کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نـــــــــزای قـــــاز

Tuesday, 01/09/2009, 12:00


له‌گه‌ڵ هاوڕێ و هاوده‌ردێکی خۆی به‌رامبه‌ر یه‌کدی له‌سه‌ر لا که‌وتبوون دوو پێی شه‌ته‌ك دراو چاوی وه‌ك بڵێسه‌ی مۆمێکی کزو دوو بازنه‌ی له‌ ناو یه‌کدا دروست کرد بوو . زاماری سنگی به‌ چه‌شنی دڵۆپه‌ خوێنی سه‌ر به‌فر په‌ڕه‌ سپی یه‌کانی سنگی نه‌خشاند بوو، له‌ دوا ساته‌که‌نی ژیانی و له‌ چاوه‌ڕێی زاڵمدا بوخچه‌ی غه‌می بۆ هاوه‌ڵه‌کانی واڵا ده‌کردوو جار جاره‌ ده‌که‌وته‌ سه‌ر پش ده‌ستی ڕووه‌و ئاسمان به‌رز ده‌کرده‌وه‌ ده‌که‌وته‌ نزاو دوعا کردن له‌ خاوه‌نی ......
قیڕ .. قیق .. خوایه خاوه‌نم نه‌حه‌سێته‌وه‌ .. نان و دۆ بڕاو بێ .. گۆشت و هێلکه‌ی ئێمه‌ی پێ حه‌رام بێ ... قیڕ ... قیق ده‌که‌وته‌ په‌له‌ قاژه‌ دوو سه‌ری ده‌نوکی وه‌ك ناسکه‌ ترۆزیه‌کی قاش کراو جوڵه‌جوڵی بوو سوێراوی مه‌رگی ده‌چه‌شت، ده‌ردو دڵی به‌ با ده‌کرد .. بزانه‌ بۆ نه‌ختێك نانی خوساو چیمان پێ ده‌که‌ن .. خۆ هێشتا هێلکه‌یه‌کی زۆرم پێ مابوو ئه‌رکێکی ئه‌و تۆم بۆ خاوه‌نم نه‌بوو .. له‌و ڕۆژه‌وه‌ بوینه‌ هاوه‌ڵی مرۆڤ بوین به‌ کۆیله‌و کڕین و فرۆشتنمان پێوه‌ ده‌که‌ن و گۆشت و هێلکه‌مان حه‌ڵاڵیانه‌ ، ملی باریکمان ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ چه‌قـۆو ده‌ستی پڕ خوێنی ئه‌واندا په‌یداکردووه‌ ، به‌ڵام نه‌ك به‌م شێوه‌یه‌ قڕمان که‌ن به‌ته‌قه‌ کردن بکه‌ونه‌ شوێنمان .. به‌س نی یه‌ له‌ نێو خۆیاندا تاقی ده‌که‌نه‌وه‌ .
قیڕ .. قیق ..خوایه‌ خاوه‌نم به‌ده‌ردی ئێمه‌چێ .. قیق
ساتێکی که‌م پێش ئێستا به‌ده‌م ڕاکه‌ ڕاك و قیڕه‌ قیڕه‌وه‌ بۆ ڕزگار کردنی گیانی خۆی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ خوشکه‌کانی دا ئاوایی یان به‌ ئاگا هێنا بوو سیمای چه‌قه‌ڵیان به‌ گیانی دڕندانه‌ی ئه‌وان به‌خشی بوو .. به‌زمه‌ ساتێکیان بۆ بیسته‌رانی حیکایه‌ت خوانی ئه‌م به‌سه‌ر هاتی مه‌رگه‌ ساته‌ دروست کرد بوو .. که‌وته‌ په‌له‌ بۆ دوعا کردن .. قیڕ .. قیق .. خوا گۆشتی ئێمه‌یان پێ حه‌رام که‌ی ..
به‌ده‌م بیره‌وه‌ری و دوعا کردنه‌وه‌ له‌ چاوه‌ڕێی مه‌رگی ماڵ ئاوایی و حه‌تمی دا داخی بوو هه‌موو ئه‌و جۆگه‌و جۆبارو چه‌م و کانیاوو هاوڕێ و ئه‌وانه‌ی ده‌رده‌بڕی که‌ بێ ویستی خۆی و بێ دوعا خوازی بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ جێیان دێڵێ ... ماڵ ئاوا گونده‌ جوانه‌که‌م .. ماڵ ئاوا جۆگه‌و چه‌می ئاوایی .. ماڵ ئاوا هاوڕێکانم ..ماڵ ئاوا دیمه‌نێکی سه‌یرو چاوه‌ڕوان نه‌کراو چاوی پێ زه‌ق کرد .. هاواری له‌ هاوڕێ که‌ی کرد به‌چاوی خۆی بڕوای نه‌بوو ..
قیڕ .. قیق .. ئه‌مه‌ چی یه‌ خوایه‌ گیان .. خۆ خاوه‌نه‌که‌شیمان به‌ باڵ به‌ستراوی هێنا دا خوا .. قیڕ .. دوعاکه‌ی من گیرا بوبێ ، بڕوانه‌ ماڵه‌که‌شیان بار کردووه‌ .. ئه‌و چه‌كدارانه‌ کێن .. ته‌ماشا په‌ڕۆی زه‌ردیان له‌ لوله‌ی تفه‌نگه‌کانیان به‌ستووه‌ .. هاوڕێ یانی چی .. ها .. تۆ دنیا دیده‌ی .. بیرم که‌وته‌وه‌ .. خوا گیان .. هاواره‌ باپیرم که‌ له‌ باپیریه‌وه‌ بیستبووی وای بۆ گێڕامه‌وه‌
ئـــــــا .. خوا هـــــاوار .. .. ئه‌نـــــــ .. فـــــــــا ... ل
هـــــاوڕێ ئه‌نـــفـــال کـــــــراویــــــــــن ئـــــانــــفـــــال به‌ڵێ .. ئه‌نفال ئه‌مانه‌ جاشی نوێن .. ڕوو زه‌ردن .. خوا گیان چ ڕۆژێکه‌ .. هاوڕێکان مناڵه‌کانم .. خاوه‌نه‌ به‌سته‌زمانه‌که‌م ، خوا گیان.. قیڕ .. قیق .. قیڕ قیڕه‌ قیڕو شه‌قه ‌شه‌قی باڵیان سه‌رنجی هه‌مووانی ڕاکێشا تا بۆیان هاتن و له‌ په‌ل و پۆیان خــســتــن

شـــــاکــــۆ
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە