەو شیوە دەسەڵاتە هەر ئەوەیە دەنا بە قسەی من نییە. کەسیش حاشا لە پەیوەندی لە گەڵ دونیای دەرەوە ناکا بەڵام هەموو شتێک بە ئەندازە باشە.
ئەو کەسەی کە باسی دەوڵەتی کوردیمان بۆ دەکا، رێک بەشێکی هەرە گرینگی ئەو دەوڵەتی داوەتە دەست کۆماری ئیسلامی.زۆر وەستایانە سێ دەیەی گەمەی سیاسی لەسەر بەڕێوە دەبا. ئەویش رۆژهەڵاتی کوردستانە.حیزبەکانی ئەو بەشەی تووشی قەیرانی بێهودەیی بون! نازانن چکارەن؟ ئەوەندەیان چوککردونەوە کە تەنانەت رێگەیان پێنەدرا لە شەڕی دژ بە داعش بەشدار بن.! گومانم لەوەدانییە کە لەداهاتودا ئاڵوگۆڕێک لەو بەشە لە وڵات پێکبهێنرێ وحیزبە ئوردووگانشینەکان بگەڕێنەوە دەبنە هەمان کۆپیی دەسەڵات کە لە باشوور هەیە.تەنانەت لەوانیش خراتر دەبن. چون دەروونناسی سیاسی ئەوەمان پێدەڵێ کەسانێک بۆ ماوەی سێ دەیە لە کونجی جێیەکدا یەخسیر کارابن دووچاری نە خۆشی دەروونی دەبن.
سەردەشت عوسمان،سۆران،کاوەگەرمیانی و.....بونە قوربانی کۆمەڵگایەکی ناهوشیار. کۆمەڵگایەک کە زۆرینەی خەڵکەکەی لەفکری ئەوە دایە کەبڵێ: مووچەی مانگانە کەی دەگا؟ مووچە هات! مووچەنەهات!لەحاڵێکدا کاتی خۆدی شارۆنی کورد دەیفەرموو: شاری سلێمانی ٣٥٠٠ میلیاردێڕێ تێدایە! ئەوەیە سەرقافڵەی رزگاری نەتەوەیەک کە لە هەزارەی سێدا داعش ژن ومنداڵی کوردی حەڵاڵ کردوە دەیانفرۆشێ!لە کاتێکدا حیزبێک سەرکردەکەی ئاوا گەمە بە خوێنی شەهیدان دەکا. لەوەتی ئەوجووتە دەسەڵاتە هەن ٣٥٠٠ چرکە باسیان لە دامەزراندنی ئەنستیتۆیەکی کوردی بۆ زمانی کوردی نەکردووە!
ئەو رۆژانە وتارێکی بەڕێز،،قادر نادرم،، بینی کە باسی لە دامەزراندنی ،، مەفرەزە،، کردووە لە هەندەران دژ بە بارەگای حیزبەکانی باشوور! من نازانم وشەی/ مەفەرزە/ بۆ کام مەبەست گوتراوە. مەفرەزەی شەڕم بیستووە.بەڵام بۆ دەرەوەی وڵات دەبێ چۆن بێ نازانم نوسەری بابەت بۆ خۆی دەزانێ..بۆیە بە پێویستی دەزانم کە وتار نوسانی کوردستان پۆست دەبێ لە هەڵبژاردنی وشەکان بۆ گەیاندنی مەبەستێکی سیاسی زیاتر سرنج بدەن.بەڵام شێوەی بەرانگەر بونەوەی ئەو گەندەڵانە لە هەندەران جودایە تا ناو خۆی وڵات.ئێمە باش دەزانین لە باشور، حیزب یا رێکخراوە، یا کەسایەتی بوێرو سەربەخۆ، یا رێکخراوەی مەدەنی یارۆژنامەوانی رەخنەگر یا........ هەن. بەبێ گومان کار کردن بۆ گەیشتن بە ئامانج بێ بەرنامەو بێ ستڕاتژی هاوبەش ناگاتە هیچ کوێ. ئەو بەڕێزانەی کە لەدەرەوە یا لەباشور خەمخۆری خەڵک وخوازیاری چاکسازی سیاسی وکۆمەڵایەتین دەبێ ،کاناڵێک یا پردێک یا رێرەوێکی ئاسایی لە نێوان جوغڕافیای ناو خۆی وڵات ودەرەوە پێک بێنن. هەرچەند ئەو کارە زەحمەتیش بێ. کار کردن لە گەڵ هێژایەکی وێنەی بەڕێز،د،ساڵاروهاوئامانجەکانی جێگای شانازییە . کەس هەیە بپرسێ چەند شارەزاو بوێری ئاوا هەن کە راشکاوانە رازی دڵی کۆمەڵگایەک ئاشکرا دەکەن کە بەچەنگ ئەو دەسەڵاتە وەها نەخۆشە کە سەدان ساڵی دەوێ کە تاکی کورد لەبواری دەروونییەوە توێکاری دەروونناسی لەسەر بکرێ.
لەرۆژی ٨/١٠/٢٠١٤ وتارێکم بە ناوی ،، ئیمپڕیالیستەکان بۆ چی وامان لێدەکەن؟،،لە/ ک،پ/ بڵاو بۆوە.ئەگەر بە شیوەیەکی ریشەیی چاو لەو بارودۆخە بکەین کە لە باشور هەیە،بەبێشی دەردەکەوێ کە هەمووسیاسەتە قڕێژەکانی ئەو سیستمە خەتای وان نییە. بەشی هەری مەزن ئی ئەو دەوڵەتانەیە کە بەدرێژایی مێژوو نەتەوەی کوردیان بە دەست حیزبی کوردی کردۆتە قوربانی سیاسەتەکانی قازانجخوازانەی خۆیان. مێژوومان پڕە لەوکارەساتانانە. کۆماری کوردستان لە مەهاباد یەکێکی دیکەیە لە نەهامەتیانەی کە زلهێزەکان بەسەریان هێناین.نووسەر، شاعیر، رۆژنامەوان، چالاکی سیاسی ....... دەتوانێ بەرەنگاری ئەو زلهێزانە بێتەوە؟ بێ گومان لە توانایدا نییە.چون کاری ئەو رێکخراوانە هوشێار کردنەوەی کۆمەڵگایەکە کە عەشیرەو بنەماڵەی ئەو کۆمەڵگایە بونەتە جاشکەوشی دونیای دەرەوە.تاقمێک لە نووسەر، رۆژنامەوان، مامۆستای زانکۆ، شاعیر،...... لە بەرژەوەندی خۆیان دەگەڕێن ودونیا سێڵاو بیبا خەمیان نییە. بەڵام هەمووشیان وانین.ئەو بەڕێزانەی کە داوای پێکهێنانی ،،مەفرەز،، دەکەن باشترە بەبێ جیاوازی فکروڕامانی سیاسی لە کەسانێک بگەڕێن کە نەبونە دار دەستی دەسەڵات.لەجیاتی ئەوەی مەفرەزە دژی بارەگای ئەو دەسەڵاتە لە هەندەران پێک بێ. باشترە لۆبیەکی بە هێز دروستبێ کە سەر لە ناوەندوو پارڵمان ودامادەزگای سەر بە مافی مرۆڤ بدا. لێیان بپرسێ هەتا کەی باوەڕتان بەو سیستمە هەیە کە بە خوێنی رۆڵەی کورد شەڕی داعشی پێدەکەن؟ دەزانم لە رابوردوودا ئەوکارە هەتا رادەیەک کراوە. بۆ هیچ ئاکامی نەبووە؟ دەبێ لێیبکۆڵدرێتەوە.
٢٣ ساڵە ئەو وەزعی خەڵکی کوردە لە باشوور. رۆژگارێک دادێ کە خەڵکی ئێمە پڕبەزار لە رۆژهەڵاتی وڵات هاوار بکەن ،خۆزگەم بە باشوری وڵات! کە تا ئێرە هاتوون. چون من باش دەزانم ئەو ئەقڵێیەتەی کە ئوردووگای پێ دروست بووە هەمان ئەقڵێیەتە کە لە داهاتوودا راگوێزی بەشێکی دیکەی وڵات دەبێ.بۆیە ئارەزوومە کە جارێ هیچ ئاڵوگۆرێک پێک نەیە.چون پێشینەی ئەو حیزبانە وەک دەهۆڵ دەچوو کە دەنگی لەدوورەوە خۆش بوو. حیزبێک کە بۆ ترۆری کەسایەتی ئەندامانی خۆی،، ئەمنە سوورەکەی،، دروستکردبێ وبەر پرسی ئەوکەسەش کەسێک بێ بەناوی/ چەکۆ رەحیمی/ لەداهاتوودا دەسەڵاتی هەبێ چۆن مامڵە لەگەڵ موخالیفانی خۆیدەکا!؟ لەناوخۆیاندا شکەنجەگایان دروست کردووە! ببنە دەسەڵات چمان بەسەر دێنن. ئەو شیوە حیزبانە لە دەرەوە دەبنە فریشتەوخۆیان شیرین دەکەن. لەئاست خەڵکی هەژاریش دەبنەکوتکی سندان بۆ سەری تاکی کورد!
ئامریکاو ئورووپیەکان وایانزانی بە هاتنەسەرکاری فاشیزمێکی وەک،، ئەردۆغان،، خەنی دەبن وئاتاتورکیسم بەرەو نەمان دەچێ.دیتمان چۆن تاسکڵاویان لەسەر نان.دەوڵەتی ئێستێی تورک هەم ئەندامی ناتۆیە وهەم بایی فلسێک بە قسەیان ناکا. هەتا ئێرەش وڵاتانی ناتۆ،،بۆ دەسرەبادانێ،، دەچنە لای ئەردۆغان وبە زمانی کرووزانەوە سیاسەتی لە گەڵ بەڕێوە دەبەن!ئەوە کاکڵ وجەوهەری قرێژترین سیاسەتی سەردەمە. ئەوان چاک دەزانن بارزانی و دەسەڵاتی فیفتی فیفتی شاری سڵیمانی هیچ نین.ئەدی بۆ دەستیان لێ بەر نادەن.؟! لەهەولێر وسڵیمانی دوو دەزگای سەرکوت هەیە کە ناویان ناوە ،ئاسایش، گۆیا خەڵکی پێدەپارێزن. کەس هەیە بڵێ ئاسایش تەنیا بۆ پاراستنی عەشیرەو بنەماڵەیە.ئەوان وردبینانە چاولە منداڵی کاوەگەرمیانی دەکەن تا مەزن دەبێ. یان دەیکەنە پیاوی خۆیان(داوای لێبوردن لە دایکی ئامەد دەکەم مەبەستی خراپم نییە) یان لە باوەشی دایکیدا سەری دەچڕژێنن.ئەوەیە دەزگای ئەمنەسوورەکەی حیزبی دێمۆکڕات لە رۆژهەڵات ودەزگاسەرسوورەکەی بنەماڵەی بارزانی! تۆ بڵیی زلهێزەکان تاسەر ئاوا سەیری کورد بکەن؟ لەشەشدانی حیزبی کوردیدا دانگێک لە باشوور ئازادیخوازە! بەڵام باقی کوردەکانی دیکە لە لیستی ترۆڕ دان؟! سەرۆکی عەشیرەی بارزانی شوورە لەسەر شوورە(دیوار) بە دوری خۆیدا دەکێشێ وباسی دەوڵەتی کوردێ دەکا.! ئێوە لەشێی ئێران نۆکەرتر نین، لە قەزافی بە هێزترنەبون، لە دیکتاتۆڕەکانی دیش گوێلەمسترنین،بەڵام تەنیا شانسێکی کە ئەوڕۆ هەتانە دەرکەوتنی جەڵلادێکی وەی ،بەغدادیە، وترۆریستەکانی سەر بە داعشن. بڕۆن دوعایان بۆ بەکەن کە دەرکەتنی ئەو خوێن مژانە ئەگەر نەهامەتی بۆ نەتەوەکەمانی هێنا بۆ ئێوە خێرو بێر بووە.فکر لەو رۆژە بکەنەوە کە ئەو چەکانەی دراوە بە ئێوە فیشەکیان لێ ببڕێ وپێتان بڵێن : چیدی فیشەکو نادەینێ!؟ ئەو مێژووییەی کە بۆ مەڵامەستەفایان تۆمار کردبوو.! دیوارەکان بەدەوری خۆتاندا بکێشن وخۆتانی تێداحەشێردەن! دەوڵەتی کوردیش ئەگەر دروست کەن تەنیا خۆتانی تێدا حەشار دەدەن. رەنگە کەسانێک هەبن باوەڕ بەدەوڵەتی کوردی،،بارزانی،، بکەن. بەڵام باش بزانن بنەی ئەو سیستمەتان لەسەر بەرهەڵیخێکی سستوو لاوازە کە بە شنە بایەک تێكدەڕووخێ.مێژوو بەڵگەکان ناشێرێتەوە. دڕندەکانی سەر بە داعش لە هەولێر نزیک بونەوە، نێوەی شار چۆل کرا! خەریک بوو بەخروپتوونی عەشیرەی بارزانی لە پێش خەڵکدا راکەن.!

جەعفەر کەریمی
١٧/١٢/٢٠١٤



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە