کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دژەتیرۆر پێنج ساڵە هاوڵاتییەكى كەلارى بێ سەروشوێنكردووە

Sunday, 10/02/2013, 12:00







راپۆرتى : ئەحمەد ئیبراهیم
كەسوكارى گەنجێكى دانیشتووى كەلار دژە تیرۆر و دەزگا ئەمنیەكانى یەكێتى تۆمەتبار دەكەن بە بێسەروشوێنكردنى رۆڵەكەیان و زیندانیكردنى لەجێگەیەكى نادیاردا.
ئەحمەد سالار ئەو گەنجە كەلاریە پێش رووخانى رژێمى بەعس كادیرى بزووتنەوەى ئیسلامى بووەو ئەوكات ناوبراو ئەندامى مەڵبەندى حەوتى گەرمیان بوو بارەگاكەى لەهەڵەبجەى تازە بووە.
دواى روودانى لێكترازان لەریزەكانى بزووتنەوەى یەكبوونى ئیسلامى و جیابوونەوەى كۆمەڵى ئیسلامى، ئەوكات ئەحمەد سالار لەنێو بزووتنەوەى ئیسلامیدا ماوەتەوە و دواتر رۆیشتووەتە نێو ریزەكانى كۆمەڵى ئیسلامیەوە.
پاش بۆردومانكردنى بنكە و بارەگاكانى حیزبە ئیسلامیەكان لەناوچەى هەورامان و چۆڵكردنى ئەو ناوچەیە لەلایەن حیزبە ئیسلامیەكانەوە، ئەحمەد سالار ماڵەكەى هێناوەتەوە بۆ كەلار و لەنزیك ماڵى باوكى لەگەڕەكى شۆڕش ى كەلار نیشتەجێبووە.
كاتێك كە ماڵەكەى هێناوەتەوە بۆ كەلار و نیشتەجێبووە، ناوبراو لە بەشى (عەقیدە) ى كولیە شەریعەى بەغدا خوێندكار بووە و ئەوكاتەى دەستگیركراوە پێنج ساڵ و چوار مانگ لەمەوبەر قۆناغى یەكەمى زانكۆى تەواو كردووە.
عەباس سالار براى بێسەروشوێنكراوەكە، باسلەوەدەكات كاتێك هەڵمەتى دەستگیركردنى لایەنگرانى ئیسلامیەكان لەدواى ساڵانى (2005 بۆ 2008) دەستپێكراوە، براكەى لەترسى دەستگیركردن ماڵەكەى گواستووەتەوە بۆ كەركوك.
بەماوەیەك دواى گواستنەوەى ماڵەكەى بۆ كەركوك ئەحمەد سالار لەلایەن هێزێكى ئەمنیەوە دەستگیركراوە، بەوتەى كەسوكارەكەى گومان دەكرێت هێزەكە هێزى دژە تیرۆر بووبێتن.
بەوتەى كەس و كارەكەى دواى دەستگیركردنى ئەحمەد سالار رەوانەى زیندانى كانى گۆمە كراوەو لەوێ بینراوە، هەروەها نامەیەكیشى ناردووەتەوە بۆ ماڵەوەیان شەش مانگ دواى دەستگیركردنى.
عەباس سالار، باسیلەوەكرد نامەكە لەرێگەى ئاسایشەوە بۆیان نێردراوە، بەڵام نەیانبینیووە، وتى"لەوكاتەوە هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ ئەوەى بزانین لەكوێ زیندانییە، بەڵام هیچ زانیاریەكمان دەستنەكەوتووە، تەنها ئەوەنەبێت چەند كەسێك ئاگاداریان كردینەوە كە لەزیندانى كانى گۆمە بینیویانە".
بەپێى زانیاریەكانى گۆڤارى رایەڵ، ژمارەیەك لەو زیندانیانەى ئێستا لەگرتووخانەى موعەسكەر سەلام زیندانن ، لەزیندانە نهێنیەكاندا چاویان بە هەندێك لەئەندامانى گروپە ئیسلامیەكان كەوتووە.
بەوتەى زیندانیەكان، ئەندامانى گروپە ئیسلامیەكان لەژوورى جیاجیادا بوون و بەدەنگى بەرز قسەیان لەگەڵ یەكترى كردووە، بەڵام تائێستا ئەندامانى لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانیش زانیاریان لەبارەى ئەو زیندانانە دەستنەكەوتووە.
براكەى ئەحمەد سالار، داواى لە حكومەتى هەرێم و هێزە ئەمنیەكان كرد" براكەى دادگایى بكەن و ئەگەر تاوانبارە حوكمى بدەن، ئەگەر تاوانباریش نییە ئازادى بكەن".
عەباس سالار وتى"تاكەى باوك و دایكم چاوەڕوانى براكەم بن و چارەنووسى ئاشكرا ناكەن".
هەروەها باسیلەوەشكرد خێزانى دەستگیركراوەكە لەكاتى هەوڵدان دا بۆ دەرهێنانى كارتى زانیارى توشى گرفتى یاسایى بووە و كارتى زانیاریان بۆ دەرنەكردووە.
عەباس سالار وتى"وەزعەكەم لاى حاكم باسكرد، بەڵام حاكم پێیوتم هیچ یاسایەك نییە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم جۆرە دۆسیانە كە چۆن مامەڵەى لەگەڵ بكەین".



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە