کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ كێ شه‌ڕ بكەم!؟

Wednesday, 21/11/2012, 12:00


ئاو وخاك و نیشتمانم بەقەدەر هەموو دونیا خۆش دەوێت، هەمووبستە خاكێكى لاى من كەعبەیەكە، هەموو سەوزایى و باخ ودارستان ومێرگێكى بەهەشتێكى ئەبەدییە،هەر دڵۆپ وتنۆكە ئاوێكى لاى من شیرینەچەشنى ئاوى كەوسەرو زمزمە، بۆ ئەوەش لەوەتەى هەم و بیرم كردۆتەوە خۆم و بنەماڵەو خزم وكەس و ناسیاوم خۆمان فیداى كوردستان كردوە، شەهیدمان داوە، ماڵمان روخاوە،ئاوارە بوین،زیندانى كراوین، موڵك وماڵمان بەتاڵان براوە، گوندو لادێمان سوتاوە،ئەنفال كراوین ،كیمیاویان بەسەردا رشتوین،یارى بەنامووسى كچ و خوشك و ژنمان كراوە، تەعریب و تەرحیل كراوین،جۆرەها سوكایەتى و بێ رێزیمان دەرهەق كراوە، لەبەرخاترى ئاو و خاكى پیرۆزى نیشتمان هەموو ئەو شتانەمان قبوڵ كردوە بە شانازى وسەربەرزى و گەورەیمان زانیوە یەك تۆزقاڵ ورەى پێ نەوینەكردوین و هەموو ئەو زۆر و زەحمەتى و رەنجەش بوو ئەم رۆژەى خوڵقاند.
بەڵام نیشتیمانم،كوردستانم، خاكى دێرین و پڕ لە جوانى و پاكى و میهرەبانى، من ئەمجارە بێ لایەنم، بێ هەڵوێستم ،بێ وەڵامم، ئەگەر دوژمن سەریشم پان بكاتەوە خانەوادە و هاورێى وئازیزانیشم تەفروتونا بكات ،خاكم بەتورەكە ببێژێت و لەسەر ئەزمڕ و پیرەمەگرون و گۆێژە دارخورما بڕوێنێت، بەزۆرى زۆردارەكى چەفتەو عەگال و دیشداشەم لەبەر بكات، فزە ناكەم،هیچ هیچ ناڵێم، نە بەدەم، نە بەدەست نە بە قەڵەم هەڵوێست و پەرچەكردار دەرنابڕم، ئەزانى بۆ؟ ترسنۆك نیم، بێ هەڵوێست ودۆڕاو و خائین و بەزیونیم، هەروەها پیاو وئەڵقە لەگوێى دوژمنانیش نیم.
تۆ بڕوانە پشتاو پشتم لەم خاكەدا بڕاوەتەوە كەچى خاوەنى بستە زەوییەك نیم، لەم وڵاتە پڕ لەپیت وسامانە بەئەندازەى پاكەتە شقارتەیەك لێى سود مەندنیم، لەو وڵاتەى كەهەمووى خێر و بێر و نەوتە من لێى بێ بەریم و هەر بگران و بەدەبە نەوت ئەكڕم، لەوهەموو بودجە زل وزەبەلاحە تاكە یەك دینارى بەشى منى تیانیە، ئەگەر رۆژێك نەخۆش بم یان نەچمە سەركار ئەوا ماڵ ومناڵم ئەبێت بێ شێو سەربنێنەوە،لەو ملیۆنان ئۆتۆمبێلە گران بەهایانەدا نەك بەشم نیە بگرە خاوەنى پاسكیلێكیش نیم، لەو هەزاران شوقەو ڤێلاو ئەپارتمان و خانووە فیرعەونیانەدا هیچم نیە، لەكاتێكدا بەسەدان و هەزاران نامەرد هەیە بەچارەكى من و هاوڵاتیانى كوردستانم عارەق و خوێنیان نەڕشتوە و بۆ خاك و وڵات تێنەكۆشاون بگرە زۆرێكیان هەر لەباوەشى دوژمنیشدا بون، وتا دواین هەناسەى رژێم غولام و نۆكەریان بون، كەچى ئێستا لاى سەرەوەیان گرتوە و لە هەزاران پێشمەرگەى دێرین و شەهید رێزدارترن وسەركردەكان دەست لەسەرسنگ لەحزوریان ئەوەستن.
من وەكو خۆم ئامۆژگارى پێشمەرگە و چەكدارەكانى وڵات دەكەم، كە بەهیچ شێوەیەك توخنى ئەو شەڕە نەكەون و خۆیانى لە پێناودا دانەنێن ئەم شەڕە شەڕى پیرۆز نیە،شەڕى نیشتمان وخاك نیە،شەڕى شەرەف وكەرامەت نیە،شەڕى داكۆكى لە ناموس و بەها نیە،شەڕى بەرگرى و پارێزگارى لەوڵات نیە،شەرى سەربەستى وئازادى كوردستان نیە،بەڵكو شەڕى بێ بنەمایە ،شەڕى نەوتى دزراوە، شەڕى بودجەى خوراوە،شەڕى دەسەڵات و كورسیە،شەڕى نێوان مەسعود و مالكى یە لەسەر ئاغاى (هاشمى) یە،بۆیە واچاكە لەم نێوەندەدا لاشەڕ بن و خۆتان كەنارگیر بكەن، بیرتان نایە هەزاران هاوڕێ و هاوخەباتتان بەوپەڕى باوەڕو ویژدان نیەت پاكیەوە گیانى خۆیان بەخشى و شەهید بوون ،كەچى كەس حسابى تورێكى قوڕاویان بۆ ژن وماڵ ومناڵیان نەكرد، لەبرى رێز قەدر وگەورەیی، سوكایەتیان بە ژن و دایك و خوشكتان كرد، ئێستاش هەروادەبێت ئەو بەرپرس و شتە زلانە بیروباوەڕو بیركردنەوەیان هەر وەك خۆیە هیچ نەگۆڕاون ,,تۆ ئەى پێشمەرگەى داماو كوڕى هەژار و هەش بەسەر لەپێناوى چیدا كۆشێك مناڵ بێ باوك دەكەیت، ژنت بێوەژن دەخەیت؟ خۆت كەم ئەندام پەككەوتە دەكەیت؟ كێ پیێ دەزانێت ؟ كێ لەخۆت و ماڵ و منداڵت دەپرسێتەوە؟؟ گریمان واشەڕتان كرد و دوژمنان راماڵى و شكانتان تا ئەو دیوحەمرین كەوتە دەست كورد،بەتۆ چى؟ كێ دینارێك پاداشتت دەداتێ؟كێ دەستخۆشى و پلەت بەرزدەكاتەوە،كێ لەكولەكەى تەڕیشدا ناوت دێنێت.كێ بستە زەوى و ژەمێكى چەورت پێ رەوا دەبینیت ؟ لەبەر ئەوە پیاوى چاك بەو بەقسەم بكە ئەوشەڕە شەڕى تۆ نیە، خۆتى تێوە مەگلێنە ،شەڕى سەرانى كوردە. پێكەنینم دێت بەو سیناریۆیە ئەمە چ جۆرە شەڕێكە لەلایەك دوژمن هێز بێنێتە سەرت وبیەوێت دەسەڵاتى خۆى بەسەرتا بسەپێنێت لەولاشەوە جێگرى سەرۆك وەزیرو وەزیرو پەرلەمانتارەكانیش لەبەغدا بن و بەباى خەیاڵیانا نەیەت هیچ مەترسى لەسەر ژیانیان نەبی و لەكەیف وسەفا نەكەون!؟!،بۆیە تكام وایە ،تكام وایە،لێتان دەپاڕێمەوە دەستتان ماچ دەكەم، ئەمە گەمەیەكى سیساسەو مەرام ومەبەستى تایبەتى لەپشتەوەیە و بەرژاندنى خوێنى ئێوە ئەو مەرامە دێتە دى ئەو ئاگرە ئەكوژێتەوە، دەى وازبێن لولەى تفەنگەكانتان نەوى بكەن و بكشێنە دواوە با ئەمجارە كوڕانى مەسئول ،كوڕانى خاوەن بیرە نەوت وتەنكەرە نەوت ، كوڕانى خاوەن كۆمپانیاى گەورە و قەبە ،كوڕانى خاوەن هەزاران ڤێلا ودۆنمە عەرزە، كوڕانێك كە رەگەزنامەو پاسپۆرتى دەیان وڵاتیان پێە، كوڕانێك كەلەسەرحسابى خوێن و رەنجى ئێمە بون بەشت،كوڕانێك كەلەئێستاوە دارا دارایان پێدەكرێت و فێریان دەكەن چۆن بچنە سەر كورسى دەسەڵات ببنە ملوزم و كەللە زلى ئایندە.دەى با ئەوان ئەمجارە بچنە پێشەوە سەنگەر لەدوژمن بگرن،ئەى ئەوانیش كوڕى ئەم خاكە نین،رۆڵەى ئەم میللەتە نین، ئەبێت ئەوان بەتەنگەوە بێن چونكە ئەوان لەهەموان زەرەمەند دەبن، و سەروەت و سامان و موڵك و دۆلایان دەكەوێتە مەترسیەوە، ئێوەش ئەى نوسەران و شاعیران و ئەهلى قەڵەم تكایە سەردەمى فوو پیاكردن و خەڵك جۆشدان و حەماوە بەرزكردنەوەى خەڵك بەسەرچوو، چیدیكە بە شیعر و وتارەكانتان رۆڵەى ئەم میللەتە بەكوشت مەدەن و هاوڵاتیان سەرگەردان سەرلێشێواو مەكەن، ئەگەر زۆر زۆر دڵتان بەئاو و خاك ونیشتیمان ئەسوتێ و جەرگتان بۆى ژان ئەكات ئەوە بەرەى پێشەوە نزیكە بچن لەناو سەنگەردا ئەو شانامەو مەدح وستایشە بخوێنن لێرە هیچى تێ ناچێت ،هەمومان كەلەشەڕ دورین تفەنگمان لەسەرپێیە و پاڵەوانین، چاكترە بچن لەوێ تۆزێك خۆتان تاقیبكەنەوە ئەوەىبە نوسین دەریدەبڕن بەكرداریش جێبەجێ بكەن.یاخوا قەت خوا بەورۆژە نەكات بەڵام ئەگەر خوانەكردە شەڕیش بوو دوژمنیش هات و وڵاتى داگیر كرد من هەر وەك خۆم ئەبم،چونكە هیچم نیە لەدەستى بدەم، دەڵێت ئەوەى هیچى نەبێت لەهیچیش ناترسێتن ،ئەوەى گرۆڵەى دەكەوێتە لێژى و فیلمى ئەسوتێت و ئەكەوێتە سەر ساجى عەلى و گرەوەكە ئەدۆڕێنێت كەسە ورگ زل و قژ بویاغكراوەكانن

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە