کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سزادانی سۆران عومه‌رو تاقیکردنه‌وه‌ی ئۆپۆزیسۆن

Monday, 13/12/2010, 12:00



هیچ ڕێگایه‌ك نه‌ماوه‌ ده‌سته‌ڵاتداران له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووساندا تاقی نه‌که‌نه‌وه‌، سزادانی مادیش وا دیاره‌ له‌ دواین هه‌وڵه‌کانه‌، سه‌رده‌شت عوسمان و سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ ئه‌و وانه‌ی فێری ده‌سته‌ڵاتداران به‌ تایبه‌ت پارتی دیموکراتی کوردستان کرد که‌ ئه‌م ڕێگایه‌ هه‌ڵبژێرن و به‌ سزادانی مادی نوکی قه‌ڵه‌مه‌کان بشکێنن، وه‌ به‌جۆرێكی تر ڕووبه‌ڕووی خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه‌کان و ئۆپۆزیسۆنه‌کان ببنه‌وه‌و به‌جۆرێك له‌ جۆره‌کان خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه‌کان به‌ هێزی پاره‌ قه‌ڵه‌م بکه‌ن.
هه‌ر به‌هێزی مادی ده‌سته‌ڵاتداران که‌سانێك له‌ دژی خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه‌ ڕاسته‌قینه‌کان هان ده‌ده‌ن و به‌ هه‌موو جۆرێك له‌ پێناو ڕاگرتن و بێ ده‌نگکردنی نووسه‌ره‌ بوێرو ده‌نگه‌ ڕاسته‌قینه‌کانه‌وه‌، ئه‌م جۆره‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ش به‌ ماده‌ یه‌کێکی تره‌ له‌ هێزه‌ مادیه‌کان.
ئه‌مه‌ یه‌که‌مجاره‌ ببینین به‌بڕێکی له‌و شێوه‌یه‌و به‌ دادگایه‌کی له‌و شێوه‌یه‌دا بڕی 35 ملیۆن دینار به‌سه‌ر نووسه‌رێکدا بسه‌پێنرێت که‌ ئه‌ویش سۆران عومه‌ره.
ئه‌م جۆره‌ سزایانه‌ به‌بڕوای من هیچی له‌ خوێنی سه‌رده‌شت عوسمان و سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ که‌متر نی یه‌، وانه‌و تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌ی تێدایه‌ بۆ خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه‌کان و گشت ئۆپۆزیسۆن، پێویسته‌ هه‌موو به‌یه‌ك ده‌نگ پشتگیری له‌ سۆران عومه‌ر بکه‌ین، هه‌روه‌ك چۆن له‌ سه‌رده‌شت عوسمان و سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌مان کرد، چونکه‌ گه‌ر بێت و له‌ بری ته‌نها بابه‌تێکدا 35 ملیۆن دینار به‌سه‌ر سۆران عومه‌ردا بسه‌پێت و دادگای ته‌میز هه‌م دیسان پشتگیری له‌ سه‌پاندنه‌وه‌ی بکاته‌وه‌، ئه‌وسا وه‌ك جۆرێکی تر له‌ کوشتنی لێ دێت به‌رانبه‌ر نووسه‌ره‌ به‌مانا نووسه‌ره‌کاندایه‌، هه‌روه‌ك گه‌وره‌ترین تاقیکردنه‌وه‌شه‌ بۆ هه‌ر سێ حیزبی ئۆپۆزیسۆن، ئه‌وه‌تا نووسه‌رێکی ئۆپۆزیسۆن به‌به‌رچاویانه‌وه‌ به‌ هێزی مادی قه‌ڵه‌مه‌ ئۆپۆزیسۆنه‌که‌ی پێ بێ ده‌نگ ده‌که‌ن، شاراوه‌یش به‌گشت هاوشێوه‌کانی تری ده‌ڵێن سۆران عومه‌ر نموونه‌ی زیندووی به‌رچاوتان بێت.
هه‌ربۆیه‌ زۆرگرنگه‌ سۆران عومه‌ر ئا له‌م کاته‌دا بێ پشت نه‌کرێت و گشت نووسه‌ران و هه‌ر سێ حیزبی ئۆپۆزیسۆن پشتی بگرن، چونکه‌ کاك سۆران کاری ئه‌وانی ته‌واو کردووه‌و له‌ نووسینێکدا به‌رانبه‌ر پارتی هه‌مان ئه‌وه‌ی ووتووه‌ که‌ زۆرجار ڕۆژانه‌ له‌لایه‌ن نووسه‌رانی ترو که‌ناڵه‌کانی ئۆپۆزیسۆنه‌وه‌ گوێمان لێ ده‌بێت، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و پرسیاره‌ دروست ده‌کات که‌بۆ ئاوا به‌ خێرای ئه‌و سزا مادیه‌ زۆره‌ به‌سه‌ر سۆران عومه‌ردا درا؟ خۆ زۆرێك له‌ که‌سانی تر زۆر له‌وه‌ زیاتروو زۆرتریان ووتووه‌و هیچیش به‌رانبه‌ریان نه‌کراوه‌! زۆرجار سنوره‌ پیرۆزه‌کانیش بێ ڕێزی به‌رانبه‌ر کراوه‌‌ که‌چی سزای وامان به‌رچاو نه‌که‌وتووه‌!.
جگه‌ له‌وه‌ی سۆران عومه‌ر ڕۆژنامه‌نووسێکی بوێره‌، مێژووی نووسینی به‌ئاشکرا ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات خاوه‌ن ئیتکی ڕۆژنامه‌وانیه‌و به‌ ئاگاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌کاری ڕۆژنامه‌نووسیدا کردووه‌.
دووپاتی ده‌که‌مه‌وه‌ دوو کۆمه‌ڵ پێویستیه‌کی پێویسته‌ که‌‌ پشتی سۆران عومه‌ربن و له‌م دادگای کردن و کۆتا ئه‌نجامیدا پشتی به‌رنه‌ده‌ن.
یه‌که‌م: خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه‌کان، چونکه‌ سۆران عومه‌ر هه‌مان کاری هه‌ر ڕۆژنامه‌نووسێکی ڕاسته‌قینه‌ی تری کردووه‌و سه‌پاندنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ به‌سه‌ر هه‌مووماندا سه‌پابێت و پێویسته‌ هه‌مووشمان خۆمان به‌ لێپرسراو به‌رانبه‌ری بزانین.
دووهه‌م: هه‌رسێ حیزبی ئۆپۆزیسۆن، گۆڕان، یه‌کگرتوو، کۆمه‌ڵ، که‌ ڕووی ڕاستی ئۆپۆزیسۆن به‌ بڕوای من له‌م جۆره‌ کارانه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌ویش به‌ دووجۆر:
یه‌که‌م: سۆران عومه‌ر یش فعله‌ن ئۆپۆزیسۆن بووه‌ له‌ گشت کاره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌کانیداوو پشتگیرو کاری ئۆپۆزیسۆنی ته‌واوکردووه‌.
دووهه‌م: سۆران عومه‌ر ئینتیمای حیزبی به‌و لایه‌نانه‌وه‌ نی یه‌و پشتگیری ئۆپۆزیسۆن بۆی ڕاستێتی ئۆپۆزیسۆن بوونیان ده‌رده‌خات، چونکه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وسا وه‌ك پشتگیری له‌ ئه‌ندامێکی خۆیان کردبێت وایه‌ نه‌ك خودی ئۆپۆزیسۆن بوونه‌که‌.
پارتی دیموکراتی کوردستانیش له‌م جۆره‌ هه‌وڵانه‌دا به‌بڕوای من قه‌ڵه‌می زیاتروو تیژتر دروست ده‌کات، به‌ناوی جۆراو جۆره‌وه‌، وه‌ پێویسته‌ پارتی ڕێزی زیاتری ئه‌و که‌سانه‌ بگرێت که‌ ڕاشکاوانه‌ به‌ناوی خۆیانه‌وه‌ کاری ڕۆژنامه‌وانی ده‌که‌ن، چونکه‌ زۆرن ئه‌و که‌سانه‌ی هیچ به‌هاو ئیتکێکی ڕۆژنامه‌وانی نا پارێزن و له‌ژێر ناوی دروستکراودا زیانی مه‌عنه‌وی مه‌لاین دۆلار له‌ گشت کوردوو مێژووی مردووه‌کانیش ده‌ده‌ن و وه‌ کێ ده‌ڵێ ئه‌م جۆره‌ سزایانه‌‌ هۆکار نه‌بووبێت؟!
ئه‌گه‌ر زیانی مه‌عنه‌وی مه‌قاله‌یه‌‌ك له‌ ژماره‌ی گۆڤارێکدا به‌ قه‌ده‌ر 35 ملیۆن دینار بێت، ده‌بێت تۆقاندن و به‌کارهێنانی ماده‌ به‌رانبه‌ر نووسه‌ران و ئۆپۆزیسۆن که‌ هه‌موویان نه‌وه‌ی ئه‌و ووڵاته‌ن چه‌ند بێت؟؟؟

داواکارم له‌ دادگای هه‌ولێر له‌کاتی ته‌میزکردنه‌وه‌ی ئه‌م سكاڵایه‌دا وورد ترو به‌ ویژدانانه‌و بێ لایه‌نانه‌ بڕواننه‌ ئه‌م که‌یسه‌و پێش بڕیار دانه‌که‌ به‌دوای خۆیاندا لا بکه‌نه‌وه‌و سه‌یری ئه‌و ئایه‌ته‌ بکه‌ن که‌ له‌ پشتیانه‌وه‌ هه‌ڵواسراوه‌.
وه‌ داواکارم له‌ سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نووسانی کوردستانیش هه‌ڵوێستی ئه‌رێنیان هه‌بێت و ئه‌وانیش وه‌ك حیزب له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌ندامی بوون مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووساندا نه‌که‌ن.
شایه‌نی باسه‌ له‌سه‌ر بابه‌تێکی ژماره‌ 16ی گۆڤاری ڕێگا مه‌گه‌زین که‌ سۆران عومه‌ر سه‌رنووسه‌ری گۆڤاره‌که‌ بووه‌ سکاڵایه‌کی پارتی دیموکراتی کوردستان که‌ فازڵ میرانی سکرتێری مه‌کته‌بی سیاسی تۆماریان کردبوو بڕی 35 ملۆین دینار سزای به‌سه‌ردا سه‌پێنرا له‌ دادگای چواری به‌رایی هه‌ولێر.
عومه‌ر عه‌لی/ خاوه‌ن ئیمتیازی گۆڤاری بوار
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە