کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


سەرۆك بارزانى كەرەى بۆ كردینە زنگە

Wednesday, 26/03/2014, 12:00

1862 بینراوە


ئەوەى لە سەرەوە نوسیومە گوزارشت لە بەسەرهاتێك ئەكات كە لە سەردەمى دەرەبەگایەتى لە نیوان ئاغاى ناوچەیەك و هاولاتیانى ژیر دەسەلاتى ئەو ئاغایە ڕویداوە , كە بەم شێوەیە بووە: هاوڵاتیانى ناوچەكە كۆ ئەبنەوەو لەسەر ئەوە پێك دێن كە چەند كەسیك وەكو نوینەرى هاوڵاتیانى ئەو ناوچەیە بنێرنە لاى ئاغاكەیان.
هەر بۆ زانینى هەموو لایەك ئاغاكانى ئەو سەردەمە باجى زۆر و جۆراو جۆریان خستبوە سەر شانى هاوڵاتیان و یەكێك لەو باجانە ئەوە بوە كە هەموو هاوڵاتییەك دەبوایە ساڵانە یەك حۆقە كەرە واتە ڕۆنەكەرە بۆ ئاغا ببات . لەو سەردەمەدا لە هەندى شوێن حۆقە بە 3 كیلۆ و نیو و لە هەندیك شوێنیش بە چوار كیلۆَ حساب ئەكرا.
نوێنەرەكانى هاوڵاتیان ئەچنە ماڵى ئاغاو دوایی ئەڵێن : جەنابى ئاغا ئێَمە ساڵانە یەك حۆقە كەرە بۆ جەنابتان دێنین , بەڵام خۆت ئەزانى لە ئێستادا مەڕو ماڵات كەمبۆتەوە بەهۆى نەمانى پوش و پاوانەوە . بۆیە بە نوێنەرایەتى هەموو هاوڵاتیانى ناوچەكە هاتوینە لاى بەڕێزتان كە مەرحەمەت بفەرموى بۆمان كەم بكەیتەوە چونكە نیمانەو پێما هەڵناسوڕێت.
ئاغاش یەكسەر ئەڵیت زۆر باشە ئەگەر ناتوانن یەك حۆقە كەرە بدەن بە من بیكەن بە یەك حۆقە زنگە. بۆ ئەوەى هەموو لایەك بزانن ڕۆنى زنگ بەماناى ئەوە دێت كە ڕۆنە كەرە ئەخەنە سەر ئاگر و زۆر ئەیكوڵینن بۆ ئەوەى ئەو ئاوەى لە ناو كەرەكەدایە نەمینێت و هەرچى كەف و هەندىِ شتى زیادەى ناو كەرەكەش لابەرن كە لە كاتى كوڵاندندا ئەكەوێتە سەرەوە .بەعەرەبى بەم ڕۆنە ئەوترێ ڕۆنى(حر یان خالێ یان نقى) .
ئەوەى كە لێرەدا شایانى باسكردنە ئەوەیە ئەبێ نزیكەى یەك حۆقەو نیو كەرە بكوڵێنیت بۆ ئەوەى یەك حۆقە زِۆنى زنگت دەست كەوێت . نوێنەرەكان زۆر خۆشحاڵ ئەبن و كاتێك ئەگەڕێنەوە خەڵكى ناوچەكە بە پیریانەوە ئەچن و ئەڵێن ها , چیتان كرد شێر بوون یان ڕێوى ؟؟؟ ئەوانیش لە وەڵامدا ئەڵێن حەیفتان كرد باسى ڕێوى ئەكەن , چما ئێمە هەر شێر نەبوین ؟؟ دواجار ئەڵێن كەرەمان بۆ كردنە زنگە. لەو كاتەدا پیاوێكى پیر پێیا ئەڵێت: هەى نەزانینە ئێوە قوڕتان كرد بەسەر خەڵكەكەداو ئەوەندەى تر بارتان قورس كردن و لێرە بە دواوە ئەبێ هەموو ماڵێك یەك حۆقەو نیو كەرە بدات بە ئاغا. دواى ئەوە نوێنەرەكان هەست بە هەڵەى خۆیان ئەكەن . هاوڵاتیانى خۆشەویست خوێنەرانى بەڕێز : دڵنیاتان ئەكەمەوە سەرۆك بارزانیش هەمان هەڵەى كردوەو كەرەى بۆ كردوین بە زنگە.
ماوەى چەند ساڵێكە سەرۆكى هەرێمى كوردستان لە هەوڵى ئەوەدایە نەوت لە هەرێمى كوردستان دەرێنێت , گوایە بۆ ئەوەى هەرێمى كوردستان ببێتە خاوەنى داهاتى تایبەتى خۆى , بەڵام وەكو دواجار دەركەوت , ئەم هەوڵەى بارزانى لە پێناوى بەرژەوەندى بنەماڵەكەى خۆیدا بووە نەك هاوڵاتیانى هەرێمى كوردستان.
حكومەتى بەناو هەرێم بەڵام بنەماڵەى بارزانى سەركەوتو بون لە هێنانى كۆمپانیاى بیانى و مۆر كردنى گرێبەست بۆ دەرهێنانى نەوت و تا ئێستا نزیكەى 62 گرێبەست مۆركراون و پڕۆسەى دەرهێنانى نەوتیش چەند ساڵێكە دەستى پێكردوەو بەردەوام بە تانكەر لە ڕێگاى ئێران و توركیاوە ئەفرۆشرێت . ئێستا بۆرى بۆ هەناردەكردنى نەوت لە ڕێگاى توركیاوە تەواو كراوەو نزیكەى یەك ملیۆن و نیو بەرمیل نەوتیش لە ڕێگاى ئەو بۆریەوە هەناردەى توركیا كراوە . بەڵام لەبەر ئەوەى كێشە هەیە لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەو نەوتە نەفرۆشراوەو عەمبار كراوە.
بەڵام ئەوەى پێویستە بوترێت ئەوەیە : نە پەرلەمانى كوردستان و نە هاوڵاتیانى هەرێمى كوردستان نە ئاگایان لە گرێبەستە نەوتییەكانەو نە ئاگایان لە چۆنیەتى فرۆشتنى نەوتە. مەلەفى نەوت بۆَتە هۆى دروستبونى قەیڕانى گەورە لە نێوان هەرێم و بەغدا, چونكە بەغدا لە سەرەتاوە ناڕازى بووە لە پڕۆسەى دەرهێنانى نەوت بەبێ ڕەزامەندى هەردوو لا.
جگە لەوەى بەهۆى مەلەفى نەوتەوە كورد مادەى 140 لەبیر حۆى بردەوەو بەو هۆیەشەوە دەستبەردارى ناوچە دابڕێنراوەكان بون و حكومەتى بەغدا پارەى پێشمەرگە نادات و بەردەوام بارو دۆخەكە بەرەو خراپى ئەچێت و هاوڵاتیان نێگەرانن لە داهاتوى هەرێمى كوردستان . سەرۆك بارزانیش بۆ خەڵەتاندنى هاوڵاتیان و بۆ ئەوەى مەترسى ئەو قەیڕانانە بشارێتەوە كە لە ئەنجامى دۆسییەى نەوتەوە سەرچاوە ئەگرن , ناو بەناو ڕاگەیاندنى دەوڵەتى كوردى وەكو موزایەدەى سیاسى و كارتى فشار بەرامبەر مالیكى بەكار دێنێت گوایە مالیكى داواكانى كورد جێبەجێ ناكات . داواكانى كورد بەلاى بارزانییەوە گێڕانەوەى ناوچە دابڕێنراوەكان نییە , بەڵكو كێشەى بارزانى ئەوەیە بتوانێت نەوت دەر بهێنێت و بیفرۆشێت و كەسیش بە داهاتەكەى نەزانێت.
بەڵام لە ئێستادا نە هاوڵاتیانى هەرێمى كوردستان بڕوایان بە موزایەدەكەى بارزانى هەیەو نە مالیكیش حساب بۆ هەڕەشەكانى بارزانى ئەكات . سەر ئەنجام دواى ئەوەى بارزانى ئەو هەمو كێشانەى لەگەڵ بەغدا دروست كرد , گوایە ئەیەوێت ئابورى هەرێمى كوردستان سەر بەخۆ بكات , ئەوەتا حكومەتى بەغدا بڕیارى بڕینى بەشە بودجەى هەرێمى كوردستانى داو سەرۆكى كارامەش نەیتوانى موچەى یەك مانگى هاوڵاتیان دابین بكات , سەرەڕاى ئەو هەمو داهاتە زۆرەى هەرێمى كوردستان كە لە لایەن پارتەكەى سەرۆكى بەناو هەرێم و یەكێتییەوە ئەدزرێ .
كەواتە سەرۆكى هەرێم بەڕاستى كەرەى بۆ كردینە زنگەو لە برى سەربەخۆیی ئابورىو سیاسى هەرێمى كوردستان ئەوەى هەشمان بوو نەماو هاوڵاتیان توشى بێ ئومێدى بون. كەواتە سەرۆكى هەرێم كەرەى بۆ كردینە زنگە , بەڵام نازانم هاوڵاتیان ڕازین لە سیاسەتى چەوت و هەڵەى بارزانى كە هەمیشە بەرژەوەندى بنەماڵەو حیزبەكەى خستۆتە سەروى بەرژەوەندى گشتى هاوڵاتیانەوە؟.
ماوەى 6 مانگە هەلبژاردن كراوەو حكومەت پێك نەهێنراوە . لە ئێستادا هەر لایەنەو ئەوى تر تۆمەتبار ئەكات بە هۆكارى پێك نەهێنانى حكومەت . ئەوەى كە پەیوەندى بە بزوتنەوەى گۆڕانەوە هەیەو بە خاڵى ئەرێنى واتە ئیجابى ئەزانم ئەوەیە : بزوتنەوەى گۆران لە سەرەتاى هەڵبژاردنەوە بڕیارى دا بەشدارى لە حكومەتدا بكات و بەهانەى یەكێتى و پارتى ببڕى كە لە خولى سێەمى پەڕلەماندا , ئەیانوت گوڕان نایەوێت بەشدارى حكومەت بكات و هەر ئەیەوێت ڕەخنە بگرێت و تۆمەت بۆ حكومەت دروست بكات. هەر وەها ئەیانوت ئەمانە خەریكى مێزكوتان و شەڕە بوتڵە ئاون لە ناو پەرَلەماندا .
ئەوەتا ئێمە ئامادەین بەشدارى حكومەت بكەین و بە پێی قەبارەى خۆمان پۆست وەرگرین, بەڵام یەكێتى و پارتى بە بەهانەى جۆراو جۆر نایانەوێت ئێمە پۆستەكانمان بە پێیى قەبارەى خۆمان پێ بدرێت. بۆیە ئەمجارەیان بەهانەیان بەدەستەوە نییە تانەمان لێ بدەن. لە لایەكى تریشەوە ئەگەر هەندێك لە گوڕان خوازان حەزیان كردبێت بەشدارى حكومەت بكەین , لەبەر هەر هۆیەك بووبێت , بزوتنەوەى گوڕان , ڕێزى لە بۆچونەكانیان گرتوەو هەتا ئێستاش هەر سورە لەسەر بەشداربونى لە حكومەتدا, لەگەڵ هەمو ئەو بەربەستانەى لەبەر دەمیا دروست ئەكرێت بۆ بەشداری نەكردن لە حكوەمەتدا.
بەڵام ئەوەى بە خاڵى نەرێنى واتە سەلبى ئەزانم بۆ بزوتنەوەى گوڕان ئەگەر چیتر پێك نەهێنانى حكومەت درێژە بكێشێت و گوڕانیش شەرمنانە قسە بكات , جگە لەوەى گوڕان تۆشى زیان ئەبێت و خەڵكى لە خۆى زیز ئەكات دەرگاش بۆ لایەنەكانى تر ئەكاتەوە موزایەدەى سیاسى بەسەرەوە بكەن. لە هەموى سەیرتر ئەوەیە یەكێتى نیشتمانى خەریكى موزایەدە كردنە بەسەر گوڕانەوەو خەریكە دەستە چەورەكەى خۆى بە بزوتنەوەى گوڕان بسڕێت.
یەكێتى لە بیرى چۆتەوە لە خولى دوەمى پەرَلەماندن سەرۆكى پەرَلەمانەكەیان لە كاتى نایاساییدا پڕۆژەى دەستوریان لە بەرژەوەندى پارتى تێپەڕاند و بەو پێیە زۆرترین دەسەڵاتیان بە سەرۆك بارزانى دا . لە بیریان چۆتەوە لە خولى سێیەمى پەڕلەماندا ماوەى سەرۆكایەتى هەرێمیان بۆ دوو ساڵ بە نایاسایی بۆ سەرۆك بارزانى درێژكردەوەو لە هەڵ بژاردنەكانیشدا زیانى زۆریان بە خۆیان گەیاندو دەنگەكانیان كەمى كرد . یەكێتى زۆر لە مێژە بۆتە پاشكۆى پارتى و ئەوە ئەندام پەرَلەمانەكانى یەكێتی بوون هەموو یاساكانیان لە ناو هۆڵى پەرَلەماندا لە بەرژەوەندى پارتى تێ ئەپەڕاند.
ئێستاو دواى (بعد خراب البێرە) تێگەیشتون بەدەستى خۆیان چ چاڵێكیان بۆخۆیان هەڵكەندوەو هیچیان بۆ نەماوەتەوە ئەڵێن گوڕان لەگەڵ پارتى ڕێككەوتووە بۆ ئەوەى پێكهێنانى حكومەت دوابكەوێت . ئەمە لە كاتێكدایە پێك نەهێنانى حكومەت بە پلەى یەكەم بە زیانى بزوتنەوەى گوڕانە . كەواتە كاتى ئەوە هاتوە كە بزوتنەوەى گور ِان پەردەى بێدەنگى بدڕێنێت و بێتە قسەو وەڵامى هەموو موزایەدە چییەكان بداتەوە.
بە بۆچونى من هەتا ئێستاش گۆڕان بە باشى هێناویەتى و لێرە بە دواوە نابێت وەكو ڕابوردو بێدەنگ بێت . بزوتنەوەى گۆڕان لە بڕیارى بەشداریكردنى لە حكومەتدا دوو هەڵەى كردوەو بەو هۆیەشەوە زیانى كردووە: یەكەم كاتێك كە بزوتنەوەى گوڕان بڕیاریدا بەشدارى حكومەت بكات . دەبوایە سەقفێكى زەمەنى دیارى بكات بۆ پێكهێنانى حكومەت و بڵێن ئەگەر لە ماوەى دیاریكراودا حكومەت پێك نەهات , ئێمە بەشدارى حكومەت ناكەین و ئەبینەوە بە ئۆپۆزسیۆن .
دووەم: بزوتنەوەى گوڕان دەبوایە مەرجى دانایە كە حكومەتى كاربەڕێكەر تا ئەو كاتەى حكومەتى توێ پێك نەهێنرێت و لە لایەن پەرَلەمانەوە متمانەى پێ نەدرێت تەنها بۆى هەیە كاروبارى ڕۆژاتەى هاوڵاتیان بەڕێ بكات . ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بە گشتى و بزوتنەوەى گوڕان بە تایبەتى ئەو مەرجەیان دانایا , سەرۆكى حكومەتى كار بەڕێكەرى ئێستا كە لە هەمان كاتیشدا كەسى ڕاسپێراوە لە لایەن پارتییەوە بۆ پێكهێنانى حكومەت پەلەى ئەكرد لە پێكهێنانى حكومەت.
بەڵام ئەوەتا لەبرى ئەوەى ڕۆژانەو بەردەوام خەریكى كۆبونەوە بێت لەگەڵ لایەنەكانى براوەدا , هەتا كۆبونەوەیەك لەگەڵ ئەو لایەنانە ئەكات , چەندین كۆبونەوە لەگەڵ ئەردۆغان ئەكات و گرێبەستى هەناردەكردن و فرۆشتنى نەوت مۆر ئەكات و مەلەفى نەوت تاو توى َ ئەكات . ئەمە لە كاتێكدایە نە بەغدا ڕازییە و نە ئەمەریكا و نەكوردیش . لەبەر ئەوەى ئەم مەلەفى نەوتە تا ئێستا ناشەفافە نەك بەلاى بەغداوە بەڵكو بەلاى كورد خۆشیەوە.
كورد خۆى جگە لە بنەماڵەى بارزانى نەئاگادارى چۆنیەتى ئیمزاكردنى گرێبەستە نەوتییەكانە و نە ئاگادارى فرۆشتنى نەوت بە قاخە و لە سەروى هەموو ئەمانەشەوە ئەم كێشەى نەوتە بۆتە هۆكارى دروستبونى قەیرانى یەك لە دواى یەك لە نێوان هەرێم و بەغداو ئەوەتا هاوڵاتیانى بە گشتى نیگەران كردوە . كەواتە كە ئەم حكومەتە كار بەڕێكەرە بۆى هەبێت هەمو كارێك ئەنجام بدات , گومانى تێدا نابێت هیچ پەلەیەكى نابێت لە پێكهێنانى حكومەت. ئەمەش لێكدانەوەى جۆراو جۆرى بۆ ئەكرێت , لەوانە دروستبونى ربۆچونێك لاى زۆرینەى هاوڵاتیان كە حكومەت پێك بهێنرێت یان پێك نەهێنرێت , هەڵبژاردن بكرێت یان نەكرێت , پارتى براوەبیت یان دۆڕاو ئەمانە هیچ گرنگ نین و پارتى حاكمى موتڵەق و كاربەدەستى یەكەمى هەرێمى كوردستانەو هەموو جومگەكانى دەسەڵاتی لە دەستدایەو خۆى بڕیاردەرە , لە ڕاستیشدا هەوڵدانى پارتى بۆ درەستبونى ئەم ئەم بۆچونە ستراتیجى پارتییە . پارتى ئەیەوێت نەزویر كردنیش لە هەڵبژاردنەكاندا بكاتە ئەمرى واقیع وا لە هاوڵاتیان بگەیەنێت كە ئەو دەنگانە , دەنگى ڕاستەقینەى پارتین و تەزویرى نەكردوە,
لێكدانەوەیەكى تر ئەوەیە ئەگەر چیتر بزوتنەوەى گوڕان بێدەنگ بێت لە ئاستى پێك نەهێنانى حكومەت و كاردانەوەى بەر چاوى نەبێت , ماناى وایە بزوتنەوەى گور ِانیش تەسلیمى ئەم ئەمرى واقیعە بوەو ئەویش بە حاكمیەتى پارتى ڕازییە. دواجار هەمو ئەمانە ئەبنە هۆى ئەوەى كە ڕایەك لاى زوربەى هاوڵاتیان دروست ببێت ئەویش ئەوەیە كە پڕۆسەى هەڵبژاردن و دەنگدان بایەخى نییەو كەواتە ئارەزوى دەنگدان لاى هاوڵاتیان كەم ئەبێتەوەو ئەم كارەش بە قازانجى پارتى و زیانى گەورەى لایەنەكانى تر تەواو ئەبێت بەلاِم بە پلەى یەكەم بزوتنەوەى گوڕان.
هەرچەندە بۆچونێك هەیەو ئەڵێن لەم كاتەدا حكومەت پێك نەهێنرێت لە بەرژەوەندى بزوتنەوەى گۆڕان چونكە ئەگەر حكومەتیش پێك بهێنرێت , پێش هەڵبژاردن ناتوانرێت دام و دەزگاكان ڕێگ بخرێن و سودى نابێت. بە بۆچونى ئەوانە بێت گۆڕان قسەى زۆرى ئەبێت بۆ كاتى هەڵبژاردن. بەڵام هەنگاوى گرنگ ئەوەیە سنورێك بۆدەسەڵاتەكانى پارتى دانرێت و وانەزانێت كە دەمسپى خەڵكى كوردستانە.
لە كۆتاییدا ئەڵێم: نابێ چیتر بزوتنەوەى گوڕان ڕازیبێت بەوەى حكومەتى كار بەڕێكەر دەستى ئاواڵە بێت و لە برى هەوڵى چارەسەرى كێشەكانى هاوڵاتیان بن بەردەوام لە هەوڵى دروستكردنى قەیرانى نوێدابن بەهۆى هەڕاجكردنى نەوتى كوردستان , ئەمە لە كاتێكدایە هەمومان گومانمان هەیە لە سەر مەلەفى نەوت بە گشتى و شاردنەوەى داهاتى ئەم نەوتە لە هاوڵاتیانى هەرێمى كوردستان. بزوتنەوەى گوڕان بەو پێیەى براوەى دوەمە , نابێت ڕازیبێت بنەماڵەى بارزانى و حكومەتى كار بەڕێكەر بە ئارەزوى خۆیان و بۆ بەرژەوەندى خۆیان یارى بە دواڕۆژو ئایندەى خەڵكى كوردستانەوە بكەن و وابزانن ئەوان تاكە بڕیاردەرن لەم هەرێمەدا.

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)