کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


محەمەد تۆفیق رەحیم ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ویەكێك لەهەڵسوڕێنەرانی كۆمپانیای وش

Thursday, 09/07/2009, 12:00


محەمەد تۆفیق رەحیم ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ویەكێك لەهەڵسوڕێنەرانی كۆمپانیای وشە، لەرێگەی ئەم دیمانەیەوە رایدەگەیەنێ وەك لیستی گۆڕان دەیانەوێ گۆڕان لەسیستمی سیاسییدا بكەن نەك لەحزب ودەموچاوەكاندا، دووپاتیشی دەكاتەوە خەڵك بەگشتیی گۆڕانیان دەوێ بۆیە پێشبینی دەكەن ژمارەیەكی بەرچاو دەنگ وكورسی بەدەستبهێنن، لەبارەی ئەگەری ساختەكارییەوە پێیوایە وەك جاران ساختەكاریی ئەنجام نادرێ ئەمەش بەهۆی هۆشیاریی هاووڵاتیان وهەبوونی دامودەزگای چاودێریی بیانیی وناوخۆیی، لەبەشی كۆتایی دیمانەكەشدا بەدەر لەوەی باس لەوە دەكات ئەمەریكییەكان چاودێریی رەوشی هەڵبژاردن دەكەن، رایدەگەیەنێت وەڵامی هیچ هێرشێكی میدیایی نادەنەوە لەملاوە دەكرێتە سەریان بەڵكو لەبەرامبەردا بانگەشە بۆ لیستەكەیان دەكەن. 
ستیڤان:وا باس دەكرێت هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان نەخشەی سیاسیی وفەرمانڕەوایی لەكوردستان دەگۆڕێت، دەكرێ بپرسین ئەم نەخشەیە چۆن دەگۆڕێت؟ هەروا لیستی گۆڕان باس لەوە دەكات لەگەڵ چوونە ناوەوەیان بۆ ناو پەرلەمانی نوێ، دۆخەكە گۆڕانی بەسەردا دێت، دیسان دەپرسین چۆن؟.
محەمەد تۆفیق:هۆی سەرەكیی ئەوەی ئێمە بەلیستێكی جیاواز دادەبەزین، ئەوەیە پێمانوایە ئێستا هەلێك لەبەردەستدایە بتوانین گۆڕانكاریی لەسیستمی سیاسییدا بكەین، بەواتای ئەوەی پێمانوایە كوردستان پێویستی بەسیستمێكی مودێرن هەیە، سیستمی مودێرنیش لەلای ئێمە ئەوەیە كەپێكهاتووە لەچەن لقێك، وەك: دەسەڵاتی یاسادانان، دەسەڵاتی جێبەجێكردن، دەسەڵاتی دادوەریی، پێمانوایە كوردستان پێویستی بەسیستمێكە كەئەم بەشانە هەم یەكتر تەرازوو بكەن، لەهەمان كاتیشدا چاودێربن بەسەریەكەوە، سیستمێك كە دەسەڵاتی حزبی جیادەكرێتەوە لەدەسەڵاتی حكومڕانی، ئەگەر سیستمێكی وەها دابمەزرێت كە بۆ نموونە ئەنجوومەنی یاسادانان ئەكتیڤ وئازادو فرەبۆچوونیی تێدابێت، بەمانای ئەوەیە جۆرێك لەشەفافیەت دروست دەبێ لەبڕیارەكانیداو ئازادتر دەبێت لەوەی بڕیاربدات وكەمتریش دەكەوێتە ژێر دەسەڵات ونفوزی حزبەوە، ئەمە یاسادانان. هی دادپەروەریی، ئێمە پێمانوایە پێویستە لەكوردستان دەسەڵاتی دادەوەریی بەتەواوەتی ئازادو سەربەخۆ بێ، بەواتای ئەوەی حزب نەتوانێ حاكم دابنێ یان لایبات، ئەمە زۆر گرنگە چوونكە لەهیچ وڵاتێكدا ناكرێت دیموكراتی هەبێت بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆو ئازاد بێ. كەتۆ ئەم دەسەڵاتانەت هەبوو وجیاوازیش بوون لەیەك، ئەوكاتە حكومەتیش ناچاردەبێت بەشەفافانە كاربكات، ناچاردەبێت كراوە بێت چونكە دەزانێت لێی دەپرسرێتەوەو بانگ دەكرێت بۆ پەرلەمان یان دەعوای لەسەر تۆمار دەكرێت. ئەم سێ بەشە زۆر گرنگە گۆڕانیان تێدا بكرێ بۆئەوەی سیستمی سیاسیی لەوڵاتدا دیموكراتی بێت. لەهەمان كاتدا خەڵكی شارەزا هەیە باس لەوە دەكات بێجگە لەم سێ دەسەڵاتە، پێویستە دوو شتی تریش هەبن بۆ ئەوەی كۆمەڵگە تەندروست بێت، ئەویش رای گشتییە كەلەرێگەی میدیای ئازادەوە دروست دەبێت، لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كەئەوانیش دەكرێت بەپێی یاسا دروستبكرێن ولەهەمان كاتدا ئازادو سەربەخۆبن لەحزبەكان، چوونكە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەشێكی گرنگی كۆمەڵگەی سیاسیی لەوڵاتدا پێكدەهێنن، جا ئێمە بەو هیوایەن كەچووینە پەرلەمانەوە دەسەڵاتمان هەبێت بۆئەوەی ئەم سیستمە لەكوردستاندا بچەسپێنین.
ستیڤان:ئاشكرایە پارتی ویەكێتی داكۆكی لەمانەوەی ئەو وەزعە دەكەن ئێستا هەیە یاخود دەیانەوێ بارودۆخی سیاسیی هەر بەمشێوەیە چەقبەستوو بێت، كەواتە ئەو هیوایەی هەیە بەلیستی گۆڕان ولیستەكانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنە، ئێوەك وەك خۆتان مەزندە دەكەن بتوانن دەنگێكی زۆری هاووڵاتیان بەدەستبهێنن وبتوانن لانیكەم بەشێك لەو ئەجیندایەی هەتانە بیخەنە بواری پراكتیكەوە؟.
محەمەد تۆفیق:بەداخەوە لەكوردستاندا سەنتەری راپرسی رێكوپێك وزانستییانە نییە تاوەكو حزب ولیستەكان بزانن چەند كورسی بەدەستدەهێنن، بەڵام هەموو شتەكان هێما بۆ ئەوە دەكەن خەڵك ئامادەی گۆڕانەو گۆڕانیان دەوێ، مادام خەڵك گۆڕانی دەوێ، من پێشبینی دەكەم ژمارەیەكی زۆری خەڵك دەنگ بدەن بەلیستە جیاوازەكان تاوەكو ئەو دەسەڵاتەی ئێستا هەیە هەر بەوشێوەیە نەمێنێتەوە.
ستیڤان:پارتی ویەكێتی لەهەڵبژاردنەكانی پێشووتر بەشێوەیەكی بەرچاو ساختەكارییان ئەنجامداوە، پێشبینی ناكەین ئەمجارەش بەهەمان شێوەی جاران تەزویرات وخروقاتی زۆر بكەن؟.
محەمەد تۆفیق:هەموو لیستێك بەپێی رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان وبەپێی عورف بۆی هەیە، چاودێری خۆی دابنێت لەسەر سندووقەكان. هەڵبژاردنی ئەمساڵ جیاوازتر دەبێت لەو هەڵبژاردنەی پێشووتر، جیاواز دەبێ لەهەڵبژاردنی ساڵی 1992، جیاوازیش دەبێت لەهەڵبژاردنی ساڵی 2005. لەوكاتەشەوە تائێستا خەڵك زیاتر هۆشیار بوونەتەوە، خەڵك زیاتر دەرك بەوە دەكەن ئەم چەقبەستووییەی وەزعی كوردستان پێویستی بەگۆڕان هەیە، لەبەرئەوە من پێموایە یەك خەڵك هۆشیارترەو ئامادەیە هۆشیارانەتر دەنگ بدات ورێگە بەتەزویرات نەدات، دووەمیش لەبیرمان نەچێت پاش هەڵبژاردنەكانی خوارووی عێراق كە هەتا راددەیەكی زۆر هەڵبژاردنێكی ئازادو رێكوپێك بوو، ئێستا لەكوردستانیشدا خەڵكێكی زۆری دەرەكیی وناوخۆ، رێكخراوی بیانی وناوخۆ چاویان لەسەر ئەوەیە ئایا هەڵبژاردنەكانی كوردستان چۆن بەڕێوە دەچێت؟. بۆیە ئەگەر هەڵبژاردنەكان ساختەكاریی تێدابێت "هیوادارم وا نەبێت"، دەبێت بەلەكەیەكی گەورە نەك بۆ ئەم دوو دەسەڵاتە بەڵكو بۆ میللەتی كوردیش، خەڵك سەیردەكات بزانێ ئایا كورد دەتوانێ ولەو ئاستەدایە هەڵبژاردنێكی رێكوپێك ئەنجامبدات؟، هیچ نەبێت ئەگەر لەوەی خوارووی عێراق باشتر نەبێ لەئاستی ئەودا بێ.
ستیڤان:بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی نیشتمانیی ئێوە بەوە تۆمەتبار دەكەن نەتانتوانیوە لەناوخۆی یەكێتیدا پڕۆژە پێشكەش بكەن بۆ ریفۆرم، د.فوئاد مەعسوم دەڵێ كاك نەوشیروان تەنانەت یەك پڕۆژەی بۆ چاكسازیی پێشكەش نەكردووە، پرسیار ئەوەیە ئێوە كە نەتانتوانیوە لەناوخۆی یەكێتیدا ریفۆرم بكەن، چۆن دەتوانن لەسەر ئاستی كۆمەڵگەو حكومەت بیكەن؟.
محەمەد تۆفیق:من خۆم لەبنچینەوە باوەڕم بەوە نییە ریفۆرم لەناو حزبدا بكرێت، پێموایە دەبێ تۆ سیستمەكە ریفۆرم بكەیت، بۆئەوەی حزبەكە ناچار بكەیت خۆی بگونجێنێت یان پەڕاوێز بكەوێت. لەبنەڕەتدا خەلەلەكە لەسیستمەكەدایە نەك لەحزبەكاندا، ئەو سیستمە ئەم حزبانە دروستدەكات، لەبەرئەوە كە تۆ گۆڕانكارییت كرد لەسیستمەكەدا، حزب ناچاردەبێت ئەویش گۆڕانكاریی لەخۆیدا بكات، یان وەكو حزبی شیوعی رۆمانی و بولگاریی لێدێت كەپەڕاوێز دەبێت ودەبێتە حزبی بچكۆلە. لەبەرئەوە گرنگترین شت ئەوەیە سیستمێك دروست بكەیت لەو سیستمەدا حزبەكان خۆیان گۆڕان بكەن بۆئەوەی بگونجێن لەگەڵ ئەو سیستمە نەك بەپێچەوانەوە.
ستیڤان:بەشێك لەچاودێرانی سیاسیی وا تێبینی دەكەن ئەم هەڵبژاردنە زۆر واقیع دەگۆڕێت ورەنگە یەكێتی پشكی زۆری ئەو گۆڕانانەی بەربكەوێت، من دەپرسم ئایا ئەم هەڵبژاردنە یەكێتی بەرەو لەتبوون نابات؟.
محەمەد تۆفیق:ئەم هەڵبژاردنەو لیستی گۆڕان دوورو نزیك پەیوەندیی نییە بەو تەكەتولات وكێشانەی لەناو یەكێتیدا هەیە، لیستی گۆڕان گەورەترە لەو تەكەتولانە، هەتا گەورەترە لەوەی بەخۆیان دەڵێن باڵی ریفۆرم. چوونكە لەناو لیستی گۆڕاندا بێجگە لەوەی خەڵكێكی زۆری سەر بەیەكێتییە، خەڵكی تیایە سەر بەلایەنەكانی ترە، خەڵكی بێلایەنی تێدایە، خەڵكی تێدایە ئەسڵەن سیاسەتی نەكردووە بەڵكو ئێستا پێیوایە وەختی هاتووە گۆڕانكاریی بكرێت لەسیستمەكەدا، بۆیە ئەم مەسەلەیە پەیوەندیی نییە بەكێشەكانی ناو یەكێتییەوە، ئێمە دوو ساڵ پێش ئێستا لەیەكێتی هاتینە دەرەوەو شتێكی ترمان دامەزراند كەپەیوەندیی نییە بەیەكێتییەوە. بۆیە ئەم هەڵبژاردنە یەكێتی دوو لەت ناكات، بەڵام دوای هەڵبژاردن ئەگەر ئێمە سەركەوتین، ئەو سیستمەی باسی دەكەین، دایدەمەزرێنین، ئەوكاتە نەك یەكێتی بەڵكو هەموو حزبەكانی تریش دەبێت بەخۆیاندا بچنەوە بۆئەوەی خۆیان بگونجێنن لەگەڵ سیستمی نوێ.
ستیڤان:باس لەوە دەكرێت لیستی گۆڕان وكۆمپانیای وشە پەیوەندییەكی نزیكیان لەگەڵ ئەمەریكییەكان هەیە، ئایا پەیوەندیی ئێوە لەگەڵ ئەمەریكییەكان چۆنە؟.
محەمەد تۆفیق:جارێ مەسەلەكە پەیوەندیی بەوەوە نییە ئێمە پەیوەندییمان هەبێ لەگەڵ ئەمەریكاییەكان یان نا، بەڵام ئەمەریكاییەكان كەلەناو عێراقدان وسەیری بارودۆخی عێراق دەكەن وكوردستانیش بەبەشێك لەعێراق دەزانن، وەك چاودێر سەیر دەكەن بزانن وەزعەكە چۆن دەڕوان وچی لێ بەسەر دێت، بێگومان ناتوانن بڵێن ئێمە لەگەڵ گۆڕاندا نین، چوونكە خۆیان دروشمی گۆڕانیان بەرزكردۆتەوەو ئۆباما خۆی لەگەڵ گۆڕاندا بووە. جا ئەمەریكا پێویستی بەگۆڕان بێت، كوردستان دەهەزار ئەوەندە پێویستیی بەگۆڕانە، ناتوانن بڵێن ئێمە لەگەڵ فرەلیستییدا نین، چوونكە فرەلیستی یانی دیموكراتی وئەوانیش ئیدعای دیموكراتی دەكەن، بۆیە پێیان خۆشە لەكوردستان هەڵبژاردنێكی لەوشێوەیە ببێت وسەیردەكەن بزانن كێ لەرێی ئەو هەڵبژاردنەوە دەسەڵات دەگرێتە دەست.
ستیڤان:ئەگەرچی لەكەناڵەكانی راگەیاندنی پارتییەوە بەردەوام هێرش دەكرێتە سەر گۆڕان ونەوشیروان مستەفا، بەڵام من پرسیار دەكەم پەیوەندییتان لەگەڵ پارتی چۆن ولەچ ئاستێكدایە؟.
محەمەد تۆفیق:ئەگەر تێبینی بكەیت ئێمە وەڵامی هیچ هێرش وراگەیاندنێك نادەینەوە، ئێمە بانگەشە بۆ لیستی خۆمان دەكەین ولەدژی كەسی دیكە نایكەین، جا ئەوان جنێو دەدەن یات نایدەن، وەڵام نادەینەوە چوونكە بڕیارمانداوە باسی خۆمان بكەین، باسی خەڵكی دیكە نەكەین، دیعایە بۆ پەیڕەو پرۆگرامەكەی خۆمان بكەین، دژی پرۆگرامی ئەوان قسە نەكەین.
ستیڤان:بۆچی نەوشیروان مستەفا خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم كاندید نەكرد؟.
محەمەد تۆفیق:ئێمە لەبنچینەوە باوەڕمان بەسیستمی پەرلەمانتاریی هەیەو باوەڕمان بەسیستمی سەرۆكایەتی نییە، تۆ كە باوەڕت پێی نەبێت بۆ خۆتی بۆ بپاڵێویت؟.

دیمانە: ستیڤان شەمزینانی 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە