ئیمپریالیستەکان بۆ چی وامان لێدەکەن؟
Wednesday, 08/10/2014, 12:00
زۆربەی هەرەزۆری خەڵک ئازادی راستەقینەیان ناوێ وقەت بیر لە کۆمەڵگایەکی ئازاد ودەسەڵاتێکی ئازادیخواز ناکەنەوە. چونکە ،،، ئازادی وبەرپرسایەتی ،،، لە بەرانبەر بە دەسکەوتەکانی مێژووییدا پێکەوە گرێدراون. بۆیە خەڵک ترسیان لە بەرپرسایەتی هەیە. مێژووی لووتکەی سەرمایەداری پاش شەڕی یەکەم ودووهەمی جیهانی بە دروستکردنی دامودەزگای مەزنی سەرکوت وخوڵقاندنی چەکی مەزن وچووک پێی نایە سەردەمێکی ترسناک وقڕێژ. یەکێک لە وچەکانە کە لەدەست دونیای سەرمایەداریدایە ،، چەکی ئەتۆمییە،، کە بۆ داڕشتنەوەی دونیای دڵخوازی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی ئەو سیاسەتە کە: ئەوسەروەتوسامانەی کە من هەمە هی خۆمە، ئەوەی کە تۆش هەتە وناتوانی بەرهەمی بێنێ لە چە نگت دەردێنم بە نانەسکی ژیانت بەڕێوە دەبەم.!
ئەگەر بگەڕێنەوە سەردەمی مەموزینی خانی هەتا دەستپێکی هەزارەی سێ دەیان سەرهەڵدان وشۆڕشی کورد لە پێناو رزگاریدا دروست بون.ناوەرۆکی جەوهەری ئەو شۆڕشانە پێکهێنانی سەرکەوتنێکی کوردخوازانە لە پێناوی نیشتمانی کورددا بووە. سەدەی بیستمیش پڕە لە نەهامەتی وبێبەختی بۆ کورد. پێشکەوتنەکانی زانستی وتێکنۆلۆژی لەو سەدەیەدا جێگای داوەتە نەهامەتی بۆ نەتەوەکەمان. دەتوانم بڵێم کورد تەنیا نەتەوەیەکە کە لەسەردەمی زێڕینی ئامرازە کارەباییەکان دوو جار تووشی نەهامەتی بووە.جارێک ئەوەی کە داگیرکار دونیای دەرەوە بەسەرمان دێنن، جارێکیش ئەوەی کە بەدەستی خۆمان بەسەر خۆمانی دێنین.
سەرهەڵدانەکانی کورد بۆ سەرنەکەوتوون؟ بۆ هەتا ئە وڕۆ کورد دەرگیری جەنگێکی ناخواستەیە؟ هۆی کێشەی ناوخۆیی دەسەڵات وحیزبەکوردیەکان چن؟ ودەیان پرسیاری بێ جوابی دیکە. ساڵی ١٩٧٥ دیتمان چۆن بزووتنەوەیەک کە بنە ماڵەی بارزانی بەڕێوەیان دەبرد بەرگەی سازشێکی ناوچەیی نەگرت و کۆتایی پێهات.لەو کاتەوە دوو سەرۆک عەشیرەی بارزانی وتاڵەبانی وەک دەسکی تەوەرێک لەلایان زلهێزەکان بۆ پەڕاندنی ملی کۆمەڵگای کورد لە هەموو بەشەکانی وڵات بەکار هێنراون. بە جورئەت دەتوانم بڵێم ئەوەندی کە نەیاری کورد، کوردی بە کوشت داوە رێک دوو ئەوەندە ئەو جووتە گزیرە کوردیان لە مامڵەی نێونەتەوەیی کردۆتە قوربانی! ئەوەش دەسکەوتەکانن کە لە شەنگال و شوێنەکانی دیکە دەیبینین! ئەوەش پارلمان ئەوەش وەزاڕەتی پێشمەرگە، هەموو دەسکەوتەکان کراونە تۆپەڵێک لە ٩ مانگ مووچەی مانگانەدا خڕ بوونەوە.هەر ئێستێ لەبەر هێندێک هۆ نەبن وەک کەڵەبابی جەنگی هەڵدپڕژێنە یەکترو شەڕیکی خۆ دڕێنی دیکەمان بۆ درست دەکەن.
ئیمپریالیزم بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بۆ بەدەست هێنانی قازانجی سیاسی وئابوری خۆی سنوری شەڕ لە وڵاتەکەی خۆیدا دوور دەکاتەوەو سنوری وڵاتانی دیکەش دەکاتە گۆڕەپانی خوێن ودەیان بەزێنێ. نمونەی هەرە مێژوویی لە سەردەمی کۆماری کوردستان بوو لەرۆژ هەڵاتی وڵات کە دیتمان چۆن کردیانینە خەڵوزی سیاسەتی خۆیان .کاتێک کە رۆژنامەوانێک لە / ئاندرە گرۆمیکۆ/ نوێنەری شوڕەوی بوو نەتەوەیەکگرتووەکان پرسی؟ ئێوە لە ئێران دەردەکەون ئەدی کوردەکان چییان بەسەردێ؟ گوتی: پرسی کۆماری کورد لە مهاباد، پرسێکی ناوخۆیی ئێرانە وئێمە مافی دەست تێوەردانمان نیە! هەمان پرس لە/ جۆرج وی ئالن / سەفیری مەزنی ئامریکا کرا،کە سیاسەتو کاردانەوەی دەوڵەتی ئێران لە ئاست بەرپرسانی کۆمار چۆن لێک دەدەیەوە؟ ئایا ئەو لە سێدارە دانانە پێویت بوو؟ زۆر بەکورتی گوتی: بۆ گەڕێنەوەی ئاسایشی ناوچەکە پێویست بوو!
لەو کاتە تا ئەوڕۆ ٧ دەیەی تێپەڕیوە. بەڵام سیاسەتی گشتی ئامریکا نەلە ئامریکای باشوور، نە لە ئافریقا، نە لە ئاسیا ونە لە سەر کێشەی کورد ئاڵۆگۆڕی بەسەر نەهاتووە.پاراستنی دەسکەوتی نەتەوەیی ئامریکاو ئورووپیەکان، کوردی ،، باش،، و کوردی ،،ترۆریستی،، خوڵقاندووە.!لەماوەیەکی کورتدا / داعش / بوو بە هیولایەک کە خەریکی دونیا دەترسێنێ.بەڵام بەرژەوەندی ئیمپڕیالیزم لەوەدایەکە داعش وپ،ک،ک،ئەلقاعیدەو تالیبان وحیزبوڵڵا لە تەنیشت یەکدا ناویان لە پێڕستی مۆنۆپۆلەکانی زەبەلاحی ئابوری پەرستدا دابنرێ، هەروەها دەوڵەتی بارزانی و نەخۆشێکە وەک تاڵەبانی بە رەوا دەبینێ وئەردۆغان ودەسەڵاتی عەڕە بستانی سعودیش دۆستی ئەو هێزەن کە بە بیانوی دێمۆکڕاسی جیاوازی دادەنێ لە نێوان نەتەوەی کورد.
" ئایا کورد دەتوانێ بە تەنیا بەرەنگاری کێشەکانی خۆی بێتەوە؟ "
بێ گومان ناتوانێ. ئایا کورد دەتوانێ بەتەنیا دژایەتی وڵاتانی جیران ودەوروبەر بکا؟ بێ گومان ئەو توانایەی نییە. ئێمە دەتوانین خۆمان لە لە کۆمەڵ گای نێونەتەوەیی داببڕێن؟ ئەو کارەش مومکین نییە.ئەدی رێکار چۆنە؟ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەریای مەدیتەڕانە تا دوورگەی فارس،هەروەها بەشێک لە ئافریقا وئاوراسیا،لە هێندێک جێگا باکوری ئافریقاش دەگرێتەوە کە لێواولێوە لە نیژاد، رەگەز، زمان فەرهەنگ ،کولتورو..... جگە لەوانەش خاوەنی سەروەتوسامانێکی لەبن نەهاتوویە ونەفتێکی بێ ئەژمار.بەواتایەکی دی هەستیارترین ناوچەیە لە سەر گوێی زەوی کە لە بواری ستڕاتیژی وئابوری وسیاسی وفەرهەنگی بۆتە پێگەی ململانەی ئیمپڕیالیزم وهاو کارەکانی. ئەوان بە کەڵک وەرگرتن لە نەبونی هەستی هوشیاری نەتەوەیی و نەبونی دامودەزگای خوڵقهێنەرتوانیویانە ،،دیکتاتۆڕەکان،، دروست بکەن لە گیانی خەڵکانی دانیشتووی سەرزەوەی خۆیانی بەردەن.دەسکەوتی بەهاری عەڕەبی ئۆباماو دەسەڵاتەکانی پێش بەهاری عەڕەبی نمونەی هەزارەی سێن.
ئامرازی سەرەکی بۆ گەیشتن بە ئازادی تەنیا بە ئابوری پێک نایە،دیپڵۆماسی پەیوەندی بە دونیای دەرەوە پێویستیی بە رێکخراوەی کارامەو بەرپرسی لێهاتوو هەیە.خاک وزمان، کولتور، هێز، ئابوری،سیستمی پەروەردە و....... ئەگەر لەدەست کەسانی شارەزادا نەبێ ئەوەمان بەسەردێ کە لە چەنگ تاڵەبانی وبارزانی دەیکێشین، ئەوەمان بەسەردێ کە لە چەنگ حیزبەکانی رۆهەڵاتی وڵات بەسەرمان هات. کەس خۆی هەڵنەخڵەتێنێ، هێزی هەوایی ئامریکاو ئەوانیدی بۆ چاوی جوانی کورد نییە.سەرەتا قازانجی خۆیان وپاشان دەبێ سیستمی سیاسی کورد لە هەموو بەشەکانی وڵات ئەو تواناییەی هەبێ کە لەگەڵ سیستمی سیاسی سەدەم هاوتەریب بۆ خواستەکانی هەنگاو بنێ.
هەڵاتن لە شەنگاڵ لە لایان هێزی فیدایی بارزانی وئەو نەهامەتیەی بەسەر ئیزەدیەکان هات لە بیر ناچێتەوە. بەرپرسی یەکەمیش کا مەسعودە کە دەبێ پرسیاری لێ بکرێ. لەشەری چەند رۆژی کوبانیدا دەرکەوت کە کام هێز دەتوانێ نەتەوەکەی بپارێزێ.کام هێز توانای خۆڕاگری هەیە؟ ئەگەر چاو لە داخویانییەکانی بەرپرسانی باڵای نیزامی پێنتاگۆن بکەی دەردەکوێ کە چۆن باس لە شەڕی قارەمانانەی گریلا دەکەن. سەرەڕای ئەوەش هێستا بۆ تاقە جارێک وشەی،، گریلایان،، بەکار نەهێناوە.لە حاڵیکیدا بە راکردوانی شەنگاڵ دەڵێن ،، پێشمەرگە،،!
لەوەتی کۆماری ئیسلامی هەیە رۆژانەدروشمی،، مردن بۆ ئامریکا،، کاڵ نابێتەوە. بەهەزاران کەس لە نوێژی هەینیدا ئەو درووشمە دەڵێنەوە. کەچی ئامریکاو ئورووپیەکان سەرەیان بەستووە کە کەی دەسەڵاتی تاران دەستی دۆستایەتیان بۆ درێژ دەکا! من لەسەرئەو باوەڕيم کە ئەگەر شۆڕشی کورد لە باکور وەک تاڵەبانی بارزانی چاویان لە چارەسەری کێشەی کورد کردبا دەبونە دۆستی ئامریکاو سیاسەتی کوردی ،، باش،، و کوردی ،،خراپ،، نەدەما. هەموو دەبونە مقاشی بەردەستی بیانی. ئەگەر لە نێوان سیاسەتی کەماڵ ئاتاتورک وئەردۆغان یەکیان هەڵبژێرم دەبێ ئاتاتورک لە پێش ئەردۆغان بێ لە ئاست کێشەی کورد ئەو بەراشکاوی دەیگوت کورد بونی نییە. بەڵام ئەردۆغان لە ژێڕ ئاڵای ئایین ودێمۆکڕاسی ئەوە دەبینین چمان بەسەر دێنێ
نە ئامریکاو نە هیچ وڵاتێکی دیکە متتەقیان لێ نایە! دەترسن کە سەربازەکانیان لە ناتۆ بکشێنێتەوە وپێگەی ئینجرلیکیان لەدەست بچێ.
لە هیچ کوێی دونیادا بە رادەی باشوور خۆنیشاندان وناڕەزایی پێک نایە.لەهەر کەس دەپرسی سکاڵای لە ژیان وبارودۆخی کۆمەڵگا هەیە.وەکی دیش دەسەڵات ئەوەی پێی خۆش بووە کردویە وجوابی بەکەس نەداوەتەوە. گرفتی سەرەکی لە کوێیە؟جواب روون وئاشکرایە. منداڵی هەژاری کورد دەبێتە پێشمەرگە شەڕ دەکا وگیانی فیدا دەبێ، دەسەڵات جێگای خۆی تەختەپەین دەکاوکەس بە مرۆڤ حیساب ناکا.چارەسەی کێشەکانی کورد بە سیاسەتزانی و پشتبەستن بە خاک وئابوری ونەتەوەی کورد دەچێتە پێشێ.لەسیاسەتدا دۆستایەتی تاسەر بەردەوام نابێ.لەوەها رۆژگارێکدا، نوسەرو رووناکبیرو مامۆستای زانکۆو چین وتوێژەکانی جودا جودا دەبێ بە بێ شەڕم هەم دەسەڵاتی کورد وشیار کەنەوە،وهەم بە دونیای زلهێزەکان بسەلمێنن کە کورد نەتەوەیەکت ئاشتیخوازەو دوژمنایەتی هیچ نەتەوەیەکی دیکە ناکا ئەدی بۆ لەکۆتاییدا بە جێمان دێڵن؟. من دۆستایەتی ئامریکاو ئورووپیەکان بۆ کورد بە سیاسەتێکی زاڵمانەو درۆزنانە دەبینم کە قەت بۆ کورد نابێتە نان وئاو ئازادی. هەموو دۆستایەتیەکی دەبێ دوو لایەنە بێ دەستێک بە تەنێ تەقەت نایە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست