دین و حزبایەتی ئیشكالییەتی بوونی حزبی ئیسلامیی لە كۆمەڵگا موسڵمان نشینەكاندا
Saturday, 12/11/2011, 12:00
زۆر دەمیكە دەمەویت بڕوای خۆم و قەناعەتی خۆم لەم بارەوە لە چوار چێوەی نووسینێكدا بخەمە روو، بەڵام لەبەر نە بوونی كات ئەم نووسینەم لەم بارەیەوە دواخست، بەڵام بڵاو بوونەوەی چەند بابەتێك لەم بارەوە بەبۆنەی نزیك بوونەوەی كۆنگرەی یەكگرتووی ئیسلامی زۆری بۆ هێنام كەچیتر بۆ چوونی خۆم لەم بارەوە دوانەخەم و بتوانم ئەگەر بە كورتیشبێت قسەو باسێكی لێ بكەم، هەرچەندە پێدەچێت زۆرێك لە كەسایەتی و بەرپرسانی لایەنە ئیسلامییەكانیش هەمان ئەم بۆچوونەیان هەبێت، بەڵام لەبەر هەندێك رێگر نەتۆنن ئەم بۆچونەیان بخەنە روو، ئەوانەشی باسی لێوەدەكەن بە حەزەر و ترسێكی زۆرەوە وەك بڵێت ترسیان لەوە هەبێت بەر غەزەبی حزب و ئەوانەی ناسراون كە بۆچوونی توندیان هەیە نەكەون.
حزبایەتی و ئیسلام
بەپیێی پیێناسە باوەكەی حزب بریتیە لە هۆكارێك (وەسیلەیەك) كە لە ڕێگەیەوە ژمارەیەك خەڵكی كە لەسەر بیرێكى دیاریكراو رێكەوتون دەیانەوێت بگەن بە ئامانجێك، واتا حزب خۆی ئامانج نییە وەك هەندێك پێیان وایە.
ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت ئەوەی كە حزب لە ئاین جیادەكاتەوە ئەوەیە حزب خۆی ئامانج نییە بەڵام دین خۆی ئامانجە، بۆیە دەشێت ئاین حزب بێت بەڵام ناشێت حزبێك بریتیبێت لە هەموو ئاین، بەشێوەیەكیتر بڵێن ناكرێت ئاین لە تاكە حزبێكدا كۆبكەینەوە، لەبەر فراوانی گەورەیی ئاین ناكریت لە حزبێكدا بیخزینین، حزب یان دەوڵەت هۆكارێكە كەدەشێت جۆرەها مرۆڤی تێدا كۆببێتەوە بەڵام ناشێت دینێك چەند بیرو بۆچونیكى دژ بەیەكى تێدا بێت.
راستە دین حزبە بەڵام تێگەیشتنمان بۆ حزب یان دەوڵەت تێگەیشتنێكی هەڵەیە لەبەر ئەوەی ئەو دەوڵەتە ئاینییەكەى سەرتای ئیسلام هەموو جۆرە كەسێكی لە ناو خۆیدا جێ كردبۆوە، تەنانەت وەك دینیش بەڵام ئەمیان جێگای وردبوونەوەی زیاترە.
دین حزبە بەڵام حزبایەتی لە دیندا نییە و حزبایەتی حەرامە ، ئەمە بۆچونی پەیرەوانی بەشێكە لە بیری سەلەفیەتە، ئەم بۆچونە راستە لەبەر ئەوەی ناشێت دین بخزێنرێتە حزبێكی بچوكەوە ، یاخود ئاین بەحزبایەتی بكرێت، واتا ئامانجی ئاینی كورت بكرێتەوە لە ئامانجی حزبێكدا یان بگۆردرێتەوە یاخود سازش بكرێت لەسەر زۆرێك لە مەبدەئە سەرەكی و بنەما سەرەكییەكانی ئاین لە پیێناو حزب و گۆرانكارییە سیاسیەكانى حزب بەپێى قۆناغەكانى كارى سیاسى و كردنەبەرى بەرگێكى ئاینى .
گەورەترین رێگر لەبەردەم بە حزبی كردنی ئاین یان كورتكردنەوەی ئاین لە حزبێكدا ئەوەیە كە تەنها پێغەمبەران دەتوانن و بۆیان هییە نوێنەرایەتی ئاین بكەن لە ناو تاكە حزبێكدا.
حزبایەتی لە دیدی سەلەفیەتەوە:
بەشێكی زۆر لە موسڵمانان كە خۆیان بە پەیرە وانی رێبازی سەلەفی دەزانن، هەموو جۆرە حزبایەتییەك لە ئیسلامدا رەت دەكەنەوە، یان پێیان وایە لە دیندا حزبایەتی نییە، واتا دین كاری بەسەر حزبەوە نییە، یان رونتر بڵێین دین لەگەڵ ئەم شێوازە لە حزبایەتییەی كە لە ئێستادا پەیرەو دەكرێت ناكۆكەو دیندارى شتیكەو حزبایەتیش شتیكیتر.
هەموو ئەمانە راستن تا ئەوەی حزبێك نەبێت بەناوی دینەوە و خۆی بە تاكە نوینەری راستەقینەی ئەو دینە بزانێت، بەڵام پەیرەو كردنى كارى حزبایەتی وەك هۆكارێك بۆ بەرێوەبردنى كۆمەڵگا و كاركردنە لە حزبدا بەم شێوەیە هیچ دژایەتییەكى نییە لەگەڵ ئایندا، لەبەر ئەوەى كۆمەڵێك یان دەستەیەك ئەگەر بیانەوێت بۆ بەشداریكردن لە بەرێوەبردنی كاروبارى هاوڵاتیانى وڵاتەكەیان لە چوار چێوەى حزبێكدا كۆببنەوە كەس ناتوانیت بڵێت ئەم كارە حەرامە و بەكارێكى ناشەرعى دانانرێت، چونكە ئەوكات هیچ جیاوازیەكى نابێت لەگەڵ هەر دەزگایەكیتری و كۆمەڵەو دەستەیەكیتری بەرێوبردنی وڵات، رونتر بڵێن نمونەى وەك سەندیكای پزیشكان و كۆمەڵەی پارێزگاری كردنی ژنگە و هەموو ئەم كۆمەڵەو رێكخراوانەى لە شوارچێوەى كۆمەڵگەى مەدەنیدا كارەكانیان رادەپەرێنن، ئاشكرایە كە ئەم رێكخراوانە خۆیان بە نوینەری دین و خوا نازانن بەسەر خەڵكییەوە و كاریكی پیشەی و كارگیری دەكەن، هەر لەبەر ئەمەیە تائێستا كەس نەی بیستووە بوترێت ئەمانە كاریكی حەرامە و لە رووی شەرعەوە نادروستە، بوونى حزبیكی سیاسی وەك هۆكارێك بۆ بەرێوە بردنی وڵات هەمان شكڵ و شێوە لەخۆ دەگرێت ئەگەر هاتوو خۆی نەكاتە نوێنەری دینێكی دیاریكراو.
بانگەواز و حزبایەتی:
ئەشێت ئەوانی دژی ئەم بۆ چونەن، پرسیاری ئەوە بكەن ئەگەر خزبێك نەبێ لە رێگەیەوە بانگەواز بكەن بۆ لای دین، ئەو دینە چۆن لە ناو خەڵكیدا بڵاو دەبێتەوە و خەڵكی پەیرەوی لێ بكەن؟ لەكاتێكدا دین بۆ خەڵكەو بۆ ئەوەیە لە ژیانی رۆژانەی سیاسی و كۆمەڵایەتیاندا لێى دانەبڕێن و تێكەل ببێت پێیان؟ ئەی ئەو حزبە ئیسلامیانە چی بكەن و ئەركیان چی دەبێت لە دوای ئەمە.
سەرەتا ئێمە دەڵێن لە كۆمەڵگایەكى موسڵماندا پێویست بە حزبى ئیسلامیى ناكات، هەروەها لە واقعیشدا دەشبینین ئەوانەى خۆیان بە پەیڕەو كەرانى رێبازى سەلەفى ساڵح دەزانن بانگەوازیش دەكەن پێویستیشیان بە حزب نییە بۆ كارى بانگەواز كردنەكەیان.
پاشان بانگەوازیش بەگشتى بۆلاى دین تەنها لەسەر كۆمەڵێك پێویستە، وەك لە ئایەتەكاندا ئاماژەی پێكراوە، هەروەها دەشكرێت لە رێگەی دروستكردنی دەستە و گروپێكی سەربەخۆ لە چوارچێوەى رێكخراوێكدا و دوور لە كاری حزبایەتی كە لە سەرجەم ئەو كەسایەتییە بەتوانایانەى لایەنە ئیسلامییەكانەوە پێك بهێنرێت كە تەنها ئامانجى ئەم رێكخراوە بانگەواز كردنبیت بۆ دین نەك بۆ لای لایەنێك یان حزبێكی دیاریكراو، واتا بەشێوەیەكى راستەوخۆ ئامانجی سیاسی لە پشتیەوە نەبێت، هەرچەندە ئەگەر بەشێوەیەكى گشتى لێى بروانیین، دواجار ئەم بانگەواز كردنەش خزمەت بە رەوتێك و سیاسەتێكى دیاریكراو دەكات، كە ئەندامانی حزبێك پەیرەوى لێدەكەن لە چوارچێوەی رێخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنیدا.
ئەم جۆرە لە كاركردنەش دور لە حزبى سیاسى دەستی ئەو كۆمەڵەیە وڵاتر دەكات بۆ سەر لەنوێ گێرانەوەی بانگەوازی دیی بۆ ناو مزگەوتەكان، ئەویش لە دوو روانگەوە جێگەى هەڵوێستە لەسەر كردنە. یەكەم: لە روانگە شەرعییەكەیەوە:
بەپێى دەقەكانى قورئان كە لە ئایەتەكانیدا ئاماژە بەوەدەكات كە مزگەوت بۆ خوایە بەدەر لە خوا بانگەواز كردن بۆ هەر شتێكیتر شەریكە و بریاردانە بۆ خوا و كارێكى ناشەرعییە، ئەو كادرە حزبییەى كە "گرن نییە سەر بەچ حزبێكە" كاتێك لە مزگەوتدا لە پاڵ بانگەواز كردن بۆ لاى خوا خەڵكیش بۆ لای حزبەكەی بانگ دەكات، ئەوكات ئەم حزبیانە بەم كارەیان و بەم كردەوەیان دژى ئایەتەكانى قورئان ناكەن؟ ئایا ئەمە گەورەترین ئیشكالیەت ناهێنێتە ئاراوە لە بەرامبەر هەرڵگرانى بیرى بە حزب كردنى دیندا؟ بێگومان بەڵێ ئەمە گەورەترین ناكۆكى دروست دەكات.
دووەم: لە روانگەى سود گەیاندن بە بانگەواز:
لە لایەكى تریشەوە لە كۆمەڵگایەكى موسڵمان نشیندا كەس بۆی نییە رێگە بگرێت لە بانگەواز كردن لە ناو مزگەوتەكاندا یان كەس ئیتر دەست ناهێنێتە رێی ئەو كەسانەی بانگەواز دەكەن و كاریان تەنها بڵاو كردنەوەو فێركردنی وانە شەرعییەكانە لە ناو مزگەوت و دەرەوەی مزگەوت و هەر مینبەر و سەكۆیەكی ئازادى وڵاتدا، خۆ ئەگەر لە ئێستادا رێگریش بكرێت لە بانگەوازى ئاینى ئەوا زۆر رێگایتر كراوە و ئاوەڵایە بەرووی جۆرەها نارەزایەتی دەربرین و پشتیگیری لایەنە سیاسیەكان و خۆپیشاندان و زۆر كاریتر كە لەم چاخەدا لە توانیداهەیە هەر دەسەڵاتێك ناچار بكات بە ملدان بۆ ویستی جەماوەرە موسڵمانەكەی خۆی، هیچ كەسێك ناتوانیت بە بیانووی كار كردن بۆ حزب رێگە بگیرێت لە بانگەواز لە ناو مزگەوت و هەر شوێنێكیتر گشتیدا.
لەمەوە دەردەكەوێت ئەم جیاكردنەوەیە و وەرگرتنی پسپۆری لە كارەكاندا دەبێتە هۆی كەم كردنەوەی بێسەروبەری و تێك گیران و بەریەك كەوتنی نەزانانە لەگەڵ كۆمەڵگا موسڵمان نشینەكاندا و ئەو كەسانەی بەنەشارەزای و دەمارگیری حزبایەتی دەكەن بە ناوی دینەوە و روو بەروی دەوروبەرەكەى دەبێتەوە و فەزایەكی پرلە ئاشوب دەخاتەوە.
مێژووی حزب و حكومەت لە ئسلام دا:
حزب و حكومەت بەم شێوەیەی ئێستا لە سەر دەمی هاتنی ئیسلام دا بوونی نەبووە، بەدەر لەسەردەمی پێغەمبەر كە نێردراوی خوا بووە بۆ مرۆڤ سەرجەمی حكومەت و دەسەڵات داران بەدرێژای میژووی ئیسلام نەیان توانییەوە هەردوو لایەنەكە لە خۆیاندا كۆبكەنەوە و ناشتوانن خۆیان بەخواوەنی دین و دنیای هەموو خەڵكى بزانن، سەجەم دەسەڵاتداران بەبەردەوامى لە لایەن زانایان و شارەزایانی دینەوە چاودێری كراون و ئاگادار كراونەتەوە، زۆرجاریش بەریەكەوتن لەنیوانیاندا رووی داوە و دەسەڵاتداران ویستویانە بەوشێوەیە هەڵسوكەوت بكەن كە خۆیان مەبەستیانە نەك ئەوەی دینى ئیسلام داوای دەكات لێیان، نمونەش بۆ ئەمە لە میژووی ئیسلام دا زۆر پێویستى بە بەڵگە هێنانەوە ناكات، زۆرێك لە زاناكان لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەوكاتەوە ئەشكەنجە دراون و خراونەتە زیندانەكانەوە، یاخود زۆربەى زانایان خۆیان لە دەسەڵاتداران بە دوور گرتووە و نزیك نەبوونەتەوە لە دەسەڵات، بەردەوامیش ئامۆژگاری دەسەڵات دارانیان كردوە و لە دەرەوەی دەسەڵاتی سیاسی و كارگێری حزمەتیان كردووە، چونكە لەو باوەرەدا بوون كە ناتوانن كە لەدەسەڵات دابن وەك ئێستایان بتوانن حەق بگەینن وەك ئەوەی دین داوایان لێدەكات، جێى خۆیەتى لیرەدا باس لە دوو نمونەى زیندو بكەم لە مێژوودا كەویش بریتیەلە دوو زاناى گەورەى وەك ئەحمەدی كوری حەنبەل و ئەبو زەری غەفاری، سەرەتا ئەبوزەى غەفارى لە دوای وەفاتی پێغەمبەر خۆى كەناگیر كرد ئەم خۆ كەناگرتنە خوێندنەوەى زۆرى بۆ دەكرێت، شارەزایان پێیان وایە ئەم خۆ كەناگرتنەى غەفارى لەو روانگەیەوە بووە كە ناكرێت لە دوای پێغەمبەرى خواوە هیچ كەس رۆڵی پێغەمبەر ببینێت ببێتە جێنشینى، لە روانگەوەى سیستمی حكومەت داری و سیستمی ئاینی پێكەوە كۆ بكاتەوە و بەرگێكی ئاینی ببەخشێتە دەسەڵاتەكەی و وەك حاكمێكى رەها مامەڵە لەگەڵ دەوروبەردا بكات.
خۆ ئەگەر ئیسلامییەكان دەڵێن ئێمە ئیدعایەی واناكەین و قەت وامان نەوتوە، ئەوا با سەیری ئەوكاتانە بكەن كە لە هەڵبژاردنەكاندا بۆ دەنگدان بە چ میتۆدوو ئاراستەو بۆ چونێك مامەڵە دەكەن، ئایا ناڵێن و نەیان وتوە كە دەنگدان بە ئێمە دەنگدانە بە بەهەشت و دەنگ نەدان بە ئێمە رەتكردنەوەی ئیسلام و دینە؟ تا ئەو رادەیەی لە ناو خودی ئیسلامیەكانیشدا لە ناو خۆیاندا ئەم تۆمەتانە حزوری هەیە، بەتەنها ئەگەر لایەنێكی ئیسلامی هاوپەیمانێتیەكیشى لەگەڵ حزبێكی نەتەوەیشدا كردبێت ئەوا دەست بەجێ تۆمەتبار كراوە و وتراوە هەركەسێك دەنگ بدات بەو لیستە ئەوا دەنگی داوە بە دۆزەخ و دۆزەخی بۆ خۆی مسۆگەر كردووە.
حزب و كۆمەڵگا:
لە ئێستادا حزب و حزبایەتى بەهەموو جۆرەكانییەوە بەشێوەیەكى بەگشتى لە لاى زۆربەى هاوڵاتیان بێزراوە، بەڵام دین بەردەوام لە لاى خوڵك خۆشەویستە.
ناكرێت ئێمە دین ناشرین بكەین بەم كارەمان بەهۆى ناشرینى حزبایەتییەوە دینیش ناشرین بكەین لەبەر ئارەزوەكانى خۆمان و بڵێین هەردەبێت وابێت كێ لەگەڵى نییە كەیفى خۆیەتى، پاشان بالۆرەى ئەوە لێبدرێتەوە كە لەسەردەمى پێغەمبەریشدا بێباوەرەكان ئیسلامیان رەتكردۆتەوە، جارێ ئەوەى رقى زۆرى لە حزبایەتى و حزبى بەناو ئیسلامییە ئەوانەن كە موسڵمانن، بەڵام ئێمە بەزۆر لەبەر ئەم هەڵە پەیرەوكردنە دەمانەوێت بەزۆر جەماوەرە گشتییە موسڵمانەكە لە بازنەى ئیسلام وەدەر بنێن، تەنها بۆ ئەوەى بیسەلمێنین بۆچونەكەى ئێمە راستە.
پاشان هەموو مرۆڤێك هەڵەدەكات، خۆ ئەگەر ئەو هەڵەیە بەناوى ئیسلامییەوە بكرێت ئەوا خەڵكە رەشۆكەكە یەكسەر دەڵێن ئەها ئیسلام چۆنە، بەڵام ئەگەر هات و پاشگرى ئیسلامیەكەى پێوەنەبوو ئەوا هەڵەكان ناخرێتە ئەستۆى ئیسلام، خۆئەگەر باشە بینرا لەو كۆمەڵە ئەوا دەڵێن ئەمانە ئەو حیزبەن كە خەڵكە موسڵماننەكانى تێدایە.
هەروەها ئەو كۆمەڵەیەى كە كاریان تەنها بانگەواز دەبێت باشتر خۆیان تەرخان دەكەن بۆ كارى بڵاوكردنەوەى پەیامەكەیان.
پێویستە لەسەر لایەنە ئیسلامییەكان خەمى زیاتر و لە پێشینەیان بانگەوازى ئاینەكەیان بێت، بەڵام بەداخەوە هەموویان خۆیان لە حزبێكدا كۆ بوونەتەوە نە دەتوانن وەك پێویست بانگەواز بكەن، نە كەسانێكى شارەزاشن لە كارى حزبایەتى و سیاسەت كردندا، هەروەها بوونەتە رێگر و جێگر لە بەردەم كەسانى شارەزاو پسپۆر لە بوارى سیاسى و كارى رێكخراویدا، ئەمەش یەكێكە لەو هۆكارانەى كە بۆتە هۆى بەرەو دواوە بردنى بانگەوواز و هاتنە پێشەوەى لایەنە ئیسلامییە لە كایە سیاسیەكەدا.
بۆیە پێویستە سەركردە لێهات و تێگەیشتوەكان لە ناو رەوتە ئیسلامییەكاندا ئەم بارە قورسە لە كۆڵ دین و كارى سیاسى بكەنەوە.
ئێستا لە ناو كۆمەڵگاى موسڵماندا بەگشتى و لە هەرێمى كوردستان بەتایبەتى، ئەوەى بۆتەبەربەست لە بەردەم بەجەماوەرى بوونى لایەنە ئیسلامییەكان و تێكەڵاو بوونى جەماوەر بە و حزبانەى هەڵگرى ئایدیایەكى ئیسلامین، ئەو پاشگرە ئیسلامییەیەكە كە لایوسمینو وەلایوغنى من جوع، ئەمەش غەیرى مومارەسەى هەڵەى خۆمان و ناشرین كردنى ئیسلام لەلایەن خەڵكانى نەزان و نەشارەزاى ناو گروپە بەناو ئیسلامیەكان! وایان كردووە جەماوەر سڵ بكاتەوە لە لایەنە سیاسیانەى كە زۆربەیان كەسانى دڵسۆز و خورەوشت بەرز و دەستپاكن لەبەرامبەردا پەنا دەبەنە بەر كەسانێك لە لایەنە سیاسییەكانیتر كە زۆرجار كار و ئامانجەكانیان پێچەوانەى بیرو باوەریشیانە و دنیایەك نا داد پەروەرییان لە وڵاتدا بڵاو كردۆتەوە، ئەمە هەڵەى كێیە؟ لەكاتێكدا هەموو كۆمەڵگا ئیسلامیى قبوڵەو بەكردەوەش لە ژیانى كۆمەڵایەتى و هەتا سیاسى و دەوڵەتداریشدا پەیرەوى دەكات، ئەى ئەم رێگرییە تەنها ئەوە نەبێت ئاخۆ چیبێت؟.
هەروەها ئەشێت كەسێكى بانگخوازى لێهاتو لە حزبێكى سیاسیدا كار بكات، چونكە دینى ئیسلام دژى كارى حزبى و سیاسیى نییە بەمەبەستى گرتنە دەستى كاروبارى دەوڵەت، بەڵام بەو مەرجەى ئەو حزبە بە نوێنەرى ئیسلام بزانێت، واتا وەك چۆن لە رێكخراوێكى پیشەیى وەك مامۆستایان یان پزیشكان كاردەكات، بەهەمان شێوەش لەو حزب و گروپەدا خزمەت بكات و بشتوانێت دین بەبیرى هاوریكانى بهێنێتەوە وەك وتراوە "دین ئامۆژگاریە"، لەم پسپۆرى جیاكردنەوەیەدا دەردەكەوێت كێ زۆرتر دڵسۆزى دین و بانگەوازەكەیەتى و كێش حەزى بەكارى حزبایەتییە؟ پێدەچێت خۆیەكلاكەرەوان بۆ بانگەوازى دینى ئیسلام بە پەنجەكانى دەست ببژمێردرێن، بەتایبەتى لە ناو ئەوانەى پسپۆریان لە بوارى شەرعیدا هەیە ، ئەمەش تەنها لە بەر خۆشەویستیان بۆ دەسەڵات و كارى سیاسى نەك دین دارى.
گۆرانكارییەكى پێویست:
لەم گوزەركردنە خێرایەماندا بەفكر و مێژوی مامەڵەی ئاین لەگەڵ حزب و حكومەتدا بۆمان روون دەبێتەوە كە لە ئێستادا پێویستە ئیسلامییەكان لە وڵاتانى موسڵمان نشیندا شێواز و میكانیزمی كاركردنی خۆیان بگۆرن، بانگەواز و كاری ئیسلامی دابرنن لە كاری سیاسەت بەو مانایەی وەك چۆن ئیستا بە پێویست دەزانرێت راگەیاندن بێلایەن بێت و پێیان وایە كە راگەیاندنی سەربەخۆ كاریگەری زیاترە، بە هەمان شێوەش ئەمە بۆ بانگەوازوو كاری ئیسلامی دوور لە حزبایەتى و كارى سیاسیى هەر وایە، لەبەر ئەوە كارى بانگەواز بە شێوەى سەربەخۆ و لە چوار چێوەی رێكخراو و كۆمەڵەی جۆراجۆرەوە گاریگەریان زیاترە لە رێگەى وەرگرتنى پسپۆرى لە بوارى بانگەوازدا لە چوار چێوەى قوتابخانە و پەیمانگاكانى زانستە شەرعییەكانەوە دەتوانرێت پەیامی ئاینى بەشێوەیەكى دروست بگەیەنرێتە هەموو میللەت، لە لایەكیتریشەوە شانبەشانی ئەمەش كەسانی پسپۆری بواری كارگێری و حزبایەتى و كارى سیاسی لە چوارچێوەى حزبێكى خزمەت گوزار و دادپەروەر و چاكەخوازدا بە بێ هەڵگرتنی پاشگری ئیسلامی هیچ رێگرییەكى تێدا نابینرێت، بگرە ئەم شێوازەیان زیاتر لە رۆحی بانگەوازی خواییەوە نزیكترە و ئەوانەشی كە دەڵێن حزبایەتی لە دیندا نییە و بەلایانەوە حەرامە ئەوكات هیچ بەڵگەیەكیان بەدەستەوە نامێنێت بۆ لەسەر خویندن و تۆمەت باركردنى بەرامبەرەكانیان بە بیدعە چیی و هەموو بیدعەیەكیش گومراییە و هەموو گومراییەكیش بۆ دۆزەخە، یان رەخەنە گرتنى خەڵكى لە بوونی چەند حزبێكى ئیسلامیی كە دەبێتە ماییەی تەفرەقە لە نێوان موسڵمانادا و ئەم تۆمەت و شوبهەیەش دەرەوێنرێتەوە بە یەك جارى، چونكە حزبێك وەك باقی دەزگا خزمەت گوزاری و ئیدارییەكان لە روی شەرعی و ناشەرعی بوونەوە كەس ناتوانیت تانەى لێ بدۆزێتەوە، هەر بۆیە لە ئێستادا پێویستە حزبە ئیسلامییەكان خۆیان یەكلا بكەنەوە یان ئەوەتا بێنە دەرەوە لە كایە سیاسییەكەو خۆیان وەك كۆمەڵەیەكی بەنگەوازى رووت بناسێنن و تەنها كاری بانگەوازو بڵاوكردنەوەی ئاینی ئیسلام بكەنە كاری سەرەكیان، یاخوود تەنها كاری سیاسی بكەن وەك حزبێك بەبێ بوونى هیچ پاشگرێكی ئیسلامی و رادەستكردنی كاری بانگەوازی ئیسلامی بەكەسانی تایبەت مەند لەو بوارەدا.
ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت ئەولایەنە سیاسییە هەموو چالاكییەكی ئاینی لە خۆی قەدەغە بكات، تەنها ئەوەیە كە بازنەی كاركردنى لە ناو میللەتە كەیدا كە زۆرینەشیان موسڵمانن فراوانتر دەكەن و هیچی تر، ئەمە ئەركی ئێستا و داهاتووی لایەنە ئیسلامییەكانە، خۆ ئەكەر ئەم بۆ چوونە بەلای هەندێكەوە قورس بێت، ئەوا دڵنیام لە ئایندەیەكی نزیك یاخود دور هەر دەگەنە ئەم بروایە، هەروەك زۆر قەناعەتیتر كەلە كاتیی خۆیدا بە كوفری سیاسی دادەنرا بەڵام لە ئێستادا كارێكى زۆر ئاساییە بەلایانەوە، ئەمیش بە هەمان شێوە هەروای لێدێت، بەڵام دواجار كاروانەكە بۆ ماوەیەك لەبەرەو پێشچوون دوادەكەوێت، وەك ئەوەی ئێستا پەیرەوی دەكەن كە لەكاتیى خۆیدا بە كوفرو لادان موداهەنەیان دەزانى بۆ لایەنە ئیسلامییەكانیتر و رەخنەى توندیان لئ دەگرتن لە رووى كارى سیاسى و شێوازی كار و فیكر و بۆچونیاندا بەدى دەكرا لە ساڵانى نەوەدەكان و هەفتەیەك پێش داگیر كردنى عێراق باوەریان پێى هەبوو، خۆ ئەگەر ئەوكاتانە ئەم گۆرانكاریانەى كە ئێستا هاتوە بەسەر كارى سیاسى و بۆ چوونەكانیاندا ئێستا بیان كردایە، ئێستا حاڵەتی ئیسلامی لە قۆناغێكیتر تردا دەبوو، بەڵام كارەكانمان چەندێك لە رۆح و جەو هەری دینەوە دوور بێت ئەوەندە لە ئامانجەكەى دوورتر دەكەوێتەوە و ناگەین پێی و زۆر درەنگ دەگەین بە ئامانج.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست