پەیامەکەی کوردستانپۆست - بۆ دهنگدان مهچۆ، ئهو دهنگهی تۆ! رهوادانه به خیانهت و فهسادیی و ناپاکیی - بەشێ سێیەم
Tuesday, 30/04/2013, 12:00
من پێم وایە هەر کەسێک لە (سومعە) و ئابڕووی خۆی بترسێ نابێت ڕکابەرایەتی مەسعود بکات بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم و ئەو پۆستەی پێ قبوڵ بێ.
نەوشیروان مستەفا، یان کەسێکی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن!؟
یەکێک لەو ئەگەرانەی کە نەوشیروان مستەفا لە دەستپێکی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1992دا خستیە بەردەم مەکتەب سیاسی یەکێتی و دواتریش بۆ بەردەم پارتی، ئەو پێشنیارە بوو، کە باشترە لایەنێک دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی قبوڵ بکات و لایەنی دووەم موعارەزە بێت، یان لەگەڵ پارتەکانی تر و ئەوانەی کورسی کەمیان هەیە ئۆپۆزیسیۆنی بنکە فراوان دروست بکەن. وەك ڕواڵەت ئەمە ئەگەرێکی گەلێک باش و سەردەمیانە بوو، لێ بۆ ئەو کاتە هەر بەزوویی لەلایەن یەکێتیەکەی خۆیەوە ڕەتکرایەوە، ئەوەش بە پاساوی ئەوەی، کەوا یەکێتی دوای ئاشبەتاڵ شۆڕشی هەڵگیرساندۆتەوە و خاوەنی زیاتر لە 5 هەزار شەهیدە و ئەو کات پارتی لەئێران بووە و هەر خەریکی شەڕی لایەنە کوردی و پارتەکان بووە. بۆیە وەك شەخسی جەلال و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بەو پێشنیارەی نەوشیروان ڕازی نەبوون . ئەوەی جێگای سەرنجە ، دوای ئەوەی هەڵبژاردن تەواو بوو، پارتی پێی وابوو کەوا 51% ی دەنگەکانی هێناوە و یەکێتیش تەنها 49% بۆیە نەوشیروان مستەفا بۆ جارێکی تریش داوای لە جەلال کردەوە کە با ئەم خولە یەکێتی موعارەزە بێ و پارتیش حاکم . بەڵام دیسان جەلال بەوە ڕازی نەبوو.
هەڵبەتە ئەبوایە نەوشیروان مستەفا بیزانیایە کەوا تەنها 2 ساڵێك تێپەڕی بوو بەسەر ئەوەی کە بە زۆری زۆرداری خۆیان مەسعود و پارتەکەیان لە ئێران هێنایەوە و خستیانە سەر حازری، بۆیە باشتر و ڕەواتر ئەبوو کەوا ئەو پێشنیارە نەکات و ڕەنج و ماندووبوونی یەکێتی و شەهیدانی نەکاتە قوربانی شتێك بۆ پارتی و مەسعودیك کەوا هیچ بەو دەسکەوتانە هیلاك نەبوون و ئارەقەیان بۆ نەڕشتبوو. ئەمە کە بە هەڵەیەکی ئەو سەردەمە دانرا، وای کرد مەسعود زیاتر شووڵی لێهەڵکێشێ و زۆرترین پلەو پۆست بۆ خۆیان و بنەماڵەو پارتی مسۆگەر بکات.
نەوشیروان مستەفا یەکێکە لەو سیاسیانەی کە هەردەم باوەڕی بەسازان و تەواوفقە. هەر لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1992وە ، ئەم دیاردەیە بەتەواویی لای کامڵ بووە و بۆتە دەستکەلایەك کە لە هەموو بوارێکی سیاسی خۆیدا بەکاری دێنێ، ئەم هەڵبژاردەیەی نەوشیروان گێژاوێکی سیاسیی بۆ خۆی و یەکێتی و دواتر بۆ گۆڕانیش دروست کردووە کە دواتر باسی لێوە ئەکەین.
لەهەردوو هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1992و 2009دا، گرنگی ئەوتۆ نەدرا بەکاندید، بەڵکو زیاتر بۆ سەپاندنی حزبە سەرەکیەکەی پارتی و یەکێتی بوو. هەر ئەوەش بوو وای لە ئۆپۆزیسیۆن کرد لە 2009دا ، کاندیدیان بەرانبەر مەسعود بارزانی نەبوو، ئەگەر چی (دکتۆر کەمال میراودەلی) لەسەر گۆڕان هەژمار ئەکرا، لێ گۆڕان پشتی تێکرد و تەنانەت هیچ هەلێكی بۆ نەڕەخساند و هیچ ڕێکلامێکی بۆ نەکرد لە ڕێگای میدیاکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە. حەتمەن ئەمەش ئەمان باتەوە سەر هەمان بیروبۆچوون ، کە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لەخزمەت ئەجنداکانی هەردوو بنەماڵەدان و کار و بەرنامەی هەردووکیان درێژ کردنەوەی تەمەنی هەردوو دەسەڵاتە بەبێ جیاوازی، ئەگەر نا، بۆچی گۆڕان لە 2009 کاندیدی نەبوو، یان بۆچی پشتگیریی لە کاندیدی ڕکابەری مەسعود نەکرد؟
نەوشیروان مستەفا لە یەکێک لەلێدوانەکانی دوای هەڵبژاردنی ساڵی 2009 دا ووتی: دەرئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە هەر چۆنێك بێ ، پێی ڕازیین و ڕەوایەتی ئەدەینێ. ئەمە لەکاتێکدا کەوا لەکاتی هەڵبژاردنەکەدا چەندین پێشێلکاری و تەزوویر لەلایەن پارتییەوە کرا و خرانە بەردەم کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و بەردەم حزبەکانیشەوە. کەچی سەرباری ئەوەش، نەوشیروان و گۆڕان بێ دەنگییان هەڵبژارد و دەنگدەرانیان تووشی شۆك کرد. دیارە ئەمەش لە خۆوە نەبوو، چونکە ئەو پێی وابوو ئەگەر ئەنجامەکانیان ڕەتبکردایەتەوانێ، ئەوا شەڕی ناوخۆی لێوە هەڵئەگیرسا، کە ئەمەش دواتر ئەمانباتەوە بۆ هەمان دەرئەنجام، کەوا پارتی نە لەسالێ 1992وە نە لەساڵی 2009 و هەروەها نە لە ساڵی 2013 ش دەرئەنجامەکان گەر لەبەرژەوەندی خۆی نەبن ، ئەوا پێی ناڕازییەوەو قبوڵی ناکا. یان لەخراپترین حاڵەتدا شەڕی ناوخۆی لێ دێتە ئاراوە. جا کەواتە بەشداریکردنی هەڵبژاردنێك لەگەڵ لایەنێك کەوا ئاوا بەو شێوە ناسراو بێت و ئەنجامی تەنها براوەی پێ باش بێت و دۆڕاندن قبوڵ نەکا، ئەی کەواتە بەشداری کردن بۆچی؟ خۆ ئەگەر جگە لە بایکۆتکردن و کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی لەگەڵ ئەم لایەنەدا تاکە هەڵبژاردە نەبێ، ئایا هیچی تر ماوە؟، یان بەمانایەکی تر، کاتێک تۆ بەشداری هەڵبژاردن لەگەڵ پارتیدا بکەی و باشیش ئەزانی کەوا حەتمەن ئەو براوە و و تۆ دۆڕاو، کەواتە تۆش ئیتفاقێکی ژێرەو ژێرت لەگەڵیدا هەیە و هەردوو لا خۆڵ ئەکەنە چاوی جەماوەر و دەنگدەرانەوە.. ئەمە ئەو ڕاستییە کەوا ئەبێ دەنگدەر بیزانێ و نەچێتەوە بۆ بەردەم سندووقی دەنگدان. چونکە لەراستیدا ئەوەی دەنگی خۆتانی تێدەهاون، سندووقی دەنگدان نییە، بەڵکە سندوقی پارتییە و لەژێر ڕەحم و بەزەیی مەسعود و پارتەکەی ئەون و لەوانەیە لە بنکڕەکە هەندێكتان بداتێ و شەریکتان بکات.
نەوشیروان مستەفا چونکێ خۆی لەژێرەوە لەتەك مەسعود و ماڵی تاڵەبانی خەریکی هۆنینەوەی ئەم سیناریۆیەن، بۆیە بەلایەوە گرنگ نیە و لەزۆربەی کاتدا ئەوەمان پێدەڵێ کەوا ئەمان بەتەمای ئەوە نین دەسەڵات بگرنە دەست و پیاوێکە حەزی لەدەسەڵات نییە، کەچی کاتێ لە ناو یەکێتی بوو، جێگری جەلال و لەو ڕۆژەی هاتۆتە گۆڕانەوە بەبێ هیچ هەڵبژاردنێك سەرۆکە و خۆی پیاوی یەکەمە.
نەوشیروان مستەفا سیاسیەکی ناسەقامگیرە، هەر ئەوەشە ئەوەندە باوەڕی بە سیاسەتی تەوافق و سازان هەیە. خۆی هەرگیز نابێتە ڕکابەری مەسعود، لەبەرئەوەی گەلێک باش ئەزانێ دۆڕاوی یەکەمە، نەك لەبەرئەوەی مەسعود پیاوێکی سیاسی و بەئاگا و دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بێ، نەك لەبەرئەوەی کەسێکی خاکی و سادە و ئازاو جوامێر بێ، نەك لەبەرئەوەی بەتەنگ داهاتووی میللەت و پشت و پەنای لێقەوماوان و پەککەوتوان و بێچارە بێ، نەك لەبەرئەوەی ئاستی ژیریی و فەرهەنگی و کەلتووری پێشکەوتوبێت، نەك لەبەرئەوەی گوێ لەمیللەت و هەژاران و نەداران دەگرێ، نەك لەبەرئەوەی بەیەك چاو سەیری جامانەی سوور و ڕەش دەکات. بەڵکە لەبەرئەوەی مەسعود لەوەتەی هەیەو گۆشکراوە، تەنها فرچکی بەخیانەت، نیشتمانفرۆشی، جاشی عەیارە 24، کوردکوژ و گەمژە و بێ ئاگا لەڕووداوەکانی چوار دەور، دراوە.
من نەك هەر داوام لە خەڵکی کوردستانە کە نەچن و دەنگ نەدەن، بەڵکو داوا لەخەڵکی بەشەرەف و بەئاگا و نیشتمانپەروەر ئەوەیە کە نەبنە ڕکابەری کەسێکی وەك مەسعود بارزانی. من نایشارمەوە و لەساڵی 2009 دا گەلێک پێم ناخۆش بوو کەسێکی وەك دکتۆر کەمال میراودەلی ، خۆی وەك کاندیدی سەرۆکی هەرێم و ڕکابەری مەسعود ناساند. بۆچی؟ لەبەرئەوەی هەر کەسێک ڕکابەری کەسیك بکا کە پرۆفایلەکەی وەك هی مەسعود نەبێ، ئەوا حەتمەن کاتێک خۆی بەراورد ئەکات لەگەڵ ئەودا ئەوسا ئەزانێ چ هەڵەیەکی مێژوویی کردووە. بیهێنەرە پێش چاوی خۆت. تۆ کە ڕکابەرێتی مەسعود ئەکەی، واتە بەوە ڕازیت کە ئەو کاندیدە و هەقی ئەوەی هەیە ببێتە سەرۆك، یان هەر پلە و پۆستێکی تر. بەمانایەکی تر؛ ڕەوایەتی پێش ئەوەی بۆ خۆت دابین بکەی، ڕەوایەتیت داوە بەو، کە ئەمەش هەڵەیە و چەوتییەکی مەزنە. تۆ بڕوانە؛ لەکاتی کامپەینی هەڵبژاردندا دێیت و ئەڵێی؛ گەر من بکرێم بەسەرۆکی هەرێم ئەوا ئەو شتانە ئەکەم کە مەسعود نەیکردوە، یان ئەو کارانە ئەکەم کە مەسعود پێی نەکراوە. ئەم بەراورد کردنە بۆ کەسێکی پاك بەرانبەر کەسێکی وەك مەسعود، وەك ئەو پردەیە کە ناپاکان لێی ئەپەڕنەوە و بۆ ئەوەی خۆیان پاك بکەنەوە. جا پێوستە گەلێک بە ووریاییەوە، نەك هەر لە مەسەلەی دەنگدان بڕوانین، بەڵکو بەهەمان زرنگییەوە سەیری مەسەلەی کاندید کردنیش بکەین.
جا بۆیە من پێم وایە نەك هەر نەوشیروان مستەفا، بەڵکو ئەگەر کەسێک لە (سومعە) و ئابڕووی خۆی بترسێ نابێت ڕکابەرایەتی مەسعود بکات و ئەوەی پێ قبوڵ بێ.
ماویەتی
بهشی یهکهم:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=5eedb8c2بەشی دووەم:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=f276345a
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست